زێدپرێس
ئەمڕۆ دووشەم ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، جووتیار عادل سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی لەمەڕ ئەو هەواڵ و لێدوانە بڵاوکردەوە، کە دەڵێ کاتێک بودجە لە بەغداوە هات و مامۆستایان دەستیان بە دەوام نەکردەوە، حکوومەت هەڵوێستی دیکەی دەبێت.
جووتیار عادل لە ڕوونکردنەوەکەدا دەڵێ: “ئەمڕۆ لێدوانێك بە ناوی منەوە بڵاوكراوەتەوە کە گوایە هەڕەشەمان لە مامۆستایانی بەڕێز كردووە؛ ئەو میدیا و سۆشیاڵ میدیایانە لێدوانەکەی منیان شێواندووە و وەک خۆی بڵاویان نەکردووەتەوە”.
زیاتر دەڵێ: “تیایدا هیچ هەڕەشەیەک لە مامۆستایانی بەڕێز نەکراوە، بەڵکوو هەمیشە گوتوومانە ئێمە قەرزاری هەڵویستی مامۆستا و فەرمانبەران و خۆراگڕییانین لەم قۆناغە داراییە سەختەدا”.
ڕوونکردنەوەکەی جووتیار عادل سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری لەکاتێکدا دێت، کە ئەمڕۆ لە وەڵامی ڕۆژنامەنووساندا و لە بەرانبەر ئەو پرسیارەی ئەگەر دەست بە دابەشکردنی مووچە کرا و مامۆستایان لە سلێمانی لەسەر بایکۆت بەردەوام بوون، هەڵوێستی حکوومەت چی دەبێت، گوتی “ئەوکات هەڵوێستی ئێمە دیار دەبێت”.