زێدپرێس
ژوورەکە لە ڕاگەیەندراوێکی تایبەتدا، ئاماژە بە کاریگەری نەرێنی هێرشەکانی ئێران لەسەر کەرتی ئابووری، بازرگانی و چالاکییەکانی ئاوەدانکردنەوە دەدات، بەتایبەت دوایین هێرشی شەوی ڕابردوو، کە ڕاستەوخۆ ماڵی هاووڵاتییانی سڤیل و یەکێک لە سەرمایەدار و وەبەرهێنەرە ناسراوەکانی شارەکەی لێکەوتەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
بەیاننامەیەك سەبارەت بە هێرشی ناڕەوا بۆ سەر شاری هەولێر
ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر وەك ڕێکخراوێکی پیشەیی و گەورەترین نوێنەری کەرتی تایبەت بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە ناڕەوایانەی کە ناوە ناوە دەکرێتە سەر شاری هەولێر بە تایبەتی هێرشی ئەمشەو 15/ 16 کانوونی دووەم 2024 کە زۆرترین شوێنی نیشتەجێی خەڵکی سڤیلی لە شارەکەمان گرتەوە، تیایدا یەکێك لە بازرگان و سەرمایەداری ناودار و دیارەکانی شاری هەولێر خاو و خێزانەکەی کرایە ئامانج و شەهید و بریندار بوون، لەخوای گەورە داواکارین شەهیدەکان بە بەهەشت شاد بکات و شیفای خێرا بۆ بریندارەکان بنێرێت.
بە ئامانج گرتنی خەڵکی سڤیل لە هەر کات و شوێنێك پێچەوانەی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانە، بۆیە داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی UN دەکەین هەوڵ بۆ ڕاگرتنی ئەو جۆرە هێرشانە بدەن کە ئامانجیان تێکدانی سەقامگیری و ئارامی هەرێمی کوردستانە کار دەکاتە سەر جموجۆڵی بازرگانی و ڕاگرتنی پڕۆسەی ئاوەدانی و تێکدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان.
ئێمە لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر هەڵوێستمان بەرانبەر ئەم هێرشانە نەگۆڕە و بە توندی ڕەتیان دەکەینەوە، داوا لە بکەرانی دەکەین پیرۆزی دراوسێیەتی و پرسی پێکەوەژیان بپارێزن و ئەم جۆرە هێرشانە دووبارە نەکەنەوە.
ئەنجوومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر
١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤