هه‌واڵ

“هێرشەکانی ئێران جموجۆڵی بازرگانی و پەیوەندییە ئابوورییەکان تێکدەدەن”

زێدپرێس

 

ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بەتوندی سەرۆکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر دەکات و ڕایدەگەیەنێت، ئەو هێرشانە جموجۆڵی بازرگانی و ئاوەدانی و پەیوەندییە ئابوورییەکان تێک دەدەن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ژوورەکە لە ڕاگەیەندراوێکی تایبەتدا، ئاماژە بە کاریگەری نەرێنی هێرشەکانی ئێران لەسەر کەرتی ئابووری، بازرگانی و چالاکییەکانی ئاوەدانکردنەوە دەدات، بەتایبەت دوایین هێرشی شەوی ڕابردوو، کە ڕاستەوخۆ ماڵی هاووڵاتییانی سڤیل و یەکێک لە سەرمایەدار و وەبەرهێنەرە ناسراوەکانی شارەکەی لێکەوتەوە.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

 

بەیاننامەیەك سەبارەت بە هێرشی ناڕەوا بۆ سەر شاری هەولێر

 

ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر وەك ڕێکخراوێکی پیشەیی و گەورەترین نوێنەری کەرتی تایبەت بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە ناڕەوایانەی کە ناوە ناوە دەکرێتە سەر شاری هەولێر بە تایبەتی هێرشی ئەمشەو 15/ 16 کانوونی دووەم 2024 کە زۆرترین شوێنی نیشتەجێی خەڵکی سڤیلی لە شارەکەمان گرتەوە، تیایدا یەکێك لە بازرگان و سەرمایەداری ناودار و دیارەکانی شاری هەولێر خاو و خێزانەکەی کرایە ئامانج و شەهید و بریندار بوون، لەخوای گەورە داواکارین شەهیدەکان بە بەهەشت شاد بکات و شیفای خێرا بۆ بریندارەکان بنێرێت.

بە ئامانج گرتنی خەڵکی سڤیل لە هەر کات و شوێنێك پێچەوانەی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانە، بۆیە داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی UN دەکەین هەوڵ بۆ ڕاگرتنی ئەو جۆرە هێرشانە بدەن کە ئامانجیان تێکدانی سەقامگیری و ئارامی هەرێمی کوردستانە کار دەکاتە سەر جموجۆڵی بازرگانی و ڕاگرتنی پڕۆسەی ئاوەدانی و تێکدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان.

ئێمە لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر هەڵوێستمان بەرانبەر ئەم هێرشانە نەگۆڕە و بە توندی ڕەتیان دەکەینەوە، داوا لە بکەرانی دەکەین پیرۆزی دراوسێیەتی و پرسی پێکەوەژیان بپارێزن و ئەم جۆرە هێرشانە دووبارە نەکەنەوە.

 

ئەنجوومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر

١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...