Site icon Zed Press

بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری کشانەوەی لە حکوومەت نەداوە

زێدپرێس

 

لە میانەی دووەمین کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕاندا، ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی ئەدای تیمی گۆڕان لە حکوومەتی هەرێم خراوەتەڕوو، بەڵام زۆرینەی بەشدارانی کۆنفرانس لەگەڵ کشانەوە لە حکوومەت نەبوون.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی تایبەت لە دووەمین کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان کە قسەی بۆ زێدپرێس کرد، ئەمڕۆ یەکشەم لە دووەمین کۆنفرانسی حزبەکەدا، ڕاپۆرتی “هەڵسەنگاندنی كار و چالاكی نوێنەرەكانی گۆڕان لەناو پەرلەمان و حكوومەت” خراوەتەڕوو و لەلایەن ئەندامانی کۆنفرانسەوە پەسندکراوە.

لەو چوارچێوەیەدا و پێوەست بە ئامادەیی گۆڕان لە حکوومەتی هەرێمدا، سێ بژاردە خراوەتە بەردەم ئەندامانی کۆنفرانسەوە، بژاردەکانی مانەوە لە حکوومەت، کشانەوە لە حکوومەت و دیراسەکردنی پڕەنسیپی کشانەوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، زۆرینەی دەنگەکان لە بەرژەوەندی بژاردەی سێیەم بوون کە دیراسەکردنی پڕەنسیپی کشانەوەیە لە حکوومەت.

سەبارەت بەو پرسیارەی کە ئەگەری کشانەوەی حزبەکە لە حکوومەت چەندە، ئەو سەرچاوەیە گوتی: “ئەگەرێکی کەم هەیە”.

دوێنێ شەممە، ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ دووەمین كۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان لە مەكۆی سەرەكی و بەئامادەبوونی ٩٠٠ ئەندام دەستی پێکرد.

 

Exit mobile version