Site icon Zed Press

وەزارەتی بازرگانی گەندەڵی لە پارەی سەبەتەی خۆراک ڕەت دەکاتەوە

Zed Press home زێدپرێس كوردستان سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌واڵ ئابووری شرۆڤه‌ ژینگه‌ زێدپرێس، ڕاپۆرتی بەدواداچوونی و بنکۆڵکاری بڵاو دەکاتەوە، لەپاڵ هه‌واڵ و شرۆڤە و شیکاریی قووڵی سیاسی، ئابووری، ژینگە، کۆمەڵایەتی و کەلتووری. زێدپرێس میدیایه‌كی سه‌ربه‌خۆیه‌. ڕاپۆرتی بەدواداچوونی و بنکۆڵکاری بڵاو دەکاتەوە و شیکاریی قووڵی سیاسی، ئابووری، ژینگە، کۆمەڵایەتی و کەلتووری.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ڕەتی دەکاتەوە، پارەی سەبەتەی خۆراک (بایەعی) گەندەڵی تێدا بێت و هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵایش لەدژی هەموو ئەو ڕۆژنامەوان و میدیایانە دەکات کە باسیان لە بردنی پارەی بەشەخۆراکی مانگانە لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتەکەوە کردووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ یەکشەم، ١١ی شوباتی ٢٠٢٤ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ ڕای گشتی ڕایگەیاند، بەپێی ڕێککەوتنی نێوان وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم و وەزارەتی بازرگانی عێراق، تەواوی داهاتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک و کۆمپانیای گشتی دروستکراوی دانەوێڵە (داهاتی سەبەتەی خۆراك) دراوەتەوە بە وەزارەتی بازرگانی عێراقی فیدڕاڵ، لە بەرانبەردا وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی فیدڕاڵ تەواوی خەرجی گواستنەوە و باركردن و داگرتنی خۆراك و ئارد تا دەگاتە بریكارەكان لە تەواوی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ خەرجی نۆژەنكردنەوە و پاداشتی فەرمانبەران و دابینكردنی پێداویستی فەرمانگەكانی کە ئەستۆ گرتووە.

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەر لە ڕوونکردنەوەکەدا ئاشکرای کردووە، مانگانە سێ ملیار و سێ ملیۆن و ٤٨ هەزار دینار وەك داهاتی سەبەتەی خۆراك دەچێتەوە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی عێراق و لەوێشەوە خەرج دەکرێتەوە.

 

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

 

لە لایەن پەرلەمانتارێك و چەند پەیج و ئەکاونتێک هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی كە گوایە پارەی سەبەتەی خۆراك (بایعی) دەخورێت.

بۆیە بەپێویستی دەزانین ئەم ڕوونكردنەوەیە بڵاو بكەیەنەوە:

 

یەكەم: بە ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەڕێککەوتی (٢٠٢٢/١٠/٢٣) ڕێككەوتنێك لەنێوان وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان واژۆكرا كە لەو ڕێكکەوتە بەدواوە تەواوی داهاتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک و کۆمپانیای گشتی دروستکراوی دانەوێڵە (داهاتی سەبەتەی خۆراك) درایەوە بە وەزارەتی بازرگانی عێراقی فیدڕاڵ، لە بەرانبەردا وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی فیدڕاڵ تەواوی خەرجی گواستنەوە و باركردن و داگرتنی خۆراك و ئارد تا دەگاتە بریكارەكان لە تەواوی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ خەرجی نۆژەنكردنەوە و پاداشتی فەرمانبەران و دابینكردنی پێداویستی فەرمانگەكانمان بگرێتە ئەستۆ هاوشێوەی فەرمانگە و فەرمانبەرانی وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی فیدڕاڵ لە تەواوی پارێزگاكانی عێراق .

دووەم: مانگانە سێ ملیار و سێ ملیۆن و چل و هەشت هەزار دینار وەك داهاتی سەبەتەی خۆراك دەچێتەوە سەر حسابی وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی فیدڕاڵ، وەزارەتی ناوبرایش بەم شێوەیە بەپێی ڕێنماییەكانیان خەرجی دەكاتەوە:

سێیەم: لەبەر گرنگی و هەستیاری بابەتەكە بە ژیانی هاووڵاتییانەوە و بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان لیژنەیەكی بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران پێكهێنراوە.

چوارەم: بە مافی خۆمانی دەزانین داوای یاسایی لەسەر تەواوی ئەو كەس و لایەن و ڕۆژنامەنووس و پەیجانە تۆمار بكەین كە بەمەبەست ڕای گشتییان بەلاڕێدا برد و تۆمەت و هەواڵی بێبنەمایان لە سەر وەزارەتمان دروست كرد.

 

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی

١١ی شوباتی ٢٠٢٤

Exit mobile version