وەزارەتی بازرگانی گەندەڵی لە پارەی سەبەتەی خۆراک ڕەت دەکاتەوە
ئەمڕۆ یەکشەم، ١١ی شوباتی ٢٠٢٤ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ ڕای گشتی ڕایگەیاند، بەپێی ڕێککەوتنی نێوان وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم و وەزارەتی بازرگانی عێراق، تەواوی داهاتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک و کۆمپانیای گشتی دروستکراوی دانەوێڵە (داهاتی سەبەتەی خۆراك) دراوەتەوە بە وەزارەتی بازرگانی عێراقی فیدڕاڵ، لە بەرانبەردا وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی فیدڕاڵ تەواوی خەرجی گواستنەوە و باركردن و داگرتنی خۆراك و ئارد تا دەگاتە بریكارەكان لە تەواوی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ خەرجی نۆژەنكردنەوە و پاداشتی فەرمانبەران و دابینكردنی پێداویستی فەرمانگەكانی کە ئەستۆ گرتووە.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەر لە ڕوونکردنەوەکەدا ئاشکرای کردووە، مانگانە سێ ملیار و سێ ملیۆن و ٤٨ هەزار دینار وەك داهاتی سەبەتەی خۆراك دەچێتەوە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی عێراق و لەوێشەوە خەرج دەکرێتەوە.
دەقی ڕوونکردنەوەکە:
لە لایەن پەرلەمانتارێك و چەند پەیج و ئەکاونتێک هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی كە گوایە پارەی سەبەتەی خۆراك (بایعی) دەخورێت.
بۆیە بەپێویستی دەزانین ئەم ڕوونكردنەوەیە بڵاو بكەیەنەوە:
یەكەم: بە ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەڕێککەوتی (٢٠٢٢/١٠/٢٣) ڕێككەوتنێك لەنێوان وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان واژۆكرا كە لەو ڕێكکەوتە بەدواوە تەواوی داهاتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک و کۆمپانیای گشتی دروستکراوی دانەوێڵە (داهاتی سەبەتەی خۆراك) درایەوە بە وەزارەتی بازرگانی عێراقی فیدڕاڵ، لە بەرانبەردا وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی فیدڕاڵ تەواوی خەرجی گواستنەوە و باركردن و داگرتنی خۆراك و ئارد تا دەگاتە بریكارەكان لە تەواوی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ خەرجی نۆژەنكردنەوە و پاداشتی فەرمانبەران و دابینكردنی پێداویستی فەرمانگەكانمان بگرێتە ئەستۆ هاوشێوەی فەرمانگە و فەرمانبەرانی وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی فیدڕاڵ لە تەواوی پارێزگاكانی عێراق .
دووەم: مانگانە سێ ملیار و سێ ملیۆن و چل و هەشت هەزار دینار وەك داهاتی سەبەتەی خۆراك دەچێتەوە سەر حسابی وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی فیدڕاڵ، وەزارەتی ناوبرایش بەم شێوەیە بەپێی ڕێنماییەكانیان خەرجی دەكاتەوە:
- بڕی یەك ملیار و سێ سەد و پەنجا ملیۆن دینار بۆ گواستنەوە و داگرتن و باركردنی خۆراك لە كۆگاكانمان بۆ بریكارەكان لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت.
- بڕی یەك ملیار دینار بۆ گواستنەوە و داگرتن و باركردنی ئارد بۆ بریكارەكانمان لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت.
- پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی كەلوپەلی خۆراكلە هەرێمی كورستان كە (٣٧١) فەرمانبەرن بڕی دوو سەد و هەشتا ملیۆن دینار وەردەگرن.
- پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی ڕێكخستنی پسولەی خۆراك لە هەرێمی كورستان كە (٢٤١) فەرمانبەرن بڕی شەست ملیۆن و دوو سەد و پەنجا هەزار دینار وەردەگرن.
- پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی دانەوێڵە (سایلۆكان) كە (٣٥٦) فەرمانبەرن بڕی نەوەد و نۆ ملیۆن و شەش سەد و هەشتا هەزار دینار وەردەگرن.
- پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی دروستكراوی دانەوێڵە (ئاشەكان) كە (١٩٦) فەرمانبەرن لە هەرێمی كوردستان بڕی بیست و نۆ ملیۆن و چوار سەد هەزار دینار وەردەگرن.
- پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی لە هەرێمی كورستان كە (٣١٠) فەرمانبەرن بڕی حەفتاو حەوت ملیۆن و پێنج سەد هەزار دینار وەردەگرن.
- پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی كە (٨٥) فەرمانبەرن بڕی بیست و سێ ملیۆن و پێنج سەد و حەفتاو پێنج هەزار دینار وەردەگرن
- پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلاندانان و بەدواداچون كە {٨٥} فەرمانبەرن بڕی دوانزە ملیۆن و شەست و دوو هەزار دینار وەردەگرن. .
- پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیوان كە (١٦٥) فەرمانبەرن بڕی سی و دوو ملیۆن و دوسەد و بیست و پێنج هەزار دینار وەردەگرن.
- پاداشتی نووسینگەی جەنابی وەزیر و بریكارەكان و ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرە گشتییەكان و یاریدەدەری بەڕێوەبەرە گشتییەكان بڕی پانزە ملیۆن و هەشت سەد هەزار دینار وەردەگرن.
- تەواوی خەرجكردنی پاداشتەكان لەگەڵ دابەشكردنی سەبەتەی خۆراكدایە لە تەواوی عێراقدا، كە تا ئێستا ١٠ سەبەتە دابەش كراوە و لە هەرێمی كوردستان تەنیا هەشت بەش دابەشكراوە.
سێیەم: لەبەر گرنگی و هەستیاری بابەتەكە بە ژیانی هاووڵاتییانەوە و بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان لیژنەیەكی بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران پێكهێنراوە.
چوارەم: بە مافی خۆمانی دەزانین داوای یاسایی لەسەر تەواوی ئەو كەس و لایەن و ڕۆژنامەنووس و پەیجانە تۆمار بكەین كە بەمەبەست ڕای گشتییان بەلاڕێدا برد و تۆمەت و هەواڵی بێبنەمایان لە سەر وەزارەتمان دروست كرد.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی
١١ی شوباتی ٢٠٢٤