Site icon Zed Press

یاداشتنامەی ناڕەزایەتی ژمارەیەک پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان دژی لێدوانەکانی فایەق زێدان

ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆ و پسپۆڕانی زانستە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستاندا، لەڕێگەی یاداشتنامەیەکەوە ناڕەزایەتی دژی لێدوانەکانی فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق دەردەبڕن.

 

لە یاداشتنامەکەدا کە وێنەیەکی بۆ زێدپرێس ڕەوانەکراوە، ئەو شارەزایانەی زانستە سیاسییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، لێدوانەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق کە دەڵێ: ”بیرۆکەی دروستکردنی هەرێمی تر لە عێراقدا ڕەتکراوەتەوە، چونکە مەترسی بۆسەر یەکپارچەیی و ئاسایشی عێراق دروست دەکات”، دژی چەندین مادە و بڕگەی دەستوری هەمیشەیی عێراق دەوەستێتەوە، جگە لەوەی هەر بەگوێرەی دەستور خۆی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق نابێت دەستوەردان لە کاروباری سیاسی بکات.

ئەو شارەزایانەی زانستە سیاسییەکان لە بەرانبەر لێدوانەکەی فایەق زێدان، دووپات لەوە دەکەنەوە: “ئەوەی کە مەترسی بۆ سەر عێراق و یەکپارچەیی خاکەکەی دروست دەکات پابەند نەبوون بە دەستوری عێراقە”.

 

دەقی یاداشتەکە:

 

یادداشتی ناڕەزایەتی دەربڕین لە دژی لێدوانەکانی بەڕێز فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

 

هاونیشتمانیانی بەڕێز

ئێمە کۆمەڵێک مامۆستای کۆلێژەکانی زانستی سیاسەت لە هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتی لە دژی لێدوانەکانی بەڕێز فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەردەبڕین کە لە ڕێککەوتی ١٨/٢/٢٠٢٤ لە میانەی دیداری لەگەڵ بەڕێز پارێزگاری ئەنبار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار ڕایگەیاند کە ”بیرۆکەی دروستکردنی هەرێمی تر لە عێراقدا ڕەتکراوەتەوە، چونکە مەترسی بۆسەر یەکپارچەیی و ئاسایشی عێراق دروست دەکات”. ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بەپێی دەستور نابێت دەستوەردان لە کاروباری سیاسی بکات. زیاد لەمەش سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە دژی ئەم مادانەی دەستور وەستاوەتەوە:

 

مادەی ١١٦:

سیستەمی فیدڕاڵی لە عێراقدا پێکدێت لە پایتەخت و هەرێمەکان و پارێزگا لامەرکەزییەکان و ئیدارە ناوخۆییەکان.

 

مادەی ١١٧

یەکەم: ئەم دەستوورە لە ڕێککەوتی پیادەکردنیەوە دان بە هەرێمی کوردستان و ئەو دەسەڵاتەی ئێستایدا دەنێت وەک هەرێمێکی فیدڕاڵی.

دووەم: ئەم دەستوورە دان بەو هەرێمە نوێیانەدا دەنێت کە بە گوێرەی بڕگەکانی دەستوور دادەمەزرێنرێن.

 

مادەی ١١٨

دەبێت ئەنجوومەنی نوێنەران لەماوەیەکی دیاریکراودا بەمەرجێک شەش مانگ زیاتر تێنەپەڕێت بەسەر یەکەم دانیشتنیدا، بە زۆرینەی سادە یاسایەک دەربکات بۆ دیاریکردنی ئەو ڕێوشوێنە جێبەجێکارییانەی تایبەتن بە پێکهێنانی هەرێمەکانەوە.

 

مادەی ١١٩

پارێزگایەک یان زیاتر مافی پێکهێنانی هەرێمێکیان هەیە بەپشتبەستن بە داواکارییەک بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی لەسەری. داواکارییەکە بە یەکێک لەم دوو ڕێگایەی خوارەوە پێشکەش دەکرێت:

ڕ-لەسەر داواکاری سێیەکی (3/1 )  ئەندامانی ئەنجوومەنی ئەو پارێزگایانەی کە داوای پێکهێنانی هەرێمەکە دەکەن.

ب-لەسەر داواکاری دەیەکی (10/1) دەنگدەرانی ئەو پارێزگایانەی کە داوای پێکهێنانی هەرێمەکە دەکەن.

 

مادەی١٢٠

هەرێم دەستوورێک بۆ خۆی دادەڕێژێت، هەرەمی دەسەڵاتەکانی هەرێم و میکانیزمی بەکارهێنانی ئەو دەسەڵاتانە دیاریدەکات بەمەرجێک ناکۆک نەبێت لەگەڵ ئەم دەستوورەدا.

 

مادەی ١٢١

یەکەم: دەسەڵاتی هەرێمەکان مافی پیادەکردنی دەسەڵاتەکانی  یاسادانان و ڕاپەڕاندن و دادوەریان هەیە بەگوێرەی ئەم دەستوورە جگەلەو دەسەڵاتانەی کە تایبەتن بە حکومەتی فیدڕاڵییەوە.

دووەم: حکومەتی هەرێم مافی هەموارکردنی جێبەجێکردنی یاسای فیدڕاڵی لە هەرێمەکەدا هەیە ئەگەر ناکۆکی یان دژیەک لەنێوان یاسای فیدڕاڵی و یاسای هەرێمدا هەبوو لەسەر بابەتێک کە لە سنووری ئەو دەسەڵاتانەدا نەبێت کە تایبەتن بە حکوومەتی فیدڕاڵی.

سێیەم: دەبێت لەو داهاتانەی لە حکوومەتی فیدڕاڵیدا بەدەست دەهێنرێت پشکێکی گونجاو بۆ هەرێمەکان تەرخان بکرێت کە بەشی هەستان بە ئەرکەکانی بکات بە لەبەرچاوگرتنی داهات و پێویستییەکانی و ڕێژەی دانیشتوانیشی.

چوارەم: نووسینگەی تایبەت بە هەرێم و پارێزگاکان دەکرێتەوە لە باڵوێزخانە و نێردە دپلۆماسییەکاندا بەمەبەستی بەدواداچوونی کاروباری ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و گەشەپێدان.

پێنجەم: هەرچی پەیوەندی بە بەڕێوەبردنی هەرێمەوە هەیە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمدایە بەتایبەتی پێکهێنان و ڕێکخستنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێم وەک پۆلیس و ئاسایش و پاسەوانی هەرێم.

هه‌روه‌ها په‌ڕله‌مانی عێراق یاسای ژماره‌ ١٣ی ساڵی ٢٠٠٨ (یاسای چۆنییه‌تی پێکهێنانی هه‌رێمه‌کان له‌ عێراق). ده‌رچوواندووه‌؛ لێدوانەکانی بەرێز فایق زێدان پێشێلکردنی ئەم یاسایەشە.

 

ئەگەرچی بەرێز فایەق زێدان باس لەوە دەکات کە هەلومەرجەکە گۆڕدراوە و ئەگەر دەستور ئێستا بنووسرێتەوە وەک سەردەمی ساڵی ٢٠٠٥ نانووسرێتەوە بەڵام تا ئەو کاتەی کە دەستور هەموار نەکرێتەوە دەستورەی عێراقی فیدڕاڵ، بەرکارە.

 

زیاد لەمەش خودی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بەپێی مادەی ٣٧ لە یاسای رێکخستنی دادوەریی سوێندی خواردووە کە یاساکان بە ئەمانەتەوە پیادە بکات. (“اقسم بالله العظيم وبالمقدسات التي دعانا الله سبحانه وتعالى الى الالتزام بها والعمل بموجبها، ان اعمل على كل ما يرفع شان العدل والعدالة وان لا تاخذني في الحق لومة لائم، وان لا اجانب الحق في احكامي تحت كل الظروف والاسباب، وان اجهد نفسي واستخدم امكاناتي الى اقصى ما يتطلب الامر، بحثا عن الحقيقة، وكل ما يستوجبه الحق والعدل، وان اقوم بكل ذلك بموجب القانون وان احترم الدستور”.)، بەڵام دیارە کە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری پابەند نەبووە بە سوێندی پاراستنی دەستور و رێزگرتن لێی، بەڵکو بە پێچەوانەوە بە لێدوانەکانی لە بەهای دەستوری کەمکردووەتەوە.

ئەوەی کە مەترسی بۆ سەر عێراق و یەکپارچەیی خاکەکەی دروست دەکات پابەند نەبوون بە دەستوری عێراقە، هەر لەم گۆشەنیگایەوە و لە سۆنگەی بەرپرسیارتیمان بۆ پاراستنی دەستوری ئێستای عێراق و ڕاگرتنی سەربەخۆیی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و دوورکەتنەوەی ئەم ئەنجوومەنە لە لایەنگری سیاسی، ئێمە ئەو کەسانەی کە لە خوارەوە واژوومان کردووە و هەڵگری بڕوانامەی باڵاین لە زانستە سیاسییەکان، ناڕەزایەتی خۆمان لە دژی ئەم قسانەی بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای فیدڕاڵی ڕادەگەیێنین:

 

 

Exit mobile version