Site icon Zed Press

چۆن لە نۆی نیسان تێبگەین؟

دەتوانین بڵێین هەندێک داڕمان زیانبەخشن؟ لەوانەیە لە دوو ڕوانگەوە ڕاست بێت. ڕوانگەی یەکەم، بەو پێوەرەی کە دیکتاتۆرێکی شەکەت و ماندوو، تەنیا ویست و داخوازی ئەوەیە وازی لێ بێنن، بمێنێتەوە. ڕوانگەی دووەمیش ئەوەیە، تا خەڵك بەئاگا دێتەوە و بزووتنەوەیەکی سیاسی “مۆدێرن”، وەکوو بەدیل بۆ ئەو سیستمە سیاسییە ئۆتۆریتێرە دروست دەکات. ئەوسا، گرنگ نییە دیکتاتۆر بەهێزە یا شەکەت و لاواز، ئەوسا جەماوەر، بە ڕێبەرێتی وەها بزووتنەوەیەکی ئازادیخواز، بۆخۆی تێدەگات کە ئەو دیکتاتۆرە دەبێت بڕوات. بەدیلەکەشی ئامادە و سازە و بەدیلێکی مۆدێرن و پێشکەوتووە.

 

لە سەروبەندی ڕاپەڕینەکەی ژینادا لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، برادەرێک پێی گوتم ئێستا پێم خۆش نییە ڕژێمی ئاخوندەکان بڕوخێت. پێی وابوو، هێشتا نە بەدیلی ئەو ڕژێمە هەیە، بۆ ئەوەی نەتەوەکانی ئێران جارێکی دیکە دووچاری ڕژێمێکی هاوچەشن نەبنەوە و نەچنەوە ناو هەمان بۆشایی دەسەڵات، یا هەر هیچ نەبێت دووچاوی گەڕەلاوژێ و هەمووان دژی هەمووان نەبنەوە، وەک ئەوەی لە لیبیا و سووریا و یەمەن ڕووی دا. ئەو پێی وابوو، هەموو ئەو حزب و گرووپ و بزووتنەوانەی کە هەن، هەڵگری هیچ دنیابینییەک نین و ژیانی هاووڵاتییانی ئێران زیاتر دووچاری ماڵوێرانی و سەرگەردانی دەکەنەوە، ئەگەر ئێستا خەڵکی لەوە نەترسن لەسەر شەقام یەکێک بیانکوژێت، یاخود بەشەو دزەکان بەسەر ماڵەکانیاندا نەدەن، ئەوسا، ئەوەشی دەهاتە سەر.

لەڕاستیدا، ئەوە چش لەوەی کە عێراق لەماوەی ئەو هەشتا ساڵەی ڕابردووی پێش 2003دا، نەتەوەکانی عێراقی نەک هەر پێش نەخستن، بەڵکو هەمووی سڕ کردبوون لەناو ژمارەیەک وەهمی ئایدیۆلۆجی و نەخوێندەواری و دواکەتوویی و خێڵگەرایی و ناوی گەورە و دەرگەی وێران. کە بەعسییەکانیش هاتنە سەر دەسەڵات، ژیانی خەڵکییان تەنگتر کرد. حزبی بەعس بوو بە جێگرەوەی دەوڵەت و خەڵک و خوا. هەر ئەوەمابوو دیکتاتۆر داوامان لێبکات سەڵەواتی لەسەر لێبدەین. خۆهەر واش بوو، هەر کەس ناوی بهێنابایە دەبووایە لەگەڵی بڵێن (حفظە اللە ورعاە). بەڵام لە ئاکامدا یەک دیکتاتۆر بوو. خەڵکیش بە ئازادیخواز (ئەگەر هەبووبن) و بە ڕزگاریخوازیشەوە یەک دوژمنیان هەبوو، ئەویش ئەو تاکە دیکتاتۆرە بوو، لەگەڵ دارودەستە ستەمکارەکەی.

دیکتاتۆر، سیستمێکی سەقامگیری داهێنابوو لە ڕووی ئابووری و ئیداری و کۆمەڵایەتییەوە، بەڵام خۆی خاوەنی بوو، بەو مانایەی ئەو سیستمە لە دەوڵەتەوە نەدەهات، بەڵکو داڕێژەری سیاسەت و ئابووری و سیستمە کۆمەڵایەتییەکەش لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دیکتاتۆرەوە درێژ دەبووەوە، نەک لە دامەزراوەکانی دەوڵەتێکی مۆدێرن. بەو مانایەی ڕەهەندی دنیای دیکتاتۆر، ڕەهەندێکی خێڵەکی خودسەر بوو بە ماکیاجێکی مۆدێرن. بۆ کەس نەبوو بدزێت، یا گێرەشێوێنی بکات بێجگە لە خۆی و کوڕە سەرشێتەکانی و دارودەستە ڕێگەپێدراوەکەی. ئەوانەی لەو سیستمە تاریکە تێنەگەیشتوون، خۆزگەی پێدەخوازن، چونکە هەمان ئەقڵییەت دنەی هەموو ئەوانە دەدات کە سیستمێکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی مۆدێرنیان نەدیوە و لێشی تێناگەن.

بەو مانایەی سەرەوە، ئەوەی لە عێراق لە 9/4/2003 ڕووی دا، ئازادبوون نەبوو، بەڵکو ڕزگاربوون بوو لە مۆدێلێکی تاک دیکتاتۆر، بۆ مۆدێلێکی فرە دیکتاتۆر، گۆڕینەوەی دیکاتۆرێکی زەبەلاح بوو بە کۆمەڵێک وردە دیکتاتۆر. گۆڕینەوەی حزبێک بوو بە کۆمەڵێک حزبی خورافەسازی و مەزهەبگەرای دواکەوتوو، گۆڕینەوەی دیوێکی شۆفێنیستی ستەمکار بوو، بە دیوێکی مەزهەبگەرای، خورافەساز و چاوچنۆک و بە سیستمێکی دەوڵەتی قوڵ و ناسەقامگیری درێژخایەن.

ناسیۆنالیزمی بەعس، هێندەی شۆفێنیست بوو، هێندەش هەڵگری هەندێک خەسڵەتی مۆدێرنێتە بوو، یەکێک لەو خەسڵەتانە ئیداری و ڕێکخراوەیی لە خێر و شەڕدا. ڕێکخراوەیی لە پاک و خاوێنی شارەکان و ڕێکخراوەیی لە سوپا و پۆلیس و بەڕێوەبردندا، لەبەرانبەریشدا ڕێکخراوەیی لە قەڵاچۆکردن و جینۆسایدی نەتەوەیەکی وەکوو کورد، سەرکوتکردنی هاووڵاتییانی خۆیشی، لەڕێی سوودوەرگرتن لە ئامرازەکانی دەوڵەت و لەو خەسڵەتە گرنگەی کە پێی دەڵێن طێکخراوەیی و ئیدارە.

ناسیۆنالیستە/ ئیسلامیستەکان کە هاتن، بەدیلی شۆفێنیزمی بەعس نەبوون، بەڵکو دیوی دووەمی بەعس بوون، درێژکراوەیەکی شێواوی ناڕێکخراوی ناهەشی بێبەرنامە بوون. بەهیچ جۆرە سیستمێکی هاوچەرخ ئاشنا نەبوون. چاویان لەدەستی بابە گەورەی ئەمریکی بوو، بە فەزڵ و نیعمەتی خۆی، ئامۆژگارییەکییان بکات و دەستیان بگرێت بەرەو ئاییندەیەکی جیاواز، بەڵام نەیاندەزانی ئەو ئایندەیە چییە و چۆن دەبێت! ئەمریکا، دەتوانێت دەستی مرۆڤێکی عاقڵ بگرێت تا سنوورێك، لەوێ بۆخۆی دەزانێت بۆ کوێ بڕوات، بەڵام دەستی مرۆڤێکی گەمژە و نەخۆش ناگیرێت، چونکە نە بەرژەوەندی وڵات و نە بەرژەوەندی خەڵکەکەی دەزانێت، لەکوێ بەڕەڵای بکات، دەچێتەوە هەمان ئاخووڕی بەعسییەکان.

داکانە بەرازە ستەمکارەکە ڕۆیشت، بەڵام بێچووە پەروەردەنەکراوەکانی لە ورد و درشتی ئەو وڵاتە بەربوون. نەک هەر ڕۆڵەی مۆدێرنێتە نەبوون، بەڵکو بوون بە دوژمنی سەرسەختی سیستمێکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی مۆدێرن. ئەو نوخبە سیاسییە دەسەڵاتدارەی ئەو سەردەمە، تا ئەوڕۆشی لەگەڵدا بێت؛ کە یادی 21 ساڵەی داڕمانی گەورە دیکتاتۆر دەکەینەوە، نوخبەیەکی بێ ناسنامەی، بێ کەلتوور و بێ کەسایەتیین، لەژێر هەژموونی دەوڵەتێکی دراوسێدا، قەپاڵ لە منداڵی خۆشیان دەگرن. دۆخێکی سیاسیی میلیشیایی میلیتاریزەی وەهایان دروست کردووە، ئایندەی ئەو وڵاتەیان خستۆتە سەر لەپی عیفریت، ئەگەر پێشتر زیاتر لە چل ساڵ لەناو خورافەی ناسیۆنالیزمی عەرەبیدا هاواریان دەکرد، فەڵەستین، ئەوڕۆ لەناو خورافەی (یا مەهدی)، هاواری فەڵەستین دەکەن. ئەنجامەکەش یەک شتە، داڕمانی دەوڵەوت و نەتەوەکانی ئەو وڵاتەن.

بەو مانایەش، ئەگەر دیکتاتۆر بمابووایە، لەوانەبوو ئۆپۆزسیۆنێکی نیشتمانی مۆدێرن لەناوخۆی وڵات دروست ببووایە، کە باوەڕی بە دیموکراسییەت/ سەکولاریزم و مافەکانی مرۆڤ هەبێت و وڵاتی بەرەو سەقامگیری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی ببردبایە. داوای بووردنی لە خەڵکی کوردستان بکردبووایە لەپای ئەو کۆمەڵکوژی و جینۆسایدەی کە دەوڵەتی عێراق دژ بە خەڵكی کوردستان ئەنجامی دا. هەموو پابەندبوونە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیشی بەرانبەر کوردستانیی و عێراقییەکانیش ئەنجام بدابووایە.

ئایا، لە داهاتوودا وەها بزووتنەوەیەک بۆ ڕزگارکردنی ئەو نەتەوانەی عێراق دروست دەبێت، کە سیستمێکی مۆدێرن لە عێراق بونیات بنێت؟ تا ئێستا، لەسایەی ئەو سیستم و ئاڕاستە ناهەش و چەواشەکارییە میلیشیاییە نادروستەی کە هەیە، هیچ ئاسۆیەکیش بەو ئاڕاستەیە نابیندرێت.

Exit mobile version