لێکۆڵینەوەی ناوەندی توێژینەوەی ڕەوەندی کوردی بۆ پڕۆسەی سیاسی لە کوردستان و عێراق
بەدیاریکراوی لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، بەریتانیا سێ سەرۆک وەزیرانی بەخۆیەوە دیوە، هەر سێکیشیان خاڵی سەرەکی بەڵێن و قسەکانیان بۆ گەلی بەریتانیا (کۆنتڕۆڵکردنی سنورە ئاوییەکان و پرسی پەنابەری) بووە، بەڵام هیچیان هێندەی ڕیشی سوناکی سەرۆک وەزیرانی ئێستای بەریتانیا هەڵوەستەی لەسەر ئەم پرسە نەکردووە، ئەو نەک هەوڵی تۆکمەکردنی سنورەکانی وڵاتەکەی دەدات، بەڵکو شەڕی جێبەجێکردنی پڕۆژە یاسایەکی کرد کە تا ئێستا هیچ وڵاتێکی تری ئەوروپی دەستی بۆ نەبردووە، کە ناردنی پەنابەرە بۆ دەرەوەی خاکی بەریتانیا و بە دیاریکراوی وڵاتی ڕواندا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە
ساڵێ پار پرسی ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا مشتومڕی زۆری لەسەر بوو، ململانێی توندی نێوان پەرلەمان و ئەنجوومەنی پیرانی وڵاتەکە لە لایەک و نیگەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بواری پەنابەری لە لایەکی دیکە وای کرد، پێنج مانگ لەمەوبەر دادگای باڵای بەریتانیا لەسەر ئەو پرسە کۆببێتەوە، کە دوواجار بڕیاریدا کە پلانی ناردنی پەناخوازان بۆ ڕواندا نایاساییە، دادگاکە بۆی دەرکەوت کە ئەو وڵاتە ئەفریقییە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە پاراستنی پەنابەران “سەلامەت نییە”. بەڵام حکوومەتی بەریتانیا دەستبەرداری پلانەکەی نەبوو، بەهاوبەشی لەگەڵ حکوومەتی ڕواندا، هەموو ئەو پرسانەیان ڕەواندەوە و لە پڕۆژە یاسایەکی نوێدا پێشکەشی پەرلەمانی بەریتانیایان کرد، هەر زوو پەرلەمان دەنگی لەسەر دا، بەڵام تاکە بەربەست لەبەردەمیان ئەنجوومەنی پیران کە لە بەریتانیا بە کۆمۆنەکانی بەریتانیا ناسراوە، بووەوە بەربەست، کەچی ئەمجارە بەربەستەکە زۆری نەخایاند و لە بڕیارێکی چاوەڕوان نەکراودا، ئەنجوومەنی لۆردەکان دوابەدوای شەڕێکی توندی نێوانیان لەگەڵ ئەنجوومەنی لۆردەکان(پەرلەمان)ی بەریتانیا، شەوی دووشەم، ٢٣ی نیسان، پڕۆژە یاسای “سەلامەتی ڕواندا”ی پەسەندکرد، ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەناخوازانەی کە بەشێوەیەکی نایاسایی گەیشتبوونە بەریتانیا بۆ ئەو وڵاتەی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا.
پرسی ناردنی پەنابەر بۆ ڕواندا چۆن دروست بوو؟
لە نیسانی ساڵی ٢٠٢٢دا بۆ یەکەمین جار لەندەن و کیگالی ڕێککەوتن نامەیەک ڕاگەیەندرا، کە بۆریس جۆنسۆن سەرۆکی پێشووی پارتی پارێزگاران لە پۆستەکەیدا بوو، وەک سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، کە بەڕوونی نیگەرانی حکوومەتی بەریتانیا لە لێشاوی پەناخوازان بۆ وڵاتەکەی گەیشتە ئەو ڕادەیەی بیر لە ناردنی پەنابەر بۆ دەرەوەی خاکی بەریتانیا بکەنەوە، بۆیە هەر ئەوکات بڕیاریان دا هەر کەس لە ١/١/٢٠٢٢ بەدواوە بێت دەچێتە ناو چوارچێوەی یاساکەوە، تەواوی ناوەڕۆکی یاساکە بۆ ئەوەیە کە هەر هاووڵاتییەکی بیانی کە لە ڕێگەی “گەشتێکی نایاسایی و مەترسیدار و ناپێویست”ەوە بگەنە بەریتانیا لەدوای ئەو بەروارەوە بەبێ گوێدانە ئەوەی لە کوێوە هاتوون، دەیاننێرن بۆ ڕواند.
میلانیا گریفیتس زانای کۆمەڵایەتی و پرۆفیسۆر لە زانکۆی بیرمینگهام کە کار لەسەر سیاسەتی کۆچ و جێبەجێکردنی کۆچبەری لە بەریتانیا دەکات دەڵێت ””حکوومەتی بەریتانیا لەبری ئەوەی پلانەکە بگۆڕێت، تازە یاسایەکی نوێی دەرکردووە بۆ ئەوەی ڕایبگەیەنێت کە ڕواندا سەلامەتە. ئەمە تەنیا چارەسەرێکی یاسایی گاڵتەجاڕانە نییە، بەڵکو بە تەواوی گاڵتەجاڕییە بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ناپارێزراو بۆ پەناخوازان لە بەریتانیاوە، مەترسیدارە بۆ سیستەمی یاسایی و سیاسی فرەوانتر کاتێک حکوومەت لە ڕێگەی یاساوە فشار دەکات ئەو بڕیارە یاساییانە هەڵبوەشێنێتەوە کە پێی خۆش نییە، کە ئەمەش وا دەکات هەموومان کەمتر سەلامەت بین لەم وڵاتەدا.
ئەگەر بەریتانیا پەنابەر بنێرێت بۆ وڵاتی ڕواندا، مانای وایە لەمەودوا، ڕەچاوکردنی داواکاری پەنابەری بە کیگالی دەسپێردرێت. ئەگەر پەسەند بکرێت، ئەوا ڕێگە بە داواکاران دەدرێت لە ڕواندا بمێننەوە. ئەگەر نا، دەتوانن بە پاساوی دیکە داوای نیشتەجێبوون لەوێ بکەن، یان داوای مافی پەنابەری لە “وڵاتێکی سێیەمی سەلامەت”ی دیکە بکەن. دەرئەنجامی ئەم پڕۆسەیە هەرچییەک بێت، داواکاران هیچ ئەگەرێکی گەڕانەوەیان بۆ بەریتانیا نابێت.
ڕێکخراوی خێرخوازی پێشەنگی پەنابەری بەریتانیا ئەمڕۆ ڕایگەیاند “ئەو پڕۆژە یاسایەی کە لەم هەفتەیەدا لە پەرلەمان پەسەندکرا، “بەهەدەردانی سامانێکی بێهودە”یە، کە تەنیا “ڕێژەیەکی کەم”ی پەناخوازان دەتوانرێت بنێردرێنەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان یان ڕواندا.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی وردی ئەنجوومەنی پەنابەران، زیاتر لە 115 هەزار پەناخواز تا کۆتایی ئەمساڵ لە “دڵەڕاوکێی بەردەوام”دا گیر دەخۆن، ئەمەش لە ئەنجامی پلانی سەرەکی حکوومەت بۆ بابەتی ناردنی پەنابەر بۆ ڕواندا.
ئێنڤەر سۆلۆمۆن بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەنجوومەنەکە ڕایگەیاند، کاریگەری پلانی ڕواندا، سیستەمی پەنابەری بەریتانیا بەرەو داڕمان دەبات. پلانەکان کە سەرەتایی ئەم هەفتەیە لە پەرلەمان پەسەندکراون، دەبێتە هۆی “تێچووی بێئەندازە و نانەوەی ئاژاوە و نەهامەتی مرۆیی”.
بۆچی بەریتانیا پەنابەر دەنێرێتە دەرەوەی وڵاتەکەی
لە ساڵی ٢٠٢٢دا زیاتر لە ٤٥ هەزار کەس لە ڕێگەی چوپە بەلەمەوە بە نایاسایی کەنارە ئاوییەکانی بەریتانیایان بەزاندووە، کە بەبڕوای دەسەڵاتدارانی بەریتانیا ژمارەیەکی بێوێنەیە. ئەو ژمارەیە لە ساڵی دواتردا دابەزی بۆ ٣٠ هەزار کەس، بەڵام لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە زیادبوونی ٢٠٪ی دیکە تۆمارکراوە؛ بەپێی هەندێک سەرچاوەی دیکە تەنیا لەمساڵدا زیاتر لە شەش هەزار و ٢٠٠ پەناخواز چوونەتە ناو خاکی بەریتانیا. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی پەرلەمانی بەریتانیا لە ساڵی ٢٠٢٣ زیاتر لە ٦٧ هەزار داوای مافی پەنابەری تۆما کراوە، ڕێژەکە زۆرە و تا دێت کەیسی پەنابەران کەڵەکە دەبێت، ئەمەش گەورەترین هۆکارە بۆ بیانووی حکوومەتی ئێستای بەریتانیا بۆ ناردنی پەناخواز بۆ ڕواندا.
کابینەکەی بۆریس جۆنسۆن کە لە پشت پلانەکەوە بوو، بە پێویستی زانی ڕێگەی نوێ بدۆزرێتەوە بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی داواکاری پەنابەری و هاتنی بێبەڵگەنامە. ئامانجی ئەم پلانە ڕێگریکردن بوو لە بیانییەکان لە مەترسی خستنەسەر ژیانی خۆیان لە ڕێگەی بەزاندنی کەناڵی ئینگلیزی بۆ داوای مافی پەنابەری لە بەریتانیا ئەو ڕێگایە نەگرنە بەر. دواتر ڕیشی سوناک سەرۆکوەزیرانی ئێستا، کاتێک گەیشتە داونینگ ستریت لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢، ئەوەی کردە یەکێک لە ئەولەویەتەکانی سیاسەتی کاری خۆی.
چەند پەناخواز دەنێرنە ڕواندا؟
ئێستا ٥٢ هەزار پەناخواز نیگەران و دوودڵن، هەرچەندە تا ئێستا نامەی گەشتی ڕواندا بۆ زۆر کەس چووە، بەڵام کەس دڵنیا نییە کێ دەڕوات، هیچ دەزگایەکی فەرمیش ئامادە نییە دانبنێت بەوەدا کێ دەبەن، تەنانەت سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاش ئامارەکە ناخاتەڕوو، جگە لەوەی بەڵێن دەدات، لە هاوینی ئەمساڵەوە، بە شێوەی گەشتی، بەردەوام چەندین گەشتی ئاسمانی بەڕێ دەکەوێت بۆ ڕواندا.
ئایا ئەگەری ڕوودانەوەی ئاستەنگی یاسایی هەیە؟
دادگای باڵای بەریتانیا لە بڕیاری مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣دا لەچەندین ڕووەوە نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە ڕێزگرتنی دەسەڵاتدارانی ڕواندا بۆ مافەکانی مرۆڤ و مامەڵەکردنیان لەگەڵ پەنابەران. دادوەرەکان کە بەکۆی دەنگ بڕیاریان لە دژی پڕۆژە یاساکە دا، هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد کە لە ساڵی ٢٠٢١ حکوومەتی بەریتانیا ڕەخنەی لە کیگالی گرتووە بەهۆی “تیرۆرکردنی دادوەر لەو وڵاتە، مردن لە زیندانەکاندا، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ئەشکەنجەدان، نەبوونی گەرەنتی سەلامەتی و ترس لە دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران بۆ وڵاتی ڕەسەنی خۆیان” و هەروەها “ڕوونکردنەوە لەسەر ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٨ کە پۆلیسی ڕواندا تەقەی له پەنابەرانی خۆپیشاندەر و ناڕازی کردووه و به لایەنی کەم ١٢ کەس کوژراون”.
بەڵام هەر زوو حکوومەتی بەریتانیا بۆ ئەوەی پڕۆژەکە بە ئەنجام بگات، ڕەشنووسێکی نوێی خستەڕوو کە ڕواندا وەک “وڵاتێکی سەلامەت” پێناسە دەکات و بەپێی پەیماننامەیەکی نوێی دووقۆڵی کە لە مانگی کانوونی دووەمدا واژۆ کراوە، ڕواندا پابەندە بە دیپۆرت نەکردنەوەی هیچ پەنابەرێک بۆ وڵاتی خۆی.
ڕواندا توانای وەرگرتنی چەند پەنابەری هەیە؟
ئێستا هەر پەنابەرێک و بە هەر ڕێگایەکی ئاوی یان وشکانی بە شێوەیەکی نایاسایی بگاتە ناو خاکی بەریتانیا، مامەڵەی پەنابەری لێوەرناگیرێت، بەڵکو بەپێی ناوەڕۆکی پڕۆژە یاساکە، وەزارەتی ناوخۆ دۆسیەکانیان بە قبوڵنەکراو دادەنێت و لەسەر وەزارەتەکەش پێویستە ئامادەیان بکات بۆ دوورخستنەوەیان.
بەڵام ناوەندی توێژینەوەی ڕەوەندی کوردی بۆ پڕۆسەی سیاسی لە کوردستان و عێراق گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە لە کۆی هەموو ئەو پەنابەرانەی ئێستا لە بەریتانیان، دەتواندرێت ڕێژەیەکی زۆر کەم بنێردرێنە دەرەوەی خاکی بەریتانیا. چونکە شیکارییەکان بۆ ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆ ئەوە پیشان دەدات، کە تا کۆتایی ئەمساڵ، لانیکەم ١٠٥ هەزار و ٣٠٩ ژن و پیاو و منداڵ مافی دوورخستنەوەیان دەبێت و تەنیا نۆ هەزار و ٤٧٨ پەنابەر تیایاندا شایستەی گەڕانەوە دەبن بۆ وڵاتەکەی خۆیان یاخود ڕواندا. بە جۆرێکی دیکە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی نایاسایی گەیشتوونەتە بەریتانیا، تا سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ تەنیا نزیکەی ٢٠٠٠ کەس دەتواندرێت بە فڕۆکە بگوازرێنەوە بۆ ڕواندا. لە حیساباتی زیاتری ڕێکخراوەکانی پەنابەری ئەوە دەرکەوتووە و هۆشداری دەدەن لەوەی کە کاریگەری سێ یاسای کۆچبەری کە لەلایەن حکوومەتەوە پەسەندکراون – یاسای نەتەوەیی و سنوورەکان ساڵی ٢٠٢٢، یاسای کۆچی نایاسایی ٢٠٢٣ و یاسای سەلامەتی ڕواندا – پێدەچێت ساڵانە بگاتە ٦.٢ ملیار پاوەند لە باجدەران تەنیا لە تێچووی شوێنی نیشتەجێبوون لە ڕواندا بۆ پەنابەران، بۆیە لە ئەنجامی ئەوەدا سەختە حکوومەت بتوانێت ژمارەیەکی زۆرتر خەڵک بنێرێتە دەرەوەی بەریتانیا.
کەوایە هەرچی ئەوەشی دەمێنێتەوە بۆ ماوەیەکی نادیار بە پشتیوانی وەزارەتی ناوخۆ دەمێننەوە یان “دوورکەوتنەوە لە پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتداران و خۆشاردنەوەیان لە بەریتانیا بەشێوەیەکی نایاسایی” ژیان دەگوزەرێنن.
بڕگە داراییەکانی ڕێککەوتنی نێوان بەریتانیا و ڕواندا چین؟
تا ئێستا لە بودجەی حکوومەتی بەریتانیا،٢٢٠ ملیۆن پاوەند دراوە بە ڕواندا، هەروەها لەندەن ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر تەرخانکردنی ١٥٠ ملیۆن پاوەندی دیکە بۆ کیگالی لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا، لەگەڵ گەیشتنی یەکەم کاروانی کۆچبەران بۆ ڕواندا، ١٢٠ ملیۆن پاوەندی دیکە دەدرێتە وڵاتی ڕواندا، ئەمە جگە لەوەی بۆ هەر پەنابەرێک بڕی ٢٠ هەزار پاوەند دەداتە ئەو وڵاتە، هاوکات ١٥٠ هەزار و ٨٧٤ پاوەند بۆ دابینکردنی تێچووی مامەڵەکردن لەگەڵ هەر کەیسێک بۆ کۆی گشتی خەرجکردنەکە زیاد دەکرێت.
ئایا ڕواندا پرسێکی سیاسییە؟
زۆربەی چاودێران و ڕەخنەگران بۆچوونێکی دیکەیان هەیە، لایان وایە پلانی ڕواندا سەرقاڵکردنێکی سیاسییە و یەکێکە لەو پلانانەی کە لە سیستەمی پەنابەری بەریتانیا کاری پێناکرێت، ئەگەر ئەنجامیش بدرێت ڕۆیشتنی چەند هەزار کەسێک ناتواندرێت بە سەرکەوتوویی لە پڕۆسەی پەنابەری سەیر بکرێت، لەکاتێکدا بەریتانیا لە ژێر فشاری زۆری کەیسی کەڵەکەبووی پەنابەریدایە، کە مەزەندە دەکرێت بە نزیکەی ٦٠ هەزار کەیس. بۆیە بەریتانیا لەم قۆناغەی ئێستا پێویستی بە گەشتی ئاسمانی بۆ ڕواندا نییە، پێویستی بە ڕێگای سەلامەت و یاسایی هەیە بۆ ئەوەی خەڵک ناچار نەبن ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە بۆ ئەوەی بەدوای پارێزگاریدا بگەڕێن. کاتێکیش پەنابەران گەیشتن، پێویستیان بە بارودۆخی باشتر و بڕیاردان هەیە بۆ ئەوەی بتوانن بە سەلامەتی بەردەوام بن لە ژیانیان.
دوایین پلانی بەریتانیا چییە؟
حکوومەتی بەریتانیا هەموو ئامادەکارییەکانی کردووە، بڕیارە لە هاوینی ئەمساڵدا یەکەمین کاروانی پەنابەران بنێرێتە ڕواندا، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاش دەڵێت هەموو ئامادەکارییەکان تەواو بوون، فڕۆکەکان حجزکراون و گەشتەکانیش دیاریکراون. پێنج سەد کەس ئەرکی یاوەریی دیپۆرتکراوان بۆ ناو فڕۆکەکانیان پێدەسپێردرێت، دوواین هەنگاویش کە وەزارەتی ناوخۆ ناویەتی داوا لە کارمەندانی هۆمی ئۆفیس کراوە کە داوای هەلی کار بکەن بۆ چوونیان بۆ ڕواندا بۆ یارمەتیدان لە پرۆسێسکردنی داواکاری پەنابەری ئەو کۆچبەرانەی لە بەریتانیاوە ڕەوانەی ئەوێ دەکرێن. ئەوانەی دەڕۆن، بڕیاردەرەکان، ئەفسەرانی پشتیوانی تەکنیکی، کارمەندانی سیاسەت و تا چوار سەرۆکی تیم دەنێردرێن بۆ ئەو وڵاتە ئەفریقییە.