لە کۆمەڵگا سەرەتاییەکاندا، بەرە جیاوازەکان وەها یەکتر دەبینین کە ڕکەبەرن بۆ ڕێگرییکردن لە دەست گەیشتن بە سەرچاوەکانی داهات و پاشان لەناوبردن. بۆیە دەبینیت ئاشتی و شەڕەکان هەمیشە پەیوەستن بە ڕێککەوتن لە سەر داهات و سەرچاوەکان. لە کۆمەڵگایەکی سەرەتایی وەک کوردستان، کاتێک سیاسەت دەبێت بە هونەری شکاندنی ئەوی تر، ئەوا لە بەرانبەردا ئەوەی کە پێویستە و نییە، خەیاڵی مەدەنییە. چونکە خەیاڵی سیاسی، وەک لە وتەی کادیرانی حزبدا دەیبینیت بریتییە لە خەیاڵی توندوتیژی. خەیاڵی سیاسی کوردی بریتییە لە چۆنیەتی سەرکەوتنی خود و لەناوبردن یان دەستەمۆکردنی ئەوی تری کورد، تەنانەت بە پشتیوانی هەموو دەرەکییەکیش. خەیاڵێک نییە بۆ پێکەوەبوون، لێبوردەیی و قبوڵکردن.
بەڵام لە دونیای مۆدێرندا کۆمەڵێک هۆکاری تر هەن لە پشت توندوتیژبوونی سیاسەتەوە.
یەکەم فاکتەر بوونی پانتایی سیاسەتە بە شوناس. شوناس یان ناسنامە، وەک دەربڕینێکی سادە لە دونیای کوردیدا دەردەبڕدرێت. بەڵام نە تێگەیشتن هەیە بەرانبەریی و نە سادەیە. شوناس یانی بوونی کەسێک، یان خۆناسینی کەسێک بە جۆرێک لە خەیاڵی خۆیدا و هاتنە ناوەوەی کۆمەڵگا لە پێناو دانپێدانان و مامەڵەکردنی بەوجۆرە.
یەکەم خەسڵەتی شوناس ئەوەیە کە توانای سازش و گفتوگۆی نییە، بەڵکو دەیەوێت بڵێت ئەمە منم و دانم پێدابنێت. دووفاقی شوناس لەوەدایە کە خود وەک چەسپیوێک و جودایەک دەبینێت، بەڵام لە هەمانکاتدا دەپاڕێتەوە بۆ دانپێدانان.
کاتێک خەڵک دێنە ناو سیاسەتەوە بۆ گەڕان بە دوای شوناس و دانپێداناندا، ئەوا دەستوبرد سیاسەت دەبێتە پانتایی توندوتیژیی. بەڵام وەک هانا ئارێنت پێمان دەڵێت: سیاسەت جودایە یان دابڕاوە لە توندوتیژیی.
یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم گەڕان لە ناو سیاسەتدا بۆ خود، دەگەڕێنرێتەوە بۆ قەیرانی خێزان لە ڕۆژئاوا. کاتێک کەسێک لە هەناو ماڵیدا خۆی بۆ دروست نابێت، دێت لە کۆمەڵگادا بە دوای ئەو ماڵەدا دەگەڕێت. بە دیدی کۆنزێرڤەتیڤەکان ئەمە هۆکاری گۆڕانی مەدەنیەتە بە شوناس. بە دیدی چەپ دەبێت پانتایی گشتی ئەوە ببەخشێت کە خێزان ناتوانێت بیبەخشێت.
دووەم، کاتێک ئابووری، بە تایبەت لە سەردەمی نایەکسانی زۆر قوڵدا، دەبێتە بەشێک لە شوناس، ئەوا پانتایی سیاسەت دەبێتە پرسی بژێوی و ژیان. بەو مانایە ئەگەر پارتەکەی من لە سەر حوکم بێت ژیار و ژیانم باشتر دەبێت یان مسۆگەر دەبێت، هەروەها بە پێچەوانەوە. ئەمە دۆخێکی سفریی دروستکردووە. بە جۆرێک کاتێک هێزێک دێتە سەر حوکم توێژێک سوودمەند دەبن و توێژێکی تر زەرەرمەند، لە ئەنجامدا هەر بەرەیەک ئەوەی تر وەها وێنا دەکات کە نان دابینکەر و نانبڕیەتی. کاتێک جیاوازیی و بڕەکان زۆر قوڵ دەبن، پەنابردنە بە توندوتیژی دەبێتە ئامرازی گونجاو بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی.
ترەمپیەکان خۆیان ئامادەکردووە هەر کە هاتنە سەر دەسەڵات بە هەزاران کەس لە کارەکانیان دوور بخەنەوە.
سێیەم، لە کەڵککەوتنی مرۆڤ. مرۆڤ لەم سەردەمەدا بە خێرایی دروست دەبێت و بە خێرایی لە کەڵک دەکەوێت. لێرەدا تەکنەلۆجیا و بازاڕ زۆر کاریگەرن. لە هەمانکاتدا تەمەن. بۆ نموونە لە دونیای ئەمڕۆدا مرۆڤەکان دەبێت هەمیشە خۆیان ئەپدەیت بکەنەوە. بۆ زۆرێک لە خەڵک ئەمە یان مەیسەر نییە یان ئاسان نییە. بۆیە زوو دەخزێنە خانەی بێ کەڵک بوونەوە. بازاڕی ئەمڕۆ لە زۆر بواردا بە جۆرێکە کە کەسەکان بە ئاسانی پێناگەن. بۆیە ترس و دڵەڕاوکێ خەسڵەتی ژیاری زۆرینەی خەڵکە، کە لە نەخۆشی دەروونی و فشار و نەخۆشی جەستەییدا دەردەکەوێت.
چوارەم، شلبوونەوەی دونیا بۆ زۆرینەی خەڵک مایەی دروستکردنی دونیایەکی ناسەقامگیرە. بۆیە دەبینین فاشیزم و دین و کۆمیۆنیزم کە هەموویان جۆرێک جیاوازی ڕەقبوونن، بە مانای داڕشتنی بنەما ڕەق و نەگۆڕەکان، لە برەودان.
پێنج، نایەکسانی کەلتووری. لە دونیای ئەمڕۆدا کەلتوورێکی ساویلکە بۆ زۆرینە ئامادەیە. بەڵام کەلتووری قوڵ تەنها بۆ کەمینەیەکە. ئۆلیڤەر ڕوا ئەمە ناودەنێت تەختبوونی کەلتوور. بۆ نموونە، زۆرێک لە خەڵک زمانی ئینگلیزی دەزانن، بەڵام ئەوە زمان نییە، چونکە دابڕاوە لە کەلتوور و پاشخانی ئینگلیزی، ئەو ناوی دەنێت گلۆبش. ئەم نایەکسانی کەلتوورییە دۆخێکی دروستکردووە کە هەڵبەز و دابەز بە مرۆڤەکان، سەرگەردان و سەرلێشێوانیان ئاسانتر بێت.