Site icon Zed Press

کۆمەڵکوژییەکەی ئەشکەوتی دەکان

عەدالەت عومەر- لێکۆڵەری بواری ئەنفال و جینۆساید*

 

دەکان گوندێکی سەرنجڕاکێشی نزیک زێی خازرە، لە بناری چیای خێری لە ناوچەی شێخان، ژمارەی دانیشتوانی گوندەکە نزیکەی ٢٠ تا٣٠ خێزان بوو، کە بە کاروباری کشتوکاڵیەوە سەرقاڵ بوون.

 

ئەشکەوتی دەکان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی قەزای شێخان،  لە ڕۆژی ١٨ی ئابی ١٩٦٩ کرایە گۆڕەپانی ڕەشەکوژی دانیشتووانی گوندی دەکان لەلایەن سوپای عێراقەوە. خەڵکی گوند کە بۆ ڕزگاربوون لە شاڵاوی دڕندانەی سوپای بەعس ڕایانکردبوو؛ زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون، لەناو ئەو ئەشکەوتەدا لەلایەن سوپاوە بەزیندوویی سووتێنران و ٧٧ کەس شەهیدبوون و ٩ کەس برینداری سەختی سووتان بوون، دەربازیان بوو.

 

بەعسییەکان لە ١٧ تا ٣٠ی تەممووزی ١٩٦٨ لە ڕێی کودەتایەکی سەربازییەوە دەسەڵاتی عێراقیان گرتە دەست، لە سەرەتاوە وەک حکوومەتەکانی پێشوو بۆ  جێگیرکردنی پێگە و داکوتانی ڕەگوڕیشەی دەسەڵاتیان لە عێراق دەستیان کرد بە دانوستان و پێدانی بەڵێن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد، بەڵام هێندەی نەخایاند جارێکی تر خۆیان لە جێبەجێکردنی داواکاری کوردەکان و چارەسەرکردنی کێشەی کورد دزیەوە و سوپای  عیراق پەلامارەکانیان بۆ سەر گوند و شار و شاروچکەکانی کوردستان و سەنگەرەکانی پێشمەرگە دەست پێکردەوە. یەکێک لەو ناوچانە (ئاکرێ – شیخان) بوو کەوتە بەر پەلامار و هێرشکاری جارێکی دیکەی سوپای بەعس و چەکدارانی بەکرێگیراو (جاش)، ئەمەش تاوان و قوربانی زۆری لێ کەتەوە، وەک کۆمەڵکوژی ئەشکەوتی دەکان.

 

کۆمەڵکوژی ئەشکەوتی دەکان

تاوانی کۆمەڵکوژی ئەشکەوتی دەکان، بەگوتەی شایدحاڵەکانی ئەو ڕووداوە لە کاتژمێر ٤ی ئێوارەی ڕۆژی ١٨ی ئابی ١٩٦٩ ڕوویدا. سوپای ڕژێمی بەعسی لەناوچوو هاووڵاتییانی سڤیلی لە ئەشکەوتی دەکان کۆمەڵکوژ کرد، دوای ئەوەی خەڵکی بێچەک و بێدیفاعی گوندی دەکان کە بەپێی گوتەی شایدحاڵێک “دوژمن، شەو تا بەیانی بە تۆپ لە دەوروبەری گوند و ناو گوندی دا، دواتر تەیارە هات ١٤ تەیارەم ژمارد، دوو دوو دەهاتن و تۆپیان داویشت، لە لایەک تەیارە لێی دەدا و لە لایەک تۆپ”، بۆیە خەڵک بە مەبەستی  پاراستنی  خۆیان و دوورکەوتنەوە لە پەلاماری سەربازی، پەنا دەبەنە نێو ئەشکەوتەکە، کاتێک سوپای ڕژێمی بەعس لە ڕێگای جاشەکانەوە بۆی ئاشکرا دەبێت کە ئەوان لە ئەشکەوت دان، زۆر دڵڕەقانە و دوور لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی ئاگر لە ئەشکەوت بەردەدەن، کە ژمارەی قوربانیان لە نێوان  ٧٠ تا ٨٠  کەس  مەزندە دەکرێت؛ لە ژن و منداڵ و پیاوی بەساڵاچوو کۆمەڵکوژکران، لە وانەش ٢٩ ژن کە  ٦ کەسیان دووگیان و ٣٧ منداڵ،  کە ٧ منداڵیان لە تەمەنی خوار یەک ساڵ بوون. بەگشتی تەمەنی قوربانییان لە نێوان کۆرپەلەی ناو سکی دایک تاوەکوو ٨ ساڵان بوون. هەروەها ٩ کەسیش لە تاوانەکە بە برینی سەخت دەرباز دەبن و بە شاراوەیی لە ئاکرێ لە ماڵی خزمەکانیان چارەسەریان وەرگرت، نەیاندەوێرا بیانبەن بۆ خەستەخانە، نەوەک ئەوانیش دەستبەسەر بکرێن. بەپێی قسەی یەکێک لە دەربازبووان “دکتۆرێکی خەستەخانەی ئاکرێ بە خزمانی ئێمەی گوتبوو مەیانهێنن بۆ خەستەخانە، مۆمکینە هەموومان دەستگیر بکرێن  و دەرمانی بۆمان ڕەوانەی ماڵێ دەکرد”. هەروەها گوتی “لە ٧ کەسی خێزانمان بەس من دەرباز بووم”.

 

دوای کۆمەڵکوژی ئەشکەوتی دەکان

دوای ١٦ ڕۆژ لە تاوانەکە، پێشمەرگە دەگاتە ئەشکەوتی دەکان و ئەو دیمەنە  جەرگبڕە دەبینن. وەک باس دەکەن کەس نەیدەتوانی و نەیادەوێرا لە بەر بۆنی تەرمی سووتاوەکان و هەم لەبەر بارودۆخی ناوچەکە لە ئەشکەوت نزیک ببێتەوە، هەروەها لەبەر دووری گۆڕستانی گوندی دەکان بە دوو کیلۆمەتر، دواتر بە هاوکاری پێشمەرگە  بڕیاردەدەن لە چوار گۆڕی درێژی بەکۆمەڵ، بە قووڵی نیومەتر بەهۆی سەختی هەڵکەندنی چیا، ئێسک و پروسکی قوربانییان بە جلوبەرگەکانیانەوە لەناو بەتانی کۆدەکرێنەوە و لە ناو گۆڕی بەکۆمەڵ دەیانشارنەوە. پێشمەرگەی دێرین حاجی میرخان دۆڵەمەری دەڵێت: “بەم شێوەیە ناشتنیان بڕیارێکی سەخت بوو، بەڵام بە ناچاری لەگەڵ کەسوکاریان بڕیارماندا و تەرمەکانمان ناشت”. هەروەها دەڵێت: “چاوم بە کەلەسەری سپی بچووک کەوت و بەخۆم کەلەسەری ٧ منداڵی خوار یەک ساڵیم ژمارد”. لە بارەی ژمارەی قوربانیان دەڵێ نزیکەی ٨٠ کەس دەبوون.

١٤ شەهید لە ماڵباتی مەحموود سەلیم دەکانی؛ ٢٢ شەهید لە ماڵباتی ڕەسوڵ دەکانی؛ ٧ شەهید لە ماڵباتی دروێش  سەبتی  بارزانی؛  ١٥ شەهید لە ماڵباتی ڕەمەزان دەکانی نێروەکی و  ١٣ شەهیدی دیکە هەریەک هیی ماڵباتی دیکە بوون، لەگەڵ شەش کۆرپەی ناو سکی دایکیان.

تا ئێستا ئێسک و پروسکی قوربانییان لەژێر داروبەردی بەردەم ئەشکەوتی دەکان لە ناو چوار گۆڕی بەکۆمەڵدا ماون. کەسوکاری قوربانییان چیرۆکی ناخهەژێنی دیمەنەکانی دوای سووتانیان لە بیر ناچێتەوە، لەوانەش ئێسک و پروسکی دایک و کۆرپەی ناو سکی  تێکەڵ بە یەک ببوون، کە  دیمەنی  دایک و کۆرپەکەی لە گۆڕی بەکۆمەڵی ناوچەی حەزری مووسڵ دۆزراوە بە بیرهێنامەوە.  هەروەها  ئێسک و پروسکی  ئەو دایکەی کە بۆ پاراستنی ڕۆڵەکەی لە ئاگر، خۆی بەسەردا چەماندەبووە و بەیەکەوە سووتان.

بەپێی قسەی شاهیدحاڵی یەکێک لە گوندەکانی نزیک لە ئەشکەوتی دەکان: “دوای تاوانەکە لەبەر بارودۆخی ئەو کات و دڕندەیی سوپای بەعس نەماندەوێرا  لاشەی قوربانییەکان لە شوێنێکی گونجاو بشارینەوە ،بۆیە ئێسک و پروسکەکانمان هەر لەبەردەم ئەشکەوتەکە لە ژێر بەرد و دار شاردەوە. کە تاوەکوو ئێستا هەر لەوێ ماون”.

هەروەها دەڵێت: “چەند کەسێک لەوانەش سێ ئافرەت و پیرەمێردێک هەوڵی خۆڕزگارکردنیان داوە و بە جەستەی نیوە سووتاو بەدوای ئاو گەڕاون، بەڵام لە بەر ئازاری سووتان و برین و تینوویەتیان دەخنکێن و گیان دەسپێرن، تەرمەکانیان بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە و ئاژەڵ جەستەکانیان دەخۆن.

 

دۆسیەی کۆمەڵکوژی ئەشکەوتی دەکان لە داداگای باڵای تاوانەکانی عێراق

دۆسیەی کۆمەڵکوژی ئەشکەوتی دەکان یەکێکە لەو دۆسییانەی پێشکەش بە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق کراوە، بەڵام بەهۆی کەمکردنەوەی چوارچێوەی ئەرک و کار و دەسەڵاتەکانی دادگا،  تاوەکوو ئێستا یەکلایی نەکراوەتەوە و بڕیاری کۆتایی لەسەر نەدراوە، هاوشێوەی ١٤ دۆسیەی تر.

 

*سەرچاوە؛ ئەرشیڤی نەتەوەیی جینۆسایدی کوردستان

Exit mobile version