Site icon Zed Press

نانەوا و قەساب نەبێت سەركەوتنەكان بەدی نایەن

زۆرجار لە پڕۆسەی سیاسی و كاری ڕێكخراوەیی، ئیداری و بەڕێوەبردن و هەر پلەوپۆستێکی هەستیار و ناوەندێکی بڕیاردا، دەستەواژەی كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو بەکارهاتووە و بووەتە نۆرم و بابەتێکی باو و بەردەوام قسەی لەسەر دەکرێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لە كۆمەڵگای كوردستانیشدا نان بۆ نانەوا و گۆشت بۆ قەساب بەكاردەھێنرێت و هاوتایە لەگەڵ ئەو دەستەواژەیەی سەرەوە و لەزۆر بواریشدا وەک نموونەی هەنگاوێکی نادروست بۆ کارێکی دروست خراوەتە ڕوو. واتە دانانی کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو پەیوەستە بە شارەزایی و پسپۆڕیی و لێهاتوویی تاکەوە و  بنەمایەکە بۆ  سەركەوتنی مرۆڤ و ئاستی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا و ئەو بوارەی کە کەسی شیاوی بۆ تەرخان دەکرێت.

دیارە لە سیاسەت و ئیدارەدانی کۆمەڵگاشدا ئەم بابەتە خاڵێکی گرنگ و کاریگەرە و پێویستە هەمیشە و بەردەوام لە بەرچاوبێت، چونکە ئەوە لە زۆر حاڵەتدا جۆرێکە لە چارەسەری دۆخی ناهاوسەنگ و ناتەندروست و چەقبەستووی سیاسی و ئیداری  و ڕێگریشە لە بڕیاری تاکلایەنە و خۆسەپاندن و هەر جۆرە گەندەڵی و گزییەک کە لەو ڕووەوە سەرهەڵدەدەن. لەگەڵ ئەوەشدا پێشكەوتنی سیستەمی ئابووری و ئیدارەدانی کۆمەڵگە، پەیوەستە بە توانا و لێوەشاوەیی کەسی شیاوەوە و حەقیقەتی سەرکەوتنیش لێرەوە سەرچاوە دەگرێت و هۆکارێکیشە بۆ پێناسەی گشتی کۆمەڵگە، چونكە لە ڕاستیدا وەرگرتنی ئەرك و بەرپرسیارێتی بەرلەوەی حاڵەتێکی ویژدانی و ئیداری و بەرپرسیارێتی بێت، بنەمایەکی ئەخلاقی کۆمەڵایەتییە و دەبێت ئەو کەسانە خەسڵەتەكانی سەركردایەتیان تێدا بێت و خاوەنی کەسایەتی و شارەزایی و بیركردنەوەی فرەوان بێت و لە هیچ کاتێکدا نەكەوێتە ژێرکاریگەری بەرژەوەندییە تایبەتەکان و هەمیشە ڕەچاوی بەرژەوەندییە گشتییەکان بکات و لە خۆیدا كەسێكی سادە و خاكی بێت، و پلەوپۆست نەبێتە هۆکاری لوتبەرزی و خۆبەزلزانی لە مەودای كاركردنیدا.

 

گەر بە چاوێكی ڕەخنەگرانە، لە ڕابردوو و ئێستای سەركردە و بەرپرس و بەڕێوەبەرە دەوڵەتدارەکانی لە مەڕخۆمان بڕوانین بۆمان دەردەكەوێت ھۆكاری سەرەكی فاشیلبوون و شكستی سیاسی و ئیداری ئەم کۆمەڵگەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەدای خراپی بەڕێوەبردن و لاوازی ئیدارەدان و بڕیاری ھەڵە و بێتوانایی لەمامەڵەكردن لەگەڵ دەوروبەر و ئەوانەی پێكەوە كار دەكەن، ئەمەش كێشەكانی هێندەی تر ئاڵۆزکردووە و بووەتە ھۆكاری چەقبەستوویی و ئیفلیجبوونی زۆر لە سێکتەرە ئیدارییەکان و پڕۆسەی دەوڵەتداری، چونکە زۆر جار ئەو کەسانەی ئەرک و بەرپرسیارێتیان پێدەسپێردرێت پەیوەست نین بە پلان و نەخشەڕێیەکی سیستەماتیکی گرنگ و داڕێژراوەوە و زیاتر وەلائیان بۆ بەرپرس و سەركردەكانیان هەیە و ئەوان هەرچۆنیان بوێت وا دەکەن، ئەمەش لە دنیای بەرپرسیارێتیدا مەترسیدارترین و کوشندەترین پڕۆسەیە و کۆمەڵگە دەخاتە خراپترین هەلومەرجەوە و ناتوانێت پێشبکەوێت وەک ئەوەی ڕەوتی دەوڵەتداری دەیەوێت .

 

لەکاتێکدا ئێمە ئاماژە بەم لایەنەش دەکەین دەبێ ئەوەمان بیر نەچێت کە ڕەخنەگرتن و گلەیی و سكاڵاكردن لە بەرپرس و بەرپرسیارێتی تەنها گۆشەیەکی نەخۆشییەکەیە و ئەسڵی مەتڵەب و دەردە کوشندەکە لە لایەکی ترە و پەیوەستە بە فەلسەفەی حوکمڕانی و ئەو ئەقڵیەتە فاشیلەی کە ئیدارەی دەوڵەت و پڕۆسەی دەسەڵاتدارێتی کۆمەڵگە دەدات، چونکە کاتێک تێگەیشتنی حزبی حوکمڕان و سیاسەتەکانی بەو ئاڕاستەیەدا هەنگاوبنێت کە دەبێت خۆم خاوەنی هەمووبم، هیچ جۆرە گۆڕانکاری و چاکسازییەک ڕوونادات و ناتوانێت ببێتە هۆکاری هەڵتەکاندنەوەی ئەو سیستەم و بنەمایەی کە خۆی کاری لەسەر دەکات.

 

ساڵانێكە گفتوگۆ دەكرێت، دەنووسرێت، ڕەخنەی زۆر و فرەوان و ناڕەزایی ھەیە لەسەر ئەوە بابەتە و ئەو دیاردە مەترسیدارانەی کە حزب لە ڕەوتی ئیدارەدانی کۆمەڵگەدا مومارەسەی دەکات، شەرمە لە سەدەی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و ئەقڵی ئەلیکترۆنیدا تازە بەتازە پلەوپۆستەكان لەسەر بنەمای حزبایەتی تەسك و مەحسوبیەت و مەنسوبیەت دابەش دەكرێن و بوونەتە هۆکاری شێواندنی ڕەوشی کۆمەڵگە و تێکدانی ژینگەی سروشتی پڕۆسەی حوکمڕانی و زۆر پێچەوانەی ئەو چەمكە مەنتقیەشە كە دەگوترێت دانانی كەسی شیاو بۆ شوێنی شیواو یان نان بۆ نانەوا و گۆشت بۆ قەساب.

هەموو ئەو کەسانەشی کە بە تەسکیەی حزب و پشتگیری کاک فڵانێک دەبنە خاوەنی پلە وپۆستی ئیداری و کارگێڕی و سیاسی، بە دید و تێڕوانین و ئەقڵیەتی حزب و بەرپرسە باڵاکە، هەڵسوکەوت دەکەن و بەرژەوەندی ئەوان و خودی خۆی دەخاتە پێش بەرژەوەندی گشتییەوە و هەمیشە کار لەسەر ڕازیكردنی حزب و بەرپرسە باڵاكەی دەکات و ناتوانێت لەو چوارچێوە ناواقعییە دەربچێت کە ئەوان بۆیان نەخشاندووە و ئەرکی ئەو دەبێتە كاركردن بۆ دەستكەوتی ڕووكەش و ڕاگەیەنراو و  ڕێگەگرتن و سەپاندنی كۆتوبەند لەبەردەم كار و پێشنیازی سەركەوتوو، لە خزمەتی دامەزراوەكە و لە ئەنجامدا بەرژەوەندییە گشتیییەكە بەلاوە دەنرێت و زیانمەندی یەکەمیش لەم ڕووەوە جەماوەر و ئەو هەنگاوانەیە کە کۆمەڵگە پێویستی پێیەتی بەرەو پێشکەوتن و سەرکەوتنی زیاتر.

 

بۆیە دەمەوێت لەكۆتاییدا بڵێم ئەوەی كار لەگەڵ كەسی شیاو و لێهاتوو بكات، خاوەنی ئیرادەیەکی بەهێز و گەشاوەیە و دەتوانێت لە کایەی حزبی و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا ڕۆڵ و نەخشی دیارببینێت و نەکەوێتە ژێر کاریگەری هیچ جۆرە فیکر و فەلسەفەیەک، کە دواجار کۆمەڵگە بشێوێنێت و بەرژەوەندی گشتی بخاتە پەراوێزەوە، لە پێناو بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆی.

Exit mobile version