Site icon Zed Press

سەرژمێری گشتی دانیشتووان و نیشتەجێبوون

گسکی کارەبایی بەکاردەهێنیت؟

ئەو پرسیارەی سەرەوە یەکێکە لە پرسیارەکانی فۆڕمی ئەلیکترۆنی سەرژمێری کە لە هاووڵاتییان دەپرسێت، دواتر بە وردی دێینەوە سەر ئەو پرسیارە و ڕووناکی دەخەینە سەری.

جاران، دەگوترا سەرژمێری، بەڵام ئێستا وەکوو لە ناونیشانەکەیدا دیارە هەر سەرژمێری خەڵک نییە بە تەنها، بەڵکوو لەپاڵیدا سەرژمێری نیشتەجێبوونیشە، ئەمەش پڕۆسەکەی گشتگیر و فرەوانتر کردووە، کە تەنها زانیارییە کەسییەکانی هاووڵاتییان تۆمار ناکەن، بەڵکوو چەندین زانیاری تر دەربارەی ماڵ و ژیان و باری خێزان و ئاستی خوێندەواری و زۆر بواری تری ژیانی خەڵک تۆمار دەکەن. فۆڕمە لە شەش بڕگەی زانیاری گشتی پێکهاتووە  کە ئەمانەی خوارەوەن:

 

 

بێگومان هەر یەکێک لەو ناونیشانە سەرەکییانەی سەرەوە، لە ژێریدا دەیان پرسیاری وردی بۆ دانراوە، بۆ ئەوەی زانیاری هەمەلایەن کۆبکرێتەوە.

جاران سەرژمێری بەشێوەی دەستی بوو، واتە کارمەندی ژمێرکار لە ڕێگای فۆڕمێکی کاغەزییەوە زانیارییەکانی بە پێنووس دەنووسی، ئەمەش کارێکی قورس و گران بوو، جگە لەوەش بە سەدان هەزار کارمەندی پێویست بوو، بۆیە پڕۆسەکە وەختێکی زۆری پێدەچوو، لەوەش گرنگتر جاران ئینتەرنێت و کۆمپیوتەر نەبوو، بۆیە ئەم هەموو زانیارییانە پاش ساڵێک دەتوانرا کۆبکرێنەوە و یەک بخرێن، هەر بۆیە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ پاش چەند ساڵێک ئینجا دەوڵەت توانی ئەنجامی کۆتایی ڕابگەیەنێت. ئێستا بەهۆی پێشکەوتنی زانستی و تەکنۆلۆژیای ژمارەییەوە، گۆڕانکاری جەوهەری ڕوویانداوە، ئەم سەرژمێرییەی ئەم ساڵ کە بڕیاروایە لە ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت، سەرژمێری جۆری ئەلیکترۆنییە، دەستەی ئاماری فیدڕاڵی بەرنامەسازی ئەلیکترۆنی داناوە، پرسیارەکانی فۆڕمەکە کراون بە ئەلیکترۆنی، ڕۆژانی سەرژمێری کارمەندەکان ئایپادێکیان پێیە کە بەشێوەی ئەلیکترۆنی پڕی دەکەنەوە و هیچ قەڵەم و کاغەزێکیان پێ نییە و ڕاستەوخۆ زانیارییەکان دەگوازرێتەوە بۆ ناوەندی سەرەکی زانیارییەکان لە بەغدا.

لەلایەن حکوومەتی هەرێم و دانیشتووانی ناوچەکانی کەرکووک و ماددەی ١٤٠ی دەستوور، ترس و نیگەرانی هەبوون بەو هۆیەی کە لە فۆڕمەکەدا، لە ڕۆژی سەرژمێری، هاووڵاتی لەو کاتەدا لە هەر شارێک ئامادەبووایە، ئەوا ڕێکوپێک لەسەر ئەو شارە ناونووسیان دەکرد. ئەمەش بۆ چارەنووسی کەرکووک ئێجگار مەترسیدار دەبوو، لەهەمان کات ئەمە جەوهەری ئامانجی سەرژمێری دەگۆڕی؛ لە پڕۆسەیەکی گرنگی گەشەپێدان و پلاندانەوە دەبوو بە هۆی گۆڕانکاری دیمۆگرافی لە ناوچەکەدا، لە هەفتەی ڕابردوو وەفدی ڕەسمی حکوومەتی هەرێم چوون بۆ بەغدا،  لەوێ لە کۆشکی سەلام لە بارەگای سەرۆکایەتی کۆمار لەگەڵ سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف ڕەشید کۆبوونەوە و تێبینی و سەرنجی خۆیان پێشکەش کرد و داوایان کرد سەرۆک کۆمار ڕۆڵی خۆی بگێڕێت بۆ چارەسەرکردنی تێبینییەکانیان، دواتر سەرۆک کۆمار کۆبوونەوەیەکی گرنگی سەرۆکایەتی لە کۆشکی بەغدا ڕێکخست بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیرانی فیدڕاڵ و وەزیرە پەیوەندیدارەکانی فیدڕاڵ و وەفدی حکوومەتی هەرێم، دووبارە تیمی هەرێم بەدوورودرێژی و بە وردی سەرنج و تێبینییەکانیان خستەڕوو، جەوهەری تێبینی هەرێم لەسەر خاڵێک بوو لە پاڵ چەند  سەرنجێکی تر، ئەویش (بەگوێرەی فۆڕمی سەرژمێری هاووڵاتییان لە ڕۆژی سەرژمێرییدا  لەسەر ئەو  شارە تۆمار دەکرێن کە لێی نیشتەجێن،  ئەمەش  دەبێتە گۆڕینی دیمۆگرافی، بەڵکو پێویستە خەڵک تۆمار بکرێت بەگوێرەی شوێنی ئەسڵی نیشتەجێبوونیان  کە لە کارتی نیشتمانیدا تۆمار کراوە)، پاش گفتوگۆیەکی چڕوپڕ سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاری پێویست بۆ چارەسەرکردنی تێبینییەکان دەردەکەن، ڕۆژی سێشەم وەکوو وەڵامێک بۆ کۆبوونەوەکەی سەرۆک کۆمار لە کۆشکی بەغدا، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری پێویستی دەرکرد کە پێکهاتووە لە  حەوت بڕیاری باش و چاک. ئەمەی لای خوارەوە پوختەی جەوهەری حەوت بڕگەکەی  بڕیارەکەیە:

 

لە ڕاستیدا، ئەوە گۆڕانکارییەکی جەوهەرییە بۆ پێدانی دڵنیایی بە خەڵکی کوردستان کە پڕۆسەکە تەنها ئامانجی زانستی و گەشەپێدانە و هیچ  بەرنامەیەکی سیاسی لەپشتەوە نییە.

دەگەڕێینەوە سەر وەڵامی پرسیاری گسکی کارەبایی ماڵان! کە لە فۆڕمی سەرژمێرییەکەدا هەیە، لە ڕاستیدا هەندێک پرسیار دانراون کە لەسەرەتادا بۆ هاووڵاتی کەمێک سەیر و پێکەنیناویین! بەڵام ئەگەر لێییان وردببینەوە، دەردەکەوێت کە پرسیاری زانستیین و زانیاری ئاماژەن بۆ گەشەپێدان و پلاندانان. کاتێک پرسیارت لێ دەکات لە ماڵەوە گسکی کارەباییت هەیە؟ بەفرگرت هەیە، ڕاوتەری ئینتەرنێتت هەیە، پاسکیل، موبەریدە، جلشۆری ماڵ، تەلەفزیۆن؟ هتد.. ئەوانە بەگوێرەی پێوەری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئاماژەن بۆ دیاریکردنی هێڵی هەژاری و ئاستی خۆشگوزەرانی. هەقی خۆیەتی بڵێین، ئەم پڕۆسەیە خاڵێکی وەرچەرخانە بۆ بیناکردنی بنکەیەکی زانیاری ڕاست و دروست کە دەوڵەت و خەڵک و زانکۆ و کۆمپانیاکان، هەموو لایەک سوودی لێ وەربگرن.

لە کۆتاییدا لە فۆلکلۆری کوردیدا وتەیەکی بەناوبانگ هەیە، کاتێک کە حیکایەتخوان کۆتایی بە گێڕانەوەی حیکایەتەکەی دەهێنێت، هەمیشە دەڵێت: منیش تەواوبووم، هیچیان پێنەدام.

Exit mobile version