Site icon Zed Press

کورد و سەرژمێریی گشتی لە عێراقدا

د. سەباحی غالب

 

سه‌رژمێری گشتی: كرده‌یه‌كی پێویستی كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و قانوونی، كارگێڕی، ئابووری و په‌روه‌رده‌یی و لایه‌نی دیكه‌ی حكومه‌تدارییه‌،‌ هه‌موو ده‌وڵه‌تێك به‌ هه‌ند و گرنگی ده‌زانێ. بۆ پێكهاته‌ی ڕه‌گه‌زی و ئایینی دانیشتوان، حكومه‌تان بایه‌خی تایبه‌تی پێده‌ده‌ن‌، به‌ڵام له‌وه‌ته‌ی سه‌رژمێر بۆته‌ به‌شێك له‌ یاری و گه‌مه‌ی دزێو و ناجۆری سیاسه‌ت، هه‌میشه‌ بۆ كورد مایه‌ی ده‌ردی سه‌ری و‌ به‌ڵا و كاره‌سات بووه‌. ئه‌گه‌ر ته‌ماشای گفتوگۆكانی كۆنگره‌ی ئاشتیی پاریس (مانگی یه‌كی 1919 تا مانگی ئابی 1920) و كۆنگره‌ی لۆزان (سه‌ره‌تای مانگی دووی 1922 تا ته‌موزی 1923) بكه‌ین، ئه‌وا به‌ ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ سه‌رژمێری گشتی كورد، ئامرازێكی ترسناكی بگره‌ و به‌رده‌ بووه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌كاندا.

 

له‌ كۆنگره‌ی ئاشتی پاریسدا، سه‌رژمێری كورد له‌ نێوان‌ هاوپه‌یمانه‌كان و ده‌وڵه‌تی عوسمانیدا، بابه‌تی هێنان و هه‌ڕه‌شه‌ و ڕاكێشانی كورد و داگیركردنی به‌شێكی گه‌وره‌تری كوردستان بوو، ده‌وڵه‌تی عوسمانی ڕه‌وایه‌تی به‌ كورد نه‌ده‌دا به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی ژماره‌یان كه‌مه‌، هاوپه‌یمانه‌كان وه‌ك نه‌ته‌وه‌ ته‌ماشای كوردیان ده‌كرد و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تیان بۆ كورد به‌‌ ماف و حه‌ق ده‌زانی، له‌و باره‌یه‌وه‌، عوسمانییه‌كان و كه‌مالییه‌كان له‌ دژی ده‌وه‌ستانه‌وه‌، له‌و هه‌را و به‌رده‌دا، كورد شتێكی ده‌سكه‌وت، به‌ڵام هیچی له‌باردا نه‌بوو، به‌رهه‌مه‌كه‌ی بچنێته‌وه‌. له‌ كۆنگره‌ لۆزاندا، دیسان بابه‌تی سه‌رژمێری كورد دارده‌ست و هۆكار بوو بۆ ساغكردنه‌وه‌ و نووسینه‌وه‌ی به‌نده‌كانی په‌یمانی لۆزان و حیسابنه‌كردنی بوونی كورد، وه‌ك له‌ ڕۆژانی په‌یمانی ئاشتیی پاریس كورد چی به‌ره‌كه‌تێكی نه‌بوو، كه‌ڵك و خێر و بێری به‌نده‌كانی 62، 63 و 64 په‌یمانی سیڤه‌ر ببینێ‌، له‌ په‌یمانی لۆزاندا ده‌ست وپێ سپیتر بوو. دوای ئه‌وه‌ له‌ ساغكردنه‌وه‌ و به‌لادا خستنی چاره‌نووسی ویلایه‌تی موصڵ، سه‌رژمێری كورد بووه‌ ئامرازێكی سه‌ره‌كی بۆ یه‌كلاییكردنه‌وهی دواڕۆژی ویلایه‌ته‌كە.

 

له‌ مێژووی سه‌رژمێرییه‌كاندا كه‌ له‌ عێڕاقدا كراوه‌، هه‌بووه‌ قرساندوویانه‌ و به‌ گۆتره بووه‌، هه‌شبووه‌، خانه‌ی (نه‌ته‌وه‌)ی تێدا نه‌بووه‌، ئه‌وه‌ی ساڵی 1957 زیاتر به‌لای ده‌ستووری و ڕاستیدا چووه‌‌! له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاریگه‌رییه‌ قانوونی و ئیدارییه‌كه‌ی ڕاگیرا و كاری‌ پێنه‌كرا.

ئه‌و سه‌رژمێرییه‌ی كه‌ له‌ 20 و 21ی ئه‌م مانگه‌دا له‌ عێڕاق به‌ڕێوه‌ده‌چێ،‌ ده‌بووایه‌ كاتێك ئه‌نجامبدرایه‌، كه‌ مادده‌ی 140 جێبه‌جێبكرابایه‌! نه‌كرا … بۆ؟ ده‌بێ حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌و وه‌ڵامه‌ بداته‌وه‌.

ده‌بووایه‌ ئه‌و سه‌رژمێرییه‌ كاتێك بكرابایه‌ كه‌ كورد یه‌كگرتوو بووایه‌! به‌ڵام له‌ هه‌موو كات په‌روازتره!

ده‌بووایه‌ ئه‌و سه‌رژمێرییه‌ كاتێك بكرابایه‌ كه‌ ته‌نیا و ته‌نیا حكوومه‌تی هه‌رێم نوێنه‌رایه‌تی كورد بووایه،‌ نه‌ك هه‌ر حزبه‌ و خۆی له‌ حكوومه‌تی هه‌رێم به‌ گه‌وره‌تر بزانیایه‌!

ده‌بووایه‌ ئه‌و سه‌رژمێرییه‌ كاتێك بكرابایه،‌ كه‌ هه‌موو بڕیاره‌كانی حكوومه‌تی سه‌رده‌می به‌عس سه‌باره‌ت به‌ گۆڕانكاری دانیشتوانی ناوچه‌ داگیركراوه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم هه‌ڵبوەشانایه‌وه‌‌! كه‌چی له‌ جاران زیاتر مه‌ترسییان هه‌یه!

ده‌بووایه‌ ئه‌و سه‌رژمێرییه‌ كاتێ بكرابایه‌ كه‌ كورد و حكوومه‌ته‌كه‌ی سه‌نگێكیان له‌ به‌غدا ببووایه‌! كه‌چی لاوازتره!

ده‌بووایه‌ ئه‌و سه‌رژمێرییه‌ كاتێك بكرابایه‌ كه‌ هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و پێبه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی له‌ناو كورددا بناغه‌ی دابكوتایه‌! وه‌كی دی بێ بناغه‌یه و هه‌موو ئه‌وانه‌ هه‌ڵوه‌شاونه‌وه‌!

 

نه‌یسه‌، واقیعێك كه‌ حزبی سیاسی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌یسه‌پێنێ، زۆر له‌ عه‌قڵ و لێكدانه‌وه‌ی باسكارێك یا كوردێكی ساده‌ گه‌وره‌تر و كاریگه‌رتره‌، گۆڕینی واقیعی وا تاڵ، هێزی دڵسۆزی و توانای نووسه‌ران و بیرمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌ له‌ قه‌ره‌ی نایه‌ن.

 

به‌هه‌رحاڵ، كورد یا ڕوونتر حكوومه‌ت و كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێم پێبزانن یا نا، زۆری و كه‌می دانیشتوان كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستییانه‌ی خواره‌وه‌ هه‌یه‌:

 

  1. له‌ واقیعی ئێستای كورد له‌ عێڕاق، دیاریكردنی ناوچه‌ و نیشتمان به‌ هۆی زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ی دانیشتوانه‌وه‌ دیاریده‌كرێ، بۆیه‌ له‌ گشت وڵاتان كه‌ كوردستانیان به‌ خۆوه‌ گرێداوه‌، له‌ ته‌قه‌لای كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی كورددان، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌، مێژوو هیچ بایه‌خێكی نامێنێ، دیاره‌ له‌ مێژووی كورددا ئه‌وه‌ ساغبۆته‌وه‌، كه‌ كورد له‌ ده‌ره‌وه‌ی مێژوودا ده‌ژی! له‌و باره‌یه‌وه‌ ساغكردنه‌وه‌ و به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ده‌بێته‌ بێ بایه‌خكردن یا نه‌هێشتنی مادده‌ی (140)ی ده‌ستووری! عێڕاقی.

 

  1. وڵاتانی عێڕاق و ئه‌وانه‌ی به‌شێك له‌ كوردستانیان داگیركردووه‌، هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان كه‌ یا كورد نه‌خه‌نه‌ خانه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیاوازه‌وه‌ وه‌ك توركیا، ئێران و سووریا كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ته‌نانه‌ت بوونی كورد ناسه‌لمێنن، یا وه‌ك عێڕاق كه‌ هه‌میشه‌ خۆی و كوردی هه‌ڵخه‌ڵتاندووه و له‌و هه‌وڵه‌دابووه‌،‌ كه‌ سه‌رژمێری كورد كه‌م بكه‌نه‌وە!

 

 

  1. له‌به‌ر ڕۆشنایی ژماره‌ی دانیشتواندا، ژماره‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مان له‌ عێڕاقدا دیاریده‌كرێ، به‌و مانایه‌ی عێڕاق هه‌تا بۆی بكرێ كارده‌كا له‌ پێناوی كه‌مكردنه‌وه‌ی سه‌رژمێری كورد، له‌و ڕێگایه‌شه‌وه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی ئه‌ندامانی كورد له‌ په‌رله‌مانی به‌غدا.

 

  1. سه‌رژمێری گشتی ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری هه‌یه‌ بۆ دیاریكردنی یه‌كه‌ی كارگێڕی له‌ باشوور و له‌ عێڕاقدا، واتا دێیه‌ك بكرێ به‌ ناحیه‌، ناحیه‌یه‌ك ببێ به‌ قه‌زا یا قه‌زایه‌ك بكرێ به‌ پارێزگا، سه‌رژمێر به‌سه‌رنج وه‌رده‌گیرێ.

 

 

  1. دانان و نه‌خشه‌ی دابه‌شكردنی بودجه‌ی نیشتمانی و بودجه‌ی ناوچه‌یی، به‌نده‌ به‌ سه‌رژمێری دانیشتوانه‌وه‌، ئه‌مه‌ بۆ كاربه‌ده‌ستانی عێڕاق و حزبی فه‌رمانڕه‌وا له‌ به‌غدا، هه‌میشه‌ و به‌درێژایی مێژووی عێڕاق بیریان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ ژماره‌ی كورد كه‌م بكه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مترین به‌شی كورد له‌ بودجه‌دا هه‌بێ، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵكوو ده‌یان و سه‌دان جاری وا هه‌بووه‌، حكوومه‌ت و ئه‌ندام په‌رله‌مانی عه‌ره‌ب به‌ سووننه‌ و شیعه‌وه‌، چاویان هه‌ڵنایه‌ كه‌ كورد به‌قه‌ده‌ر به‌شی خۆی له‌ داهات و بودجه‌ هاوبه‌ش بێ.

 

  1. بۆ دیاریكردنی ئه‌ندامانی هه‌ر لیژنه‌ و ده‌سته‌یه‌ك كه‌ له‌ حكوو‌مه‌تدا دابمه‌زرێ، زۆرینه‌ی دانیشتوان كارده‌كاته‌ سه‌ر ژماره‌ی نوێنه‌رانی زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ی ژماره‌ی دانیشتوان.

 

 

  1. ‌سه‌رژمێرێ گشتی كاریگه‌ری هه‌ره‌ مه‌ترسی و به‌رچاوی له‌ گۆڕانكاری واقیعی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیدا هه‌یه‌، به‌پێی ئه‌و به‌رنامه‌ی كه‌ عێڕاق هه‌یه‌تی، نه‌ك ناوچه‌ داگیركراوه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم، به‌ڵكوو ناوچه‌ی دیكه‌ش كه‌ ئێستا له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمدایه‌ له‌به‌ر ڕه‌حمه‌تی چاوچنۆكی شۆڤێنییه‌تی سووننه‌ و شیعه‌دایه‌، دوور نییه‌ پردێ یا چه‌مچه‌ماڵ، كفری یا كه‌لار بكه‌ونه‌ به‌ر شاڵاوی گۆڕانكاری دیمۆگرافی، كه‌ كرا ده‌كرێ! له‌ مێژوودا هه‌ر وا بووه‌ و هه‌ر واش ده‌بێ كه‌ “ئاوی زاڵم به‌رەو ژوور ده‌ڕوا”.

 

  1. دیاریكردنی ڕێژه‌ی ئه‌فسه‌رانی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی عێڕاق: هێزی پیاده‌، هێزی ئاسمانی، هێزی تۆپخانه‌، ده‌بابه‌ و زرێپۆش، هه‌واڵگری، میكانیك و لۆجستی، كارگێڕی و ئازووقه، زانیاری و ته‌كنیكی و سایبه‌ر، پۆلیس و ئاساییش و هیدیكه‌، له‌به‌ر ڕۆشنایی زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ی ژماره‌ی دانیشتوان دیاریده‌كرێن، عێڕاق هه‌رگیز به‌وه‌شه‌وه‌ ڕانه‌وه‌ستاوه،‌ به‌ڵكوو نه‌بووه‌ به‌ قه‌ده‌ر سه‌رژمێرییه‌كه‌ی، كورد به‌شی عادیلانه‌ی خۆی به‌ركه‌وتبێ.

 

 

  1. كردنه‌وه‌ی زانكۆ، وه‌رگرتن بۆ خوێندنی باڵا، ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی قوتابیان بۆ خوێندنی ماسته‌ر و دكتۆرا له‌ زانكۆكانی ده‌ره‌وه‌ی عێڕاق، به‌پێی سه‌رژمێری گشتی دیاریده‌كرێ، له‌و لایه‌نه‌شه‌وه‌ عێڕاق هه‌رگیز به‌ شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ له‌گه‌ڵ كورد نه‌جوڵاوه‌ته‌وه‌.

 

  1. پڕۆژه‌ی ستراتیژی و وه‌به‌رهێنان و دروستكردنی به‌نداو و ڕێگاوبان و هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر و زۆر لایه‌نی دیكه‌، عێڕاق له‌به‌ر ڕۆشنایی سه‌رژمێردا دیارییان ده‌كا.

 

 

  1. به‌رنامه‌ی كشتوكاڵ و پێشخستنی پیشه‌سازی و لایه‌نی دیكه‌ له‌به‌ر نه‌خشه‌ی سه‌رژمێری گشتیدا دیاریده‌كرێن.

 

تاقیكردنه‌وه‌ و په‌یوه‌ندی كورد و حكوومه‌تانی عێڕاق ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه‌ كه‌ تا ئێستا به‌ گشتی، كورد نه‌بۆته‌ هاووڵاتی ده‌وڵه‌تی عێڕاق، له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌توانراوه‌ عه‌قڵی سیاسی و زمانی تێگه‌یشتن و كارگێڕیی دادپه‌روه‌رانه‌ ده‌ورێك ببینن.

 

ئه‌وانه‌ و گه‌لێك‌ لێكدانه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری گشتی له‌ عێڕاقدا ده‌بینرێن كه‌ كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆیان بۆ سه‌ر چاره‌نووس و دواڕۆژی حكوومه‌تی هه‌رێم و باشووری كوردستان هه‌یه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ حكوومه‌تی هه‌رێم و كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێم، زیاتر له‌ جارێك بیربكه‌نه‌وه‌ و هه‌ڵوێست وه‌ربگرن.

 

له‌نده‌ن ـ 5ی تشرینی دووه‌می 2024

Exit mobile version