Site icon Zed Press

ڕێگای تورکیا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ کوردانی ڕۆژئاڤا مەحاڵە

د. موفید محەمەد نووری

 

لەژێر ڕۆشنایی تازەترین ڕووداو و پێشهاتەکانی جەنگی ناوخۆیی سووریادا، کە لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا لەسەر دەستی کۆمەڵێ گرووپی توندڕەو كە ناسراون بە بەرەی تەحریر شام و سوپای ئازادی سووریا و گرووپ و هێزگەلێکی تر، کە هەموویان دەچنەوە ناو بازنەی هێزە جیهادییە ئایینییە توندەڕەوەکانەوە دەستی پێکردەوە، لە ڕاستیدا ئەم گرووپانە دواکەوتووترین پێکهاتەی کۆمەڵگای سووریان، کە باوەڕ و ئاڕاستەگەریی ئیسلامی سیاسی ناو سووریا پیشان دەدەن. سەبارەت بەم ڕووداوانەی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو ئاماژه به شیکردنەوەیەکی سیاسی “زافی بار” دەدەم، کە لە ڕۆژنامەی هارێتز (Haaretz)ی ئیسرائیلی ساڵی ٢٠١٩دا بڵاوبۆتەوە، و تیایدا بە خەڵکی ئیسرائیل دەڵێت، زۆر ناخایەنێت شەڕی نێوان کوردەکانی ڕۆژئاڤا و حکوومەتی تورکیا سەرهەڵدەداتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو دەستتێوەردانەی کە لە سووریادا دەیکات و سەرەنجام دەبێتە هۆی ئەوەی کە (ڤێتنامی تورکیا)ی لێوە بێتەئاراوە.

 

نووسەر دەڵێت: تورکیا باوەڕی بەوەیە کە لەیەکچوون هەیە لە نێوان ئەو جەنگە درێژخایەنەی کە ئەمریکا لە ساڵی ١٩٥٧دا بەسەر ڤێتنامییەکانیدا سەپاندبوو و تا ساڵی ١٩٧٥ بەردەوامبوو، ئەوەش لە سەردەمی جەنگی سارددا بووە، و بووەتەهۆی ئەوەی زیاتر لە ٥٨٢٢٠ سەربازی ئەمریکایی لەو جەنگەدا بکوژرێن و لە ئەنجامیشدا بە سەرکەوتنی کۆمۆنیستەکانی ڤێتنام کۆتایی هات؛ ئەوە بەزانینی ئەوەی کە سەربازە ئەمریکییەکان یارمەتی هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی خۆیان هەبوو.

 

هەروەها نووسەر دەڵێت: “هەڵبژاردەی سەربازیی سوپاکەی “مەزلوم عەبدی” ئەوەیە کە لەگەڵ سوپای سووریا واته بەشار ئەسەد، دژ بە تورکیا شەڕ بکەن، لە ڕاستیدا دەوڵەتی بەشار ئەسەد نەدەتوانێ و نە دەشیەوێت بەرەیەکی تر لە جەنگ بکاتەوە لەگەڵ تورکیادا، بەتایبەت کە ڕووسیا هیچ بە لایەوە گرنگ نییە کە سووریا لەلایەن تورکیاوە داگیربکرێت، هەرچەندە ڕووسیا بەڵێنی داوە کە بکەوێتە نێوان کوردانی ڕۆژئاڤا و تورکیاوە بۆ چارەسەری کێشەکانی نیوانیان. جێگای ئاماژەبۆکردنە کەلەم هەلومەرجەدا ئەوەی پەیوەندی بە ڕووسیاوە هەیە ئەوەیە کە هەر وڵاتێک سووریا داگیر بکات، ئەوا دەبێت لە دوایدا لێیبکشێتەوە و سەروەریی بگەڕێنێتەوە بۆ دەوڵەتی سووریا، ئەوەش ئەو پڕۆسەیەیە کە ڕووسیا هەوڵی بۆ دەدات”.

 

“زافی بار” بەردەوام دەبێت و دەڵێت: “هەڵبژاردەی ڕاستەقینە بۆ کوردەکانی ڕۆژئاڤا ئەوەیە کە دەستبکەن بە جەنگێکی سەرتاسەری پارتیزانی لە دژی هێزەکانی تورکیا، بەوجۆرەش ناوچە کوردییەکان دەبنە ڤێتنامێکی تر بۆ تورکیا. ئەم شێوازە لە خەبات توانای هێزە کوردییەکان بەهێز دەکات و دەتوانن چالاکییەکانیان بگوازنەوە بۆ ناو تورکیا، وەکو ئەنجامدانی چەند هێرشێکی گەورە و ڕاستەوخۆ لەناو جەرگەی تورکیادا، هاوشێوەی پەکەکە، کە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا لەم وڵاتەدا ئەنجامییانداوە.

 

لەم نێوەدەدا ئەگەرچی کات گەورەترین فاکتەرە بۆ تورکیا، بەڵام هێزە کوردییەکان پەلەیان نییە، و هەتا جەنگەکەش گەورەتر و درێژخایەن بێت، ئەوا بۆ تورکیا ئاسان دەبێت کە فێڵ لە ڕای گشتی نێودەوڵەتیی بکەن، بۆ نموونە وەک ئەوەی کە ئەورووپا و ئەمریکا پشتگوێی بخەن. ئەو وانەیەی کە لێرەدا خۆدەردەخات بریتییە لەوەی کە “جەنگێکی درێژخایەن و کاریگەر بۆ بێهێزکردنی بەرانبەرەکەت، واتای ئەوەیە کە دەیەوێت بیروڕای خەڵک بۆ لای خەڵک ڕابکێشێت و لەسەروو هەموویانەوە ئەمریکا و ئەورووپا، لە هەمانکاتیشدا تا سەربازی زیاتر بکوژرێت زیاتر سەرمایەی پڕۆتێستئامێزیی خەڵک بەرزتر دەبێتەوە، هەروەها زیاتر فشار دەکەوێتە سەر دەوڵەتی تورکیا.

 

ئەو گریمانەیەی کە تورکیا ببێتە ڤێتنامێکی تر، هەروەک شرۆڤەی نووسەرێکی تورکی (جەنگیز چاندار) کە بۆ ئەم ڕووداوانەی کردووە ئەوەمان بۆ دەخاتە ڕوو کە تورکیا ڕێگایەکی مەحاڵی لەبەردەم دایە بۆ چارەسەری کێشەی کورد. هەربۆیە مەحاڵە تورکیا لەگرتنەبەری میکانیزمی گفتوگۆکردندا سەرکەوتوو بێت، ئەوە لە کاتێکدا کە زۆربەی زۆری دەزگاکانی تورکیا هەتاکو ئێستاش گیان و دڵ و دەست و سەریان هەر ئەوەیە کە لە ئیمپڕاتۆری عوسمانییەوە بۆیان بەجێماوە، و هیچ شتێکی تازە نەچۆتەسەر ئەو فەرهەنگە ڕەگەزپەرستییە تۆرانییەیان”.

 

جەنگیز چاندار، گەورە ڕاوێژکاری حکوومەتی تورکیا بۆ کاروباری کورد، و ئەندامی پارتی Dem دەڵێت: کۆمیتەی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا باوەڕیان وایە کە دەستتێوەردانی تورکیا لە سووریادا دەبێتەهۆی ئەوەی کە تورکیا بگۆڕێت بۆ (پاکستان)ێك لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، و ئەگەری هەیە هەر بەو شێوەیەش ببێتە ئەفغانستانێکی  تورکیی.

 

ئەگەر دەوڵەتی تورکیا بەم شێوازە بەردەوام بێت و نەگاتە هییچ ئامانجێک لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ کوردانی باکووردا، ئەوا  لە ئەنجامی سیاسەتی سەرکووتکارانە و نادادپەروەرانە و ستەمکارییانەی ئەم دەوڵەتەدا، وا چاوەڕوان دەکرێت کە جەنگێکی زۆر کاریگەرتر لە کوردستانی ڕۆژئاڤادا لە دژی دەوڵەتی تورکیا و هێزە وابەستەکانیدا سەرهەڵبدات. بەمشێوەیە سەرهەڵدانی جەنگ لە نموونەی “ڤێتنامی تورکیا”دا خەونی کوردانی ڕۆژئاڤا بۆ ئازادی و سەربەخۆیی لەبار نابات، بەڵکو بە پێچەوانەوە نموونەی مۆدڵێکی  ڕۆژئاڤا کە لە دە ساڵی ڕابردوودا دروستبوو لە هەر هەوڵێکی تورکیا بۆ شکستپێهێنانی زیاتر بەهێزتر دەبێت.

 

Exit mobile version