بۆیە بۆ من هەمیشە سلێمانی جێگایەک بوو، نە لێت دەگەڕێت خۆت بیت، نە هەرگیز دەتکات بە بەشێک لە خۆی.
سەرباری بوونی ئەم پەیوەندییە، ئێستا هەست دەکەم ئەو شارە دەمرێت. دوێنێ ئەو دیمەنانەی کە دیمان، جێگای سەرسوڕمان نەبوو. بەڵکو بردینییەوە بۆ سەردەمی نەوەدەکان، کە شەڕ و برسێتی وەک چڵکی بن گوێ لێمان نەدەبوونەوە. بەڵام نەوەدەکان باشتر بوو، چونکە لە خەڵکدا تامەزرۆییەک هەبوو بۆ بینین، بۆ فێربوون، بۆ گوێگرتن، بۆ گفتوگۆ. بەڵام چونکە هێزە نوێخوازەکانی دونیای ئێمە لاوازتر بوون، شەڕەکانی کەپکی حەمەد ئاغا و جێگاکانی تر بوون بە ڕووداوی ئەو سەردەمە.
شەڕی ناوخۆ، لە ئەو ڕۆژگارە دەستی پێکرد، نە لە واشنتن کۆتایی هات، نە لە بیست و یەکی ئابدا هەڵگیرسایەوە، نە سی و یەکی ئابدا کۆتایی دێت. کەم کورد دەناسم بە جۆرێک لە جۆرەکان بەشێک نەبێت لە شەڕی ناوخۆ، لە جوێنێکەوە هەتا سەنگەرگرتن.
سلێمانی هەمیشە لەوەدا قارەمان بوو کە ئەفسانە بۆ خۆی دروست بکات. شاری هەڵمەت و قوربانی، شاری ڕۆشنبیری، شاری کوردایەتی، شاری ئەدەب و نووسەران، و زۆری تر. بەڵام ئەم ئەفسانانە گەرچی ڕەگیان لە ڕاستیدا هەیە، بە گشتی ڕۆپۆشن. دڵخۆشبوونێکی تلیاکیانەیە بە دۆخێک کە دەخوازرێت نەک بوونی هەبێت. بەڵام بێگومان کە لە کوردستان دەڕوانین بێگومان سلێمانی پێشەنگە.
سلێمانی ئێستا لە ترسێکی قوڵدا دەژی. ترسێک کە ناتوانێت گوزارشتی لێبکات. ئایا ئەم ترسە بەرەو کوێ دەچێت؛ دەڕەوێتەوە، یان بە تەواوی خامۆشی دەکات. ئەم دۆخە کاریگەری نەک لە سەر سلێمانی بەڵکوو لە سەرتاپای کوردستان و پرسی کورد هەیە.
دەکرێت یەک هێز هەبێت و لە سایەیدا سیاسەت وەک سیاسەتی ڕاستەقینە لە دایک بێت. بەڵام ئەم ئەستەمە لە کەلتوورێکدا کە ڕۆژێک لە ڕۆژان سیاسەتی نەکردووە. سیاسەت بەو مانایەی بەدەر لە توندتیژی پێکەوە لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی پانتایی گشتی و تایبەتدا بن. دۆخێک کە مرۆڤ وەک خۆی سەنگی هەبێت، نەک سەنگی پەیوەست بێت بەوەی سەر بە کێیە، یان دوژمنی کێیە.
حوکمی بنەماڵەیی هەمیشە هەڵگری ئەگەری بەکارهێنانی هێزە بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی. حوکمی بنەماڵەیی هەڵگری تۆوی ئەم شەڕانەیە. چونکە بە تایبەتی کاتێک بنەماڵە بە دەزگایی نەکراوە، هەمیشە کێشەی ئەوە دروست دەبێت کە کێ خاوەنی ڕاستەقینەیە. چاوەڕوانکراوە کە هەمیشە لە کەسێک زیاتر بە مافی خۆی بزانێت کە شایستەی هەموو دەسەڵاتەکانە. لە هەمانکاتدا ئەم یەکلانەبوونەوەی مافی هەبوونی دەسەڵات وەها دەکات، ئەوانەی کە زیاتر لە یەکەوە نزیکن، زۆرتر لە یەکتر بترسن. مێژووی عوسمانییەکان سەرتاپای ئەم دیاردانەیە.
بنەماڵەی تاڵەبانی ڕەنگە وەها ببینن کە ناچار بوون ئەوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو کردیان بیکەن. چونکە لە لایەک، لە لەدەستدانی دەنگ دەترسان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، بۆیە شاسواریان دەستگیرکرد. لە هەمانکاتدا لە بەکارهێنانی زەبر دەترسان بەرانبەریان بۆیە لاهوورییان دەستگیر کرد. بەڵام بە هەمان پێوەر، دەبێت ئەوەش بزانن کە لە جێگایەکی پڕ ناسەقامگیری جیۆپۆلەتیکی و ئابووری و سیاسی وەک سلێمانی یان کوردستان یان عێراق، یان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەستەمە بتوانیت تەنها بە زەبر حوکم بکەیت.
هەندێک چاودێر وەهای دەبینن کە قۆناغێکی هێمنی یان خامۆشی باڵ بە سەر شارەکەدا دەکێشێت. ڕەنگە یەکێتی و پارتی زیاتر لە یەکتر نزیک ببنەوە. هێندە ناچار نەبن گوێ بە خەڵک بدەن.
بەڵام ئەمە ئەستەمە، لە کوردستانێکدا کە نزیکەی هەشتا لە سەدی خەڵکەکەی لە شارەکاندا دەژین.
لە دۆخێکی وەهادا ساتی ئەوەیە چاوەکانت بشۆیت و دونیا بە جیاواز ببینیت.
یەکەم، وەک لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەرکەوت، جیاوازی زۆرە لە نێوان دەزگا و ئامرازدا. دادگا وەک دەزگایەکی مۆدێرن، زۆر بە زەقی ئامرازبوونی ڕووت بووەوە. تۆ دەبێت چەند شتێک فێربیت. یەکەم، پێویستت بە دادگایە، بەڵام دادگایەک کە دەزگابێت، نەک ئامراز. دەبێت ئێستا دەرک بکەیت کە جیاوازی زۆرە لە نێوان دەزگا و ئامرازدا. ئەگەر وەها بیرتکردەوە کە پێویستت بە دەزگا نییە، ئەوا وەک چۆن لە سی ساڵی ڕابردوودا دۆڕاوبوویت، لە سی ساڵی داهاتووشدا دەدۆڕێیت.
دووەم، ئەو خیتابەی کە دەڵێت خەڵک ماندووە و هەموو شتێکی تاقیکردەوە، یان بێئاگایە لە دۆخەکە یان دەخوازێت ملکەچی بکاتە نۆرم. لە مێژوی کوردستان یەک تاکە خۆپێشاندان بۆ حوکمی یاسا نەکراوە. یەک جاریش خەڵک ناڕەزایی لە سەر حوکمی میلیشیایی نەبوونی بودجە و گەندەڵی دەرنەبڕیوە.
بۆیە مێژوویەکی درۆینە هەیە بۆ خەباتی مەدەنی کە گەشتە بنی قاپەکە.
سێیەم، لە هەناو کەلتووری کوردیدا زوو ماندووبونێکی سەیر هەیە. ئەمەش مایەی تەسلیمبوونی خەڵکە بە سیستەمەکانی ستەم. بۆ نمونە خەڵک پێت دەڵێن دیموکراسیمان تاقیکردەوە، بەبێ ئەوە بزانێت دیموکراسیی چییە. کرۆکی دیموکراسی یانی بە سیاسییبوونی هەموو تاکێک لە کۆمەڵگادا. یانی هەموو کەسێک بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە بەشداربێت لەوەی کە چۆن کۆمەڵگا و ئابووری و هەموو بوارەکانی تر بەڕێوە دەچن. لەم ڕووەوە ئەرکیەتی بزانێت، بیەوێ فێربێت، چالاک بێت، لە سەرووی هەموویەوە بەرپرسیار بێت. لە کرۆکدا دیموکراسی یانی ڕەخنە. ڕەخنە بە مانای باشوورییەکەی نا. ڕەخنە یانی چۆن حوکم بکرێم بەو شێوەیەی کە خۆم دەمەوێت. بۆیە دەبێ بزانیت کە ئەویتر دەیەوێت چۆن حوکمت بکات، چۆن ڕاستیت لێ بشارێتەوە، چۆن، چپن، چۆن.
چوارەم، کە تەنها دووای مووچە دەکەیت، مووچەش وەرناگریت و هەموو شتەکانی تریش لە دەست دەدەیت.

