لەم وتارەدا تیشک دەخەینە سەر گرنگیی دووەمیان و چۆنییەتی تێپەڕاندنی دۆخی پەرچەکرداری سایکۆلۆژی کە زۆرجار دەبێتە هۆی پەکخستنی پڕۆسەی گەشەپێدان و دروستکردنی کەشێکی ناتەندروست لە کۆمەڵگەدا، بەتایبەتی لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستاندا.
ڕووداوەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی ناتەندروستانەی لایەنەکان و شێوازی مامەڵەکردنی دەسەڵاتەکان لەم کەیسەدا، بیرخەرەوەی دۆخی شەڕی ناوخۆیی بوون و بیرکردنەوەیەکی دووربینانەمان لەلایەنەکانەوە هەستپێنەکرد بۆ چارەسەر، هێندەی ئەوەی گەڕانەوەیەکمان بۆ سایکۆلۆژیای شەڕی ناوخۆیی هەستپێکرد. ئەمەش بە واتای ئەوەیە هەرچەندە دەسەڵاتدارانی هەرێمەکە تەمەنێکی زۆریان لە بواری ململانێکاندا بەسەر بردووە، بەڵام شتێکی ئەوتۆ لە ئەزموونەکانیان فێر نەبوون و لە ناخدا گەورە نەبوون.
پەرچەکرداری سایکۆلۆژی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی:
پەرچەکرداری سایکۆلۆژی بریتییە لە وەڵامدانەوەیەکی هەڵچوونی و سۆزداری بۆ ڕووداوەکان یان ڕەخنەکان، بەبێ ئەوەی پشت بە بەڵگە و دەستکەوتی مادی ببەستێت. لە سیاسەتدا، ئەم جۆرە پەرچەکردارە زۆرجار خۆی لە شەڕی وشەیی، تۆمەتبارکردنی یەکتر، بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و خستنەڕووی پاساو و بیانووی بێبنەما دەبینێتەوە. کاتێک لایەنێکی سیاسی یان حوکمڕان لەم دۆخەدا دەبێت، وزە و کاتی خۆی لەسەر وەڵامدانەوەی ڕەخنە و نەیارەکانی بە شێوازێکی سۆزداریانە خەرج دەکات، نەک لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژە و خزمەتگوزارییەکان.
لە هەرێمی کوردستاندا، بەداخەوە زۆرجار ئەم دیاردەیە بە ڕوونی دەبینرێت. نەیارێتیی سیاسی، بوونی کێشەی قوڵ و چارەسەرنەکراو، خراپیی پەیوەندییەکانی نێوان لایەنەکان، وایکردووە زۆربەی کاتەکان لە شەڕی بەیاننامە و لێدوان و دەمەتەقێکاندا، بە فیڕۆ دەچن؛ لە کاتێکدا هاوڵاتیان چاوەڕوانی چارەسەر و دەستکەوتی کردەیین. ئەم دۆخە، خەڵک دەخاتە ناو جۆرێک لە تراوما و بێئومێدییەوە، چونکە بەردەوام گوێبیستی قسەی توند و یەکتر شکاندن و سڕینەوە دەبنەوە، بێ ئەوەی دەرهاویشتەیەکی ئەرێنی ببینن.
پەرچەکردار لە ئاستی دەستکەوتەکاندا: ڕێگایەک بۆ پێشکەوتن:
لە بەرانبەر پەرچەکرداری سایکۆلۆژیدا، پەرچەکردار لە ئاستی دەستکەوتەکاندا بریتییە لە وەڵامدانەوەی ڕەخنە و نەیارەکان لە ڕێگەی نمایشکردنی پڕۆژە و دەستکەوتی کردەییەوە. کاتێک لایەنێکی سیاسی یان حکومەتێک خاوەنی پڕۆژەی ئەنجامدراو و خزمەتگوزاری بەرچاوە، پێویستی بەوە نییە بکەوێتە ناو شەڕێکی وشەیی یان سۆزدارییەوە. لەبری ئەوە، دەتوانێت بە ئارامی و بە متمانە وەڵامی ڕەخنەکان بداتەوە لە ڕێگەی باسکردنی ئەو کارانەی کە ئەنجامی داون و کاریگەرییان لەسەر ژیانی خەڵک هەیە.
بۆ نموونە، ئەگەر حکومەتێک لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە ڕووبەڕووی ڕەخنە بێتەوە، دەتوانێت لەبری وەڵامدانەوەی توند یان تۆمەتبارکردن، داتا و زانیاری لەسەر پڕۆژەکانی ئاو، کارەبا، ڕێگاوبان، تەندروستی، یان پەروەردە بخاتەڕوو. ئەم جۆرە وەڵامدانەوەیە، چەند سوودێکی هەیە:
بنیادنانی متمانە: خەڵک متمانەی زیاتر بەو لایەنە دەکەن کە بەڵگەی کردەیی و دەستکەوتی هەیە.
سەرقاڵنەبوون بە شەڕی لاوەکی: کات و وزەی لایەنی حوکمڕان لەسەر پڕۆژەکانی خۆی دەمێنێتەوە، نەک لەسەر وەڵامدانەوەی نەیارەکانی.
پێشکەشکردنی چارەسەر: لەبری قسەکردن لەسەر کێشەکان، سەرنج دەخرێتە سەر چارەسەر و جێبەجێکردن.
کەمکردنەوەی گرژی سیاسی: کاتێک پەرچەکردار لەسەر دەستکەوت بێت، کەشێکی ئارامتر دروست دەبێت و دەرفەتی گفتوگۆی بنیاتنەرانە زیاتر دەبێت.
هاندان بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە: کاتێک لایەنێک داتای کردەیی پێشکەش دەکات، خەڵک هاندەدات کە بیر بکەنەوە و هەڵسەنگاندن بکەن، نەک تەنها گوێ لە هەڵچوونە سۆزدارییەکان بگرن.
تێپەڕاندنی دۆخی تراوما و هاندان بۆ بیرکردنەوە:
هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت. بوونی قەیرانی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی، وایکردووە خەڵک لە دۆخێکی تراوما و بێمتمانەییدا بژین. لەم دۆخەدا، پەرچەکرداری سایکۆلۆژی لایەنە سیاسییەکان تەنها برینەکان قووڵتر دەکاتەوە و هیواکان دەکوژێنێتەوە.
بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، پێویستە لایەنە سیاسییەکان و دامودەزگاکانی حکومەت ستراتیژییەکی نوێ بگرنەبەر کە لەسەر بنەمای “پەرچەکردار لە ئاستی دەستکەوتەکاندا” بێت. ئەمە دەخوازێت:
١. ڕوونیی و شەفافیەت هەبێت: پێویستە لایەنەکان بە ڕوونی دەستکەوتەکانیان بخەنەڕوو، تەنانەت ئەگەر بچووکیش بن. پاشان پێویستە لە بری قسەکردنی گشتی، ٢. داتا و بەڵگە و ژمارە بەشیوەیەکی کردەیی و بەدوور لە پڕوپاگاندە پێشکەش بکرێت کە پشتگیری لە پڕۆژەکان دەکەن. ٣. جەتکرنەوە لەسەر چارەسەر خاڵێکی دیکەیە نەک پاساوهێنانەوە و زیادەڕۆییکردن لە خستنەڕوودا. خەڵکی ئێمە بەتەواوی خستنەڕووێک، کە بۆ بانگەشەیەکی دیارکراوە، لە فڕێدانی پاساوگەلێک بە مەبەستی خۆهەڵکێشان، جیا دەکاتەوە. ٤. کەمکردنەوەی شەڕی میدیایی و هاندان بۆ گفتوگۆی بنیاتنەرانە: خستنەڕووی زانستیانەی کێشەکان لەلایەن شارەزایان و کەسانی بە ئەزموونەوە، نەک پێشکەشکار و میدیاکار خۆی ببێتە جێگرەوەی کەسانی شارەزا و بە ئەزموون. ٥. پەرەپێدانی ڕۆشنبیریی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە: پێویستە خەڵک هان بدرێن کە پرسیار بکەن، بەڵگە داوا بکەن و خۆیان بیر لە چارەسەرەکان بکەنەوە، نەک تەنها وەڵامی سۆزدارییانە و بێ بەڵگەی لایەنەکان وەربگرن.
ئەنجام:
هەموو جۆرەکانی ڕووبەڕووبوونەوە، بەرەنگاری و بەرگریکردن لە هەرێمی کوردستاندا تاقییکراونەتەوە. بەشێوەیەک لە شێوەکان زۆربەی جاران ئەو شێوازانەی بەرگریکردن لە خۆمان و تاوانبارکردنی ئەوانیتر، نموونەیەکی دیکەی شەڕی نێوخۆیی بوون و بەرهەمهێنەرەوەی هەمان سایکۆلۆژیای پەرچەکردارییش بوون لە ئاستی نووسراو، بینراو وبیستراودا. لە ئێستادا بە جۆری میدیاکار، ناوی بەرنامەکەی، ئەو میدیایەی قسەی لێوەدەکریت یەکسەر بینەر و بیسەر و خوێنەر دەزانن چۆن پاساو دەهێنرێتەوە بۆ ئەوەی ئەوانیدیکە بخرێنە بەرەی کەمتەرخەم و تاوانەوە. ئەم شێوازی ئیشکردنە میدیایی و داکۆکیکردنەی لایەنەکان لە خۆیان و پڕۆژەکانیان بەسەر چووە. پێویستە بیر لە شێوازگەلێکی دیکە بکرێتەوە.
پێویستە هەمووان بزانین تێپەڕاندنی قەیرانەکان و بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ هەرێمی کوردستان، بە پەرچەکرداری سایکۆلۆژی و شەڕە قسە و یەکتری تازانبارکردن نایەتەدی. ڕێگاچارەکە لەوەدایە لایەنە سیاسییەکان و حکومەت، بە کردەوە و دەستکەوتەکانیان وەڵامی ڕەخنە و نەیارەکانیان بدەنەوە. ئەم جۆرە پەرچەکردارە، نەک تەنها خۆیان بەهێزتر دەکات، بەڵکو کەشێکی تەندروست بۆ کۆمەڵگە دابین دەکات و هانی خەڵک دەدات کە لە دۆخی تراوما و بێهیواییەوە بێنە دەرەوە و بە بیرکردنەوەیەکی ڕوون و متمانە بەخۆبوونەوە بەشداری لە پڕۆسەی گەشەپێداندا بکەن. ئەوەی تا ئێستە بەردەوامی هەبووە، نەک هەر کێشەکان چارەسەر ناکات و کۆمەڵگە لە تراوما دێرینەکەی ناهێنێتە دەرەوە، بەڵکو بەرەو جەنگێکی ناوخۆیی هەمیشەیی دەبات بەڵام بە شێوازگەلێکی دیکە.
دوا وتە:
من لەم سێ وتارەدا ویستم بەوپەڕی سادەیی قسە بکەم و ڕووداوەکانی سلێمانی بکەمە بەهەنایەک, تا بڵێم: ڕاستە ئەو ڕووداوانە لە شوێنێکی تایبەت ڕوویاندا بەڵام کاریگەرییان لەسەر کۆی هەرێمەکە دەبێت. کۆی هەرێمەکەش بەرپرسیار دەکات و کۆی هەرێمەکەش دەخاتە بەردەم کۆمەڵێک یەخانگیری نوێ. هەروەکچۆن نەیارە نەرێتییەکانی کوردیش لە وڵاتانی داگیرکەر بێدار دەکاتەوە بۆ دروستکردنی کەلێنێکی گەورەتر لە نێو کورداندا. بەمجۆرەش دەرکەوتەکانی ئەم دۆخە لە پاشەڕۆژدا باشتر دەردەکەون ئەگەر هەنگاوی حەکیمانە بۆ چارەسەرکردنی دۆخ و کێشەکانی هەرێم نەهاوێژرێن بە تێپەڕین بەسەر هەموو پەرچەکردارە سیاسی و سایکۆلۆژییەکاندا.
هیوای بەختەوەری بۆ هەموولایەک دەخوازم.
گەڕانەوە بۆ وتاری یەکەم گەڕانەوە بۆ وتاری دووەم

