زۆرێک وەک پەیامی سیاسی و سەربازیی وەسفی دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی چین ئەنجامیدا بەشێکە لە جەنگی تێکەڵاو “Hybrid warfare”، چەمکێکە تایبەتە بە جەنگی نوێ و هیی ئەم سەردەمە. لەم جۆرە جەنگانە مەرج نییە تەنیا سەرباز و هێز بەکاربێت، بەڵکوو دەیان ئامراز و تەکتیکی تر، وەک میدیا و فێڵ و چەواشەکاری، هێرشی سایبەری، بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زەقکردنەوەی دیاردەیەک یان ڕووداوێک، بڵاوکردنەوەی زانیارییەک، ئیتر دروست بێت یا نا، بۆ مەبەستێکی سیاسی دیاریکراو. چین لە نمایشەکەیدا زۆرێک لەو ئامرازانەی بەکارهێنا. هێزێکی گەورە و زۆر و ترسناکی نمایش کرد، چەندێک ڕاستی دەردەخات، ئەوەندەش وێنەیەکی دروستکراو بۆ ترساندنی نەیارەکانی و ڕاکێشانی ئەوانی تر و بەدەستهێنانی متمانەیان.
بۆ نموونە هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، نموونەیەکی زەق بوو بۆ جەنگی تێکەڵاو. لە ڕاستیدا ئەمریکا چەنێک مەبەستی بوو بنکە ئەتۆمییەکان بکاتە ئامانج، دوو ئەوەندەش مەبەستی ئەوە بوو کە خۆی نمایش بکات خاوەن چ هێزیکە. زەقکردنەوەی ئەوەی کە حەوت فڕۆکە بە قورسترین بۆمبەوە لە ئەمریکاوە بۆ ئێران، پاشان بۆ ئەمریکا، ماوەی ٣٦ سەعات لە ئاسمان بەبێ وەستان لە هیچ فڕۆکەخانەیەک، قورسترین و ئاڵۆزترین ئامانجی سەربازی بە سەرکەوتوویی دەپێکن، بێئەوەی ئێرانی هاوپەیمانی چین و ڕووسیا تەنانەت ئاگادار بێت و ئاشکرای بکات. ئەو هێرشە بە تایبەت لەبەر ئەوەی هێرشێکی ڕاستەقینە و لە چوارچێوەی جەنگ بوو، سەلماندنەوەی پێگەی ئەمریکا بوو لە جیهاندا وەک تاکە سوپەرپەوەر.
شارەزایان پێیانوایە ئەو ٧ فڕۆکەی B2-انە ناچارنەبوون کە ٣٦ سەعات بە ئاسمانەوە بن، چەندین فڕۆکەخانەی ئەمریکا هەیە لەو ڕووبەرەی نێوان ئەمریکا و ئێران، بەڵام یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی هێرشەکە ئەو نمایشە بوو. هەر بۆیە تڕەمپ ڕاستەوخۆ پاش هێرشەکە گوتی ئەوەی ئێمە کردمان بە هیچ سوپایەکی جیهان ناکرێت. ئەمریکا شەڕێکی سەربازی و ڕاستەوخۆی دژ بە ئێران ئەنجامدا، شەڕێکی تێكەوڵای بەرانبەر بە چین و ڕووسیا کرد. هاوکات پەیامێکی بۆ هاوپەیمانەکانی خۆشی نارد کە ئەمریکا بەدیلی نییە.
لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەتەکانەوە، چین بەجددی پلانی نوێکردنەوەی سوپاکەی دانا. بەڵام لە سەردەمی شی جینپینگ ئەو پڕۆسەیە گەیشتە ئاستێکی تر و قۆناغێکی تەواو جیاواز. بودجەی سەربازی زۆر زیاتر کرا، ژیری دەستکرد بووە بەشێکی سەرەکی لە پیشەسازی چەک و سەربازیی. ئەوەی چاودێری (white paper)کانی چین بکات، کە کۆمەڵێک ڕاپۆرت و نووسراوە ساڵانە یان چەند ساڵ جارێک دەزگا حکومییەکانی چین بڵاویان دەکەنەوە سەبارەت بە پلان و ستراتیژی خۆیان لە بوارەکانی سەربازی و تەکنەلۆژی و ئابووری و سیاسی (بێگومان ئەوەی بەلای خۆیەوە ئاساییە بڵاو بکرێتەوە)، دەزانێت کە ئەوەی ئەمڕۆ نمایش کرا قۆناغەکانی ناوەڕاستی پڕۆسەی بەهێزکردن و نوێکردنەوەی سوپا و چەکی چینە. چونکە سوپای چین لە ٢٠٤٩ دەگاتە ئەو ئاستەی کە (شی) دەیخوازێت (سوپایەک کە بتوانێت جەنگی سەردەمییانە بکات و براوە بێت). واتە ئەمڕۆ شی بە جیهانی گوت ئەم سوپا و چەکانە جارێ بەشێکن لە پڕۆسەکە و زۆری ماوە.
بەپێی هەڵسەنگاندنی هەواڵگری و دەزگا سەربازییەکانی ئەمریکا سوپای چین لە سەردەمی شی پێشکەوتنێکی زۆر گەورەی بە خۆیەوە بینیووە کە براورد ناکرێت بە هی سەردەمی پێش شی. بەڵام پێیانوایە جارێ نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە نزیک بێت لە سوپا و تەکنەلۆژیایی سەربازیی ئەمریکا، بەڵام ئەگەر بەم ئاستە بەردەوام بێت ئەوا دەبێتە هەڕەشە و ڕکابەرێکی گەورە و سەرەکی بۆ ئەمریکا (زۆر کات، ئەمریکا بۆ مەبەستی جۆراوجۆر، هێز و توانای نەیارەکەی گەورەتر و ترسناکتر پێشاندەدات، ئیسرائیلیش ئەم تەکتیکە زۆر بەکاردەهێنێت، لە دەرەفەتێکی تر باس لەم خاڵە دەکەم).
لە پاڵ نمایشە سەربازییەکە، چین نمایشێکی دیپلۆماسی و سیاسی پێشکەشکرد. لەوە دەچوو شی بیەوێت بڵێت بەرە و جەمسەرێکی نوێ دروست دەکەین، یاخود دەتوانم دروستی بکەم. زۆرێک لە میدیا و چاودێرەکان ئەم نمایشە وەک تەحدایەک بۆ ئەمریکا یان وەک سەردەمێکی نوێ لە هاوسەنگی هێز دەبینن، گوایە سەردەمی چین و دۆستەکانی بەڕێوەیە و سەردەمی ئەمریکا بەرەو ئاوابوون دەچێت. ئەم تێڕوانین و پێشبینی و خوێندنەوەیە زیاتر ڕووکەشییە و میدیاییە، زیاتر کاریگەرە بە وێنە و هەندێک زانیاری و تەکتیکی جەنگی تێکەڵاو. لە ساڵانی هەشتاکان ئەم تێڕوانینە زۆر دووبارە دەبووەوە، بە تایبەت لە چوارچێوەی تیۆرییەکانی ( Hegemonic war, Hegemonic stability theory, Power transition )، زۆر کات باس لەوە دەکرا کە بەرەی سۆڤیەت سەردەکەوێت بەسەر ئەمریکا و ساڵانی نەوەتەکان دەبێتە سەردەمی سۆڤیەت. ئەوەی ڕوویدا ڕێک پێچەوانە بوو.
بۆچی بەرەی چین زۆری ماوە خۆری ئەمریکا ئاوا بکات؟
گۆڕانکاری لە سیستەمی جیهانی و جەمسەرەکان و کەوتن و دروستبوونی سوپەرپاوەر، پڕۆسەیەکی زۆر ئاڵۆز و خاو و فرە ڕەهەندە. لێرەدا ئاماژە بە چەند لایەنێک دەدەم:
- ئەمریکا هاوپەیمانی هەیە، بەو مانایەی کۆمەڵێک دەوڵەتی بەهێز ئامادەن بۆ بەرگری لە پێگەی ئەمریکا بجەنگن، وەک چۆن ئەمریکا بۆ بەرگری لەوان ئامادەیە بچێتە جەنگەوە. هاوپەیمانەکانی ئەمریکا جگە لەوەی زۆرن، دەوڵەتی بەهێز و پێشکەوتوو و خاوەن ئەتۆمی و ئابووری گەورەن، وەک بەڕیتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و ژاپۆن و کۆریای باشوور. لە هەندێک دۆخدا، بەپێی یاسا و ڕێککەوتنامەی فەرمی ئەو دەوڵەتانە دەبێت بەرگری لە یەکتر بکەن. هاوپەیمانێتی یەکێکە لە فاکتەرە گرنگەکانی هێزی دەوڵەت. لەم ڕووەوە، چین تا ئەمڕۆ هاوپەیمانی نییە بەم مانایە. ئەمریکا دەتوانێت بە پاڵپشتی چەندین دەوڵەتی بەهێز سزا بسەپێنێت و پاداشت بکات و بجەنگێت. لەناو ئەوەی پێی دەڵێن بەرەی چین، یان بەرەیەکی نوێ دژ بە ئەمریکا و ڕۆژئاوا، متمانەیەکی کەم و گومانێکی زۆر هەیە لە نێوانیاندا. چین و ڕووسیا، لە هەندێک ڕووەوە یەکتر بە مەترسی دەزانن. چین لەگەڵ زۆریک لە دەوڵەتانی هاوسنووری کێشەی سنووری هەیە. هیندستان زۆر کات وەک دەوڵەتێکی ئەو بەرەیە دەردەکەوێت، بەڵام کێشەی قووڵی لەگەڵ چین هەیە، جگە لەوەی پەیوەندییەکی گرنگی لەگەڵ ئەمریکا هەیە. بەشێکی زۆری دەوڵەتەکانی ئەو بەرەیە هەژار یان ئابوورییەکی لاوازیان هەیە. زۆربەیان ستەمکارن، واتە پشتگیری ناوخۆیان کەمە، بەبێ پشتگیری ناوخۆ، دەوڵەت تووشی کێشەی گەورە دەبێت لە ململانێکان. ئەو هەموو سیخوڕەی مۆساد لەناو ئێران، بەڵگەیەکە بۆ ئەو بابەتە.
٢. ڕەهەندی ئیرادە و بڕیار و جورئەتی دەوڵەت. دوو نموونەی ئاشکرا سەبارەت بەم پرسە بریتییە لە بەراوردکردنی ڕۆڵی ئەمریکا لە جەنگی ڕووسیا و ئۆکڕانیا، هەروەها لە جەنگی ئیسرائیل و بەرەی ئێران، لەگەڵ ڕۆڵی چین لەو جەنگانە. لە هەردوو جەنگەکە ئەمریکا سوپەرپەوەر و پۆلیسی جیهانە، ڕۆڵی چین نەک لە ئاستی سوپەرپەوەر نییە، بەڵکوو لە ئاستی زلهێز و هێزێکی ئیقلیمیش نییە. هۆکاری سەرەکی ئەمە بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە ئەمریکا لە ڕووی سەربازی و ئابووری و تەکنەلۆژییەوە بەهێزترە، بەڵکوو زیاتر بۆ تێڕوانینی سیاسی و ستراتیژ و ویست و بڕیاری ئەمریکا دەگەڕێتەوە. دەوڵەتان بە گشتی، متمانە بە سوپەرپاوەرێک دەکەن کە لە کاتی پێویست ڕۆڵی پۆلیس ببینێت، سزا و پاداشتی ئەوانی تر بدات، هێز بەکاربهێنێت. ئەمە ئەگەر متمانەش دروست نەکات لای هەندێک دەوڵەتی تر، ئەوا ترس دروست دەکات. لە سیاسەتی نێودەوڵەتی ترس و متمانە دوو پایەی سەرەکیین. ئەمریکا بەشێک لە هێزەکەی لە هاوپەیمانەکانییەوە هاتووە، کە زیاتر پشت بە متمانە و پاداشت دەبەستێت، بەشێکی تری هێزەکەی ئەوەیە کە ئەوانی تر لێی دەترسن و دەزانن دەتوانێت سزایان بدات. لە مێژووی نوێ و هاوچەرخی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا هیچ سوپەرپاوەرێک نەبووە ئەو دوو ئامرازەی نەبێت. بۆ نموونە جیهان و خودی ڕووسیا، بۆ کۆتاییهێنان یان یەکلاکردنەوەی جەنگەکەی ئۆکڕانیا تەنیا داوا لە ئەمریکا دەکەن. بۆ ئەوەی ئیسرائیل و بەرەی ئێران هەمان شتە. کێ داوا لە چین دەکات؟ تەنانەت کەیسی تایوان، کە چین بە کەیسێکی ناوخۆیی دەزانێت، بەبێ ئەمریکا یەکلایی نابێتەوە.
بەشێکی تری ئەم ڕەهەندە (ویست و بڕیار و جورئەت) خۆی لە مومارەسەرکردن و تاقیکردنەوەی هێزدا دەبینێتەوە. بۆ نموونە، نازانین ئایا چین لە جەنگێکی ڕاستەقینە چۆنە و چییە؟ ئایا ئەو وێنە و نمایشە ترسناکەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ئەنجامیدا، لە جەنگێکی ڕاستەقینە هەمان وێنە پێشاندەداتەوە؟ یاخود نا. هەمووان دەزانن ئەمریکا لە جەنگ و شەڕدا هێزەکەی چییە و چۆنە، بینیمان لە ئەمریکاوە فڕۆکەی ناردە سەر ئێران، قورسترین ئامانجی پێکا و گەڕانەوە بۆ ئەمریکا بەبێ ئەوەی ئێران پێی بزانێت. توانای هێزی ئاسمانی ئەمریکا لەوەدا دەرکەوت، نەک تەنیا بە وێنە و نمایشی B2 و ئێف ٣٥.
سەرهەڵدانی سوپەرپاوەرێکی نوێ و کەوتنی ئەویتر و، گۆڕانی ڕیشەیی لە سیستەمی جیهانی، بەم هاوکێشە واقعی و هێز و ستراتیژیانە دەبێت، نەک بە نمایش و هەواڵ و بابەتی میدیایی و کۆبوونەوەی فەرمی و مانۆڕی سەربازی. لە هەمووشی گرنگتر کەوتنی ئەمریکا و هاتنی چین پێویستی بە ڕووداو و ئاکتێکی گەورە و مێژووییە، بەبێ بەکارهێنانی هێز و سوپا، یان ململانێیەکی توند، ئەستەمە ڕووبدات.

