ئەمە نیشانەی ئەوە بوو کە پڕۆسەیەک لە ژێرەوە لە ئارادایە. قەتەرییەکان نێوەندگیر بوون. حەماسیان لێ ئاگادارکردبووەوە. سەرکردەکانی حەماس، کە هەندێکیان لە تورکیا سەفەریان بۆ دەوحە کردبوو، بەمەبەستی کۆبوونەوە لە سەر ئەو پرسە، ڕۆژی سێشەم، لەو شوقەیەی لە وادی ڕەزوان، نزیک بە باڵوێزخانەی عێراق و ڕووسیا، لە باڵەخانەیەکی نوێدا کە ساڵی ٢٠٢٢ دروستکراوە، سەرکردەکانی حەماس کرانە ئامانج.
ئیسرائیلییەکان دەڵێن هەمان جێگایە کە پاش هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئێسرائیل، نوێژ و ئاهەنگی تیادا سازکرا.
لێدانەکە کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆ ڕوویدا.
ئایا قەتەرییەکان ئاگاداربوون؟
بە هەموو لۆجیکێک قەتەرییەکان ئاگاداربوون، هەروەها ئاگاداری ئیسرائیلیەکانیش بوون، چونکە چەند کاتژمێر پێش ئەوەی دە بۆ دوازدە فڕۆکە ڕاستەوخۆ لە ئیسرائیلەوە بە درێژایی ١٨٠٠کم بفڕن بۆ دەوحە، فڕۆکەی سیخوڕیی ئیسرائیلی بە ئاسمانی شارەکەوە بووە و قەتەرییەکان و ئەمریکیەکان لێی ئاگاداربوون.
ئەگەر ئەوانەی کە دەبوو بکرێنە ئامانج نەکرابنە ئامانج دیسانەوە بەڵگەیە کە بە چەند خوولەکێکی کەم لەو شوێنە دەرکراون، کە دیسانەوە بەڵگەیە بۆ هەبوونی ئاگاداریی.
ئایا ئەمریکا ئاگادار بوو؟
لێرەدا سێ شت هەیە، سروشتی عەمەلییەکە، پەیوەندییەکان و ڕۆڵەکان. سروشتی عەمەلییەکە وەها دەخوازێت کە هەردوو ئەمریکا و قەتەر خۆیانی لێ بە دوور بگرن. هەتا پەیوەندییەکانیان کێشەی تێنەکەوێت. چونکە ڕۆڵەکانیان وەها دەخوازێت.
بەم پێیە وەک دەزانرێت، ڕۆژی دووشەم، ڕاوێژکاری نزیکی نەتانیاهوو، ڕۆن درێمەر، لە شاری میامی لەگەڵ هەریەک لە ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەردا کۆبووەتەوە. دیارە دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین کە هەر سێکەیان جوون. نەتانیاهوو و کوشنەر هێندە نزیکن کە نەتانیاهوو زۆر جار لە ئەمریکا لە ماڵی ئەوان دەمێنێتەوە. بەڵام دەڵێن ڕاوێژکارەکەی نەتانیاهوو ئەوانی ئاگادار نەکردووەتەوە.
ڕێککەوتنەکە چی بوو؟
ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە وەهابوو کە لە ڕۆژی یەکەمدا هەموو بارتمەکان ڕزگار بکرێن، لە بەرانبەردا ئیسرائیل ١٠٠٠ فەلەستینی ئازاد بکات.
ڕۆژی دووەم پڕۆسەی بونیادنانەوەی غەزە دەست پێ بکات کە ترەمپ خۆی بەشدار دەبێت تیایدا.
لێدانەکە چۆن بوو؟
ئیسرائیلیەکان لەوە ئاگاداربوون کە دەبێت بە تەواوی تەنها ئەو جێگەیە بپێکن، هەتا دوایی بڵێن هێرشەکە یەک ئامانجی هەبوو، پێکایی و هیچ زیانی نەبوو. بۆیە زانیاری سیخوڕیی ورد زۆر پێویست بووە، لە کاتی بوونی کەسەکان لەوێ، سروشتی جێگاکە، ئەگەر بەرکەوتنی ئەوانیتر و زۆر بواری تر.
ئەمەش وەها دەکات کە گومانی ئەوە بکەین کە هەردوو سیخوڕیی مرۆیی و تەکنەلۆجی بە چڕی تیایدا بەشداربوون.
دیار ڕەنگە قەتەرییەکان کەمێک بێخەم بوو بن، چونکە پەیمانی ئەوەیان پێدرابوو کە هێرش نەکرێتە سەر شاندی حەماس لە قەتەر. ڕەنگە ئەمەش لە گلەییەکەی کۆشکی سپیدا دەرکەوێت کە نیگەران نییە بەرانبەر لێدانی حەماس، بەڵام نیگەرانە لە شوێنەکە، کە مانای وەهایە ئەوە جۆرێک بووە لە ڕێککەوتن بەڵام سەرپێچی کراوە.
گرێی ئیسرائیل!
ئیسرائیلییەکان خۆیان باوەڕێک پێکەوەی بەستوون، ئەگینا خەڵکی زۆر زۆر جیاوازن. ئەمەش وەها دەکات کە باوەڕ لای ئەوان پێگەیەکی جیاواز تری هەبێت. لەم ڕووەوە کاتێک دەبینن نەیارەکانیان شەڕەکانیان وەک بەشێک لە باوەڕیان دەکەن، وەهای دەبینن کە شەڕێکی ئەزەلییە. بۆیە هەستکردن بە سەرکەوتن زۆر ئەستەمە لەلایان.
ملهوڕبوونی حەماس، وەهای کردووە کە زیاتر و زیاتر سوربن لە سەر هێرشەکانیان.
ئەم دۆخە زیاتر چڕبوەتەوە لە کاتێکدا ئێرانیش وڵاتێکی لێدراوە، بەڵام نەڕووخاوە.
کاریگەرییەکان
قەتەر بوو بە حەوتەمین وڵاتی لێدراو پاش هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل. بەڵام قەتەرییەکان جگە لە پرتەوبۆڵە هیچی تر ناکەن. جارێکیان نەوشیروان مستەفا پێی گوتم، کە یەکێتی و پارتی، پەکەکە، دەبینن وەها خۆیان پێشان دەدەن کە دۆستیانن. کاتێکیش تورکەکان دەبینن خۆیان وەها پێشان دەدەن دۆستیانن. قەتەریش هەمان یاری دەکات. بەڵام بۆ ئامانجی خۆی.
ئیسرائیل خەمی نییە، چونکە قەتەرییەکان بۆیە دۆستی ئیسرائیلن چونکە بەهێزن. ئێستا کە لێیانداون، بەهێزترن، بۆیە زیاتر دۆستیان دەبن.
دەرئەنجام
ئیسرائیلییەکان دەیانەوێت ئەوە بچەسپێنن کە هیچ بەربەرست و ڕێگرییەک نیە لە بەردەمیاندا بۆ ئەنجامدانی هەر پلانێک لە ناوچەکەدا. ئێستا ئەوە بتوانێت بەرگریی بکات تورکیایە. بەڵام تورک ڕاستەوخۆ خۆیان ناخەنە ئەو دۆخەوە.

