Site icon Zed Press

کۆماری ئیسلامی ئێران لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدا

گومان لەوە دانییە کە شۆڕشی گەلانی ئێران بە ڕێبەرایەتی ئایەتوڵڵا عوزمی ڕوحوڵڵا خومەینی، بە هەموو مانایەک شۆڕشێکی جەماوەری سیاسی گەورە بوو، بونیادی کۆمەڵگای ئێران و سیستمی حوکمڕانی شاهەنشاهی ئێرانی گۆڕی.ئەو شۆڕشە لە ئاستی شۆڕشە مەزنەکانی دونیادا ئەژمار دەکرێت.

 

شۆڕشی خەڵکی ئێران بەبێ پەنا بردنە توندوتیژی لە ساڵی ١٩٧٩ سەرکەوت، ئەو ڕووداوە کاریگەری زۆری لەسەر جیهان و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبوو. بە ئەگەری زۆر، گەر حکوومەتی دکتۆر محەمەد موسەدق بە پیلانی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا و بریتانیا لەسەر پێشنیاری بریتانیا نەڕوخابووایە شۆڕشی گەلانی ئێران سەری هەڵنەدەدا.

 

لە دوای زیاتر لە ٤٦ ساڵ حوکمڕانی پیاوانی ئایینی و هەبوونی جیهانبینی ئایینی و مەزهەبی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، ئێستا کۆماری ئیسلامی لە قۆناغێکی زۆر هەستیاردایە.

 

گەرچی ئەو وڵاتە لە زۆر بواری زانستی و لێکۆڵینەوە زانستییەکان لە ئاستێکی بەرز دایە، خاوەن توانای سەرمایەیی مرۆیی باشە، بە تایبەت ئافرەتان لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی زۆر پێشکەوتوون. هەروەها لە جەنگی دوازدە ڕۆژەدا گەل و دەسەڵاتی ئێران توانیان پێکەوە خۆڕاگڕ بن و وڵاتەکەیان لە ڕووخان بپارێزن، بەڵام ئێستا بارودۆخی خراپی ئابووری، گرانی و دابەزینی نرخی دراو، ناڕەزایەتی خەڵک و خۆپێشاندانەکان، لە پاڵ گوشارە دەرەکییەکان لەوانە سزا ئابووری و و پیلانە نهێنییە هەواڵگرییەکان (covert actions)، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەی ڕووبەڕووی دۆخێکی زۆر ئاڵۆز و سەختتر لە جاران کردووەتەوە.

 

بەپێی وتەی دکتۆر سالار کاشانی، بەپێی هەندێک ڕووپێو و لێکۆڵینەوە، لەسەردەمی حوکمڕانی ڕیفۆرمخوازان ( خاتمی- ڕوحانی) زیاتر لە پەنجا لە سەدی خەڵک خۆیان بە ئیسلاح تەڵەب یان ئوسوڵگەرا (لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی) ئەژمار دەکرد، گەرچی ئێستا کەمتر لە دە لە سەدی خەڵک خۆیان لەم دوو گرووپە ئەژمار دەکەن. ئەو پێی وایە لە دیدی خەلک بەگشتی نیزامی سیاسی ئێران و دامەزراوەکانی ناکارامەن.

 

ئەبولفەزڵ حاجی زادگان، شارەزا و نووسەرێکی دیکەی ئێرانی پێی وایە کێشەی سەرەکی پەیوەستکردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکە بە بوونی دەستی دەرەکی و ئەم بۆچوونەش ڕێگر بووە لەوەی کە دەسەڵات لە مەنتق و ڕاستی ناڕەزایەتییەکان بە دروستی تێ بگات، ئەمەش دەبێتە بەهێزبوون و توندبوونی ناڕەزایەتییەکان لە داهاتوودا. هەروەها دەڵێت زیاد لە پێویست شیکردنەوەی ئەمنی بۆ بابەت و ڕووداوەکان دەبێتە هۆی لەدەستدانی هەموو شتێک، لەوانەش لەدەستدانی ئەمنیەت.

 

د. مەحموود سەریع ئەلقەلەم گەورە مامۆستای زانستە سیاسییەکانی ئێرانییش، یەکێک لەوانەیە کە پێی وایە ئێران دەبێت کێشەی خۆی لەگەڵ ئەمریکا چارەسەر بکات بۆ ئەوەی گەشەی ئابووری بکات، هەروەها زۆر مانەوەی بەرپرسان لەسەر کورسی دەسەڵات بە یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی حوکمڕانی لە ئێران دادەنێت. سەریع ئەقەلەم پێی وایە کە گەلی ئێران بە هێنانەوەی بەڵگە (استدلال) ناگۆڕێن، بەڵکو بە قەیران دەگۆڕێت و ئومێدەوارە کە قەیرانەکان ببن بە هۆی گۆڕانکاری ئەرێنی لە وڵاتەکەیان.

 

بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە ئایا ئێرانییەکان چۆن دەتوانن لە دۆخێکی ئەوها دژوار و لاوازی متمانە، ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانیان بە ئەنجامدانی ڕیفۆڕمی ئابووری و سیاسی کەم بکەنەوە، هەروەها چۆن دەتوانن بە بەکارهێنانی ئامرازی دیپلۆماسی و ئەو زیرەکییەی کە لە دانوستانەکان پێی ناسراون گوشارە دەرەکییەکان لەسەر وڵاتەکانیان کەم بکەنەوە،جبە تایبەت بە بوونی سەرۆکێکی وەکو دۆناڵد ترامپ لە کۆشکی سپی، کە لاری نییە لە بەکارهێنانی هێز لە دژی نەیارەکانی. دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا نوێترین بەکارهێنانی ئاشکرایانەی هێزی سەربازی ئەمریکایە لە لایەن سەرۆک ترامپ.

 

گەرچی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران خاوەن ئەزموونێکی سیاسی زۆرە، بەڵام هێشتا ڕەنگە ڕوون نەبێت لەگەڵ سەرۆک مەسعوود پزشکیان لەم دۆخەدا بە چ ئاڕاستەیەکی سیاسی بۆ دەرباز بوون لەم هەموو قەیرانانە هەنگاو دەنێن، ئایا هەر لەسەر پڕەنسیپە شۆڕشگێڕییە ئایینییەکانیان بەردەوام دەبن، یاخود پڕاگماتییانە چارەسەری خێرا بۆ بارودۆخەکە دەدۆزنەوە. لە بەر ئەوەی هیچ هەڕەشەیەک مەترسیدارتر نییە لە هەڕەشەی برسی بوونی خەڵک و ناڕەزایی فراوان و گشتی بۆ سەر دەسەڵاتی ئێران، بە تایبەت لەو کاتەی دوژمنە دەرەکییەکەیان زلهێزێکی وەکو ئەمریکا بێت.

 

Exit mobile version