ناوی “شۆڕشی ژینا” جیاوازییەکی بنچینەیی هەبوو لەگەڵ زۆربەی ناونانەکانی شۆڕش، ڕاپەڕین و جووڵانەوە گشتییەکانی ڕابردووی کوردستان؛ وەک شۆڕشی ئارارات، ئەیلوول، شۆڕشی نوێ، ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری، شۆڕشی شێخ عەبدولسەلام و ئەوانی دی. ناونانەکانی پێشوو، لەڕووی ڕەگەزییەوە نێرانەن یان بێلایەنن، بەڵام لە بنەڕەتدا، ژن لە چەقی ناونان و ماناسازییاندا نییە.
لە شۆڕشی ژینا، بۆ یەکەمجار لە مێژووی نوێی کوردستاندا، ناوی ژن دەبێت بە ناوی شۆڕش. ئەوە تەنیا گۆڕانێکی وشەیی نییە، بەڵکوو گۆڕانێکی قووڵی سیاسی و زمانەوانی هەیە: ژن لە پێگەی قوربانی دەگوازرێتەوە بۆ چەقی گۆڕانکاری. تاوانێکی دەوڵەتی دەگۆڕێت بۆ جووڵانەوەیەکی گشتی و ژنایەتی دێتە ناو زمانی شۆڕش و بەرەنگارییەوە.
ئەزموونی شۆڕشی ژینا، لەتوانادایە وەک بنچینەی هۆشیارییەکی نوێ لە کۆمەڵگای کوردیدا دابنرێت؛ هۆشیارییەک کە تێیدا ژن چیتر تەنیا قوربانییەک یان تەنیا ئەو کەسە نییە کە تاوانی بەرانبەر دەکرێت، بەڵکوو ئەو کەسەیە کە تاوان دەگۆڕێت بۆ ناو، مانا و شۆڕش.
ئێستا، کاتێک هۆنینەوەی کەزی کچان و ژنانی کورد بووەتە ترێند و مەراسیمێکی نوێی بەرەنگاربوونەوە لە دنیای دیجیتاڵدا، دەتوانرێت ئەم ڕووداوە وەک درێژەی ئەو گۆڕانە لێک بدرێتەوە کە لە شۆڕشی ژیناوە بەرجەستە بووبووەوە، نە وەک ڕووداوێکی سەربەخۆ، بەو تێبینییەیشەوە کە لێرەدا، ژن ناوی شۆڕش نییە، بەڵکوو زمان و هێمای شۆڕشە.
کەزی وەک هێما: کاتێک تاوان دەگۆڕێت بۆ بەرخۆدان
بڕینی کەزی کچە شەڕڤانێک لەلایەن چەتەیەکی سوپای عەرەبیی سووریا و بڵاوکردنەوەی وێنەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، تەنیا کردارێکی توندوتیژانە نەبوو، بەڵکوو هەوڵێکی ڕوون بوو بۆ ناردنی پەیامێکی سیاسی-کەلتووری؛ سوکایەتی بە ژن، شکاندنی هێمای شەڕڤان و لێدان لە ڕۆڵی ژن لە ژیان و بەرخۆداندا. ئەو پەیامەی لە پشت بڕینی کەزی کچە شەڕڤانێکەوە هەیە، دەڵێ: “ژن نابێت هێزی شەڕ و بەرەنگاری و بەو جۆرەیش هێزی گۆڕانکاری بێت”، کەواتە هەوڵێکە بۆ گەڕاندنەوەی ژن بۆ پێگەی قوربانی.
ئەوەش وایکرد، ڕووداوەکە لە ئاستی تاکەکەسەوە بۆ ئاستی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی بگوازرێتەوە.
کاتێک کەزییە بڕاوەکە، بەخێرایی دەگۆڕێت بۆ هێزی بەرەنگاربوونەوەی کۆمەڵایەتی، واتە پێچەوانەکردنەوەی ئامانجی چەتەکان و زیاتر لەوەیش کەزییە بڕاوەکە، نەک ئەوەی نابێت بە کۆتایی چیڕۆکێکی غەمگینانە، بەڵکوو بوو بە دەستپێکێک بۆ دروستکردنی مانا/ماناسازی و ژنی بۆ چەق/ناوەندی بەرخۆدان گەڕاندەوە.
ژن؛ لە قوربانییەوە بۆ ئەکتەر
خەباتی چەکداری لە قۆناغە جیاجیاکانی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستانی داگیرکراودا، هەڵگری زیاتر لە مانایەکی سیاسی، کەلتووری و کۆمەڵایەتی بووە. شیکردنەوەی شەڕ و بەرەنگاربوونەوە، تەنیا وەک کردەیەکی ڕووتی سیاسی و سەربازی، بە داماڵران لە ڕەهەندە کەلتووری و کۆمەڵایەتییەکانی، کورت دەهێنێت.
یەکێک لەو پرسە گرنگانەی دەبێت، لە بەرخۆدانی کورد لە ڕۆژاڤا و هەر پارچەیەکی دی بەوردی سەرنجی بدرێت، بەشداری ژنە و ئەو بەشدارییەش بەپێی هەلومەرجی هەر پارچەیەک، فۆڕمی جیاجیای وەرگرتووە.
سەرنجەکەمان لەسەر ڕۆژاڤایە؛ لە شەڕ و بەرخۆدانی ڕۆژاڤادا، چیتر ژن قوربانی نییە، بەڵکوو ئەکتەرە، ماناسازە و هێما دروست دەکات. کچانی شەڕڤان، هێمای ئەو ڕۆڵەن. کچە شەڕڤانە کەزی-بڕاوەکەیش، یەکێکە لەوانەی سنووری ڕۆڵە نەریتییەکانی تێکشکاندووە، ئێستا بەشێکە لە شەڕ و بەرخۆدان.
بڕینی کەزی کچە شەڕڤانەکە، هەوڵێکە بۆ پاشەکشەپێکردنی ژن بۆ پێگەی قوربانی، بۆ شکاندنی ئەو ڕۆڵەی فێمینیزمی شەڕ و بەرەنگاریی بەرهەمی هێناوە.
ئێستا، فێمینیزمی نەریتی کە زۆرجار ژن وەک قوربانی پێناسە دەکات، دەرەقەتی خوێندنەوەی دۆخەکە نایەت، ئەوەی ئەمڕۆ لەکاردایە، فێمینیزمی شەڕ و بەرەنگارییە. لێرەدا، ژن قوربانی نییە، بەڵکوو ئەکتەرە و مانا دروست دەکات.
کەزی و ناسنامە: لە تایبەتییەوە بۆ گشتی
لە کەلتووری کوردیدا، کەزی تەنیا بەشێک لە جەستە نییە. کەزی هێمای ڕێز، جوانی، ئازادی و هێزی ژنە. لەسەر ئەو بنەمایە، کاتێک کەزی دەبڕدرێت هێمایەک دەبڕدرێت. لێرەوە، کردارەکە لە سنووری تاوان بەرانبەر تاکێک تێپەڕ دەبێت و وەک هێرشێک بۆسەر ناسنامە دەردەکەوێت. کەزی لە هێمای تایبەتی ژنانەوە دەگۆڕێت بۆ هێمایەکی گشتی، هێمای ناسنامەی نەتەوەیی. ئەوە گۆڕانکارییەکی ماناییە.
هۆنینەوەی کەزی: کردەی سیاسی و فێمینیستی
هۆنینەوەی کەزی، وەڵامدانەوەی کچان و ژنانی کورد بوو لە بەرانبەر بڕینی کەزی کچە شەڕڤانەکە. ئەم کردارە، بە شێوەیەکی سادە، بەڵام قووڵ، تاوانەکەی گۆڕی بۆ هێمایەک و قوربانی گۆڕی بۆ چەقی بەرەنگاربوونەوە. هۆنینەوەی کەزی تەنیا کردەیەکی کەلتووری نییە؛ کردەیەکی سیاسی، ناسنامەسازی و فێمینستییە. ئەو کردە کۆمەڵایەتییە کە لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیادا بەرجەستە بووەتەوە، پەیامێکی هەیە: “ئەوەی تۆ بڕیت، ئێمە دووبارە دەیهۆنینەوە”.
لە فێمینیزمی شەڕ و بەرخۆداندا، ئەو کردەیە، گۆڕینی زەبروزەنگە بۆ مانا: کەزی بڕدراو، دووبارە دەهۆندرێتەوە؛ ئەوەی شکێندرا، دووبارە بونیاددەنرێتەوە، بەڵام بە دەستی ژن و بە هێزی هۆشیاری کۆمەڵایەتی. ئەوە کردەیەکی سیاسییە، کردەیەکی ناسنامەسازانەیە و لە کۆتاییشدا کردەیەکی فێمینیستی. لە پشت هۆنینەوەی کەزییەوە، تاوان گۆڕاوە بۆ مانا، شەهید بووە بە ناسنامە و ترس گۆڕاوە بۆ هۆشیاری کۆمەڵایەتی، ئەوەیش واتە گۆڕینی زەبروزەنگ بۆ مانا.
شۆڕش لەودیوی سنوور؛ یەکپارچەیی کۆمەڵگای کوردستان
شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شۆڕشی کەزی لە ڕۆژاڤای کوردستان سەریهەڵدا. بەڵام کاردانەوەکان، ناونانەکان و هێماکان بە قورسی بۆ باشووری کوردستان درێژدەبنەوە و لەوێشدا ماناسازییان تێدا دەکرێت.
ئەم درێژبوونەوەیە تەنیا کردەیەکی سۆزەکی نییە، بەڵکوو نیشانەی ئەوەیە کە کۆمەڵگای کوردستان، هەرچەندە بە سنووری دەستکردی دەوڵەتان دابەش کراوە، بەڵام لە ڕووی هۆشیاری، هێما و ماناوە یەکپارچەیە. بەکورتی، “ئەو بستۆکەی دوژمن ناوی نا سنوور” ناتوانێت هەست، زمان، هۆشیاری و هێمای بەرەنگاری دابەش بکات.
کاتێک لە باشووری کوردستان ناوی ژینا دەبێتە هێمای شۆڕش، یان کەزی دەبێتە هێمای شەرەف و بەرخۆدان، ئەمە واتای ئەوەیە کە باشوور بووەتە شوێنگەی کۆبوونەوەی مانای شۆڕشەکانی سێ پارچەی دیکەی کوردستان، لێرەیشدا شۆڕش تەنیا ڕووداوێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکوو دەگۆڕدرێت بۆ پرسێکی نەتەوەیی.
ژنانی باشوور؛ ئەکتەر نەک تەماشاکەر
کۆمەڵگای باشوور، بە تایبەتی ژنان، تەنیا تەماشاکەری ئەم شۆڕشانە نەبوون. هۆنینەوەی کەزی، بەشداری لە ناونانەکان، بڵاوکردنەوەی وێنە و هێماکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، هەمووی ئەوە نیشان دەدات کە باشوور بەشدارییەکی چالاکی لە دروستکردنی مانای شۆڕشەکەدا هەیە. لەم ڕوانگەیەوە، باشوور شوێنگەی ڕێکخستن و دامەزراندنی هێمایە.
ئەو ڕاستییە، سنووری دەستکردی دەوڵەتان ڕەت دەکاتەوە. شۆڕشی ژینا و شۆڕشی کەزی نیشاندەری ئەوەن کە نەتەوە دەتوانێت لە دەرەوەی فۆڕمی دەوڵەت، بە هێما و ناونان خۆی یەکبخات. لێرەدا ژن، وەک جەستە، وەک ناو، وەک هێما، بووەتە ئەو چەقەی کە کوردستانی پارچەکراو و بەڵکوو کوردانی پەڕاگەندەی تاراوگە بەیەکەوە گرێدەدات.
بەم مانایە، ئەگەر هاوبەشییەک لە هەردوو شۆڕشی ژینا و شۆڕشی کەزیدا بە زەقی دەرکەوتووە، ئەوەیە کە ژن لە کۆمەڵگای کوردستاندا خەریکە لە قوربانییەوە دەگۆڕێت بۆ چەقی گۆڕانکاری. ئەوەی ئەم گۆڕانکارییە لە دەرەوەی سنوورەکان دەردەکەوێت، لە باشوورەوە درێژەی پێدەدرێت و لەوێشدا گیانی بەبەردا دەکرێتەوە، نیشاندەر و سەلمێنەری ئەو دروشمەیە کە خۆپیشاندەران لە سەرتاسەری نیشتمانی دابەشکراودا دەیڵێنەوە: “یەکە یەکە یەکە/ کوردستان یەکە”، ئەگەرچی وەک دەوڵەت دابەش و پارچەیش کراوە.
کۆتایی
ئەگەر شۆڕشی ژینا نیشانی دا کە ژن دەتوانێت ناوی شۆڕش بێت، شۆڕشی کەزی نیشانی دەدات کە ژن دەتوانێت هێما و دەنگی شۆڕش بێت. ئەگەر بڕینی کەزی کچە شەڕڤانێک، هەوڵێکە بۆ شکاندنی هێما و ناسنامە، هۆنینەوەی کەزی وەڵامدانەوەیەکە بەرانبەر ئەو هەوڵە. ڕووداوەکە، نیشانمان دەدات، ژن لە شەڕ و بەرخۆداندا تەنیا قوربانی نییە، بەڵکوو چەقی ماناسازی و بەرەنگاربوونەوەیە. هەروەها، نیشانمان دەدات، چەک تەنیا ڕێگەی بەرخۆدان نییە، بەڵکوو ڕێگەی کەلتووری و هێماییش هەیە.
ڕووداوەکە نیشاندەری ئەوەیشە کە کۆمەڵگەی کوردی هۆشیارە؛ هۆشیارییەک کە دەتوانێت هێمای شکێندراو، دووبارە بهۆنێتەوە، دیسانیش وەک ناسنامە و وەک بەرخۆدان پێشکەشی بکاتەوە.
لە هەردوو ئەزموونی شۆڕشی ژینا و شۆڕشی کەزیدا، ژن لە پەراوێزەوە دەگوازرێتەوە بۆ چەق، ئەوە نیشاندەری گۆڕانێکی قووڵە لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا؛ ژن خەریکە دەبێت بە چەقی گۆڕانکاری و بەرەنگاری. ناونان و ماناپێدانەکان، بەتایبەت لەلایەن کچان و ژنانی باشوورەوە، نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە سنووری دەستکردی دەوڵەتان نە توانای دابەشکردنی نەتەوە و نە توانای دەستبەسەرداگرتن و دابەشکردنی هۆشیاری ژنانیان هەیە.

