Site icon Zed Press

ئايا دەکرێ بەو دروشمانەی پارتی بڕوا بکەين؟

دروشمەکانی پارتی بۆ بەغدا بریتین لە: “هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان.” ئەم دروشمانە و داخوازیی جێبەجێکردنی دەستوور، بەتایبەت ئەو بەشانەی پەیوەندییان بە ماددەی (١٤٠) و دیموکراسی و فیدڕاڵییەوە هەیە، زۆر گرنگن؛ بۆیە نەك تەنيا ئەرکی پارتی، بەڵکوو هی تەواوی لایەنە سیاسییەکان و هەموو خەڵکی کوردستانيشە، کە خەباتیان لەپێناودا بکەين.

 

کەواتە دەبێ پارتی بڕوای تەواوی بەو پرەنسیپانە هەبێت، بۆیە کردوونی بە دروشمی سەرەکی خۆی ! دەمەوێ لەو ڕوانگەيەوە چەند سەرنجێکی پێويست لەو دروشمانە بدەم:

 

– هاوبەشی: واتە هاوبەشیی کورد لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا. ديارە تەنیا بەشداریکردن هاوبەشی ناگەيەنێ، بەڵکوو دەبێ بەشدارییەکە لەپێناوی هاوبەشیی ڕاستەقینەدا بێت. چونکە ئەگەر کورد هاوبەش بێت؛ یەکەم، بڕیاری سیاسیی عێراق گرنگتر و کاریگەرتر دەبێت و دووەمیش، ستەمە نەتەوەیی و سياسی و مەزهەبی و ناوچەییەکان نامێنن، بەڵام ئایا ناوەڕۆکی ئەم دروشمە گرنگە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراوە؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر، هەر کەسێکیش بەڵگەی بوێت هەگبەمان پڕە.

 

بەدڵنیاییەوە نەخێر؛ ئەگەر مانگ لە چواردە بێت، پێویست بە پەنجە بۆ ڕاکێشان ناکات!

 

بەڵام ئایا لێرەش هەلومەرجەکانی بڕياردان بە زۆرينە و کەمينە لەبارن؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر.

خۆ ئەگەر سازان هەبووایە، ئەوا ئەنجامی حکوومەت بەم ڕۆژە نەدەگەیشت!

 

پرەنسیپەکانی تریش بە هەمان شێوەن؛ چونکە ئامانجێکی سەرەکیی فیدراڵی، دابەشکردن و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتە. ئەوە چەندین ساڵە دەسەڵاتی کردەيی و سەرەکی لە دەستی پارتیدایە، ئایا خۆی ئەو دروشمەی لێرە جێبەجێ کردووە؟ هەر ئەوەندە دەڵێم: نا.

 

ڕەنگە هەبێ بڵێ ئەو باسە يەکێتيش دەگرێتەوە. ئەوە ڕاستە، چونکە دەبوو لانی کەم ئەو هەموو ساڵانە لە بەرانبەر ئەو بابەتە گرنگە بێدەنگ نەبووايە، بەڵام لە گرتنەڕێی ئەو سياسەتەش زيانمەندی يەکەم يەکێتی بووە.

دیموکراسی و لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانیش هەر مەپرسە !

مخابن ڕۆژ دوای ڕۆژ لە سەرتاسەری هەرێمدا بەرەو دواوە پاشەکشە دەکەن.

ئەگەر ئەو دروشم و خواستانەی پارتی ڕووبەڕووی بەغدایان دەکاتەوە ئەگەر لێرە جێبەجێ بکرێن، ئەوا نەک هەر یەکێتی، بەڵکوو تەواوی لایەنە سیاسییەکانیش پشتگیر دەبن و بەرانبەر بە بەغداش يەك دەنگ دەبين، بەڵام چۆن بڕوا بەم “بانێک و دوو هەوا؛ زەقەيە دەکرێت؟

ئايا کاتی ئەوە نەهاتووە بە نموونە جوانەکانمان داخوازيیە ڕەواکانمان بسەپێنينە سەر بەغدا؟

Exit mobile version