ئەمڕۆ ڕۆژێکی تایبەتە لە مێژووی ئەمریکا و دنیاشدا. بە هەموو پێوەرەکان ئەمریکا بەرەو جەنگی ناوخۆیی دەڕوات. دەرئەنجامەکانی ئەمڕۆ هەنگاوێکی گەورەیە بە هەردوو ئاراستەکەدا؛ یان خێراکردنی پڕۆسەی جەنگە ناوخۆییەکە، یان خاوکردنەوەی.
ئەگەر دیموکراتەکان بە ڕێژەیەکی زۆر نەیبەنەوە، ئەوا دەکەونە ژێر فشاری زۆرەوە. ئەگەر بە ڕێژەیەکی زۆر بیبەنەوە، دەکەونە ژێر فشارەوە کە دەبێت فشار بخەنە سەر ترەمپ، ئەمەش کارێکی ئاسان نابێت.
گەر لە سروشتی ململانێکان بنواڕیت، زۆر توند و خێڵەکییە. خێڵەکی بەو مانایە نییە کە خێڵی تێدایە، بەڵکوو وەک سیفەتێک کە هەر لایەک پابەندە بە توندی لەگەڵ لایەنەکەیدا و زۆر دژ بە لایەنەکەی ترە، نەک سروشتی دیموکراسیی مۆدێرن کە سەرباری جیاوازی، کەس خاوەنی هەمووی نییە.
دەرکەوتنی خەڵکانی وەک عەبدوڕەحمان محەممەد سەید، کە ئەمریکییەکی بە ڕەچەڵەک میسرییە، یەکێکە لە دیاردە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم هەڵبژاردنە. بوونی ئەو بە دیاردە زۆر شتمان پێدەڵێت. لە لایەک، کۆمەڵگەی ئەمریکی وەها دەردەکەوێت زۆر کراوە بێت، لە لایەکی تر زۆر داخراو و دژ. لە ڕاستیدا لێکۆڵەرێکی ناسراوی وەک ستیفن کۆتکن لە خانەی بیری هوڤەر، بڕوای وەهایە کە ئەمریکا هەرگیز هێندە کراوە نەبووە، بەڵام لە هەمان کاتدا زۆر بە پەرت و داخراو دەبینرێت، بەهۆی زاڵبوونی میدیای نوێوە. جاران ئەمریکا زۆر خراپتر بوو، بەڵام بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە دەرەوە ئاسان نەبوو دۆخی ناوخۆیی ئەمریکا بە ورد و درشتی ببینێت.
بەڵام کرانەوەی ئەمریکا سنووردارە. ئیسلام کە دەبێتە دیاردەیەکی سیاسیی ناوخۆی ئەمریکا، ڕووبەڕووی هەمان ئەو بەربەستانە دەبێتەوە کە پێشتر جوولەکە و کاتۆلیکەکان ڕووبەڕووی بوونەوە. پرسیاری ئەوەی ئایا ئەمانە وەلائیان بۆ ئایینەکەیانە یان ئەمریکا، پرسیارێکی کۆنە. جەختکردنەوە لەسەر ئیخوانبوونی سەید، لەم ڕوانگەیەوەیە.
هەندێک وەها دەبینن کە سەید لێبوردەیی چەپ بە خراپی بەکاردەهێنێت بۆ بەرەوپێشبردنی ئەجێندای شاراوەی خۆی، کە دژایەتیی ئیسرائیلە. بەڵام وەرچەرخانی هەڵوێستی خەڵکی ئەمریکا بەرامبەر ئیسرائیل تەنها پەیوەست نییە بە یەک کەسەوە.
لە کاتێکدا کە خەڵکی دەچن بۆ دەنگدان و بڕیاری دەنگیان لەسەر نرخی سووتمەنی و خۆراک و گرانیی ژیانە، لە هەمان کاتدا دەنگۆی دەستپێکردنەوەی گەڕێکی تری شەڕ هەتا بێت گەرم دەبێت. ئایا دەرئەنجامەکانی ئەمڕۆ چۆن ڕەفتاری ترەمپ دەگۆڕن بەرامبەر شەڕ؟ پرسیارێکی کراوەیە.
دیموکراتەکان گەرچی بە زمانی نەرم و ڕێز قسە دەکەن، بەڵام ڕەفتارەکانیان زۆر سوودمەند نییە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە ڕاستیدا یەکێک لەو هۆکارانەی کە ئێران سازش ناکات؛ چاوەڕێی هاتنی دیموکراتەکانە.
بە لاوازبوونی کۆمارییەکان ڕەنگە هەندێک دەرئەنجامی باشی هەبێت، بۆ نموونە؛ خەڵکانی وەک تۆم باراک ناتوانن هێندە بە تاکڕەوی و گومڕایی و گەندەڵی و دەبەنگی مامەڵە بکەن، بەتایبەتی کە مەلەفی خراپی زۆرە و پشتیوانیی کۆنگرێسی نییە. هەست دەکرێت دوا لێدوانی نێگەتیڤی تۆم باراک بەرامبەر سووریا، ئامادەکاری بێت بۆ گێڕگۆڕین.
بۆ دنیای دەرەوە ئەوە گرنگە کە هاتنەوەی دیموکراتەکان مانای گەڕانەوە نییە بۆ سەردەمەکانی پێشوو. ئەگەر تەماشای ئەجێنداکان بکەیت، ئەمریکا زیاتر و زیاتر ڕووی لە ناوەوەیە. بەڵام پرسەکانی ئەمریکا لە کەڵەکەبوونی سامانە لای چەند کەسێکی کەم؛ ١٢ دەوڵەمەند هەن کە خاوەنی نیوەی سامانی گۆی زەوین، ئەمەش بە ئاسانی ناگۆڕدرێت.

