زێدپرێس
د. کاوە مەحموود سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی (زێدپرێس)دا، باس لە قەیرانی دەوڵەت لە عێراقدا دەکات. ئەو پێی وایە، عێراقی دوای ٢٠٠٣، نەبووە عێراقێکی فیدراڵی و دیموکراسی و پێشێلکردنی مافەکانی گەلی کوردستانیش بەردەوام بوون. ئەو، ڕوونی دەکاتەوە، کێشەکان تەنانەت بە جێبەجێکردنی دەستوور و پیادەکردنی فیدڕاڵەتیش چارەسەر نابن، لەکاتێکدا کێشە لە خودی دەستوورەکەدا هەیە. د. کاوە مەحموود، بە گومانەوە سەیری دادگەی فیدڕاڵی و ئەنجوومەنی فیدڕاڵی دەکات و پاڵپشتی ئەو بۆچوونەیە، کە لە ڕێگەی دادگەی فیدڕاڵی و بەڕێگەی یاساوە، پەلاماری کوردستان دەدرێت لەبری پەنابردن بۆ پەلاماردانی سەربازی.
بەگشتی بارودۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ عێراق چۆن دەخوێننەوە؟
ڕەوشی سیاسی ئێستای عێراق، ڕەنگدانەوەی قەیرانی دەوڵەتە لە عێراقدا. ئەو قەیرانە، لەوکاتەی دەوڵەتی عێراق دروستکراوە و دوای ئەوەی باشووری کوردستان بەو دەوڵەتە بەستراوەتەوە، تا ئێستا بەشێوەی جۆراوجۆر بەردەوامی بەخۆی دەدات. ئەوە ئێستا هەیە، لاپەڕەیەکی نوێیە لە قەیرانی دەوڵەتی عێراق، بەتایبەت دوای شکستهێنانی ئەو هەوڵەی لە دوای ٢٠٠٣ەوە درا، بە هەنگاونان بۆ بونیادنانەوەی دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای فیدڕاڵیەت. کۆمەڵێک بەربەست و ئاڵنگاری ڕووبەڕووی ئەو هەنگاوە بوونەوە، عێراقی نوێ دەبوو لەسەر بنەمای دیموکراسیەتی سازان(تەوافوق)ی بووایە، نەک دیموکراسیەتی زۆرینە، چەمکی شەراکەت و هاوسەنگی لەناو دەوڵەتدا هەبووایە، ئەوە دەرفەتێک بوو بۆ سەرلەنوێ بونیادنانەوەی دەوڵەتی عێراق، بەڵام هەر لە سەرەتاوە، ئەو ئاراستەیەی کە ئەمریکا هەیبوو، بە هەبوونی خولیای دیموکراسیەتی پارێزگەکان، کە شێوازێک بوو لە شێوازەکانی نامەرکەزی ئیداری، جگە لە دەستێوەردان و ڕۆڵی ئێران لە عێراق، لەپاڵ نەبوونی باوەڕ بە فیدڕاڵیەت و دیموکراسیەتی سازان، وایکرد ململانێیەکە بگاتە ئەو ڕادەیەی کە ئێستا هەیە.
قەیرانەکە کورت دەکرێتەوە بۆ هەندێک بابەتی ڕوواڵەتی، لەکاتێکدا ناوەڕۆکە سەرەکییەکە ئەوەیە، ئەو دەستوورەی هەیە، توانای جێبەجێکردنی نییە
هەرچەند، بەگشتی لە گوتاری میدیا و زۆرجار لایەنە سیاسییەکاندا، لە ئاستێکی ڕووکەشییدا مامەڵە لەگەڵ ناکۆکییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێت، وەک کورتکردنەوەی کێشەکە لە دابینکردن و نەکردنی پشکی بودجە، یان ناکۆکی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کەرتێکی وەک نەوت و بەو شێوەیە بنەڕەتی قەیرانەکە کورت دەکرێتەوە بۆ هەندێک بابەتی ڕوواڵەتی، لەکاتێکدا ناوەڕۆکە سەرەکییەکە ئەوەیە، ئەو دەستوورەی هەیە، توانای جێبەجێکردنی نییە. ئەگەر جێبەجێش بکرێت، فیدڕاڵەتێک دروست ناکات، کە بنەماکەی دیموکراسیەتی سازان(تەوافوقی) بێت.
دەبێت هەموو ئەوەی هەیە، وەک یەک دیاردە تەماشا بکرێت، لەوکاتەدا دەتوانرێت هەنگاو بنرێت بۆ ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ کێشە بنەڕەتییەکە بکرێت
بەکورتی ئەمڕۆ فیدڕاڵیەت بە تونێلی داخراودا دەڕوات، دیموکراسیەتی سازان نەهاتەدی، بەردەوامی بە تەعریب دەدرێت، هەتا جیاکاری لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەرهەمەکانی جووتیاران دەکرێت، نابێت ئەو حالەتانە بەش بەش و بە جیا لەیەکتر سەیر بکرێن و مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، وەک ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم دەیکات، کە هەمووی بەیەکەوە نابەستێتەوە، سەیری بودجە دەکات، وەک ئەوەی جیا بێت لە سیاسەتی تەعریب، سەیری سیاسەتی تەعریب دەکات وەک ئەوەی جیا بێت لە بڕیارەکانی دادگەی فیدڕاڵی و سەیری بڕیارەکانی دادگەی فیدڕاڵی دەکات، وەک ئەوەی جیا بێت لە پەراوێزخستنی مادەی ١٤٠. دەبێت هەموو ئەوەی هەیە، وەک یەک دیاردە تەماشا بکرێت، لەوکاتەدا دەتوانرێت هەنگاو بنرێت بۆ ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ کێشە بنەڕەتییەکە بکرێت، بەو شێوەیە دەگاتە ئەنجامێک و تێگەیشتنێکی ڕوون لەوەی دەگوزەرێت. پێویستە پارچەکان بەیەکەوە گرێ بدرێن و وێنە گەورەکە ببینرێت.
جێبەجێکردنی دەستووری هەمیشەیی، ناتوانێت عێراق لەو تەنگژانە دەرباز بکات، تێیانکەوتووە؟
کەموکوڕیی لە خودی دەستوورەکە هەیە و ئەوەش ڕەنگدانەوەی لەسەر کۆی دەستوورەکە و بارودۆخەکە دروستکردووە. پرسەکە ئەوە نییە کە دەستوور جێبەجێ نەکراوە، لەبەرئەوە فیدڕاڵیەت نییە و سەقامگیری بەدەست نەهاتووە، لەڕاستیدا ئەگەر دەستووریش جێبەجێ بکرێت، ڕەوشێکی نوێ بەرەو سەقامگیری دروست ناکات.
بۆچی، ئایا دەستوور ناتوانێت گرەنتی فیدڕاڵیەت لە عێراق بکات، یان پیادەکردنی فیدڕاڵیەت لەتوانادا نییە کێشە و قەیرانەکان چارەسەر بکات؟
نەخێر، ئەوە هیچی وا لە دۆخەکە ناگۆڕێت. بەنموونە، ئێستا هەندێک بانگەشەی پێکهێنانی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی و هەروەها کاراکردنی دادگەی فیدڕاڵی دەکەن، بەو جۆرەی لە دەستوور هاتووە، بەڵام خودی ئەنجوومەن و دادگەکەیش کێشە دروست دەکەن. ئێستا دادگەی باڵای فیدڕاڵی لە عێراق بەشێوەیەکی نادەستووری بوونی هەیە. ئەو دادگەیە پاڵپشت بە هەموارکردنەوەی یاسای ژمارە ٣٠ی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە کاردەکات، واتە پێش نووسینەوە و پەسندکردنی دەستووری عێراق، کاتێک ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نەیتوانی وەک ئەوەی لە دەستوور هاتووە، یاسایەکی بۆ دەربکات، لە بەرانبەردا یاسا کۆنەکەی هەموارکردەوە، کە بۆ قۆناغی گواستنەوە داڕێژرابوو. لەکاتێکدا ئەگەر یاسایەک هەموار بکرێتەوە، یەکەمجار دەبێت قبوڵ بکرێت و پاشان هەموار بکرێتەوە، ناتوانرێت یاسایەکی نادەستووریی قبوڵ بکرێت و پاشان هەموار بکرێتەوە.
نابێت لەبیرمان بچێت، کە تەنانەت لە سەردەمی پاشایەتیدا ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی ئەعیان لە عێراق هەبووە، بەڵام دەوڵەت نەبووە بە دەوڵەتێکی فیدڕاڵی
هێشتا، ئەگەر پێکهاتەی دادگەکە بەپێی دەستووریش دابڕێژرێتەوە، شتێک لە دۆخەکە ناگۆڕێت. لە پێشدا، ئەو جۆرە دادگەیە لە سەر ئاستی جیهاندا، لەڕووی تیۆری و هزرییەوە کێشەیەکە و نیشانەی پرسیاری لەسەرە. ئەگەر باس لە ئەنجوومەنی فیدڕاڵیش بکرێت، کە لایەنی کوردستانیش داوای دەکات، دیسان ئەو ئەنجوومەنە مانای ئەوە نییە، سیستەمی فیدڕاڵی دروست دەکات، چونکە لە عێراق ئاراستەی زۆرینە کاردەکات. نابێت لەبیرمان بچێت، کە تەنانەت لە سەردەمی پاشایەتیدا ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی ئەعیان لە عێراق هەبووە، بەڵام دەوڵەت نەبووە بە دەوڵەتێکی فیدڕاڵی، لەبەرئەوە دووئەنجوومەنی، مانای هەبوونی فیدراڵیەت نییە. پرسیاری سەرەکی کە ڕووبەڕووی لایەنی کوردستانی دەبێتەوە، ئەوەیە کە لە ٢٠٠٣ەوە بۆ ٢٠٢٣ ماوەی ٢٠ ساڵ دەکات، لە پرۆسەیەکی سیاسیدایت، ئایا ئەو پرۆسە سیاسییە کە بانگەشەی فیدڕاڵیەت دەکات، بە فیدڕاڵیەت گەیشت؟ کاتی خۆی کە لە دروستکردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، بانگەشەت کردووە کە دەتەوێت خۆت بە عێراقێکی دیموکراتی و فیدڕاڵی ببەستیتەوە، ئایا عێراقێکی دیموکرات و فیدڕاڵی دروست بوو؟ جگە لەوە، ئایا ئەو دیموکراتییەی تۆ باسی دەکەیت، دیموکراسیەتی سازانە یان زۆرینە؟ ئەو دیموکراسیەی لە واقیعدا هەیە، دیموکراسیەتی زۆرینەش نییە، زۆرینە هەر ئەوە نییە لە پەرلەمان دەست بەرز دەکاتەوە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەیەتی لە پرس و کایەی گشتیدا.
کەواتە، تێبینی ئێوە لەسەر دادگەی فیدڕاڵی چییە؟
ئەوەی پەیوەندی بە دادگەی فیدڕاڵییەوە هەبێت، وەک چەمک لە هزری سیاسیی، بۆ بیرۆکەی سەپاندنی دەسەڵاتی دادوەری دەگەڕێتەوە. ئەو بیرۆکەیە لە سەدەی هەژدە و نۆزدە دروست بوو، کاتێک دەوڵەت لە ئەوروپا دروستبوو، بیر لەوە کرایەوە، کە سەپێنەرێکی دەسەڵات هەبێت و بەگشتی ئازادییەکان بپارێزێت. ئەوە ئاوێتەکردنێکی چەمکی سەپاندن و ئازادی بوو. ئەو دەسەڵات سەپاندن(ئیستبداد)ە، لەڕووی مانای زمانەوانییەوە، بەدوو شێوە بەکارهاتووە، هەم بەمانای سەپاندن و هەم بە مانای یەکلاکردنەوە. بیرۆکەکە لەسەر ئەو بنەمایەیە کە حاکمێک هەبێت و شەرعیەتێکی یاسایی هەبێت، کە دادپەروەری دروست دەکات، جیاواز لەو حاکمەی کە ڕەوایەتی یاسایی نییە. ئەو بیرۆکەیە، کە تۆماس هۆبز ئاماژەی بۆ دەکات، کاتێک دەوڵەت دروست دەبێت، دەستەیەک ڕۆڵی سەپاندن و یەکلاکردنەوە ببینێت، نەک کەسێک. ئەوەش لە دادگەی باڵا یان فیدڕاڵی بەرجەستە کراوەتەوە. لە کۆتاییدا، گرفتەکە ئەوەیە کە دادگەی باڵا دەسەڵاتەکەی هەر ئەوە نییە کە ڕاڤەی یاساکان بکات، بەڵکو خۆی یاسا دەردەکات. ئەو ڕاڤەی دەستوور دەکات و بەوەش ڕۆڵی یاسادانەر دەبینێت. ئەو بیرۆکەیە کە دێتە ڕۆژهەڵاتیش، وەک ئەنجوومەنی باڵای دەستووری لە ئێران، کە دەتوانێت ڕێگری لە خۆکاندیدکردنی یەکێکیش بکات بۆ هەڵبژاردن، ئەوە لە کۆتاییدا وەک پیادەکردنی دەسەڵاتی ئیلاهی لێدێت. دادگەی فیدڕاڵی عێراق، کاتێک بڕیاری ژمارە ٢٣٣ی دەرکرد، تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی مادەیەکی یاسای باری کەسێتی، هات ڕاڤەی ئایەتی قورئانی کرد، بەو جۆرە شوێنی لیژنەی فەتوای گرتەوە و ڕۆڵی موفتی بینی، لەکاتێکدا فەتوا بەخۆی پابەندکەر نییە، بەڵام لەرێگەی دادگەوە دەبێت بە فتوایەکی پابەندیش. لەو چوارچێوە یاساییەدا، کە بڕیارەکانی توانای تانەلێدانیان نییە، ئەوە دەبێتە شێوازێکی سەپاندن.
دادگەی فیدڕاڵی لە ئەزموونی عێراقدا لە سایەی سیستمی دیموكراسی دەستووری و دەوڵەتی یاسادا نییە، تا وەك دادگەی فیدڕاڵی ئەمریكا تەماشا بكرێت
سەرچاوەی ھزری سەپاندنی بڕیارەكانی دادگەی فیدڕاڵی لە ئەزموونی جیھاندا، دەگەڕێتەوە بۆ چەمكی “سەپاندنی ڕۆشنفیكری Enlightned despotism”، كە لە سەرەتاكانی پڕۆسەی مۆدێرنە بۆ بنیاتنانی دەوڵەت ھاتەكایەوە و لە بۆچوونەكانی چۆن لۆك و ڤۆلتێر ڕەنگیدایەوە، وەك سیستمێك كە كەمایەتییەك باوەڕی بە مافەكانی تاك و موڵكداری و ئازادییەكان ھەبێت و دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت. كاتێك لە سیستمی سیاسیدا باس لە دەستوور و دابەشكردنی دەسەڵاتەكان لە نێوان یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەریی كرا بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان و بەردەوامبوونی دەوڵەت، بیرۆكەی دادگەی باڵا یان فیدڕاڵی ھاتەكایەوە. لە ئەزموونی ناوچەی عەرەبی محەمەد عەبده ھەمان بیرۆكەی بە شێوازی (المستبد العادل) باس كرد. دادگەی فیدڕاڵی لە ئەزموونی عێراقدا لە سایەی سیستمی دیموكراسی دەستووری و دەوڵەتی یاسادا نییە، تا وەك دادگەی فیدڕاڵی ئەمریكا تەماشا بكرێت، كە خودی ئەویش لە ڕاستیدا دووچاری كۆمەڵیك پرسیار دەبێتەوە وەك شێوەیەك لە سەپاندن. دادگەی فیدڕاڵی عێراق بەشێكە لە سیستمی دابەشكردنی تایفەگەری لەلایەك و سەروەری تایفەی گەورە و نەتەوەی گەورە لە لایەكی دیكە و ئەمەش یەكێكە لە كێشەكانی بە ناو فیدڕاڵیزم لە نموونەی عێراقدا.
ئەو جۆرە سەپاندنە، شوێنی هێزی سەربازی دەگرێتەوە، ئیتر پێویست ناکات بەهێزی سەربازی پەلاماری خەڵکی کوردستان بدەیت، بەڵکوو بە یاسا پەلاماری دەدەیت
ئەمڕۆ دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک، کە توانای دروستبوونی دەوڵەتێکی سەقامگیر لە عێراق نییە. ئەو دەرفەتەی هاتە پێشەوە کە فیدڕاڵیەت بە لایەنەکان بدرێت و بتوانرێت عێراقێکی بەهێز دروست بکات، لەو هەلومەرجەی هاتەکایەوە بە دەستێوەردانی نێودەوڵەتی، کە دەستووری هەمیشەیی بەشێک دەبێت لە موساوەمەکردنی نێوان ئێران و ئەمریکا، کاتێک لە مادەیەکی دەستووردا دوو بڕگەی دژبەیەک هەیە، وەک مادەی دووەمی دەستوورەکە، هەموو ئەوانە هەر لە سەرەتاوە بنبەستییەک دروست دەکەن کە دەوڵەتێکی سەقامگیر لە عێراق دروست نەبێت. بۆیە ئەوەی هەیە، هەمووی ویستێکە بۆ سەپاندنی ڕای زۆرینە و ویستێکە بۆ سەپاندن، بە هەردوو لایەن؛ هەم سەپاندنێک کە سەپاندنە لە نەتەوە و تایفەی باڵادەستەوە، هەم یەکلاکردنەوەکەیش بۆ نەتەوە و تایفەی باڵادەست دەگەڕێتەوە. ئەو جۆرە سەپاندنە، شوێنی هێزی سەربازی دەگرێتەوە، ئیتر پێویست ناکات بەهێزی سەربازی پەلاماری خەڵکی کوردستان بدەیت، بەڵکوو بە یاسا پەلاماری دەدەیت.
بەو شێوەیە، داهاتووی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراق یان لە پێوەندی لەگەڵ عێراق چۆن دەبینن؟
بارودۆخەکە لە کوردستان کۆمەڵێک بۆچوونی جیاواز دەخاتەڕوو. ئاساییە کاتێک بزووتنەوەیەکی ڕزگاری ڕووبەڕووی گوشارێک دەبێتەوە یان تووشی پاشەکشەیەک دەبێت، بە بەردەوامی بیرکردنەوەی جیاواز دێتەکایەوە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە دەبێت لایەنە سیاسییەکان چۆن بیر بکەنەوە؟ ئەو لایەنانەی خۆیان بە لایەنی سەرەکی دەزانن، دەبێت وەڵامی چەند پرسیارێکی جدی بدەنەوە، یەکەمیان ئەوەیە کە ئایا کوردستان بە نیشتمان دەزانن یان نا؟ دووەمیان ئایا باوەڕیان بە هەبوونی بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی کوردستانی هەیە یان نا؟ کە باسی نیشتمان و بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی نیشتمانی دەکەیت، مانای ئەوەیە ئاسۆ و ئامانجێک دەستنیشانکردووە، کە خۆی لە بڕیاردانی مافی چارەخۆنووسین و دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی دەبینێتەوە.
دەبێت دەست بخەینە سەر پرسە بنچینەییەکە، دەبێت بڵێیت کوردستان نیشتمانێکی داگیرکراوە و بەو ڕوانگەیەوە مامەڵە بکەیت. بەدڵنیایی، ئەو بابەتە پێویستی بە دروستکردنی گیانی بەرگرییە
هەنگاوی دووەم ئەوەیە، ئەو دۆخەی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان دروست دەبێت، ئەوەیە کە لەو دۆخانەدا، بەردەوام بۆرژوازیەتی کۆلۆنیال دروست دەبێت. بۆرژوازیەتی کۆلۆنیال بە بەردەوامی لەگەڵ ئەو لایەنەی وڵاتەکەی داگیرکردووە، ئامادەیە سازش بکات و بەرژەوەندییەکانی خۆی لە هەندێک پەیوەندی لەگەڵ داگیرکەر دەبینێتەوە. پێی وایە بەرژەوەندەکەی لەوەدایە کارگەی هەبێت لە بەسڕە، وەبەرهێنان بکات لە حیللە. زۆریش لەو حالەتانە هەیە کە لە کوردستان بازدەدەن بۆ ناوچەکانی عێراق، ئەوە بەردەوام لەسەر حیسابی بەرژەوەندی نیشتمانی دەبێت. کاتێک باس لە بەرژەوەندییەکانی بۆرژوای کۆلۆنیالی دەکەین، گرێی دەدەینەوە بە بابەتی نیشتمانەوە، کە لە سەرەتادا باسمان کرد، ئایا کوردستان نیشتمانە یان نا؟ ئەو بابەتانە کە بەیەکەوە ببەسترێنەوە، دەبێت بە ئەنجام بگەین، ئێستا چۆن دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان دەخەینەڕوو؟ کە دەڵێین دۆزی کوردستان دەخەینەڕوو، هەندێکی پێویستی بە تەکیفی یاسایی هەیە، ئێمە لەگەڵ دەرەوە، لەگەڵ ڕای گشتی جیهان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا، چۆن باسی بابەتی خۆمان دەکەین، ئایا هەر باسی ئەوە دەکەین کە ئێمە بەشێکین لە عێراق و هەندێک ڕێککەوتن و یاسا هەیە کە عێراق جێبەجێیان ناکات، دەڵێین ڕێککەوتنی بودجە جێبەجێ ناکات و پابەندی یاسای نەوت و گاز نابێت؟ ئەو جۆرە خستنەڕووەی دۆزەکە، خولانەوەیە لەناو گێژەڵوکەیەکدا و ئەنجامی نییە، لەبەرئەوە دەبێت دەست بخەینە سەر پرسە بنچینەییەکە، دەبێت بڵێیت کوردستان نیشتمانێکی داگیرکراوە و بەو ڕوانگەیەوە مامەڵە بکەیت. بەدڵنیایی، ئەو بابەتە پێویستی بە دروستکردنی گیانی بەرگرییە.
کەواتە، با باس لە گیانی بەرگری بکەین، ڕۆڵی ئەو گیانی بەرگرییە لە گەیشتن بە ئامانج چۆن لێکدەدەنەوە؟
یەکەمجار دەبێت ئەوە ڕوون بکەینەوە، لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا، خەڵکێک هەن، توانای ئەو تێکۆشانەیان نییە، بەڵام خەڵکێکی شۆڕشگێڕ هەن، کە ڕۆڵ دەگێڕن لە دروستکردنی گیانی بەرگری(مقاوەمە)دا. یەکەم ئەرک دروستکردنی گیانی بەرگرییە لە کوردستاندا، دەبێت خەڵک تێبگات کە بەغدا فریادڕەس نییە، تاران و ئەنقەرە فریادڕەس نین، ئەو حالەتە سەرەتایەکە بۆ دروستکردنی گیانی بەرگری، لە بیرمان بێت تێکڕای ئەو میللەتانەی توانیویانە بمێننەوە و بزووتنەوەکانیان پەرەپێبدەن، بە دروستکردن و پەرەپێدانی گیانی بەرگری بووە. گیانی بەرگری مەسەلەیەکی ڕۆژانەیە، بریتییە لەوەی لە شیعر، لە چیڕۆک، لە شانۆ و گۆرانیدا، لە هەڵسوکەوتی حکوومەتدا ڕەنگبداتەوە. بەو مانایەی حکوومەت جۆرێک هەڵسوکەوت بکات کە خەڵک هەست بکات حکوومەتی خۆیەتی، گیانی بەرگری واتە حوکمی ڕەشید لە کوردستاندا، واتە وریابیت لەوەی هەرچی سامانی کوردستانە هەڕاج نەکرێت و نەدرێت بە کەرتی تایبەت. ئەو گیانی بەرگرییە، هەنگاوێک دەبێت کە تۆ بڵێی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان، تەنیا دۆزی حزبی سیاسی نییە، بەڵکوو دۆزی خەڵکە. لێرەدا، بابەتی دانوستان لەگەڵ بەغدا، ڕازیکردنی تاران و ئەنقەڕە، بە خەڵک دەبەسترێتەوە. خەڵک لە شێوازەکانی تێکۆشانی ڕۆژانەیاندا، نموونەیەک لە بەرگری دروست دەکەن، ئەو نموونەیە ڕای گشتی هەموو جیهان ناچار دەکات، ڕێزی بگرێت. بەڵام کاتێک ڕای گشتی جیهان ئەو بەرگرییە لە خەڵکدا هەست پێ نەکات، ئەو جۆرە ناڕەزایەتییەی خەڵک هەست پێ نەکات، بەو مانایەی کە پێشێلکردنی مافەکانی گەلی کوردستان وەک ناڕەزایەتی خەڵک هەست پێ نەکات و هەموو ناڕەزایەتییەکە لە هەندێک بڕیاری حکوومەت کورت بکرێتەوە، وەک ئەوەی هەندێک ناڕەزایەتی لە بابەتی بودجە هەیە یان لە بابەتی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت و بەو شێوەیە، ئەوانە دەکرێت چارەسەر بکرێن! دەبێت ناڕەزایەتی بەرانبەر بە پێشێلکردنی مافی بنچینەیی گەلی کوردستان ئاڕاستە بکرێت و خەڵک خاوەنداریەتی بکات، لێرەدا دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان، لە دەست خەڵک دەبێت.
ئێستا چۆن ئەو دۆزە بۆ خەڵک دەگوازرێتەوە و کێ دەبێت بیگوازێتەوە؟
ئەوەی ئێستا باسی دەکەین، تەنیا گوتارێکە. ناتوانین بڵێین گوتارێکی سەروەرە، بەڵام ئەو گوتارە، لەناو چەپەکان هەیە، لەناو کەسانێک لە دەرەوەی هێزە چەپەکان و هەروەها لەناو کەسانێک لە حزبەکانی دەسەڵات هەیە، خەڵکانی ئەکادیمی هەن هەڵگری ئەو گوتارەن، پرسیارەکە ئەوەیە کە گوتارەکە بووەتە پڕۆژە؟ هەنگاوی یەکەم ئەوەیە کە گوتارێک هەیە، هەنگاوی دووەم دەبێت بە پڕۆژە و هەنگاوی سێیەم ئەوەیە کە پڕۆژەکە وەردەگیرێت و کاری پێ دەکرێت. لە نێوان هەنگاوەکانی دووەم و سێیەمدا، شتێک هەیە کە پێی دەگوترێت هەڵگری کۆمەڵایەتی پڕۆژەکە، کە مەبەست لە خەڵکە. سەرەتا بژاردەیەک هەڵگری گوتارەکە دەبن و پاشان وردە وردە لە بژاردەیەکەوە فرەوان دەبێتەوە بۆ خەڵک. واتە دروستبوونی هەڵگرێکی کۆمەڵایەتی. دروستبوونی هەڵگری کۆمەڵایەتی، گرێدراوە بە چەمکی گۆڕانی کۆمەڵایەتییەوە، ئالێرەدا گۆڕانی کۆمەڵایەتی دێتەکایەوە. کاتێک هەڵگری کۆمەڵایەتی دروست دەبێت، هێزی فشار دروست دەبن بۆ ئەوەی پڕۆژەی بەرگری و پڕۆژەی کارکردن بۆ ئایندە، هەنگاوێکی کرداری وەربگرێت. ئەو حالەتەی دەیڵێین، شتێکی خەیاڵی و یۆتۆپیایی نییە. لەو دۆخانەدا ئاساییە کەسانێک یان هێز و گرووپ هەبن، پاشەکشە دەکەن و دەڵێن ئێمە تا ئێستا و تا ئێرەمان هێناوە، ئەو جۆرە پاشەکشەیە جۆرێک لە ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی گشتگیر دروست دەکات، ئەرکی تۆ بەستنەوەی ئەو حالەتانەیە بە سەقامگیرییەکی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەدا، سەقامگیری کۆمەڵایەتی لەناوخۆدا، یاریدەدەری پڕۆژە گەورەکەیە.
لەدوایین ڕاگەیەنراوی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستاندا، باستان لە گەمارۆی سیاسی، یاسایی و ئابووری بۆ سەر هەرێمی کوردستان کردووە، بەڕاست هەرێمی کوردستان لەژێر گەمارۆدایە؟
بەڵێ، ئەوەی هەیە گەمارۆیە. گەمارۆیەکە کە تایبەتمەندی یاسایی پێدراوە، گەمارۆیەکە کە هێزی سەربازی تێدا بەکارنایەت و لەرێگەی یاساوە دەکرێت. ئەو گەمارۆیە، لەوکاتەوەی دیکتاتۆریەت لە ٢٠٠٣ ڕووخاوە، کاری بۆ دەکرێت. هەر لەوکاتەی دادگەکان دروستکران و سەرانی بەعس دادگەیی کران، لەوکاتەوە کاری بۆ دەکرێت.
توێژەرانی نەتەوە و تایفەی باڵادەست دادپەروەری ڕاگوزەر لە دۆسیەی زیندانە سیاسییەکان و یاسای چاکسازی بەعس، یان چارەسەرکردنی خاوەنداریەتی زەوی کورتی دەکەنەوە
بەنموونە، کاتێک سەدام حوسین ڕەوانەی دادگە دەکرێت، ئایا لەسەر شەهیدکردنی ١٨٢ هەزار ئەنفال و پێنج هەزار کیمیابارانکراو ڕەوانەی دادگە بکرێت یان لەسەر شەهیدکردنی چەند کەسێکی دیاریکراو لە دوجەیل؟ بەدڵنیایی ئەوەی سەدام لە دوجەیل کردوویەتی، تاوانێکە و لێی کەم ناکرێتەوە، بەڵام، کاتێک باس لە ئەنفالکردنی ١٨٢ هەزار لە خەڵکی کورد و کیمیابارانکردنی هەزارانی دی دەکەین، توانای بەراوردکردنیان نییە. لەو دۆخەدا، سەیر دەکەیت، سەدام لەسەر تاوانی دوجەیل دادگەیی دەکرێت و سزا دەدرێت، ئەوە لەبەرئەوەیە، کە تاوانە گەورەکە بابەتێکی کوردستانییە و بە عێراقی نازانن و بەو جۆرەش خاوەنداریەتی ناکەن، تاوانێک کە دەشێت تا ئێستا گومانی لەسەر دروست بکەن. سەرنج بدە، عێراقی دوای ٢٠٠٣ نەیتوانی دادپەروەری ڕاگوزەریش بەدی بێنێت، کاتێک توێژەرانی نەتەوە و تایفەی باڵادەست باس لە دادپەروەری ڕاگوزەر دەکەن، لە دۆسیەی زیندانە سیاسییەکان و یاسای چاکسازی بەعس، یان چارەسەرکردنی خاوەنداریەتی زەوی کورتی دەکەنەوە، ڕاستە ئەوانە بەشێکن لە دادپەروەری ڕاگوزەر، بەڵام ئایا هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی دادگەی شۆڕشی بەعس و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی بەعس، بۆ باس ناکرێت؟ بۆ باس لە جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ ناکرێت وەک دادپەروەری ڕاگوزەر؟
مانای ئەوەیە ئەو گەمارۆیەی ئێستا هەیە، زەمینەی بۆ خۆشکراوە، چاوەڕوانی دۆخێک کراوە، کە تەرازووی هێز لە بەرژەوەندی لایەنە نەیارەکانی کوردستان بشکێتەوە و ئەوکات زەقتر کاری لەسەر بکەن، وەک ئەوەی ئێستا دەبینرێت.
لەناو ئەو دۆخە نەخوازراوەی هەیە، گوتارێکی پۆپۆلیستی لە کوردستان دروستبووە و زەمینەی خۆشکردووە بۆ ئەو تێگەیشتنەی کە خەڵک پێی وا بێت بەغدا فریادڕەسە. لە دۆخێکدا بەغدا خۆی لە قەیرانە. لە عێراق قەیرانی دەوڵەت هەیە و قەیرانی ئێرەیش وابەستەیە بە قەیرانی عێراقەوە.
مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکانی کوردستان جیاوازە لەوەی کە تۆ مامەڵە لەگەڵ قەیرانەکانی کوردستان بکەیت بە وابەستەیی بە قەیرانی دەوڵەتی عێراقەوە یان مامەڵە لەگەڵ قەیرانی کوردستانێکی سەربەخۆدا بکەیت.
ئەو میللەتانەی لەمێژوودا تووشی جینۆساید بوون، کاتێک تووشی شکستییەک دەبنەوە، تاوانەکە دەخەنە ئەستۆی خۆیانەوە، وەک ئەوەی خۆمان کەمتەرخەم بین
ئەو گەمارۆیەی هەیە زیاد دەکرێت، لە کاتی عەبادی بەناوی جێبەجێکردنی یاسا و لە شێوەی دروستکردنی هێزی دیجلە کە مالکی دەستی پێکرد و لە هەمانکاتدا شەڕی دەروونیت لەگەڵ دەکات، وەک ئەوەی هەندێک کەس و لایەنی خۆمان سەرسامن بە قسەکانی یەکێکی وەک حەسەن عەلەوی، کە باسی ئەوە دەکات، ئێوە وەک کورد خەریکی مەڕداری و کشتوکاڵ بن و چیتان لەوەیە نەوت دەربهێنن و لاسایی دوبەی بکەنەوە! وەک ئەوەی بە چاوێکی کەم و سووکەوە سەیری کورد دەکات، ئەوە هەمان ئەقڵیەتی بەغدا بوو، کاتێک لایەنی کوردستانی بە بەغدای گوت، ئێمە نەوت بەرهەم دێنین، بەغدا گوتی ئێوە چۆن دەتوانن نەوت دەربهێنن؟! بە سووک-سەیرکردنی نەتەوەی بندەست لەلایەن نەتەوەی سەردەستەوە، بەتایبەت لە ناو میللەتێکی جینۆسایدکراودا، زۆرجار دەگاتە ئاستی خۆبەسووک-سەیرکردن و خۆبەکەمبینین. زۆرجار لەناو میللەتی داگیرکراودا، گوتارێک دروست دەبێت کە هۆکاری هەموو نەهامەتییەکان بەسەر خۆیدا دەشکێنێتەوە، وەک ئەوەی دەڵێ ئێمە ڕیفراندۆممان کرد و خەتای خۆمان بوو وامان بەسەرهات، واتە بەهۆی پیادەکردنی مافێکی خۆمانەوە، تووشی نەهامەتی بووین. ئەو گوتارە، ناڵێت ڕیفراندۆم ویستی خەڵکی کوردستان بوو، کێشەکە لەوێوە سەرچاوە دەگرێت بەغدا و ئێران بەچاوپۆشی ئەمریکا و بەریتانیا هێزی سەربازیان هێنا. ئەو میللەتانەی لەمێژوودا تووشی جینۆساید بوون، کاتێک تووشی شکستییەک دەبنەوە، تاوانەکە دەخەنە ئەستۆی خۆیانەوە، وەک ئەوەی خۆمان کەمتەرخەم بین، لەکاتێکدا دوژمنەکە تاوانبارە، لەکاتێکدا تۆ پێداگیریت لەسەر مافێکی خۆت کردووە.
لەو یەک دوو ساڵەدا، کۆمەڵێک بڕیار لەلایەن دادگەی باڵا و دادگەکانی دیکەی عێراقەوە دژ بە هەرێم دەرکران، لە هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازەوە تا گرێبەستی هەندێک کۆمپانیا و پاشان هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی کوردستان و بەو شێوەیە، ئایا دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان وەڵامدانەوەیەکی گونجاوی هەیە؟
ئەوە پرسیارێکی گرنگە. لێرەدا کۆمەڵێک بابەتی گرنگ هەن، کە دەسەڵاتداران چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕووداوانە بکەن. هەندێک کارت هەن، پێشتر دەتوانرا بەکاربهێنرێن، وەک کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق، بەڵام بەهۆی ئەو گۆڕانکاری و بارودۆخەی ئێستا هەیە، وا دەردەکەوێت بەکارهێنانی ئەو کارتە ئەو کاریگەرییەی جارانی نەمابێت. بەتایبەت کە نەوت و گازی هەرێم گەمارۆ دراوە، ئێستا ئەو کارتە لاواز بووە، لە هەمانکاتدا ڕاستە هەندێک جموجۆڵ دەکەن، وەک ئەوەی حکوومەت نوێنەری ناردووە بۆ ئەمریکا، سەرۆک وەزیران چوو بۆ تورکیا، سەرۆکی هەرێم چوو بۆ ئەڵمانیا و بەرپرسی پەیوەندییەکان چوو بۆ یەکێتی ئەوروپا، ئەوە جۆرێکە لە بیرکردنەوە، بەو ئاراستەیەی لەگەڵ هەندێک ناوەندی نێودەوڵەتی گەمارۆی سەر هەرێم بشکێنرێت، بەڵام ئەوە بەس نییە، ئەوەی بە تەواوەتی نائامادەیە، دوو خاڵە، یەکەم: پێداچوونەوە بە ڕەوشی ناوخۆمان، کە هەوڵ بدەین جۆرێک لە کۆکبوونی کوردستانی دروست ببێت. ئەوەش پێویستی بە دیالۆگێکی نیشتمانی و دەستپێشخەری نیشتمانی هەیە. بۆ دەستپێکردنی ئەو دیالۆگەکە، دەبێت توانای هەڵسەنگاندنمان هەبێت، لە سەرەتاوە بۆ چۆنیەتی حوکمڕانی لە کوردستاندا، بۆ ئەوەی حوکمڕانییەک دروست ببێت کە لانیکەم پشت بە شەرعیەتێکی دەستووری ببەستێت، ناتوانرێت زەمینەیەکی لەبار بۆ بەرەنگاربوونەوە دروست بکرێت کە دوو ئیدارەیی، دوو زۆنی و دوو هێزی پێشمەرگە هەبێت، دۆخی ئاسایش بەو شێوەیەی ئێستا بێت. لەبەرئەوە هەڵسەنگاندن دەبێت گشتگیر بێت، لە بواری سیاسەتی ئابووری کە بارگرژییەکی ئابووری بۆ خەڵک دروستکردووە، دەوڵەمەندان دەوڵەمەندتر و هەژاران هەژارتر بوون، دەبێت توانای ڕەخنە لەخۆگرتنمان هەبێت.
بەبێ پاڵپشتی خەڵک، بەبێ هێزی پاڵپشتکاری کۆمەڵایەتی، دەسەڵاتی سیاسی ناتوانێت بەهێزەوە مامەڵە و پێداگیری لەسەر مافەکان بکات
هەروەها، ئەو مافانەی پێوەندییان بە ناوخۆوە هەیە، دەسەڵاتی ناوخۆیی دەبێت جێبەجێیان بکات، ئینجا کاتێک پێداگیری لەسەر مافەکانی دی دەکەیت کە پێوەستن بە نەیارانی ئێمە، پێوەستن بە بەغداوە، ئەوکات دەبێت خەڵک ڕۆڵی سەرەکی هەبێت، گەڕانەوە بۆ خەڵک هەنگاوێکی سەرەکییە. دەبێت ئەوەمان بۆ ڕوون بێت، بەبێ پاڵپشتی خەڵک، بەبێ هێزی پاڵپشتکاری کۆمەڵایەتی، دەسەڵاتی سیاسی ناتوانێت بەهێزەوە مامەڵە و پێداگیری لەسەر مافەکان بکات. لەبەرئەوە هەموو کات گەڕانەوە بۆ خەڵک لە ئەرکە یەکەمینەکانە.
کەواتە ویستێکی سیاسی بەتایبەت لە ئاست هێزە حوکمڕانەکان هەیە، بە ئاڕاستەی دیالۆگی نیشتمانی؟
بەداخەوە، تا ئێستا ئەو ویستە نییە. کاتێک وەک حزبی سیاسی قسەیان لەگەڵ دەکەیت، ناڵێن نا، کاتێک پڕۆژەیان پێشکەش دەکەیت، دەشێت دەستخۆشی بکەن، بەڵام بابەتەکە بە دەستخۆشی نابێت، ئەوە هێشتا هەر گوتاری سیاسییە و نەبووەتە پڕۆژەیەک بۆ کارلەسەرکردن.
لەو بارودۆخەی هەرێمی کوردستانی تێکەوتووە، بەتایبەت کە عێراق ڕۆژ لەدوای ڕۆژ، بنکۆڵی زیاتری ژێرخانی یاسایی، ئابووری و دامەزراوەیی هەرێم دەکات و لە قەوارەکە کەم دەکاتەوە، خەڵک و هێزە سیاسییەکان دەبێت چ بکەن، بەتایبەت ئەگەر هێزە حوکمڕانەکان هەر درێژە بەخۆی تا ئێستا بدەن؟
پێم وا نییە ڕای گشتی خەڵک هەر نەرێنی بمێنێتەوە، بەو مانایەی کە ڕازی بوون بە ئەمری واقیع هەروا نامێنێتەوە. لەناو کۆمەڵگەی ئێمە ناکۆکی و ململانێ هەیە، خەڵکێک هەیە باوەڕی زۆری بە دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان هەیە و بیر لە بەرگری دەکاتەوە و گیانی بەرگری هەیە، لەناو گەنجاندا هەن بە گیانی بەرگرییەوە بیر دەکەنەوە و دەنووسن و دەستپێشخەری دەکەن. گەلی کوردستان نەزۆک نییە، بەردەوام توانای داهێنان و بەرەنگاربوونەوەی هەبووە، پێم وا نییە ئەو گەلە ڕازی بێت بە سازشی زیاتر، ڕەنگە لە هەندێک قۆناغدا، زۆرجار بە چەند ساڵێک ڕەوشێکی نەخوازراو هاتووەتە پێشەوە، بەڵام بەردەوام گیانی بەرگری هەبووە. گیانی بەرگری لەناو خەڵکەوە، شۆڕشی دروستکردووە، خۆ شۆڕش هەر چەند پێشمەرگەیەک نەبووە بە شاخەوە. بزووتنەوەی ڕزگاری گەلی کوردستان بە هەردوو لایەنی سەربازی و سیاسییەوە، ئەوەی بەرگری کردووە، ئەگەر ژمارەکەی کەمیش بووبێت، ڕای گشتی ناوی ناوە پێشمەرگە و ئەوەی تەنیا خولیای بەغدای هەبووە، ئەوانەیان هەر بە جاش ناوبردووە. لەبەرئەوە، پۆلێنبەندییە بەشێوەیەکی مێژوویی جێگیر بووە، ئەوەی بەرگری دەکات پێشمەرگەیە و ئەوەی خۆی بەدەستەوە دەدات و پێی وایە بەغدا فریادڕەسە، شتێکی دیکەیە.
بەڵام هەندێک وا بیر دەکەنەوە، کە ئێستا بارودۆخەکە گۆڕاوە، خەڵکێکی زۆر لە پانتایی کۆمەڵگەدا، مەیلی بەرەو بەغدای هەیە، ئەو تێگەیشتنە چۆن ڕاست دەکرێتەوە کە بەغدا ئەو فریادڕەسە نییە؟
ئەوە بەشێکە لە ململانێی سیاسی، یەکەمجار شیکردنەوەی شوناسی بەغدا یان عێراق چییە، بنەڕەتی پرسەکە لێرەیە. دووەمیان پێکهاتەی سیستەمی سیاسی چییە، لەکاتێکدا دەوڵەتەکە بەرەو مەرکەزیەت دەڕوات، ئایا ئێمە ڕازی دەبین بەوەی هەیە؟ ئەگەر وایە ئەو خەڵکە هەموو ئەو قوربانیەی بۆ داوە؟ لەڕاستیدا ئەگەر ئەو گەلە ژێردەستەیی قبوڵ بکردایە، دەمێک بوو دەیکرد. پاشان شوناسی ئەو ڕژێمە چییە؟ تۆ لەگەڵ ڕژێمێکی تایفی و دواکەوتوو مامەڵە دەکەیت، کە پشت بە شۆڤینیەتی نەتەوەیی و ئاینی دەبەستێت، پشت بە هێزی دەرەکی دەبەستێت، ملیشیا و پڕۆژەیەکی توندڕەوی ئیسلامی هەیە، میلیشیایەکی تایفی، کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا تۆمەتبارکراوە بە تیرۆر، ئەوە بەغدایە.
ئەو بەغدایە خۆی قەیرانە بۆ خەڵکەکەی خۆی، دەبێت سەیری عێراق بکەیت لە چاوی کەسێک کە لە ناسریە دەژی، لە چاوی کەسێکی بەسڕە کە ئاوی خواردنەوەی نییە
دەبێت ئێمە بەو ڕوونییەوە سەیری بەغدا بکەین. ئەوە، جیایە لەوەی ئەو دەسەڵاتە چۆن سەیری بەغدا دەکات، جا ئەگەر بە ناچاری بێت یان نا، بەڵام ئەوەی گیانی بەرگری هەیە، ئەوەی باوەڕی بە دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان هەیە، کار بۆ ئەرکە نیشتمانی و کوردستانییەکان دەکات، دەبێت لە شوناسی عێراق تێبگات، ئێمە لەگەڵ بەغدایەک مامەڵە ناکەین کە هاووڵاتیبوونی دروستکردبێت، لەگەڵ بەغدایەک مامەڵە دەکەین باوەڕی بە چەمکی هاووڵاتیبوون نییە. لەگەڵ بەغدایەک مامەڵە ناکەین کە دیموکراسیەتی بۆ خەڵک دروستکردبێت، لەگەڵ بەغدایەک مامەڵە دەکەین کە مەشروبات قەدەغە دەکات، ڕەنگە ئەوە هەر لە تاڵیبان هەبێت. تۆ لەگەڵ ئەو بەغدایە مامەڵە دەکەیت، ئایا ئەوە فریادڕەسە؟ ڕاستییەکە ئەوەیە تۆ خەریکە دەچیتە ناو قەیرانێکی دیکە و دەبیت بە بەشێک لە قەیرانێکی دی. ئەو بەغدایە خۆی قەیرانە بۆ خەڵکەکەی خۆی، دەبێت سەیری عێراق بکەیت لە چاوی کەسێک کە لە ناسریە دەژی، لە چاوی کەسێکی بەسڕە کە ئاوی خواردنەوەی نییە، ئەو بەغدایەی نەتوانێت فریادڕەسی خەڵکەکەی خۆی بێت، فریادڕەسی تۆ نابێت.
گیانی بەرگری و بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتەکانی بەغدا، پێویستی بە سەرکردایەتییەک هەیە، ئەو سەرکردایەتییەی کە بەشێک لە نیگەرانی و ناڕەزایەتییەکان بەهۆی ئەوەوە دروستبووە، دەتوانێت جارێکی دی ڕێبەرایەتی ئەو ئاڕاستەی بەرگرییە بکات؟
لە زۆر وڵات، هێزی سیاسی هەبووە و ئامادە بووە پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی خۆیدا بکاتەوە. لەسەر ئەوە دەوەستێت کە ئەو هێزانە ئامادەن بەشێوەیەکی ڕەخنەگرانە پێداچوونەوە بە خۆیاندا بکەن. گیانی بەرگری پێوەندی بەوە هەیە کە دەسەڵاتی سیاسی چۆن پێداچوونەوە بەخۆیدا دەکات، نەک بە تەنیا لە پێوەندی لەگەڵ بەغدا و دراوسێکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەڵکوو لە پێوەندی لەگەڵ خەڵکی کوردستان، ئەوەش پێوەستە بە پێداچوونەوە بە سیاسەتی ئابووری و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و هەبوونی پڕۆژە و بەرنامەی تۆکمە بۆ پێشکەوتن و پەرەپێدان. ئەگەر ئەو دەسەڵاتە پێداچوونەوە بەخۆیدا بکات، بەهێزەوە دەمێنێتەوە، ئەگەر نەیکات زۆر لاواز دەبێت، بەڵام لە کۆتاییدا، ئایا خەڵک بەو دۆخە ڕازی دەبێت؟ پێم وا نییە ڕازی بێت. ڕێڕەوی مێژوو بەرەو پاشەکشە و دواوە نییە، بەڵکوو ڕوو لە پێشەوەیە. یاسای بنەڕەتی لە مێژوودا بەرەوپێشچوونە، پاشەکشەکردن حالەتی تایبەتە.