Site icon Zed Press

ڕۆڵی موسادی ئیسڕائیلی لە گرتنی ئۆجەلاندا

لەم ڕۆژانەدا و لە گەرمەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا، پرسی ڕۆڵی موساد لە گرتنی ئۆجەلاندا خەریکە ببێتەوە باسی ڕۆژەڤ.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئایا موساد هیچ ڕۆڵێکی هەبووە لە گرتنی ئۆجەلاندا؟

بەگوێرەی بەرپرسە باڵاکانی پەکەکە، بەڵی ئیسرائیل ڕۆڵی هەبووە لە گرتنی ئۆجەلاندا. بۆ نموونە، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا، کە لەساڵی ٢٠١٧ ئەنجام دراوە، مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی ڕێبەری ئەو حزبە، تەئکید لە بەشداری موساد لەو پیلانە نێودەوڵەتییە دەکات، کە بەگرتنی ئۆجەلان کۆتایی هات.

 

بۆچی ئیسرائیل لەو پیلانە نێودەوڵەتییە تێوەگلاوە؟

بەشێک لە وەڵامی ئەو پرسیارە لەهەمان دیداری بەڕێز قەرەسوو دەردەکەوێت کە لەگەڵ یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا ئەنجامی داوە. قەرەسوو دەڵێت هەر لە سەرەتای دامەزراندییەوە، پەکەکە دژایەتی ئیسرائیلی کردووە و هەر لەدامەزراندنیشییەوە پەکەکە شان بەشانی فەڵەستینییەکان دژی ئیسرائیل جەنگاوە.

 

یەکەم جەنگی مەیدانی پەکەکە

لە ئەدەبیاتی پەکەکەدا، ئەو تەڤگەرە یەکەم فیشەکی لە ١٥ی تەباخ (ئاب)ی ١٩٨٤ لەلایەن مەعسوم گۆرکماز ناسراو بە فەرماندە عەگیدەوە تەقێنرا. پەکەکە لە فەرهەنگی سیاسیی خۆیدا ئەمە وەک “فیشەکی یەکەم” و دەستپێکی خەباتی چەکداری ئەو تەڤگەرە ناساندووە. ئەگەر ئەمە یەکەم فیشەکی تەڤگەر بێت کە لەسەر خاکی کوردستان و بەڕووی داگیرکەری تورکیدا تەقێنرا بێت، ئەوا بەتەئکید یەکەم فیشەکی ئەو تەڤگەرە نییە.

لە ڕاستیدا یەکەم جەنگ و یەکەم تەقەی پەکەکە و یەکەم پۆلی شەهیدی ئەم حزبە لە باکوری کوردستان و لە دژی داگیرکەری تورکی نەبوو، بەڵکو لە دژی ئیسڕائیل و یەکەم پۆلە شەهیدی پەکەکەش، لەسەر دەستی سوپای ئیسڕائیل بووە. ئەم شەڕە لە لوبنان و بەدیاریکراویش لە قەڵای شەقیف ئارنوونی بیقاع و لە حوزەیرانی ١٩٨٢دا ڕوویداوە. بەگوێرەی دیدارەکەی قەرەسوو لەم شەڕەدا ١٣ گەریلای پەکەکە شەهید بوون. هەر ئەم شەڕەش بووە هۆکاری سەرەکی بەشداریکردنی ئیسڕائیل لە گرتنی بەڕێز ئۆجەلان. بەواتایەکی تر، پەکەکە و ڕێبەرەکەی باجی ئەم شەڕەیان دا.

 

بۆچی ئۆجەلان باجی ئەم شەڕەی دا؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستە تیشک بخەینە سەر سێ تەوەری جیاواز.

 

تەوەری یەکەم،

ڕۆڵی فیعلی پەکەکە و زیانەکانی ئیسڕائیل لەو شەڕەدا

بەگوێرەی سەرچاوەکان، لەکاتی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ دەشتی بیقاع سێ هێزی سەرەکی لەو ناوچەیەدا هەبوون، سوپای سووری و لوبنانی و ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستین. لەبەردەم هێرشەکەدا هەر سێ هێز کشانەوە. بەڵام لەسەر خواستی فەڵەستینییەکان دەیان گەریلای پەکەکە و لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر کەمی فیدایی فەڵەستینی لە  قەڵای شەقیف ئارنووندا دەمێننەوە. گوایە بەبیانووی پارێزگاریکردن لە کشانەوەی هێزە سوری و لوبنانی و فەڵەستینییەکان، داوا لە گەریلاکانی پەکەکە کراوە تا لەو قەڵایەدا بمێننەوە و سەرەنجام گەریلاکان تووشی شەڕیکی خوێناوی و نابەرانبەر دەبن و زۆربەشیان دەبنە قوربانی، هەندێکیان شەهید و ئەوانی تریش بەدیل دەگیرێن.

ئایا لە واقیعدا ئەم پلانە جەنگییەی بەرەی ڕزگاریخوازی فەڵەستینی  و سورییەکان چەندە تەڵەیەک بووە بۆ گەریلاکانی پەکەکە، تا ئێستا ڕۆشن نییە و هیچ لێکۆڵینەوە و توێژینەوەیەک لەوبارەیەوە نەکراوە.

ڕۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکە، ئیسڕائیل بۆردمانێکی خەستی ئەو قەڵایە دەکات و ڕۆژی دووەمیش هێرشی مەیدانی دەکاتە سەر قەڵاکە. لێرەدا گەریلاکانی پەکەکە بەرخۆدان دەکەن و ١٣ گەریلا لەم دوو ڕۆژەدا شەهید دەبن و باقییەکەیش بەدیل دەگیرێن. ئیسڕائیلییەکانیش ژمارەیەکی زۆری سەربازانییان لەو قەڵایەدا دەکوژرێن. زیانەکان هێندە کاریگەربووە، سەرۆکی ئەوسای ئیسڕائیل سەردانی شوێنی شەڕەکە و بەدیاریکراویش قەڵاکەی کردووە، بەکورتی ئیسڕائیل گەریلاکانی پەکەکە بە بکوژی ئەو سەربازانە دەزانێت. لە ڕوانگەی پەکەکەیشەوە، ئەم شەڕە هێندە گەورە بووە کە بەگوێرەی توێژەری میسری ئەمیرە ئەلتەحاوی، کە لە توێژینەوەیەکیدا بەناوی ئاڕاستە دەرەکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان کە لە ١٩٩٨دا بڵاوی کردۆتەوە، ئاماژە بەوە دەکات، کە بەڕێز ئۆجەلان جارەهای جار لە وتار و چاوپێکەوتنەکانیدا شانازی بە بەشداری هێزەکانی لە جەنگی بەرگری لوبنان دژی ئیسڕائیل و بەتایبەتیش جەنگی قەڵای شەقیف ئارنوون کردووە.

هەر بەهۆی زیانەکانی ئەم شەڕە بۆ ئیسڕائیل و ڕۆڵی بەرچاوی گەریلاکان لەو شەڕەدا، ئیسڕائیلییەکان پەکەکەیان کردە ئامانی تۆڵەسەندنەوە و تەڤگەری خستە ناو لیستی دوژمنەکانییەوە. ئەمەش لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە جگە لەوەی لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا ئیسڕائیل لەزۆر بواردا و لەدژی تەڤگەری باکور هاوکاری سەربازی و موخابەراتی و لۆجیستی تورکەکانی کردووە. ئەم شەڕەش هۆکاری سەرەکی بووە، ئەگەر تاکە هۆکار نەبووبێت، بۆ بەشداریکردنی ئیسڕائیل لە پیلانی گرتنی ئۆجەلان و ڕادەستکردنەوەی بە تورکەکان.

 

تەوەری دووەم:

کەلتووری خاوەندارێتیکردن و پیرۆزکردنی تاکی جوو

ڕۆژی ٣ی نیسانی ٢٠١٩، لە مەراسیمێکی شکۆمەندانەدا، ڕووفاتی سەربازێکی ئیسڕائیلی کە لەهەمان جەنگی لوبنانی ساڵی ١٩٨٢دا کوژرابوو، گەڕاندەوە ئیسڕائیل. بەمجۆرە، ئیسڕائیل دوای هەوڵ و کۆشش و خەرجکردنی سامانێکی زۆر و گرتنەبەری ڕێگای جۆاوجۆری موخابەراتی و دیپلۆماتی و دانووسان، دوای ٣٥ ساڵ توانی ڕووفاتی ونبووی سەربازێکی کوژراوی بدۆزێتەوە و بگڕێنێتەوە وڵاتەکەی. ئەم نموونەیە یەکێکە لە دەیان و بگرە سەدان نموونەی لەو جۆرە کە ئاماژەیە بۆ خاوەندارێتیکردن و بەرزڕاگرتنی ژیان و شکۆ و بوونی تاکی جوو لەلایەن دەوڵەتی ئیسڕائیلەوە. لەم ڕوانگەیەوە، ئیسڕائیل لە پێشەوەی ئەو وڵاتانەیە کە هەموو ئیمکاناتی دەوڵەتی خستۆتە خزمەت پاراستنی ژیان و شکۆ و کەرامەتی هاووڵاتییانی. شێوازێکی بەرجەستەکردنی ئەم خاوەندارێتی و شکۆمەندییەی هاووڵاتییەکانی، کەلتووری تۆڵەیە. هەر کاتێک ئیسڕائیل هاووڵاتییەکی یان سەربازێکی دەکوژرێت، هەوڵ دەدات چەند قات زیاتر تۆڵەی کوژراوەکەی بکاتەوە و بۆ ئەوەی بەلایەنی بەرانبەر بڵێت ژیانی تاکێکی ئیسڕائیلی چەند قاتی ژیانی ئێوە بەنرختر و مانادارترە. بۆ تێگەیشتنی زیاتری  ئەم کەلتوورە، پێویستیمان بە تێگەیشتنە لە کەلتووری قیساس یان تۆڵەسەندنەوەی ئیسڕائیل، کە ئەمەش تەوەری سێیەمی ئەم بابەتەیە.

 

تەوەری سێیەم:

کەلتووری قیساس و تۆڵەسەندنەوە

ڕیشەی کەلتووری تۆڵەسەندنەوە لە سیاسەتی دەوڵەتی ئیسڕائیلیدا دەگەڕێتەوە بۆ تەعالیماتەکانی کتێبی پیرۆزییان، واتە تەورات و کتێبە پیرۆزەکانی ترییان. لە ئایینی جووەکاندا تۆڵەی خوێن وەک فەرمان یان ڕێگەپێدراوێکی ئایینی دەبینرێت. تۆڵەی خوێن، واتە قیساس یان کوشتنەوەی بکوژ، لەسەر بنەما و ڕێسای ددان بە ددان و چاو بە چاو،  بەشێکە لە ڕێنمایی و فەرمانەکانی تەورات. هاوشێوەی ئەم تەعالیماتانە لە قورئانی موسوڵمانەکانیشدا دەبینرێت، کە ماف دەداتە خانەوادەی کوژراو تا بکوژی ڕۆڵەکەیان بکوژنەوە.

ئەم ڕێسایەی تۆڵەی خوێن یان قیساس، لەگەڵ سەرهەڵدانی جوڵانەوەی زایۆنیزمدا، بەدیاریکراویش لە ساڵی ١٩١١دا، ئاراییش دەکرێتەوە و دوو ئاڵوگۆڕی گرنگ لە یاسای قیساسدا دەکەن. ئاڵوگۆڕی یەکەم  قیساس فۆڕمێکی مۆدێرنەی دەکرێتە بەر و دەخرێتە ناو سیستەمی سیاسییەوە. بەگوێرەی یاساکانی زایۆنیزم، خانەوادە چیتر بەرپرس نییە لە تۆڵەی خوێن (قیساس)، برڵکو شۆرمەیە. شۆرمە، ئەو موئەسەسەیە کە دەسەڵاتی چاودێری و ئەرکی پاراستنی جووەکان و مومتەلەکاتییانی هەیە. شۆرمە بەرپرسە لە کوشتنەوە یان تۆڵەسەندنەوەی هەر کوژراوێکی جوو.

هەموارکردنێکی تری زایۆنییەکان بۆ یاسای قیساس، ئەوەیە تەنیا لە پرسی کوشتندا پەنا بۆ تۆڵە و ڕێسای قیساس ببەن.

دەوڵەتی ئیسڕائیلی، هەمان ڕێسای قیساس، پەیڕەو دەکات. بەڵام بەهەموار و ئەپدەیتی زیاترەوە. دەوڵەتی ئیسڕائیلی، لەسەر بنەمای تەوەری دووەم، واتە خاوەندارێتیکردن و بەرزڕاگرتنی ژیان و شکۆی تاکی جوو، لە پرسی قیساسدا، هەنگاوێک لە قیساسی تەوراتی و سیستەمی شۆرمەی زایۆنی واوەتر دەچێت. بەواتایەکی تر، بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی تاکی کوژراو و سەلماندنی پیرۆزتربوون و بەرزتربوونی تاکی ئیسڕائیلی، هەمیشە زێدەڕۆیی کردووە لە تۆڵەسەندنەوەدا، ئەمش لە پەرچەکرداری ئیسڕائیل بەرانبەر هێرشە خوێناوییەکەی ٧ی ئۆکتۆبەردا بە ئاشکرا دەبینرێت. دووەم، فاکتەری کات هیچ لە پرسی یاسای قیساسی ئیسڕائیل کەم ناکاتەوە. ئەمەش لە کۆمەڵیک جووڵە و کردەی ئیسڕائیل لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بەرجەستە دەبێت. لەوانەش، بەدواداچوون و شوێنپێهەڵگرتن و ڕاوەدوونانی ئەو سەرباز و ئەفسەرە ئەڵمانییانەی کە بەشداری هۆلۆکۆست بوون، کە تا ئێستاش بەردەوامە، ئەمە سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٧٠ ساڵ بەسەر ڕووداوەکەدا.

 

پرسی بەشداری موساد لە گرتنی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا، دەکرێت لە چوارچێوەی ئەم سێ تەوەرەی سەرەوە تێبگەین.

 

دوا پرسیار ئەوەیە، ڕۆڵی موساد چی بوو لە گرتنی ئۆجەلاندا؟

هەندێک کەس وای وێنا دەکەن کە ئەوە موسادە ئۆجەلانی گرتووە و ڕادەستی تورکیای کردووە. ئەم وێناکردنە دروست نییە. هەروەک، بەڕێز قەرەسوو لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا دەڵێت، ئیسڕائیل لەو موئامەرە نێودەوڵەتییەدا کە دژی ئۆجەلان بەڕێخرا، بەشدار بوو. بەواتایەکی تر، ئیسڕائیل یەکێکە لە بەشدارەکان، نەک تاکە لایەن، لە گرتنی ئۆجەلاندا.

لە ڕاستیدا، سی ئای ئەی ئەمریکی ڕۆڵی سەرەکی لە گرتن و ڕادەستکردنەوەی ئۆجەلاندا هەبووە. لە بێشانسی کورددا، لەکاتی چوونی ئۆجەلان بۆ کینیا، ئەو وڵاتە بە ڕێککەوت ببووە لانەی سی ئای ئەی. بەهۆی ڕووداوێکی تیرۆریستییەوە کە لە پایتەختی ئەم وڵاتە ڕوویدابوو، زیاتر لە ١٠٠ ئەندامی ئەو ڕێکخراوە بۆ بەدواداچوونی ئەو کارە تیرۆریستییە لە کینیا بوون. لێرەدا ئەندامانی سی ئای ئەی، ئەرکی شوێنپێهەڵگرتن و دۆزینەوە و ڕادەستکردنەوەی بەڕێز ئۆجەلانییان پێدەسپێردرێت. ڕۆڵی مووساد لەم پڕۆسەیەدا، زیاتر لە دوو قۆناغدا بووە. یەکەم، کاتێک ئۆجەلان هێشتا لە سوریا بوو و موساد لەوێ هەنگاو بە هەنگاو شوێن پێی هەڵدگرت. دووەم قۆناغیش لە کاتی گەیشتنی بۆ کینیا، لەڕێگای هەندێک جووی کرمانجی-زانی سەر بە موسادەوە، توانییان تەئکید لە هاتنی ئۆجەلان بۆ کینیا بکەن.

وانەیەک کە دەبێت لەم ڕووداوە کاریگەرانە فێر ببین ئەوەیە کە گەلانی ژێردەستە و بەتایبەتیش کورد، هەمیشە نێچیرە ئاسانەکەن و کردنە کۆچی قوربانی کورد بێ تەکلیفترین جۆری قوربانییە. زۆر گرنگە هێز و لایەنە کوردستانییەکان لە پەیوەندییان لەگەڵ هێز و وڵاتە هەرێمییەکاندا بەر لەنانی هەر هەنگاوێک، تەماشای ئەو تەڵە مینانە بکەن، کە ئەو هێز و وڵاتانە بۆ کوردییان ناوەتەوە. ئەگەر ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستینی تەکلیفی مانەوەی گەریلاکانی پەکەکەی لە قەڵای شەقیف ئارنوون نەکردبووایە، گەریلاکان تووشی ئەم جەنگە  لابەلا و ناوەخت و نابەرابنەرە نەدەبوون و ڕەنگە ئۆجەلان و تەڤگەریش نەبوونایە ئامانجی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیلییەکان و تورکەکانیش نەدەبوونە سوودمەندی سەرەکی ئەو شەڕەی لە قەڵای شەقیف ئارنووندا کرا.

Exit mobile version