Site icon Zed Press

سەبارەت بە یاسایی ”باكور و خۆرهەڵاتی سووریا”

د. کەمال سولەیمانی

 

١-هەر یاسایەک بەناوی کورد، بە هەر بیانووییەک، نکۆڵی لە کوردستانی بوونی بەشێکی کوردستان بکات، نکۆڵییەکەی لە نکۆڵی دوژمنانی کورد مەترسیدارترە، چونکە:

ئ- پێشینەی یاسایی- مێژوویی بۆ کوردی نەبوونی ئەو بەشەی کوردستان، ئەویش بە ئیعترافی کورد، ساز دەکات.

ب-خۆئینکاری کورد، لە ئینکاری کورد لەلایەن ڕاسیزم و شۆڤینیزمی تورک و فارس و عەرەب مەترسیدارترە. گوتاری خۆئینکاری لایەنی بە ئتنیک کورد، سەرەڕای حەققانییەت دان بە ڕاسیزم و کوردکوژی و نامەشرووع نواندنی خەباتی نەتەوەیی ئێستا و ڕابردووی کورد، کاریگەری گوتارییەکەشی هەم لە ناو کورد و هەم لەناو ئەوەیدیکەی کورددا، لە ئی دوژمنی کورد وێرانگەرترە. ئەوە، نە تەنیا دەچێتە نێو خانەی خۆئۆریەنتالیزەکردن و  دەروونیکردنی ڕاسیزمی زاڵ دژبە کورد لە نێو گوتاری سیاسی کورددا، بەڵکوو بیانوویی ”لەوە زیاترمان بۆ نەدەکرا،” دەکات بە گوتاری سەرەکی و بە کەلتووری زاڵی حزبی بۆ تەسلیم بوون.

 

٢- دابەزاندنی پرسی کورد بۆ دیموکراسی: زۆربەی زۆری بەناو دیموکراتەکانی تورک و فارس و عەرەبیش دەڵێن ئەگەر دیموکراسی زاڵ بێت شتێک بە ناوی پرسی کورد نامێنێت. یانی ئەگەر ئەو دەوڵەتانە دیموکرات بایەن، کورد کێشەی نەدەبوو. بگوزەیین کە کێشەی کاتالۆن، سکات و باسک و ئەو نەتەوانەی وەکوو… لە وڵاتی زۆر دیموکرات دایە؛ ئەو گوتارە مافی کورد، مافی سەروەری کورد، مافی بوونی وڵاتێکی کوردی کە هەمووی مەشرووع و دیموکراتیکن، بەشێوەیەکی بنەڕەتی دەباتە ژێر پرسیار.

وێناکردنی پرسی کورد وەکوو پرسی دیموکرات نەبوونی دەوڵەتی تورک و فارس و عەرەب، کورتکردنەوەی مافی کوردە بۆ مافی تاکی شارۆمەندی فارس و تورک و عەرەب لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندا. ئەو گوتارە شەرعییەت دەدات بە ئیدیعای نەتەوە کۆلۆنیکارەکان کە گوایە بەبێ لە بەرچاوگرتنی ناسێنەی کوردی، پرسی کورد لە ژێر دەسەڵاتی ئیتنیکی ئەواندا چارەسەردەکرێت. ئەگەر لایەنێک خۆی بە بەشێک لە نەتەوەی کورد بزانێت و کەمترین بڕوای بە مافی بە کۆمەڵی کورد هەبێت ناتوانێت گوتارێکی ئاوا بگرێتە پێش، چونکە ئەوە بە ڕاشکاوی خۆئینکارییە.

گوتاری ئیمکانی چارەسەری پرسی کورد بەبێ پێداگری لە سەر ناسێنە و مێژوو وڵاتی کورد و لە نێو دیموکراسی فارس و تورک و عەرەبدا، بێ ئەملاوئەولا بەرهەمهێناوەنەی کۆڵۆنیالیزمی تورک و فارس و عەرەبە. تورک و فارس و عەرەب، دیموکراسی لەسەر گریمانەی بنەمایی عەرەببوون، فارسبوون یان تورکبوونی نەتەوە، پێناسە دەکەن. ئەو پێناسەی ئەوانیش لە بنەڕەتدا شەرعییەت دەدات بە نەتەوەکوژی سەمبولیک و کوردکوژی و ئینکاری کورد و نەتەوە بندەستەکانی دیکە. بۆیە دیموکراسی نەتەوەی زاڵ و کۆڵۆنیکار، هەمان هێرن ڤۆلکی نازییەکانە و ئیتنۆکراسییە؛ یانی سیستەمێکی ئیتنیک-ناوەندە دژ بە باوەڕ بە بوونی کورد وەکوو نەتەوە و دێموس. گوتاری ”قەیناکا با جاری باس لە کورد نەکەین،” شەرعییەت دەدات بەو ئیتنۆکراسیە کۆڵۆنیاڵی فارس و تورک و عەرەبی بە ناو دیموکرات کە وێدەچێت  بەڕاشکاوی توانای ئینکاری سەداسەدی کوردی نەبێت و دژایەتییەکەی دژ بە نەتەوەی کورد لە گوتاری دیموکراسیدا دەشارێتەوە. بۆیە ئەو گوتارە سیاسییەی لایەنی بە ئیتنیک کوردیش هەمان گوتارە. ئەو گوتارە زۆرتر لە هەموو کەس لەلایەن  ئۆجەلانەوە پڕوپاگەندەی بۆ دەکرێت کە بە تورک دەڵێ: کورد وەکوو ”دیاردەیەکی کۆمەڵناسی” قبووڵ بکەن با بەبێ کێشە و بە سروشتی و هێمنانە کورد لە نەتەوەی تورکدا بتوێتەوە.

 

٣- دابەزاندنی کوردستان بۆ ناوچەی کوردنشین، سیاسەتی بە ڕوواڵەت کوردی پەکەکە دەکات بە درێژەی سیاسەتی عەجەم لە ئێران و بەعس لە سووریا. سەددام حوسەین کوردی جینۆساید و ئەنفال کرد. بەڵام، قەت ئەوەندە لە باری ئەخلاقی دانەبەزی کە بوونی کورد بەتەواوی ئینکار بکات. تەنانەت، لە یاسای ژێر دەسەڵاتی سەددامیشدا، شتێک بە ناوی ناوچەی حوکمی زاتی کوردستان هەبوو. ئەوە ڕادە لە تەسلیمیەت کە پەکەکە کردوویەتی بە ستراتیژی خۆی، بێشەرمییەکەی کاتێک دەردەکەوێت کە دەبینین لە عێراق سیستەمێکی دەستووری کوردی هەیە و تەنانەت لە ٢٠١٢ش تورکیایەک کە ١٠٠ ساڵە نکۆڵی لە بوونی دەکرد، باسی  ڕیفۆرمی کوردی هێنایە ئاراوە. ئەو سیاسەتەی پەکەکە کە ئێستا زێدی کورد یانی ڕۆژئاوا وەکوو تاران و ئیستەنبۆل لە کورد بکات بە خاکی بێگانە و ناوچەی کوردنشین، هەمان سیاسەتی ٢٧ ساڵ پێشی ئۆجەلانە کە پێداگری دەکرد: کە ڕۆژئاوا، کوردستان نییە و کورد لە ڕۆژئاوا موهاجیرە. ئۆجەلان ئەو کات بۆ ڕەزایەتی ئەسەد دەیگوت کە: تەنیا کوردی سووریا هەیە، کوردستانی سووریا، بوونی نییە.

 

٤- بێگومان هەموو یاسایەک هێندێک شتی باش و شتی خراپی تێدا دەبێت، ئێمە نابێت فریوی ئەو جۆرە ڕیکلامانە بخۆین. یاسایی کۆماری ئیسلامیش دژایەتی لەگەڵ شکەنجە تێدایە، دژایەتی لەگەڵ دەستبەسەر (فارسی: بازداشت، عەرەبی: اعتقال)کردنی زیاتر لە ٢٤ سەعاتی تێدایە، دەڵێ هیچکەس نابێت لە سەر هەبوونی باوەڕێک (عقیدە) لێپچاوانەی (مواخژە) بکرێت، دەڵێ سازکردنی حزب و ڕێکخراو ئازادە، بەڵام هەمووی ئەوانە بە بیانوویی گونجان و نەگونجان لەگەڵ یاسا و مەوازینی ئیسلامی، هەڵدەپەسێردرێن. چاو لە یاسایی پەکەکەش بۆ ” باكور و خۆرهەڵاتی سوریا” بکەین؛ بە کورتە ڕستەیەکی ئازادییەکان هەڵدەپەسێرێت. بۆنموونە، دەڵێ دەربڕینی ناڕەزایەتی و ڕێپێوان ئازادە؛ بەڵام، ”یاسا دیاری دەکات”.

 

٥- دیسان ئەوەی کە کۆمەڵێک ئەسڵ و خاڵی باش هەبن لە چوارچێوەیەکی خراپی توتالیتاریستی و دیکتاتۆرانەدا، یاسایەک ناکات بە یاسایەکی باش. لە یاسای بنەڕەتی دەوڵەتی بەعسی سووریاشدا هاتووە کە ”دەوڵەت ئی گەلە، لە گەلە و بۆ گەلە.”  ئێ ئەو گەلە لە کوێیە؟ ئەو دروشمە وێدەچێت باشترین دروشمی فۆرمەڵەکردنی دیموکراسی بێت؛ بەڵام تەنیا یەک دروشمە. ئەو هەموو پێداگرییەی بەعس لە سەر ”شەعب و گەل،” جگە لە کوشتاری بەکۆمەڵ چی نسیبی ئەو شەعب و گەلە کردووە؟

ئ) بەقەولی مۆنتیسکیۆ، یاسا ڕۆحێکی تایبەتی هەیە. ئەو ڕۆحە چوارچێوەی ئەو یاسایەیە و لە ڕاستیدا خەڵکی بوون و نەبوونی یاسا، یان تەنانەت، ئیمکانی خەڵکی بوونییشی دەبەسترێتەوە بە بنەڕەتی گرتنی سەروەری گشتی خەڵک. ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر شێوەی فەرمۆلەکرانی یاسا و سازکردنی مکانیزمێکی تایبەت کە زۆرترین ڕێگە لە پێشێلکردنی سەروەری گشتی و دیموکراتیکی خەڵک لە لایەن دەسەڵاتدارەوە بگرێت.

 

ب) وەک بە ئینگلیسی دەڵێن شەیتان لە وردەکارییەکاندایە (the devil is in details). وردەکارییەکانیش وەکوو خودی ڕۆحی یاسا دەتوانن پێش بە دامەزراوەییکردنی (نەهادینە) سەروەری خەڵک بگرن.

 

وردەکاری و ڕۆحی یاسا، ئەگەر بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەم خەڵک (دێمۆس) و هەم تاکی شارۆمەند وەکوو سەرچاوەی سەرەکی شەرعییەتی یاسا و دەسەڵات پێناسە نەکات یان ئەو پێناسەیە لە خودی یاسادا وەکوو مکانیزمی بەدامەزراوەییکردن پێشبینی نەکرابێت، بوونی خاڵی باش لە یاساکەدا بێمانا دەکات. بۆ نموونە، پاساو بۆ ویلایەتی فەقیە لە یاسای کۆماری ئیسلامیدا بۆ پێشگرتنە لە بەلاڕێداچوونی دەوڵەت. بەڵام، بەلاڕێداچوون چییە؟ لە یاساکەدا نەهاتووە؛ چۆن دەوڵەت و ئەوەی کە دەوڵەت چۆن و کەی بەلاڕێدادەچێت؟ یان وەلی فەقیە لە چوارچێوەی چ مکانیزمێکدا ئەو پێشگرتنە دەکات؟ دەسەڵاتەکەی چەندە؟ چۆن دەبێت ئەو پێشگرتنە بکات؟ هیچی ڕوون نەکراوەتەوە. ئەو بەڕواڵەت وردکارییە وا دەکات کە ئەگەر یاسایی کۆماری ئیسلامی شتی باشیشی تێدا بێت، هەمووی پوچەڵ دەکاتەوە. چونکە، خاڵێکی ئاوا بەڕواڵەت چووکە، ڕێی بۆ مەترسیدارترین سیستەمی توتالیتار خۆش کردووە.

 

– ئەگەر یاسایەک چ لە ڕۆحیدا و چ لە وردەکارییدا، بنەماکەی لە سەر بەستنەوەی شەرعییەتی دەسەڵات بە ڕەزایەتی خەڵک نەبێت و خەڵک بە تەنیا سەرچاوەی شەرعییەتی دەسەڵات دانەنێت، ئیدیعای خەڵک بوونی سیستەمەکە بە کردەوە نابێت بە نەریتێکی دامەزراوەیی. هەربۆیە قەت ئەو دەسەڵاتە نابێت بە دەسەڵاتێکی خەڵکی  یان پەکەکە گوتەنی بە دەسەڵاتی ”گەل”.

 

-ئەگەر بۆ چارەسەری کێشەکانیش لە خودی ڕۆح و لک و پۆکانی یاساشدا، مکانیزمی دامەزراوەییکردنی دیموکراسی و گەڕانەوە بۆ خەڵک لە ڕێگاکانی وەکوو ڕیفراندۆم و هەڵبژاردندا، پێشتر پێشبینی نەکرابێت، ئیمکانی دیموکرات بوونی ئەو دەسەڵاتە نییە. دەسەڵاتێکی ئاواش تەنیا دەکرێت هەر هێندەی دەسەڵاتی سووریا دیموکراتیک بێت کە دەڵێ ”ئی گەلە، لە گەلە، بۆ گەلە.”

 

٦- یاسایەک کە سەرەکیترین بنەمای دیموکراسی یانی ڕیفراندۆمی پێشل کردووە و ”گەل” کەمترین دەور و ڕۆڵی لە دەنگدان بەو یاسایە نەبووە، هیچ مەشرووعیەتێکی نییە. هەروەها هیچ پۆتانسیەلێکی بۆ بوون بە یاسایەکی دیموکراتیکیش نییە. تەنانەت، یاسایی بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیش کە هەم دژە مرۆڤە و هەم دژە دیموکراسی، کەڵک ئامرازی وەرگرتن لە گوتاری دیموکراتیک وەرگرتووە بۆ داسەپاندنی بە سەر خەڵکدا. لانیکەم بەڕواڵەتیش بێت ٢ جار ڕیفراندۆمی بۆ کراوە. بەڵام، یاسایی پەکەکە بە ستانداردی کۆماری ئیسلامیش، لە تاقیکردنەوەی دیموکراسی، دەرناچێت.

 

٧-ئەو یاسایە سەد قات زۆرتر لە ویست و دەنگی هەموو کورد، ڕەنگدەرەوەی ویست و پڕۆژەی تەسلیمی تاکەکەسی  ئۆجەلانە. تاکە کەسێک کە کەمترین ڕێزی بۆ کوردایەتی نەماوە و تەنانەت وێدەچێت لە هەموو ژیانیشیدا تاقە کتێبێکی سەبارەت بە یاسا نەخوێندبێتەوە، تێگەیشنەکە کراوە بە بنەمای یاسا بۆ نەتەوەیەک. هەروەها بۆ نکۆڵی لە کوردستانی بوونی ڕۆژئاوا. ئەگەر کەسێک کتێبی [دیموکراتیک کورتولوش]ی ئۆجەلان بخوێنێتەوە، لە دیالۆگی نێوان دەمیرتاش و ئۆجەلاندا بۆی دەردەکەوێت کە ئۆجەلان تەنانەت جیاوازی نێوان یاسا بەگشتی و یاسای بنەڕەتیش نازانێت. بۆیە، دەمیرتاش–وەکوو کەسێک کە هەم ئەندامی پەرلەمان (یاسادانەر) بوو و هەم پێشتریش پێشینەی یاسایی و کاری مافی مرۆڤی هەبووە، هەوڵدەدات کە ئۆجەلان سەبارەت بە جیاوازیی نێوان یاسا بەگشتی و یاسایی بنەڕەتی دەرس بدات.

Exit mobile version