Site icon Zed Press

بافڵ تاڵەبانی و محەمەد شیاع سوودانی کۆبوونەوە

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و نووسینگەی سوودانی لەبارەی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند، باسیان لە پرسی ڕادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی و چارەسەرکردنی پرسی مووچەی مووچەخۆران کردووە.

 

ڕۆژی ١٦ی تەممووزی ٢٠٢٥، لە بەغدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە. هەمان ڕۆژ، نووسینگەی ڕاگەیاندنی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە،  سوودانی پێشوازی لە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە دیدارەکەدا، کۆمەڵێک پرس و دۆسیە تاوتوێکراون، لەناویاندا پرسی ڕادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

 

دیدارەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ سوودانی، دوای کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕۆژی پێشتردا دێت. لە کۆبوونەوەکەدا مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی و بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ئامادە بوون.

 

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سوودانی، دەڵێ: هاوکات لە دیدارەکەدا، باسیان لە گرنگی هەماهەنگی و کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە گوێرەی ناوەڕۆکی دەستوور و یاسا بەرکارەکان و بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لەسەر ئەم بابەتە کرد.

Exit mobile version