Site icon Zed Press

وەزارەتی ناوخۆ: ڕووداوەکانی هاتوچۆ بەڕێژەی ٥٠٪ کەم بوونەتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە ساڵی ٢٠٢٤ بەراورد بە ٢٠١٨ ڕووداوەکانی هاتوچۆ بەڕێژەی ٥٠٪ و قوربانییانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ بەڕێژەی زیاتر لە ٦٠٪ کەمبوونەتەوە و ئەوەش بۆ چاکسازی و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی کابینەی نۆیەم لەبواری هاتوچۆ و ڕێگەوباندا دەگێڕێتەوە.
ز
د. هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لە میانەی وتارێکدا لە مەراسیمی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی قوربانییانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ، لە ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، ڕایگەیاند: “کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، هاووڵاتییانی کردووەتە چەقی پڕۆژە و بەرنامەکانیان و هەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە بواری هاتووچۆدا بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و سەروسامانیان بووە، کە ئەنجامەکانیشی دڵخۆشکەرن”، داوای لە هاووڵاتییانیش کرد هاوکاری حکوومەت بن بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکان.
ئاماژەی بەوەشدا، لە بیست ساڵی ڕابردوودا، ڕووداوەكانی هاتووچۆ لە کوردستان یەکێک بووە لە هەڕەشە جددییەکان، بەڵام کابینەی نۆیەم، لە ساڵی ٢٠٢٤ ئامانجی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پێکاوە بۆ کەمکردنەوەی قوربانییانی هاتووچۆ و داتاکانی ساڵی ٢٠٢٤ بە بەراورد بە ٢٠١٨ و پێشتر، کەمبوونەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ بە ٥٠% و مردنیش بە زیاتر لە ٦٠% نیشان دەدەن.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ باسی لەوە کرد: پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەم بۆ ئەم مەبەستە بریتی بوون لە: “دروستکردنی ڕێگای مۆدێرن، دانانی کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی، دانانی گاردرێل، پردەکانی پەڕینەوەی پیادە و چاکسازیی لە سیستەمی دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێریی بۆ پەروەردەکردنی شوفێرانی نوێ بەپێی ستانداردە جیهانییەکان، ئاماژەی بەوەشدا چیتر مۆڵەتی تایبەت و گشتی نەماون، بەڵکو شوفێران بۆ ١٣ پۆلی جیاواز ئامادە دەکرێن، کە دەبێتە هۆی پێگەیاندنی هەزاران گەنجی بەئاگا و پڕ زانیاریتر”.
سەبارەت بە ماتۆڕسوارەکان، د. میرانی ڕوونی کردەوە، وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ کۆمپانیاکانی دیلیڤەری ڕێککەوتووە کە پێویستە هەموو ماتۆڕەکان تۆمارکراو بن، تابلۆیان هەبێت، دەنگیان ئاسایی بێت و ماتۆڕسوارەکانیش مۆڵەتیان هەبێت. ئەم پرۆژەیەش سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە و زۆرینەی ماتۆڕەکان تۆمارکراون. داوای لە دایک و باوکان کرد ماتۆڕ بۆ منداڵە هەرزەکارەکانیان نەکڕن ئەگەر بۆ پەیداکردنی بژێوی نییە و تۆمارنەکراوە، چونکە بە پێچەوانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت.
Exit mobile version