
قایمقایەتی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی دا، بەمەبەستی دانانی هاوسەنگی بەروبوومی ئاژەڵی و پەلەوەری و بەرهەمەکانی سەوزە و میوە لە پارێزگەی سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەم ١٣/٣/٣٠٢٥، لە دیوانی قایمقامیەت، بە سەرپەرشتی ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی و بە ئامادەبوونی لێپرسراوان و نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان، هەردوو لیژنەی دیاریكردنی بەروبوومی ئاژەڵی و پەلەوەری و لیژنەی دانانی هاوسەنگی بەرهەمی سەوزە و میوە کۆبونەوەی مانگانەی خۆیان ئەنجامدا.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ کرا لەسەر میکانیزمەکانی پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان بەرهەم و بەروبوومی ناوخۆیی و هاوردەکراودا، بە جۆرێک کە خواستی هاووڵاتییان و پێداویستی بازاڕ پربکاتەوە، هاوکات ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخ بکرێت، و گرنگی زیاتریش بە بەرهەمی ناوخۆیی بدرێت.
لە کۆبوونەوەی یەکەمدا، بڕیاردرا بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پڕکردنەوەی پێداویستی بازاڕدا پشت بە مریشک و هێلکەی پڕۆژەکانی ناوخۆ ببەسترێت، لەبەرئەوەی بەرهەمی پڕۆژەکانی ناوخۆی مریشک و هێلکە لە وەرزی بەهاردا بە ڕێژەیەکی بەرز بەرهەم دەهێنرێت، هەروەها لە چوارچێوەی بڕیار و ڕێنماییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێگە بە هاوردەکردنی گۆشت و ئاژەڵی زیندوو، ماسی دەدرێت و هاوردەکردنیان لەمانگی سێدا کراوە دەبێت.
لەبارەی بەروبوومی ئاژەڵی بچووک لە ناوخۆدا ئاوات محەمەد لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە کە ڕێگری لە بردنە دەرەوەی ئاژەڵی زیندوو بکرێت بۆ پارێزگەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، لەبەرئەوەی ئێستا خواستی هاووڵاتییان لە سەر بەکارهێنانی گۆشتی سور زیادیکردووە و ئەم قەدەغەکردنەش دەبێتە هەنگاوێک بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت لە بازاڕدا.
لە کۆبوونەوەی دووەمدا، باس لەو هەنگاوانە کرا کە پێویستە بگیرێتە بەر بۆ دانانی هاوسەنگی لە نێوان بەرهەمی سەوزە و میوەی ناوخۆ و هاوردەکراودا کە لەم وەرزەدا بەرهەمەکانی ناوخۆ بەتەواوەتی پێ نەگەیشتوون، بۆیە ڕێگە دەدرێت هاوردەکردنی چەند جۆرێک سەوزە و میوە بەپێی پێویست کراوە بێت، بە مەرجێک بەشێوەیەکی تەندروست و لەژێر چاودێریدا هاوردە بکرێت.
ڕاگەیەندراوەکە دەڵێ، لەکۆتایی کۆبوونەوەی دووەمدا قایمقامی سلێمانی جەختی لەسەر قەدەغەی هاوردەکردن و ساخکردنەوەی فاسۆلیای تەڕ کرد، کە ئێستا بەهۆی بڵاوبوونەوەی جۆرە نەخۆشییەک تێیدا هاوردەکردنی ڕاگیراوە، هەر بۆیە لیژنە هاوبەشەکانی ڕاسپارد لە هەر شوێنێکی میوەفرۆشیدا بینرا دەستبەجێ دەستی بەسەردا بگرن و لەناوی ببەن.