سیاسی
ئاراستەکان

داواکارییە فەرمییەکانی ئێران بۆ ڕاگرتنی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا چین؟

ئێران بۆ ڕاگرتنی شەڕ و ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا، پێشنیازێکی ١٠ خاڵی پێشکەش کردووە، لەناویاندا داوای پابەندێتیی ئەمریکا بە هێرش نەکردنە سەر ئێران، بەردەوامی کۆنتڕۆڵی ئێران بەسەر گەرووی هورمز و درێژەدان بە پیتاندنی یۆرانیۆم، لەپاڵ کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە هەیە.

 

بەگوێرەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی، پێشنیازییە ١٠ خاڵییەکەی ئێران بۆ ڕێککەوتن و کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئەمریکا لەم خاڵانە پێکهاتووە:

 

  • پابەندبوونی فەرمی ئەمریکا بە هێرش نەکردنە سەر ئێران.
  • بەردەوامبوونی کۆنترۆڵی ئێران بەسەر گەرووی هورمز.
  • ناساندنی مافی ئێران بۆ پیتاندنی یورانیۆم.
  • هەڵگرتنی تەواوی سزا و گوشارە سەرەکییەکانی ئەمریکا.
  • هەڵگرتنی تەواوی سزا و گوشارە لاوەکییەکانی ئەمریکا.
  • کۆتاییهێنان بە هەموو بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئێران.
  • کۆتاییهێنان بە هەموو بڕیارەکانی دەستەی ڕێبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دژی ئێران.
  • پارەدان (قەرەبووکردنەوە) بۆ ئێران.
  • کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
  • ئاگربەست لە هەموو بەرەکان، لەوانەش هێرشەکان دژی “بزووتنەوەی بەرگری ئیسلامی” لە لوبنان.

 

د. سەردار عەزیز توێژەر و شرۆڤەکاری سیاسی، لەبارەی ناوەڕۆکی داواکارییەکانی ئێرانەوە دەڵێ: “بە گشتی داواکانی ئێران دەتوانرێت لە دوو داوای گشتیدا کۆبکرێتەوە، ئەویش ئاسایش و دارایی. ئێران دەیەوێت جارێکی تر هێرش نەکرێتە سەری، هەروەها کار ئاسانی بۆ بکرێت هەتا داهاتی دەست بکەوێت، ئەمەش خۆی لە هەڵگرتنی ئابلۆقەکاندا دەبینێتەوە”.

 

بەگوتەی ئەو: “داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، داوایەکی ڕووکەشە، چونکە ئەو هێزانەی بۆ شەڕەکە هاتوون، گەر شەڕ بوەستێت دەکشێنەوە. داواکاری گۆڕینی گەرووی هورمز لە تەنگەبەرێکی نێودەوڵەتییەوە بۆ تەنگەبەرێکی دەوڵەتی، بە ئاسانی بۆ ئێران نابێت. یەکەم، ئێران بنەمای یاسایی نییە. دووەم، دەبێت وڵاتی عومان بەم داوایە ڕازی بێت. سێیەم، داواکەی ئێران گۆڕانکاری بە سەردا هاتووە، ئێستا بۆ ڕەواییدانی دەیبەستێتەوە بە قەرەبووەوە، ئەمەش مانای وەهایە کاتییە. بەڵام سەرباری ئەمە سەختە”.

 

سەبارەت بەو ئاگربەستە کاتییەی بۆ ماوەی دوو هەفتە لە نێوان لایەنە شەڕکەرەکاندا ڕاگەیەندراوە، د. سەردار عەزیز ئاماژە بە پێنج هۆکار دەکات:

 

“یەکەم: وەک بەشێک لە ئیدارەدانی جەنگەکە، لەم ڕووەوە دەرفەت دەدات بە لایەنەکانی شەڕ هەتا پشوویەک و پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بە پلانەکانیان بکەن و هەنگاوی داهاتوویان دیاری بکەن.

دووەم: پێدانی دەرفەتێک بە بازاڕ و بۆ دەستگەیشتنی زۆر وڵات بە وزە، هەروەها هەرزانبوونی وزە.

سێیەم: لە ڕووی ئیدارەدانی کێڵگەکانی نەوت و گازەوە زۆر گرنگە، هەندێک کێڵگە هەیە گەر بۆ ماوەیەکی زۆر بەرهەمهێنان تیایدا بوەستێ ئەوا هەستانەوەی ئەگەر پەکی نەکەوێت ماوەی زۆر زیاتری دەوێت.

چوارەم: لە ڕووی ئاسایشی خۆراکەوە بۆ دونیا گرنگە.

پێنجەم: بۆ ترەمپ پشوویەکە کاتێک لە ناوەوە فشار زۆر زیاتر دەبوو، بە تایبەتی بە ناو هەوادارانی خۆی”.

 

بە هەڵسەنگاندنی ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە: “ئەمریکا لەم شەڕەدا لە ڕووی پاڵپشتی و چیرۆکەوە هەر لە سەرەتاوە لاوازبوو. ئەوەش دەرئەنجامی دونیابینی ئەم ئیدارەیەیە، کە بڕوای وەهایە ئەمریکا بەهێزە چونکە بەهێزە، ئیتر پێویست بە هیچ شتێکی تر ناکات. لە هەمانکاتدا بڕوانەبوون بە هاوپەیمانی و دروستکردنی هێزی نێودەوڵەتی جگە لە ئیسرائیل. پەیوەندی سەربازی ئەمریکا و ئیسرائیل بە ئاستێک نزیکە بۆ یەکەمجار ئیسرائیل لە سینتۆکم نوێنەری هەیە”.

 

لەبارەی ئێرانیشەوە دەڵێ: “بۆ ئێران خۆگیڤکردنەوە گرنگە، چونکە ئێران زۆر زیاتر لە نەیاری دەرەکی لە خەڵکەکەی دەترسێت. بۆیە پەیمانی سەرەکی ئەوەیە کە من ماوم و دونیا بە سەنگەوە مامەڵەم لەگەڵ دەکات سەرباری هەموو لاوازییەکان. لە هەمانکاتدا زۆر سەختە جگە لە ئاگربەستێک هیچی تر بێت، ئەوەی کە ئێرانییەکان نایەنەوێت.”

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button