
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشنیازی ئێران بۆ ئاگربەستێکی حەوت ڕۆژە و کردنەوەی گەروی هورمز ڕەت کردووەتەوە، پێشنیازێک کە بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکی و ڕاپۆرتی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”، ئامانجی کۆتاییهێنان بە شەڕ و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی گرێدراو بە چەکی ئەتۆمی لەنێوان واشنتن و تاران بوو.
پێشنیازەکەی ئێران لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک پێشکەش کراوە و لە ڕێگەی نێوەندگرانی قەتەرەوە گەیەنراوەتە واشنتن. بەپێی پلانی تاران، ئەگەر ئەمریکا مەرجەکانی ئێران قبوڵ بکات، لە ماوەی حەوت ڕۆژدا گەرووی هورمز دەکرێتەوە و گفتوگۆکان لەسەر ڕێککەوتنێکی فراوانتر دەست پێدەکەن.
عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاندووە کە لە چوارچێوەی ئەو پێشنیازەدا، واشنتن دەبێت گەمارۆی دەریایی لەسەر بەندەرەکانی ئێران هەڵبگرێت، گەمارۆکانی سەر فرۆشتنی نەوتی ئێران کەم بکاتەوە یان هەڵیبگرێت و داراییە بەستراوەکانی ئێران ئازاد بکات. بەپێی ڕوونکردنەوەکانی عەراقچی، پاش جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوانە، گەرووی هورمز لە ڕۆژی شەشەمدا دەکرێتەوە و لە ڕۆژی حەوتەمدا گفتوگۆکان لەسەر ڕێککەوتنێکی کۆتایی دەست پێدەکەن.
بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”، ترەمپ بە نهێنی گومانی هەیە کە تاران بتوانێت مەرجەکانی واشنتن، بە تایبەتی لەبارەی بەرنامەی ناوکییەکەی، جێبەجێ بکات. بەرپرسانی ئەمریکی بە ڕۆژنامەکەیان گوتووە ترەمپ پێی وایە هێرشەکانی ئەمریکا دەتوانرێت دوای هەڵبژاردنە ناوەڕاستییەکانی ئەمریکا لە مانگی نۆڤەمبەر دووبارە دەست پێ بکەن.
لە بەرانبەردا، تاران هێشتا دەڵێت ئامادەی گفتوگۆیە، بەڵام مەرجەکانی خۆی بە گەرووی هورمز و گەمارۆکانەوە پێوەست کردووە. بەرپرسیکی باڵای ئێرانی بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە ئێران لە بەرنامە ناوکییەکەیدا هیچ نەرمییەک نیشان نادات، تەنانەت ئەگەر واشنتن پێشنیازی کردنەوەی گەرووی هورمز قبوڵ بکات.
لە هەمان کاتدا، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران، گوتوویەتی تاران ئامادەی گفتوگۆیە، بەڵام بە گوتەی ئەو، هیچ ڕێککەوتنێک نابێت لەسەر بنەمای فشار و هەڕەشە بێت. ڕۆیتەرز پێشتر بڵاویکردبووەوە کە لایەنەکانی ئەمریکا و ئێران هێشتا لەسەر چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە دوورن، بەڵام هەردوو لایەن جەختیان لە بەردەوامبوونی دیپلۆماسی کردووەتەوە.
ڕەتکردنەوەی پێشنیازەکەی ئێران لە کاتێکدا ڕوودەدات کە گەرووی هورمز بووەتە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ململانێی نێوان واشنتن و تاران. ئێران کردنەوەی گەرووەکەی بە هەنگاوێک لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەی داناوە، لە کاتێکدا ئەمریکا هەڵگرتنی فشار و گەمارۆکان و بەتایبەتی بەرنامەی ناوکیی ئێران بە بەشێک لە مەرجە سەرەکییەکانی خۆی دادەنێت.
تا ئێستا، بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، ئێران چاوەڕێی وەڵامی فەرمیی ئەمریکایە بۆ پێشنیازەکەی، لە کاتێکدا ڕەتکردنەوەکەی ترەمپ لە سەرچاوەکانی ئەمریکی و ڕاپۆرتی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ” گوازراوەتەوە.



