كه‌لتووركۆمه‌ڵایه‌تی
ئاراستەکان

کوردستان و عێراق لە نێوان قەیرانی ئابووری و گۆڕانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا

کۆمەڵگای کوردستان و عێراق لە ساڵانی دواییدا تەنها ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئابووری یان سیاسی نەبووەتەوە، بەڵکو کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە بنەما و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبینرێت کە کاریگەرییان لەسەر گەنجان، خێزان، هاوسەرگیری، تەڵاق، کۆچ، بێکاری و هەستی داهاتووبینیی دانیشتووان هەیە.

 

لەلایەکەوە، گرفتە کۆمەڵایەتییەکانی وەک بێکاری و کەمبوونەوەی دەرفەتی کار، بەتایبەتی بۆ گەنجان و دەرچووانی زانکۆ، فشارێکی گەورە لەسەر تاک و خێزانەکان دروست دەکەن، لە لایەکی دیکەوە، تێچووی ژیان، نائامادەییی بازاڕی کار، کەمبوونەوەی هیوای دامەزراندن و هەوڵدان بۆ کۆچکردن دەتوانن شێوازی پەیوەندیی تاکەکان لەگەڵ خێزان و کۆمەڵگا بگۆڕن.

 

گەنجان؛ لە نێوان بێکاری و دۆخی نێوان خوێندن و کار

گەنجان یەکێکن لەو گرووپانەی زۆرترین فشاری بازاڕی کاری عێراقیان لەسەرە. بەپێی داتای ILO/World Bank، ڕێژەی بێکاریی گەنجانی تەمەن ١٥ تا ٢٤ ساڵ لە عێراق لە ساڵی ٢٠٢٥دا ٣٢٪ بووە. ئەمەش واتە بێکاری لە نێوان گەنجانی چالاکی ئابووری لە ئاستێکی بەرزدا ماوەتەوە.

 

داتای پێشووتر، بەڵام بنەڕەتی، لە Labour Force Surveyی عێراق کە ILO لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەنجامی دا، نیشانی دا کە لەو کاتەدا ڕێژەی بێکاریی گەنجان ٣٥.٨٪ بوو، لە بەرانبەر ١١.٢٪ بۆ گەورەساڵان. هەمان ڕاپۆرت نیشانی دا کە بێکاریی ژنان ٢٨.٢٪ بوو، لە بەرانبەر ١٤.٧٪ بۆ پیاوان.

 

ئەم ژمارانە تەنها واتای نەبوونی کار نییە، بەڵکو کێشەی گواستنەوەی گەنجان لە خوێندن بۆ بازاڕی کار دەخەنەڕوو. ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار لە فێبریوەری ٢٠٢٦دا بە ڕوونی ڕایگەیاند کە بێکاریی گەنجان هێشتا بەرزە و حکومەتی عێراق بە هاوکاری ILO و UNICEF دەستی بە فراوانکردنی پرۆگرامی «گەڕان بەدوای کار» کردووە. ڕێکخراوەکە هەروەها ئاماژەی داوە کە گەنجان نزیکەی ٣٧٪ی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنن.

 

دۆخی گەنجانی هەرێمی کوردستان

لە هەرێمی کوردستانیش، نوێترین داتای فەرمیی دەستەی ئاماری کوردستان ڕێژەی بێکاریی گشتی ١٦.٥٪ نیشان دەدات. ئەم ڕێژەیە لە نێوان ژناندا ٢٩.٦٪ و لە نێوان پیاواندا ١٣.٦٪ بووە. لە پارێزگاکاندا دۆخەکە جیاواز بوو: دهوک ٢٤.١٪، هەولێر ١٧.٧٪، سلێمانی ١٢٪ و هەڵەبجە ١٠.٤٪.

 

بەڵام نیشاندەرێکی گرنگتر بۆ تێگەیشتن لە دۆخی گەنجان، ژمارەی ئەو گەنجانەیە کە نە لە خوێندنن، نە کاریان هەیە و نە لە ڕاهێناندا بەشدارن. بەپێی هەمان ڕاپرسی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ٢٩.٦٪ی گەنجان نە دەخوێنن و نە کاریان هەیە؛ لە هەولێر ٢٨٪، سلێمانی ٢٨.٤٪، دهوک ٣٤٪ و هەڵەبجە ٢٢.٥٪. لە ژناندا دۆخەکە زۆرترە؛ لەسەر ئاستی ژنانی هەرێمی کوردستان ڕێژەکە ٤٠.٥٪ بوو، لە بەرانبەر ١٩.٨٪ بۆ پیاوان.

لەبەر ئەوە، کێشەکە تەنها «بێکاری» نییە، بەڵکو بەشێکی بەرچاو لە گەنجان لە نێوان خوێندن، کار و ڕاهێناندا بەبێ پەیوەندییەکی ڕوون بە بازاڕی کار ماونەتەوە.

 

بێکاری و گۆڕینی بیرکردنەوەی گەنجان لە داهاتوو

کاتێک گەنجێک دوای تەواوکردنی خوێندن کارێکی جێگیر نادۆزێتەوە، کاریگەرییەکە تەنها لەسەر داهاتی تاک نییە. دەشێت بگاتە بڕیاری هاوسەرگیری، سەقامگیریی ژیان، بەشداریی کۆمەڵایەتی و تەنانەت بڕیاری کۆچکردن.

ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆص لە توێژینەوەیەکی پەیوەندیدار بە کۆچکردن بۆ دەرەوەی عێراق نیشانی داوە کە لە نێوان ئەو کەسانەی کە بە هێزی کۆچکەر هەژمار کراون، نزیکەی ٢٩٪ بێکار بوون و لە نێوان ئەوانەی چالاکی ئابوورییان هەبوو، زۆربەیان لە کارە نائاسایی و ناپایدارەکاندا بوون، لەوانە ٢١٪ کارە ڕۆژانەییەکانیان دەکرد. هەمان توێژینەوە باسی پەیوەندیی نێوان فشارە ئابوورییەکان، کەشوهەوا، ناڕەزاییی ژیان و بیرکردنەوە لە کۆچ دەکات.

 

بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق لە ساڵی ٢٠٢٥دا یەکەمین پلانی نیشتمانیی خۆی بۆ کۆچی سەلامەت، ڕێکخراو و یاسایی دەستپێکرد. UN/IOM دەڵێن نزیکەی دوو ملیۆن عێراقی لە دەرەوەی وڵات دەژین و هەزاران کەسی دیکەش لە بیرکردنەوەی کۆچکردندان.

 

لە ٢٠٢٤دا، IOM  داتا و ڕوونکردنەوەیەکی نوێی بڵاوکردووەتەوە کە نیشان دەدات کۆچی عێراقییەکان پەیوەندییەکی تێکەڵاوەی هەیە بە ئابووری، ئاسایش و فشارە ژینگەییەکان، واتە نابێت کۆچکردن تەنها بە ئەنجامی بێکاری یان تەنها بە ئەنجامی قەیرانی سیاسی بزانرێت.

 

هاوسەرگیری؛ قۆناغێک لە نێوان ئابووری و گۆڕانی کۆمەڵایەتی

فشارە ئابوورییەکان لە کاتی بڕیاردان بۆ هاوسەرگیریدا ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن. تێچووی خانووبەرە، نرخی ژیان، کار و داهاتی جێگیر، لەگەڵ گۆڕانی چاوەڕوانییەکانی گەنجان لە ژیانی هاوسەری، هەموویان کاریگەرییان لەسەر ئەم بڕیارە هەیە.

 

لە عێراق، لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٥دا ١٧١,٨٤٦ گرێبەستی هاوسەرگیری تۆمار کرا، لەگەڵ ٣٤,٥٢٢ حاڵەتی جیابوونەوە؛ هەردوو ژمارەکە تەنها بۆ دادگاکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن.

 

ئەم ژمارانە نابێت بە مانای ئەوە لێک بدرێنەوە کە «یەک لە هەر پێنج هاوسەرگیرییەک بە جیابوونەوە کۆتایی دێت»، چونکە گرێبەستی هاوسەرگیری و جیابوونەوەی تۆمارکراو لە هەمان ساڵ لەسەر هەمان کۆمەڵە خێزانەکان نین. بەڵام بەراوردکردنی قەبارەی هەردوو دیاردە نیشان دەدات کە جیابوونەوە لە کۆمەڵگای عێراقدا بووەتە دیاردەیەکی بەربڵاو.

 

جیابوونەوە؛ گۆڕانێکی بەرچاو لە پەیوەندیی خێزانی

داتا نوێکان بۆ هەرێمی کوردستان وێنەیەکی زۆر ڕوونتر پیشان دەدەن. بەپێی ئاماری فەرمیی دادگاکانی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ٢٠٢٥دا ٦١,٣٢٨ گرێبەستی هاوسەرگیری تۆمار کراوە، لە بەرامبەر ١٥,٨٢٦ حاڵەتی جیابوونەوە. لە ٢٠٢٤دا ئەم دوو ژمارەیە بە ڕیزبەندی ٥١,٠١٨ هاوسەرگیری و ١٢,٣٨٤ جیابوونەوە بوون. بەم پێیە، لە یەک ساڵدا ژمارەی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری نزیکەی ٢٠٪ زیاد بووە، لە کاتێکدا جیابوونەوە نزیکەی ٢٨٪ زیاد بووە.

 

بە شێوەیەکی سادە، ئەگەر ژمارەی جیابوونەوەی ٢٠٢٥ بە ژمارەی هاوسەرگیریی هەمان ساڵ بەراورد بکرێت، دەبینین بەرانبەر بە هەر ١٠٠ گرێبەستی هاوسەرگیری نزیکەی ٢٦ حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە، بەڵام ئەمە ڕێژەی جیابوونەوەی هەمان ئەو هاوسەرگیرییانە نییە کە لەو ساڵەدا ئەنجامدراون، تەنها بەراوردێکی ژمارەیی لە تۆمارەکانی هەمان ساڵە.

 

جیاوازییەکانی ناو هەرێم

داتاکە لە نێوان پارێزگاکانی هەرێمدا جیاوازییەکی بەرچاو پیشان دەدات:

پارێزگا هاوسەرگیری ٢٠٢٤ هاوسەرگیری ٢٠٢٥ جیابوونەوە ٢٠٢٤ جیابوونەوە ٢٠٢٥
هەولێر ١٧,٥٩١ ١٩,٦٢٠ ٣,٨٧٨ ٧,١١٣
سلێمانی ١٨,٥٢٢ ٢٥,٦٨٧ ٥,٧٤٥ ٥,٣٦٩
دهوک ١٢,١٩٩ ١٢,٩٥٥ ٢,٠٣٣ ٢,٣٥٤
گەرمیان ٢,٧٠٦ ٣,٠٦٦ ٧٢٨ ٩٩٠
کۆی گشتی ٥١,٠١٨ ٦١,٣٢٨ ١٢,٣٨٤ ١٥,٨٢٦

بەم پێیە، هەولێر لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەرزبوونەوەیەکی زۆر بەرچاوی جیابوونەوەی تۆمار کردووە؛ ژمارەکە لە ٣,٨٧٨ەوە بۆ ٧,١١٣ بەرز بووەتەوە. لە سلێمانی بە پێچەوانەوە، جیابوونەوە لە ٥,٧٤٥ەوە بۆ ٥,٣٦٩ کەم بووەتەوە. دهوک و گەرمیانیش بەرزبوونەوەیان تۆمار کردووە.

هەمان داتا نیشان دەدات کە لە ٢٠٢٥دا ١٠٧ ڕێگەپێدان بۆ هاوسەرگیریی دووەم تۆمار کراوە؛ ٤٢ لە هەولێر، ٣٩ لە سلێمانی و ٢٦ لە دهوک.

 

ئایا جیابوونەوە تەنها کێشەیەکی خێزانییە؟

داتا و ڕاگەیاندنەکانی ناوخۆی هەرێم ئاماژە بە کۆمەڵێک هۆکاری پەیوەندیدار بە گۆڕانی ژیانی خێزان دەکەن. لە راپۆرتێکدا کە ئاماری توندوتیژی دژی ژنان لە ٢٠٢٤ی هەرێمی کوردستانی تێدایە، «نەگونجانی هاوسەران» یەکێک لە هۆکارە باوەکانی تۆمارکراوی جیابوونەوە بووە، لەگەڵ هۆکارگەلێکی وەک ناپاکی، نەبوونی خانووی سەربەخۆ و جیاوازیی تەمەن.

 

لە دهوکیش، لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٥دا ٥٢٦ حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە، لە بەرانبەر ٣٥٦ حاڵەت لە هەمان ماوەی ساڵی پێشوو. بەرپرسی ئۆفیسی مافی مرۆڤ لە دهوک هۆکارەکانی بە فشارە ئابوورییەکان، دواکەوتنی مووچە، بەکارهێنانی نادروستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک هۆکاری کۆمەڵایەتیی دیکەوە بەستووەتەوە.

 

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانی پەیوەندییەکان

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی خێزان و گەنجانی عێراق و کوردستانیان گۆڕیوە. ئەم گۆڕانە دوو لایەن هەیە: لە  لایەکەوە پەیوەندی و دەستگەیشتن بە زانیاری و تۆڕی کۆمەڵایەتی فراوانتر دەکات؛ لە لایەکی دیکەوە، بەکارهێنانی نادروست، دەستدرێژیی دیجیتاڵی و کێشەی نهێنییەکان دەتوانن فشار لەسەر پەیوەندییە کەسی و خێزانییەکان زیاد بکەن.

 

بەگوێرەی ئامارێکی فەرمی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتژی خێزانی لە ٢٠٢٤ لە هەرێمی کوردستان، ١٣,٠١٧ حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان تۆمار کراوە. لە نێوان ئەم حاڵەتانەدا ٢٢٦ سکاڵای پەیوەندیدار بە توندوتیژیی سایبەری تۆمار کراوە، لەوانە ٧٠ حاڵەت پەیوەندیدار بە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ٥٧ حاڵەت پەیوەندیدار بە هەڕەشەکردن بە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی کەسی.

 

ئەم ژمارانە بەڵگەیەک نین کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خۆیان هۆکاری سەرەکیی توندوتیژی یان جیابوونەوەن، بەڵکو نیشانی دەدەن کە تۆڕی دیجیتاڵ بووەتە بەشێک لە ژینگەی نوێی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کێشە کۆمەڵایەتییە کۆنەکانیش دەتوانن لەم ژینگەیەدا شێوەی نوێ وەربگرن.

 

خێزان هێشتا ناوەندییە؛ بەڵام پەیوەندییەکان دەگۆڕێن

لەگەڵ هەموو ئەو گۆڕانکارییانەدا، خێزان هێشتا ڕۆڵێکی سەرەکی لە ژیانی گەنجانی عێراقدا هەیە. توێژینەوەی British Council لەسەر نەوەی نوێی عێراق نیشانی داوە کە ٦٦٪ی بەشداربووان خێزان بە فاکتەری گرنگی سەرکەوتن و خۆشبەختیی کەسییان داناوە و ٦٣٪یان گوتوویانە خێزان گەورەترین کاریگەریی لەسەر بۆچوونەکانیان هەیە؛ هەروەها ٧٣٪ خێزانەکانیان بە متمانەپێکراوترین سەرچاوەی زانیاری داناوە.

 

بەم پێیە، گۆڕانی خێزان لە عێراق و کوردستان بە مانای لەناوچوونی ڕۆڵی خێزان نییە، بەڵکو دەتوانرێت وەک گۆڕانی شێوازی پەیوەندی نێوان تاک و خێزان بخوێندرێتەوە. گەنج هێشتا پشت بە خێزان دەبەستێت، بەڵام لە هەمان کاتدا چاوەڕوانییەکانی لە کار، سەربەخۆیی، هاوسەرگیری، ژیانی کەسی و داهاتوو گۆڕاون.

 

فشاری ئابووری و خێزان

دۆخی ئابووریی خێزانەکان لەگەڵ کێشەی بێکاریی گەنجاندا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە. بەپێی ڕاپۆرتی هەژاری و نایەکسانی و بانکی جیهانی بۆ عێراق، ڕێژەی هەژاریی نیشتمانی لە ٢٠٢٣/٢٤دا ١٧.٥٪ بوو؛ بەڵام جیاوازیی ناوچەیی زۆرە: لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی هەژاری ٨.٦٪، لە بەغدا ١٣.٥٪ و لە باقی پارێزگا فیدراڵییەکان ٢١.٥٪ بووە. هەمان ڕاپۆرت دەڵێت بەشداریی هێزی کار لە عێراق تەنها ٣٨٪ بووە و بۆ ژنان ١٣.٦٪.

 

ئەم جیاوازییە نیشانی دەدات کە کێشەکە تەنها «بێکاری» نییە، بەڵکو پەیوەندیدارە بە دەستگەیشتن بە داهات، بەشداریی ئابووری، جۆری کار، سەربەخۆییی دارایی و توانای خێزان بۆ دامەزراندنی ژیانێکی جێگیر.

 

کۆچی ژینگەیی و ئابووری؛ فشارێکی نوێ لەسەر شارەکان

لەگەڵ کۆچی ئابووری و سیاسی، جۆرێکی دیکەی کۆچیش لە عێراقدا بەرەو فراوانبوونەوەیە: کۆچی پەیوەندیدار بە ژینگە.

ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ لە داتاکانی ٢٠٢٥دا ئاماژە دەکات کە کۆچی عێراقییەکان لەم سەردەمەدا لە تێکەڵبوونی وشکەساڵی، بەبیابانبوون، سوێربوونی ئاو و گۆڕانی بارانبارین لەگەڵ فشارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان دروست دەبێت.

 

ئەم جۆرە کۆچە کاریگەرییەکی دوو لایەنەی هەیە: ناوچەکانی سەرچاوە دانیشتووان لەدەست دەدەن، لە کاتێکدا شارەکانی مەبەست ڕووبەڕووی فشار لەسەر خانووبەرە، بازاڕی کار، قوتابخانە، نەخۆشخانە و ژێرخانی خزمەتگوزاری دەبن.

 

بۆ هەرێمی کوردستان ئەمە گرنگترە، چونکە هەرێم لە هەمان کاتدا ناوچەیەکی دانیشتووی زۆر و مەبەستی کۆچکردنی ناوخۆیی و هەندێک جۆری کۆچی ژینگەییە.

 

شارنشینی و گۆڕانی شێوازی ژیان

سەرژمێری ٢٠٢٤ی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بە ٦,٥١٩,١٢٩ کەس داناوە؛ لەوانە ٥,٥١٣,٢٧٦ کەس لە شارەکان و تەنها ١,٠٠٥,٨٥٣ کەس لە گوندەکان دەژین. واتە نزیکەی ٨٥٪ی دانیشتووان لە ناوچە شارنشینەکانن.

 

ئەم داتایە بۆ خوێندنەوەی گۆڕانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان گرنگە. چونکە گەشەی شارنشینی تەنها گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوون نییە؛ شێوازی کار، پەیوەندیی دراوسێیی، پەیوەندیی خێزانی، جۆری کات بەسەربردن و شێوازی بەشداریی کۆمەڵایەتی دەگۆڕێت.

 

ناسەقامگیریی کۆمەڵایەتی؛ لە کێشەی تاکەکەسییەوە بۆ کێشەی گشتی

کۆی ئەم داتایانە وێنەی کۆمەڵگایەک پیشان دەدەن کە لەگەڵ چەند فشارێکی هاوکاتدا دەژی: بێکاریی گەنجان، بەشداریی کەمی ژنان لە بازاڕی کار، گرانبوونی ژیان، کۆچ، گۆڕانی شێوازی خێزان، زیادبوونی تەڵاق، فشارە ژینگەییەکان و گۆڕانی خێرای ژیانی دیجیتاڵ.

 

بەڵام پێویستە لە لێکدانەوەدا هۆکاری یەکەمی هەموو ئەم دیاردانە بە یەک فاکتەرەوە نەبەسترێتەوە. بۆ نموونە، زیادبوونی جیابوونەوە بە تەنیا بە «قەیرانی ئابووری» یان «سۆشیاڵ میدیا» ڕوون ناکرێتەوە، لە هەمان کاتدا کۆچکردنی گەنجانیش تەنها بە بێکاری ڕوون ناکرێتەوە. داتا و توێژینەوەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ نیشانی دەدەن کە کۆمەڵێک فاکتەری ئابووری، ئاسایشی، کۆمەڵایەتی و ژینگەیی بە یەکەوە کاریگەرییان هەیە.

 

لە لایەکی دیکەوە، توێژینەوەیەکی نوێی  ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ و هاوبەشە ئەکادیمییەکانی لە ساڵی ٢٠٢٦دا، کە پشتی بە زیاتر لە ٦,٠٠٠ نموونەی ڕاپرسی لە کۆمەڵگا زیانلێکەوتووەکانی ئەنبار، دیالە، سەلاحەدین و نەینەوا بەستووە، نیشانی داوە کە هەژاری و بێکاری بەربڵاون، لە هەمان کاتدا، کاتێک ئەندامانی خێزان کار دەکەن، ئاستی هەستی کێبڕکێ و ناڕەزایی کەمتر و متمانەی نێوان کەسان و بەشداریی کۆمەڵایەتی زیاتر دەبێت.

 

ئەم خاڵەیش گرنگە، چونکە نیشاندەری ئەوەیە کار تەنها سەرچاوەیەکی داهات نییە، بەڵکو فاکتەرێکی پەیوەندیدار بە متمانە، بەشداری و یەکگرتووییی کۆمەڵایەتییە.

 

کۆمەڵگایەک لە قۆناغی گواستنەوەدا

داتاکانی ساڵانی ٢٠٢٤–٢٠٢٦، وێنەی کۆمەڵگایەکی کوردی و عێراقی پیشان دەدەن کە لە قۆناغی گواستنەوەدایە. خێزان هێشتا گرنگترین دامەزراوەی پشتیوانییە، بەڵام شێوازی پەیوەندییەکانی دەگۆڕێت، گەنجان هێشتا بە خێزانەوە پێوەستن، بەڵام چاوەڕوانییەکانیان لە کار و ژیانی سەربەخۆ گۆڕاوە، هاوسەرگیری بەردەوامە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا ژمارەی جیابوونەوەیش بەرزە. شارنشینی خێراتر دەبێت و کۆچ پەیوەندیی نێوان ناوچەکان و شارەکان دەگۆڕێت.

 

لە هەمان کاتدا، قەیرانی ئابووری بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەچێتە ناو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە. بێکاریی گەنجان دەشێت دواخستنی دامەزراندنی خێزان و زیادبوونی بیرکردنەوە لە کۆچ بەدوای خۆیدا بێنێت، کەمبوونی داهاتی جێگیر دەشێت فشار لەسەر خێزان زیاد بکات و گۆڕانی شێوازی ژیان و تۆڕە دیجیتاڵەکانیش پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەرەو شێوەیەکی نوێ دەبات.

 

بۆیە، کێشەی کۆمەڵایەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان پرۆسەیەکی فرەوانە: گۆڕانی بنەماکانی ژیان، کار، خێزان، کۆچ و پەیوەندیی نێوان تاک و کۆمەڵگا. ئەم گۆڕانکارییەش لە ساڵانی داهاتوودا بە شێوەیەکی زۆر لەسەر داهاتووی کۆمەڵگای عێراق و هەرێمی کوردستان کاریگەری دەبێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button