سیاسی
ئاراستەکان

بارزانی: پێشمەرگە ئامادەی بەرگری و پاراستنی سەقامگیریی کوردستانە

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پەیامێکدا بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، جەختی لە بەردەوامبوونی هەماهەنگیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە و مەترسییە ئەمنییەکان کردەوە.

 

بارزانی لە پەیامەکەیدا، کە ڕۆژی ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بە کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان کرد و گوتی ئەم هێزانە لە ماوەی مانەوەیاندا لە شەڕی دژی تیرۆر و گەڕاندنەوە و بەهێزکردنی سەقامگیری لە عێراقدا پشتیوانیی هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگەیان کردووە.

 

ئەو هەروەها سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونی هێزەکانی هاوپەیمانانی کرد و ڕۆڵیان لە تێکشکاندنی داعش و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ عێراقی بە «جێگەی پێزانین و ڕێزگرتن» وەسف کرد. بارزانی پێی وایە دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان، ئەمە دەبێتە ئەرکی حکوومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کە بەپێی هەلومەرج و بۆ پاراستنی سەقامگیری، ڕێککەوتنی دووقۆڵی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان بکەن.

 

بارزانی، هەروەها بە ئاماژەدان بە ئەو نیگەرانییەی سەبارەت بە دۆخی هەرێم دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان هەیە، خەڵکی کوردستانی دڵنیا کردەوە کە هەماهەنگییەکی زۆر باش لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە هەڕەشە و مەترسییەک.

 

بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی لە بەردەوامبوونی هێزی پێشمەرگە کردەوە و گوتی پێشمەرگە بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ هێزەکانی عێراقی فیدڕاڵ، ئامادەی بەرگری، پاراستنی سەقامگیری و بەرپەرچدانەوەی هەموو جۆرە هەڕەشە و مەترسییەکە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button