Site icon Zed Press

دوانەی گەنج و زانکۆ؛ دابڕان یان داهێنان

لەم ڕۆژانە باسوخواسێکی زۆر لەبارەی لاوان یان گەنجەوە کرا، گەنج چییە! گەنج کێیە! گەنج وەک سەبجێکت، گەنج وەک ئۆبجێکت و ئەویتر! بەڵام هەرگیز باس لە گەنج وەک ئاکتۆرێکی کۆمەڵایەتی کە لەناو سیستمێکدا دەژیت بە بەهاکان، نەریت، ململانێ و ڕێسا کۆمەڵایەتییەکان پەرژینکراوە و دەورەدراوە نەکرا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

سەرەتا دەبێت لەو ڕاستییە سادەیەوە دەستپێبکەین کە پێداویستی گەنج بەتەنها ماددی <خواردن، خواردنەوە، خانەی نیشتەجێبوون و جلوبەرگ> نییە. گەنج بەدوای پێداویستییە واتایی/مەعنەوییەکانیشی وێڵە و بەردەوام بەدوایدا دەگەڕێت. دەکرێت ئێمە وێنەکە لە هەردوو چەمکی <ژیانی گەنجانە و گەنجێتی> کورت بکەینەوە. گەنجان پێویستییان بە پێداگۆگی، پەروەردە بەمانا یۆنانییەکەی <پایدیا>، فکر و گەشەپێدان و بەرزکردنەوەی تواناکانە. لێرەوە گەنج بە زانکۆ، بواری توێژینەوە و پارادایمێکی نوێی بیرکردنەوە دەبەستینەوە.

 

زانکۆ بە‌رزترین دامەزراوەی مۆدێرنەیە کە کار لەسەر گەنج و تویژێنەوە Research دەکات. توێژینەوە، ڕامان و بیرکردنەوەی فەلسەفییانە ڕۆحی داهێنان و نوێگەری و مۆدێرنەیە کە گەنجان وەک کێڵگەی کار دەتوانن گەنجبوونی خۆیانی تێدا تاقی بکەنەوە و شەرعیەت و بەها هەم بە زانکۆ وەک دەزگایەکی کراوە ببەخشن و هەمیش بەها و شێوە بە گەنجبوونی خۆیان بدەنەوە. بەڵام پرسیاری سەرەکی کارنەکردنی توێژینەوە و زانکۆیە بەتایبەت کاتێک توێژینەوە نابێت بە کولتور و فەرهەنگێکی باو و گشتگیری کۆمەڵگە و بنەمای حکومڕانی. دەکرێت لەڕێگەی چەند هەوڵ و تێکۆشانێکەوە دوانەی گەنج و توێژینەوە بکەین بە هاوڕێ و دوانەیەکی هەمیشە بەیەکەوەبوو:

 

یەکەم: دەستکاریکردن و گواستنەوەی حکومڕانی و سەرکردایەتی Governance and Leadership لە زانکۆدا بۆ گەنجان. حکومڕانی بەمانای چۆنیەتی نەخشەکێشانی بڕیارەکان، سیاسەت، بیرکردنەوەکان، تێگەیشتنەکان و دواتریش دروستکردنی بڕیار لەڕێگەی گەنجانەوە. بەکورتی بیناکردنەوەی زانکۆ بەدەستی گەنجانەوە بەجۆرێک کە گەنج و کۆمەڵگە و هەمووان تێیدا سوودمەندوو و براوە بن Win-Win situation

 

-بۆئەوەی گەنجان ببن بە چەقی توێژینەوە، دەبێت فەرهەنگی توێژینەوە دەستبەکار و ئامادەبێت. دواتریش هەوڵی دەزگایی بدرێت بۆ گەیشتن بە کۆمەك و بەخشین بۆ ئەنجامدان و بەردەوامبوونی توێژینەوە و گەشەپێدان و بەرهەمهێنانی فکر نەک تەکنیک و مرۆڤی تەکنیکی. دەبێت وانەیەکی تایبەت بە نوسین و شێوازەکانی ئامادەکردنی پڕۆپۆزەڵی کۆمەک Writing of proposal لەسەرەتای ژیانی زانکۆدا بخوێندرێت بۆ ئەوەی زانکۆ لەڕێگەی سەرچاوەی دارایی دەرەکی و ناوخۆییەوە مەعریفە بەرهەمبهێنێت و پارێزگاری و بەرگری لە ستاتۆی سەربەخۆییانەی خۆی و توێژینەوەکانی بکات.

 

دووەم: وانەیەکی تایبەت لە قۆناغی یەکەم جێگریبکرێت تایبەت بە بەڕێوەبردنی پڕۆژە، پەیوەندیکردن بە خانە جیهانییەکان و چۆنیەتی کردنەوەی پڕۆژەکانی توێژینەوە و بەدواداچوون و داخستن و گەیشتن بە دەرەنجامەکان وەک بەشێک لە بنیاتنانی تواناکان Capacity Building ی قوتابیان و گەنجان. بەدەستهێنانی کارامەیی نوسین کە لەدنیای ئێستا و لە کارامەییەکانی سەدەی ٢١دا بایەخێکی گەورە و نەبڕاوەی هەیە.

 

سێیەم: کۆمپانیا، ناوەندەکانی توێژینەوە، میدیاکان، سەرمایەدارەکان، ڕێکخراوە ناوخۆییە خاوەن سەرچاوەکان و طێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش لە هەرێمی کوردستان هانبدرێن بۆ طاگەیاندنی کۆمەك و بەخشین بۆئەوەی کێبڕکێ بێتەکایەوە و گەنجان و قوتابیان و زانکۆش هانبدرێت بۆ بیرکردنەوە، بەفەرهەنگکردنی توێژینەوە و بەشداری زانکۆ لە مەعریفە و گەشەپێدانی کۆمەڵگەیی و حکومڕانی لەسەر بنەمای توێژینەوەی گەنجانەوە. بەکارهێنانی گەنجان وەک بکەرێکی مەعریفی-بیرکەرەوە و وزە نەبڕاوەکانی، سیاسەت، یاسادانان، بڕیاردان و حکومڕانی لە دۆخێکەوە بەخێرایی دەگوازێتەوە بۆ دۆخێکی تر.

Exit mobile version