شرۆڤه‌
ئاراستەکان

دەوڵەت لە سەردەمی کۆڕۆنا

 

لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠١٩، ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە شاری ووهانی چین بەرەو جیهان تەشەنەی کرد. ئەم پەتایە توانی توانایی مرۆیی، ئابووریی، سیاسی و کۆمەڵایەتی بخاتە مەترسییەوە و وەرچەرخانی گەورە و فرەڕەهەند لە سیستەمی نێودەوڵەتی، هەرێمایەتی و ناوخۆیی وڵاتاندا دروست بکات.

 

سیستەمی حوکمڕانی

پەتای کۆڕۆنا ڕاستەوخۆ شێوازی حوکمڕانی وڵاتان و مەشروعییەتی حکوومەت دەخاتە ژێر پرسیارەوە. واتە خەڵک بە پلەی یەکەم تەرکیز لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە ئایا حکوومەتەکەیان توانی وەکو پێویست بەرەنگاری کۆڕۆنا ببێتەوە؟ ئایا بودجەی وڵات وەک پێویست بەسەر کەرتەکەکاندا دابەش دەکرێت و ئایا لەمەوبەدوا پێویستە بودجەی زۆرتر بۆ کەرتی تەندروستی دابین بکرێت یاخود نا؟

کەواتە لە ئاستی ناوخۆی وڵاتان و تەنانەت لە ئاستی جیهانیشدا گوشار بۆ باشترکردنی کەرتی تەندروستی و ڕەچاوکردنی زۆرتری دادپەروەری لە دابەشکردنی داهات سەرهەڵدەدات. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٥/٣/٢٠٢٠، بڕی دوو ملیار دۆلاری بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی هەژار بۆ بەرەنگاربوونەوی کۆڕۆنا تەرخان کرد، ئەوەی کە لە بڵاوکراوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتبوو بریتیبوو لەوەی کە کۆڕۆنا ڤایرۆس مەترسی بۆ سەر مرۆڤایەتی لە ئاستی جیهاندا دروستکردووە(١). ئەوەی کە لێرەدا جێگەی سەرنجە، ڕاستە کە وڵاتان ڕێکارەکانی خۆپارێزییان گرتەبەر، بەڵام هاوکات کۆڕۆنا هەموو وڵاتانی پێکەوەگرێدا و ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە نەخۆشییە گوازراوەکان توانای وەستاندنی گشت سیستەمی جیهانییان هەیە و چیتر وڵاتە پێشکەوتوو و دەوڵەمەندەکان ناتوانن وڵاتە هەژارەکان پشتگوێ بخەن، یاخود پشتیوانی لە هەر جۆرە سیستەمێکی سیاسیی و حوکمڕانی بکەن. لەمبارەوە یوڤال نوح هاراری دەڵێت ”لەم چرکەساتە قەیراناوییە، جەنگی سەرەکی لە نێوان خودی مرۆڤەکاندایە، و ئەم پەتایە وا دەکات کە ئاستی نایەکگرتوویی و  بێمتمانەیی لە نێوان مرۆڤەکاندا زۆربێت”(٢). هەربۆیەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایە، یۆڤال داوای هاوکاریی جیهانی دەکات. هاوکات گوردون بڕاون کە لە ساڵانی نێوان ٢٠٠٧-٢٠١٠، سەرۆککوەزیرانی بەریتانیا بوو لە گوتاریک کە لە ڕۆژنامەی گاردیەن بڵاوبوویەوە، ئاماژە بە هەڵەی دەوڵەتان دەدات و دەڵێت کە کێشە جیهانییەکان پێویستیان بە چارەسەری جیهانی هەیە، نەک چارەسەرێک لەسەر ئاستی وڵاتان. بە بڕوای بڕوان، سیاسەتی جیهانی لە دوای ساڵی ٢٠٠٩ کە زۆرتر جەختی لەسەر سنورە نەتەوەییەکان دەکردەوە، وایکردووە کە جیهان نەتوانێت بە یەکدەست ڕووبەڕووی قەیرانەکان ببێتەوە و جۆرێک لە نامتمانەیی سەریهەڵداوە و لوتکەی ئەم نامتمانەییەش بەسەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، شاردنەوەی زانیارییەکان لەلایەن وڵاتان و چۆنییەتی چارەسەری پەتاکە بە جیا لەلایەن دەوڵەتانەوە دەبینرێت(٣).

 

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٥/٣/٢٠٢٠، بڕی دوو ملیار دۆلاری بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی هەژار بۆ بەرەنگاربوونەوی کۆڕۆنا تەرخان کرد

 

ئەوەی کە گرنگە بە پێچەوانەی بۆچوونە باوەکانی قوتابخانەی لیبرالیزم کە گوایە ڕۆڵی دەوڵەت لە پانتایی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا کەم دەبێتەوە، ئەوە سەلمێنراوە کە لە سەردەمی قەیرانەکاندا، ڕۆڵی دەوڵەت بەرزتر دەبێتەوە و دەبێتە ئەکتەری سەرەکی سیاسەتکردن و پانتای دەسەڵاتەکانیشی زیاد دەبێت. کۆمەڵێک چالاکی کە دەوڵەت/حکوومەت لە ماوەی کۆڕۆنا ئەنجامیدا جێگەی سەرنجن، بۆ نموونە دۆناڵد ترامپ فەرمان بە جێنێرال مۆتۆرز دەکات کە کارەکانی بوەستێنێت و ئامێری هەناسەدانی دەستکرد بۆ نەخۆشخانەکان بەرهەم بهێنێت.

 

دەوڵەت: ئەکتەری سەرەکی

لە دوای جەنگی دووەمیی جیهانیی، ئابووری سەرمایەداریی لیبراڵ توانی لە ڕێگەی ڕێکار و ڕێکخراوە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکانی وەک بریتوون وودز، بانکی جیهانی، سندووقی نێودەوڵەتی دراو، هێدی هێدی ببێتە ئابووری باڵادەست لە ئاستی جیهاندا. ئەم ڕێکار و ڕێکخراوانە ڕێگەیان بۆ هاتوچۆی تا ڕادەیەک ئازادانەی دراو، سەرمایەگوزاریی و سەرهەڵدانی کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان خۆش کرد. لە توێژینەوەکانی گەشەسەندنی سیاسیی بیرۆکەیەک باو بوو، کە گوایە گەشەی ئابووریی ڕێگە بۆ ئازادی تاکەکەسی و فەراهەمکردنی خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان خۆش دەکات.

لە ڕوانگەی ئەم قوتابخانەیە و هاوبیرە لیبراڵیزمەکانیان، میکانیزمەکانی بازاڕی ئازاد ڕێگەی گەیشتن بە ئازادی مەدەنی، ئازادی سیاسی و خۆشگوزارەنین. هەم لەم ڕوانگەیەشەوە داوا دەکرا کە دەسەڵاتی دەوڵەت/حکوومەت لە کاروباری بازاڕدا کەم ببێتەوە، بەو بیانووەی کە میکانیزمەکانی خواست و خستنەڕووی بازاڕ دەتوانێت بەپێی بۆچوونەکەی دەستی شاراوەی ئادام سمیس خۆی ڕێکبخاتەوە. ئەم ڕوانگەیە ‌هێدی هێدی بووە هۆی ئەوەی کە وەها هەژمار بکرێت چیتر دەوڵەت ئەکتەری سەرەکی گۆڕەپانی نێودەوڵەتی نییە، بەڵکو کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان، هەرێمە نیمچە سەربەخۆکان و تەنانەت ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان ڕۆڵێکی سەرەکی لە کایەی سیاسەت و سیستەمی نێودەوڵەتیدا دەگێڕن. بە هاتنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەرەبەرە ڕەخنەکان لە قوتابخانەی لیبراڵیزم سەریانهەڵدا، بە تایبەتیش لە ڕوانگەی قوتابخانەی ریالیزمەوە کە دەوڵەت بە ئەکتەری سەرەکی هەژمار دەکات. لیبراڵیزمی ئابووری لەو بڕوایەدا بوو کە بە کۆنترۆڵکردنی بازاڕ، ڕۆڵی دەوڵەت کەم دەبێتەوە. بەڵام ئەوەی کە گرنگە کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ نییە، بەڵکوو گرنگ ڕێکخستنە، بازاڕ ناتوانێ خۆی ڕێکبخاتەوە، بەڵکوو ئەوە هەمیشە دەوڵەت بووە، کە لە ڕێگەی دەرکردنی یاسا و بڕیارەکانەوە، ڕێکاری پێویستی بۆ ڕێکخستنەوەی بازاڕ دەرکردووە. کەواتە ڕێکخستن گرنگترە لە کۆنتڕۆڵکردن. کۆنتڕۆڵکردن جیاوازە لە قۆڕغکردن. ئەگەرچی دەکرێ کۆنتڕۆڵکردن دواجار بگاتە ئاستی قۆڕغکردن.

 

بازاڕ ناتوانێ خۆی ڕێکبخاتەوە، بەڵکوو ئەوە هەمیشە دەوڵەت بووە، کە لە ڕێگەی دەرکردنی یاسا و بڕیارەکانەوە، ڕێکاری پێویستی بۆ ڕێکخستنەوەی بازاڕ دەرکردووە

 

ڕێکخستنی بازاڕ زۆرتر لە کاتە ئاساییەکاندایە. بەڵام لە کاتی نائاساییدا دەوڵەت هەم کۆنتڕۆڵ و هەمیش ڕێکخستن لە دەست دەگرێت. باشترین نموونە، بۆ ئەم دوو ئەرکەی دەوڵەت، بڕیارەکەی ترامپ بوو لەبارەی کاراکردنەوەی یاسای بەرگری لە بەرهەمهێنان (defense production act)؛ بەپێی ئەم یاسایە حکوومەتی ئەمریکا مافی ئەوەی هەیە، کە لە دۆخی هەستیار و لەناکاوەکاندا کە ئاسایشیی نەتەوەیی دەکەوێتە مەترسییەوە، ڕێگە لە هەناردەکردنی کاڵا ئەمریکییەکان بۆ دەرەوە بگرێت و هاوکات فەرمان بە کۆمپانیا تایبەتەکانیش بکات کە چ جۆرە کاڵایەک بەهەرمبهێنن.

سێ کەرتی مەدەنی هەرە گەورە کە ڕێکخستنەکانیان بە دەست حکوومەتەکان بوون، بریتیبوونە لە کەرتی تەندروستی، پەروەردە و یاساکانی خانەنشینی و هەژاری. هەر ئەم سێ کەرتەش وایکرد کە لە دوای سەرهەڵدانی کۆڕۆنا دەوڵەت سەرلەنوێ بە هەموو هێزەوە، بێتەوە ناو گۆڕەپانی کۆمەڵایەتییەوە. ئەویش لە پێناو پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندیی کۆمەڵایەتی. هاتنەوەی دەوڵەت بۆ ناو گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی، بووە هۆی سەرهەڵدانەی هاوکێشەی پەیوەندیی نێوان ماف و ئازادییە مەدەنییەکان و پاراستنی تەندروستی گشتی.

ئەوەی کە دەرکەوت بریتی بوو لەوەی کە لە کاتی قەیراندا پاراستنی سەلامەتی گشتی لە سەرووی ئازادی و مافە مەدەنییەکان دێت. ئەمەش سەرلەنوێ لە دژی بنەماکانی لیبراڵیزم لەبارەی ئازادی مرۆڤ دەوەستێتەوە و ڕێگە بۆ دەوڵەت خۆش دەکات، تا لە پێناو پاراستنی سەلامەتی گشتی، دەست لە کاروباری کۆمەڵایەتی وەربدات. لەم حاڵەتدا سەلامەتی تاکیش دەبێتە بەشێک لە سەلامەتی گشتی.

 

لە کاتی قەیراندا پاراستنی سەلامەتی گشتی لە سەرووی ئازادی و مافە مەدەنییەکان دێت. ئەمەش سەرلەنوێ لە دژی بنەماکانی لیبراڵیزم لەبارەی ئازادی مرۆڤ دەوەستێتەوە

 

زیاد لەمەش وڵاتانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا، دانیمارک، سویسرا و ئەڵمانیا کۆمەڵێک پاکێچی یارمەتیدانی خەڵكی هەژار و پێدانی مووچەی ئەو کەسانەی کە لە کەرتی تایبەتدا کاردەکەن لە ئەستۆگرت. هەروەها زۆرێک لە دەوڵەتان بڕیاریاندابوو کە یارمەتی دارایی پێشکەش بە کەرتی تایبەت و بانکەکان بکەن، چونکە ئەگەری زۆربوو ژمارەیەکی زۆر لە کەرتە تایبەتەکان نەتوانن ئەو پێشینە (سلفە)یەی کە لە بانکەکانیان وەریانگرتووە، بیدەنەوە. واتە بە هەمان شێوەی قەیرانی دارایی ساڵی ٢٠٠٨، دەوڵەتان بڕیاریاندا کە دەست لە کاروباری بازاڕی ئازاد وەربدەن.

بابەتێکی تری گرنگ بریتی بوو لە دەست بەسەرداگرتنی دەوڵەت بەسەر زانیارییەکاندا، چ لە حکوومەتە نادیموکراتییکەکان و چ لە حکوومەتە دیموکراتییەکان، ئەوە وەزارەتی تەندروستی سەر بە دەوڵەت بوو، کە ڕێنماییەکانی خۆپاراستن و چۆنییەتی بڵاوبوونەوەی پەتاکە و ژمارەی مردن، تووشبوون و چاکبووەکانی کۆڕۆنای بڵاودەکردەوە. واتە دەوڵەت بوو بە سەرچاوەی زانیاریی و تەنانەت ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش پشتی بە زانیارییەکانی دەوڵەتان دەبەست بۆ کۆکردنەوەی داتاکانیان. خودی دەوڵەتەکانیش بوون کە بودجەی پێویستیان بۆ دۆزینەوەی ڤاکسێنی کۆڕۆنا تەرخان کرد.

ئامارتیا سێن لە گوتاری ”ئازادی واتە گەشەسەندن” لۆمەی وڵاتە دیکتاتۆرەکان دەکات کە دەبنە هۆی قاتوقڕیی و هەژاری؛ چونکە حکوومەتی ئەم وڵاتانە زانیارییەکان دەشارنەوە و رێگە بە ئۆپۆزیسیۆنیش نادەن کە بوونیان هەبێت تا زانیاریی دروست بە هاووڵاتیان بگەیەنن. لەم رووەوە، ئامارتیا سێن ڕاست دەکات، بەڵام لە کەیسی کۆڕۆنا، ئەوەی کە گرنگە دەوڵەت هەر بە یەکەی سەرەکی گەیاندنی زانیاری دەمێنیتەوە جا چ زانیارییەکان بشارێتەوە، چ بە ئازادانە ڕایبگەیەنێت. ئەگەرچی تەنانەت گومان لەوە دەکرێت کە وڵاتە دیموکراتیکەکانیش لە سەرەتای سەرهەڵدان و بەرەنگاربوونەوەی کۆڕۆنا زانیارییەکانیان شاردووەتەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا ئەوەی کە یارمەتیدەری کەمتر تەشەنەکردن و کەمتر مردنی مرۆڤەکان بوو خودی زانیارییەکان بوو. ئەمە زانیاری بوو کە خەڵکی لە مەترسییەکانی کۆڕۆنا، چۆنییەتی خۆپاراستن و مانەوە لەماڵەوە ئاگادارکردەوە. ئەگەرچی خودی زانیارییەکان “جیهانی ترس”یان دروستکرد و ئەوەیان خستەڕوو، کە مرۆڤ لە جیهانێکی پڕ لە مەترسی دەژیت. دەکرێ تەنیا حاڵەتی ڕیزپەڕ لەمبارەوە وڵاتی بەرازیل بێت. سەرۆککۆماری بەرازیل، ژیێر بۆلسۆنارۆ، نەیارە سیاسییەکانی و میدیای بە فێڵکردن لە خەڵک لەبارەی ڕادەی مەترسی کۆڕۆنا تاوانبارکرد و داوای لە خەڵک کرد کە بەردەوامی بەکاروبارەکانیان بدەن(٤). ئەگەرچی دواجار بەهۆی ئەم سیاسەتەوە، بەڕازیل تووشی کارەساتی مرۆیی بووەوە، بەهۆی پابەندنەبوونی خەڵک بە ڕێنماییەکانی خۆپارێزیی.

 

ئەمە زانیاری بوو کە خەڵکی لە مەترسییەکانی کۆڕۆنا، چۆنییەتی خۆپاراستن و مانەوە لەماڵەوە ئاگادارکردەوە. ئەگەرچی خودی زانیارییەکان “جیهانی ترس”یان دروستکرد

 

هاوکات، خودی زانیارییەکان دەتوانن ببنە هۆی ڕووخانی حکوومەتەکان و هۆکارێکیش بۆ ڕووخاندنی سیستەمی سیاسی، ئابووری و تەندروستی وڵاتانی تر. چین و ئێران لەم ڕووەوە باشترین نموونەن. چین کە یەکەم وڵات بوو کۆڕۆنای تێدا سەرهەڵدا، نەک تەنیا هەموو جیهان بەڵکوو ئاژانسی تەندروستی جیهانیشی هەڵخەڵەتاند. چین بۆ ماوەی پتر لە دوو مانگ تەنیا سەرچاوەی چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی کۆڕۆنا و توێژینەوەکانی تایبەت بە کۆڕۆنا بوو. ئەم وڵاتە لە ئاستی مەترسییەکانی کۆڕۆنای بۆ سەر جیهان کەمکردەوە و تەنانەت ژمارەی تووشبوو و مردووەکانیشی دەشاردەوە. تەنانەت ڕێکخراوەی تەندروستی جیهانی گەیشتە ئەو باوەڕەی کە کۆڕۆنا مەترسیدار نییە، سەرچاوەی ئەم باوەڕەی ڕێکخراوەی تەندروستی جیهانی، ئەو زانیارییانە بوو، کە چین بۆ جیهانی بڵاودەکردەوە. تا دواجار وایلێهات گشت جیهان بە دەست کۆڕۆناوە ناڵاندی. کەواتە لە سەردەمی ناونراو بە بەجیهانیبووندا، مەترسی شاردنەوەی زانیارییەکان، نەک تەنیا بۆ سەر یەک وڵات، بەڵکوو دەتوانێت مەترسی بۆ سەر گشت وڵاتان، سیستەمی سیاسی وڵاتان، نەزمی سیاسی و ئابووریی نێودەوڵەتی دروست بکات. هەر بۆیەش ”تام تۆگێنهات” بەرپرسی ئەوکاتی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیا دوای تاوانبارکردنی چین بە شاردنەوەی زانیارییەکان دەڵێت “ئایا ئێمە دەمانەوێت بەهاکانی سیستەمی هاوردەکردنی دەسەڵاتخوازەکەی چین و کاڵاکانی هاوردە بکەین یاخود دەبێ لەگەڵ گەڵانی تری ئازادی جیهان هاوکاریی یەکتر بکەین و لە ئاستی پشتبەستنمان بەم دیکتاتۆرە کەم بکەینەوە؟”(٥). هەمان قسە بە شێوازێکی تر لەلایەن وەزیری تەندروستی ئێران دووبارە کرایەوە، کاتێک گوتی ”ئامارەکانی چین سەبارەت بە کۆڕۆنا گاڵتەیەکی تاڵ بوو”(٦).

ئەوەی جێگەی هەڵوێستی دەوڵەتان لە سەردەمی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، هەڵوێستیان لە میانەی دوو جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی دەچێت. دوای جەنگی یەکەمی جیهانی ویڵسۆن بەرنامە ١٤ خاڵییەکەی خۆی بۆ جیهانێکی ئازادتر، سەلامەتتر، شەفافتر و ئەمینتر ڕاگەیاند. کەچی بەسەرهەڵدانی داڕمانی ئابووری جیهانی لە ساڵانی ١٩٢٩ بۆ سەرەوە، ئاستی هاوکاری نێوان دەوڵەتان بە نزمترین ئاستی خۆی گەیشت. واتە جیهان لە سەردەمێکدا دەژیا کە دروشمەکان و کردەکان یەکتریان نەدەگرتەوە.

گرفتەکە لێرەدایە، کە کۆڕۆنا بە پێچەوانەی ئیبولا کە لە وڵاتێکی هەژار سەریهەڵدا، لە وڵاتێکی خاوەن ئابووری زەبەلاحی جیهانی سەریهەڵدا و سەرەتا هەر لە ناو وڵاتە پیشەسازییە بەهێزەکان خولایەوە. ئەمەش وایکرد کە جۆری مامەڵەکردن لەگەڵ ڤایرۆسەکە وڵاتان تووشی شۆک بکات. ئەمەش بەو مانایە دێت کە سەرهەڵدانی نەخۆشییەکی جیهانی لە وڵاتێکی پێشکەتووی پیشەسازیدا، دەکرێت مەترسییەکانی زۆرتر بێت بە بەراورد لە سەرهەڵدانی هەمان نەخۆشی لە وڵاتێکی هەژاردا. ئەمەش هەم بەهۆی ترسی وڵاتەکە لە داڕمانی ئابوورییەکەی و هەمیش بە هۆی ئەو پەیوەندییە بەرفرەوانەی کە لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا هەیە.

 

سەرهەڵدانی نەخۆشییەکی جیهانی لە وڵاتێکی پێشکەتووی پیشەسازیدا، دەکرێت مەترسییەکانی زۆرتر بێت بە بەراورد لە سەرهەڵدانی هەمان نەخۆشی لە وڵاتێکی هەژاردا

 

بە کورتی، ئەوەی کە تا ئێستا ئاماژە پێکرا، بریتی بوو لە بەرفرەوابوونی ڕۆڵی دەوڵەت و هاتنەپێشەوەی حکوومەت، بەڵام ئایا ئەمە بۆ گشت وڵاتان وەکو یەکە؟ لە ڕاستیدا ئەدەبیاتی زاڵ بەسەر خوێندنەوە سیاسییەکاندا ئەدەبیاتی ڕۆژئاواییە و هەر بۆیەش لەم ئەدەبیاتەدا زۆرتر جەخت لەسەر وڵاتانی ڕۆژئاوایی و وڵاتە پێشکەوتووەکان دەکرێت؛ ئەگەر لە ڕۆژئاوا کۆڕۆنا بووە هۆی بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت لەسەر بازاڕ و کۆمەڵگا، بەڵام لەوانەیە لە هەندی وڵاتی ئەمریکای لاتین و ئەفریقیا و ئاسیا ڕووداوەکان بە پێچەوانەوە بێت. لە مانگی ئایاری ٢٠٢٠، بە تەشەنەکردنی کۆڕۆنا و گرتنەبەری ڕێکاری سنوردارێتی هاتوچۆی هاووڵاتیان لە چاد و لە نایجێریا، گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکان سوودیان لەم بارودۆخە وەرگرت و هێرشیانکردە سەر بنکە سەربازییەکان. لە چاد ٩٢ سەرباز و لە نایجێریا ٧٠ سەرباز کوژران. بەپێی ڕاپۆرتی ”گرووپی نێودەوڵەتی قەیران” کۆڕۆنا بارودۆخی بۆ گرووپە توندڕەوەکانی ئەفریقیا هەموارتر کردووە تا بەسەر حکوومەتی ئەم وڵاتانەدا لەو ناوچانەی کە حکوومەت توانایی لاوازە، زاڵبن(٧). تەنانەت لە دوای ئەوەی کە سەرۆکی بەڕازیل، لە مەترسی کۆڕۆنای کەمکردەوە و داوای لە خەڵک کرد بەردەوامی بە کاری ئاسایی ڕۆژانەیان بدەن، گرووپەکانی بازرگانی مادە هۆشبەرەکان قەدەغەی هاتوچۆی شەوانەیان لە کۆمەڵێک گەڕەکی شارەکانی بەڕازیل ڕاگەیاند. تا بەمجۆرە بتوانن ڕێگە لە تەشەنەکردنی پەتای کۆڕۆنا بگرن.

 

سه‌رچاوه‌
1. UNICEF, 25/3/2020.2. Yuval Noah Harari, ‘In the Battle Against Coronavirus, Humanity Lacks Leadership’, 15 March 2020.3. Gordon Brown, ‘In the coronavirus crisis, our leaders are failing us’, The Guardian, 13 March 2020. 4. The Guardian, Brazil's Jair Bolsonaro says coronavirus crisis is a media trick, 5. Mailonline, Beijing uses a toxic brew of lies and fear to maintain power': Britain risks paying a very high price if we stay in hock to China, 5 April 2020.6. ایندپندنیت فارسی، قدرت‌نمایی سفیر چین در تهران، ٦. اوریل، ٢٠٢٠7. UNICEF, 25/3/2020.

هیوا مه‌جید خه‌لیل

پسپۆڕ لە گەشەسەندنی سیاسی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...