Site icon Zed Press

“هەژماری من” مانگانە دوو ملیار دینار لە مووچەخۆران قازانج دەکات

کرێی وەرگرتنی مووچە لەلایەن بانکە بەشدارەکانی پڕۆژەی هەژماری من دوو هەزار دیناری مانگانەیە و بە تێکڕای ئەو کرێیەی لە هەر مانگێکدا لە یەک ملیۆن مووچەخۆر وەردەگیرێت بۆ دوو ملیار دینار بەرز دەبێتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمی “هەژماری من”، بانکە بەشدارەکانی پڕۆژەکە، مانگانە دوو هەزار دینار لە هەر مووچەخۆرێک دەگێڕنەوە، وەک کرێی وەرگرتن و پێدانی مووچەکانیان.

تا سەرەتای ئایاری ئەمساڵ زیاتر لە ٢٦٠ هەزار مووچەخۆر لە پڕۆژەی هەماری من تۆمارکراون و ١٥٣ هەزار کارتی بانکییش بە مووچەخۆران دراوەتەوە. پلانی حکوومەت ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ یەک ملیۆن مووچەخۆر لە پڕۆژەکەدا تۆمار بکرێن.

کاتێک یەک ملیۆن مووچەخۆر لەڕێگەی بانکە بەشدارەکانی پڕۆژەی “هەژماری من” مووچەکانیان وەردەگرن و بڕی دوو هەزار دیناری مانگانە لە هەر یەکێکیان دەبڕدرێت وەک کرێی وەرگرتنی مووچە، بەسەریەکەوە داهاتی بانکەکان تەنیا لە کرێی پێدانی مووچە، دوو ملیار دیناری مانگانەیە و ئەو قازانجە لە ساڵێکدا بۆ ٢٤ ملیار دیناری عێراقی بەرزدەبێتەوە.

بەپێی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، تەنیا لە هەولێر ٢٥ هەزار مووچەخۆر مووچەی مانگی نیسانیان لە ڕێگەی بانکەکانی “هەژماری من”ەوە وەرگرتووە، داهاتی تەنیا ئەو ژمارەیە لە مووچەخۆران کە لە کرێی وەرگرتنی مووچەدا بەرجەستە دەبێتەوە، بڕی ٥٠ ملیۆن دینار بووە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی “هەژماری من”دا، پێشخەری بە بانکەکانی کەرتی تایبەت دا، بەپاساوی شکستخواردوویی بانکە حکوومییەکان،

وەزارەتی دارایی و ئابووری پێداگیری دەکات کە “(هەژماری من) پڕۆژەیەکی گشتگیری دارایی پێشکەوتووە کە ئامانج لێی دابینکردنی ڕێگەیەکی پارێزراو و گونجاوە بۆ دەست ڕاگەیشتن بەچەندین خزمەتگوزاری دارایی و بانکی سەردەم“.

تا ئێستا جگە لە بانکی بازرگانیی عێراق، شەش بانکی کەرتی تایبەت هاوبەشییان لە پڕۆژەی “هەژماری من”دا کردووە، کە بانکەکانی “ئاڕ تی بانک، بانکی نیشتمانیی عێراق، بانکی ئیسلامیی عێراق، بانکی جیهان، بانکی بەغداد و بانکی بی ئەی سی” دەگرێتەوە.

سەبارەت بە بانکی بازرگانیی عێراق، هەرچەند حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، کە بانکەکە بەشداری لە پڕۆژەی “هەژماری من”دا کردووە و ناوی بانکەکەیش خراوەتە سەر ماڵپەڕی فەرمی پڕۆژەکەوە، بەڵام بانکی بازرگانیی عێراق خۆی، پێداگیری لەوە دەکات کە پاڵپشت بە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق و وەک بانکێکی حکوومیی فیدڕاڵی، پڕۆژەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبات.

 

Exit mobile version