هه‌واڵ

ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایدەگەیەنێت، (هەژماری من) پڕۆژەیەکی گشتگیری دارایی پێشکەوتووە بەئامانجی دەستگەیشتن بە چەندین خزمەتگوزاری دارایی و بانکی سەردەم و دابینکردنی مووچە و پێدانی چەندین جۆری قەرز و سلفە و پێشینە لەلایەن بانکەکانەوە بۆ فەرمانبەران و سوودمەندانی هەرێمی کوردستان.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم، ٢٦ی ئازاری ٢٠٢٦، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی پڕۆژەی (هەژماری من)ەوە بڵاوکردەوە، کە تیایدا بەرچاوڕوونی لەبارەی سوودەکانی پڕۆژەکە و ئامانجەکانی دەخاتەڕوو.

وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕوونیدەکاتەوە، “پڕۆژەی هەژماری من سەرچاوەیەکە بۆ ڕێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە و کۆتاییهێنان بە گەندەڵی” و پڕۆژەکەیش “دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی داتای ورد و دروست و شەفاف لە سەر خەرجی و داهاتەکان”، هەروەها “پێشکەشکردنی چەندین جۆر سلفە و پێشینە بە فەرمانبەران و سوودمەندانی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت کە دەبێتە هۆی گەشەپێدانی ئابووری و بوژانەوەی سێکتەرە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان”.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

 

ڕاگەیەنراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

(تەنها بۆ زانین)

ماوەیەکە هەندێک زانیاری نادروست و چەواشەکارانە دژی پرۆژەی هەژماری من لێرەولەوێ بڵاودەکرێتەوە، بەپێویستمان زانی چەند زانیارییەک لە سەر پرۆژەکە و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بۆ ڕای گشتی بخەینەڕوو.

 

کورتەیەک لە پرۆژەی هەژماری من:

پرۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەلایەن نوسینگەی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەهەماهەنگی وەزارەتی دارایی و ئابووری، بەئاگاداری بەڕێز سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەڕەزامەندی بانکی ناوەندی عێراق لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.

مەبەستی پرۆژەی “هەژماری من” دروستکردنی بانک نییە، بەڵکو پرۆژەیەکی گشتگیری دارایی پێشکەوتووە کە ئامانج لێی دابینکردنی ڕێگەیەکی پارێزراو و گونجاوە بۆ دەست ڕاگەیشتن بەچەندین خزمەتگوزاری دارایی و بانکی سەردەم و دابینکردنی مووچە و پێدانی چەندین جۆری قەرز و سلفە و پێشینە لەلایەن بانکەکانەوە بۆ فەرمانبەران و سوودمەندانی هەرێمی کوردستان. هەروەها سەرچاوەیەکە بۆ ڕێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە و کۆتاییهێنان بە گەندەڵی.

پرۆژەی هەژماری من دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی داتای ورد و دروست و شەفاف لە سەر خەرجی و داهاتەکان، هەروەها پێشکەشکردنی چەندین جۆر سلفە و پێشینە بە فەرمانبەران و سوودمەندانی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت کە دەبێتە هۆی گەشەپێدانی ئابوری و بوژانەوەی سێکتەرە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان’

 

بانکە بەشداربووەکان:

پێنج بانک بەشدارن لە پرۆژەکەدا کە ئەوانیش بریتین لە:

  • BBAC Bank
  • RT Bank
  • NBI
  • Cihan Bank
  • IIB

کە سەرجەمیان لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە مۆڵەتیان پێدراوە و باوەرپێکراون.

هەروەها بۆ دڵنیابوون لە هەڵبژاردنی ئەو بانکانەی کە تەندروستن و هیچ سزایەکیان لەسەر نییە لە پەیوەندیەکی بەهێزداین لەگەڵ گەنجینەی ئەمریکا و سەرجەم ئەو بانکانە ناسراون و خاوەن ئەزموون و ژێرخانی دیجیتاڵی بەهێزن.

ئێستا سێ بانکی دیکەی باوەڕپێکراو لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە لەسەر هێڵن بۆ بەشداریکردنییان لە پرۆژەکە. شایەنی باسە، بەشداریکردنی هەندێک بانک لە پرۆژەی هەژماری من رەتکراوەتەوە بە هۆکاری ئەوەی ئەو بانکانە شکستیان هێناوە لە بەدیهێنانی داواکارییەکانی پرۆژەکە و یاخود لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە خراونەتە لیستی سزاوە.

شایەنی باسە کە بەپێی دوایین بڕیارەکان لەلایەن بانکی ناوەندی عێراق، پێویستە سەرمایەی (رأس المال) هەریەک لەو بانکە تایبەتانەی کە بەشدارن لە پرۆژەی هەژماری من زیاد بکرێت لە (٢٥٠) بۆ (٤٠٠) ملیار دیناری عێراقی تاوەکو کۆتایی ساڵ، ئەم بڕیارە لە پێناو بەرژەوەندی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستانە و دڵنیای دەدات لە پاراستنی مووچە و پاشەکەوتی مووچەخۆران.

 

بەرهەم و خزمەتگوزارییە بانکییەکان:

پرۆژەی هەژماری من زیاتر لە ١٩ خزمەتگوزاری بانکی پێشکەش مووچەخۆران دەکات و تێچووی مانگانەی سەرجەم خزمەتگوزارییەکان تەنها بڕی (٢٥٠٠) دیناری عێراقییە کە بە بەراورد بە پرۆژەی تەوتین لە عێراق کە تەنها پێشکەشکردنی یەک خزمەتگوزارییە بۆ زۆرینەی مووچەخۆران ئەویش پێدانی پارەی مووچەیە بە شێوازی کاش.

لە کاتێکدا کە مووچەخۆران لە پرۆژەی تەوتین لە عێراق مانگانە بڕی ٦ لە هەزاردا بۆ ڕاکێشانی مووچە دەدەن بە دەروازەکانی دابەشکردنی مووچە (PoC/منافز) واتا وەرگرتنی ٦٠٠٠ دیناری عێڕاقی بۆ ڕاکێشانی هەر ملیۆن دینارێک .

ئامانجێکی دیکەی پرۆژەکە دەستڕاگەیشتنی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و خانەنشینان و هێزە ئەمنیەکانە بە مووچەکانیان لە ڕێگەی ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) بەشێوەیەکی پارێزراو و شەفاف. بۆ ئەم مەبەستە بڕیارە لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان نزیکەی (١٠٠٠) ئامێری ڕاکێشانی پارە دابنرێت و ئێستا نزیکەی ١٠٠ ئامێری ڕاکێشانی پارە لە  شاری هەولێر دانراون و ٢٤ کاتژمێر کاران. لەهەمان کاتدا، دانانی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە لە کوردستاندا هاوتەریبە لەگەڵ ستراتیژی بانکی ناوەندی عێراق کە بۆ سەرجەم بانکەکانی عێراق دانراون.

 

فراوانبوونی پرۆژەی هەژماری من:

ئێستا پرۆژەی هەژماری من لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک لە قۆناغی جێبەجێکردندایە و لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردودا نزیکەی ٤٠ هەزار مووچەخۆر هەژماریان بۆ کراوەتەوە و قۆناغی یەکەمی گەڕانەوەی کارتی بانکیش بۆ فەرمانبەران دەستی پێکردووە لە هەردوو پارێزگاکە.

ئامانجی پرۆژەی هەژماری من ئەوەیە بە هەماهەنگی و پەیوەندی لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراقی، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ یەک ملیۆن هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی کەرتی گشتی دروست بکرێت و مووچەکانیان لەڕێگای هەژماری بانکی وەربگرن.

 

١- ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پرۆژەکە بەردەوام لە زیادبووندایە.

٢- بەشداربووی پرۆژەی هەژماری من ئازادە لە هەڵبژاردنی بانکی دڵخوازی خۆی لەناو پرۆژەکە و گۆڕینی بانکێک بۆ بانکێکی تری ناو پرۆژەکە.

٣- هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت دەستکاری حسابی هیچ خاوەن هەژمارێک بکات جگە لە خاوەنی هەژمارەکە خۆی نەبێت.

٤-هەموو فەرمانبەر و مووچەخۆرێک بەپێی قەبارەی مووچەکەی و ئەو ڕەسیدەی لەڕێی هەژمارەکەیەوە بەدەستی دەهێنیت سوودمەند دەبێت لەقەرز و پێشینەکان لەلایەن بانکە ئەهلییەکانەوە.

 

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوریی

٢٠٢٤/٣/٢٦

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...