Site icon Zed Press

ئایا قەيرانێکی تر بەڕێوەيە؟

نەبوونی پلانی ستراتیژی لە بەڕێوەبردنی وڵات، پشت نەبەستن بە لێکۆڵینەوە ئەکادیمی و زانستیەکان، ناکابانی لە خەرجی و کارکردن بە پرانسيپی (بدەبەرێ) نەک هەر چاوەڕوانی دواڕۆژێکی گەشی لێناکرێ، بگرە ئەگەرەکانی شکست و قەيرانە کارەساتبارەکانيش زياد دەکەن.

 

لێرەدا من دەمەوێ قامک لەسەر کەرتی بە هەرمێنی خانووبەرە و بيناسازیی کوردستان دابنێم و شەن و کەوێکی سەرپێیی بکەم:

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام حوسێن (٢٠٠٣) بە هۆی چەندين فاکتەر لە سەرتاسەری هەرێم کەرتی بيناسازی و ئاوەدانکردنەوە زۆر بە خێرايی پەرەی سەند و گەشەی کرد، چونکە:

يەکەم: پارەيەکی زۆر و بێوێنە بۆ حکوومەتی هەرێم هات.

دووەم: پارەیەکی زۆر ڕژایە بازاڕ.

ديارە ماوەيەکی زۆر بوو بە هۆکاری شەڕ و قەيران و ئابڵوقەی ئابوورییە یەك لە دوای یەکەکان دروستکردن و نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوە ئەگەر بە تەواويش نەوەستابووبێ، ئەوا ئەوەندە کەم بوو هەرگيز لەگەڵ زياد بوونی ڕێژەی دانيشتوان و گۆڕانکاريیە سەردەمییەکان نەدەگونجا.

کاتێکيش مەترسی و هەڕەشەکانی ڕژێمی بەغدا نەمان، وەکو زووتر ئاماژەمان پێدا هەم لە عێڕاقەوە پارەيەکی زۆر بۆ کوردستان هات و هەمیش خەڵکێکی زۆر لە دەرەوەی وڵات بە مەبەستی کڕين و دروستکردنی خانووبەرە پارەيان ناردەوە و لە ناوخۆش ترس لە هێنانەدەرەوە و خەرجکردنی پارە نەما، بۆيە چ حکوومەت بە مەبەستی ئاوەدانکردنەوە و دروستکردنی تەلارە پێويستەکانی و چ خەڵکيش ڕوويان لە کڕين و دروستکردنی خانووبەرە کرد. بەو شێوەيە دەتوانين بڵێين بە ڕاددەیەك بوو، کە نەک هەر لە عێراق بگرە لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستيش وێنەی نەبێ.

هەرچەندە ئەو پەرەسەندن و فراوانبوونانە بێ کەموکوڕی و خەوش نەبوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لایەنە گەشاوەکەی ئاوەدانبوونەوە و فراوان بوونی شار و شارۆچکەکانە.

 

مخابن، ئەو ئاوەدانبوونەوەيە لەسەر بنەمای پلانی گەشەپێدان و ئايندەيی نەبوو، چونکە لە لايەک توانای دارایی خەڵکی بەرز بووەوە و حکوومەتيش بە پێشکەشکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری وەک (خوێندنگە، جادە، کارەبا، بنکەی تەندروستی، ڕاکێشانی جۆگەی ئاو، بيرلێدان …) و دواتر خەرجکردنی پێشينەی خانووبەرەش کارێکی زۆر گەورەی دەکرد، بەڵام لە لايەکی ديکەوە بەبێ ڕەچاوکردنی پێويستی و هەر بە پێوەری (بدەبەرێ) هەزاران گەنجی لادێ و شارەکانيان بەبێ ڕەچاوکردنی بازاڕی کار پێويستی بە پارەيەکی باش و مۆڵ لە دامودەزگاکانی ميری دامەزراندن و بەو بڕيارە ڕەمەکيیانەش هەم کۆچی پێچەوانەی گوندان بۆ شار و شارۆچکەکان دەستیپێکردەوە و هەميش باری سەرشانی خۆی زۆر قورستر کرد. گەڕانەوەی گوندنشينانيش بۆ شار و شارۆچکەکان خواستی لەسەر خانووبەرە زۆر زياتر کرد.

دوای هاتنی داعشيش بە هۆی دەربەدەر بوونی دەيان هەزار هاووڵاتی عێراقی و پێویستیان بە دابینکردنی شوێنی حەوانەوە و ماڵدانانەوە ئەو کەرتە تەکانێکی تريشيدا، بۆيە ڕۆژ دوای ڕۆژ گەڕەکی نوێ، بە ناوی سەير و سەمەرە لە شارەکان دروستکران و بەو هۆیەشەوە بەدەر لە پلانی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان شارۆچکە و شارەکان فراونتر بوون.

تا ئێستاش بازاڕی خانووبەرە و کەرتی بيناسازی هەر گەرم و بەهەڕمێنە.

ئايا بۆچی بازاڕی ئەو کەرتە هەندە گەرمە؟

يەکەم: دەسەڵات خۆی هاندەرە، چونکە سەرچاوەیەکی گەورەی داهاتی بەشێکی زۆری دەسەڵاتدارانە.

– دووەم: ژمارەيەکی زۆری عەرەب هاتوون (خانوو، تەلار، فلات)يان کڕيوە و هێشتاش دەکڕن.

– بوارێکی گونجاوە بۆ سپیکردنەوەی پارە.

– نەبوونی سيستەمی بانکی و نا دڵنيايی لە هەلگرتنی دراو و کەمی پڕۆژەی بچووکی وەبەرهێنان خەڵکی ناچار دەکات، کە لە رێگەی کڕينی زەوی و زار و خانووبەرەوە پارەکانيان دابکەن و بپارێزن.

– قازانجی خێرا، چ بۆ وەبەرهێنەران و چ بۆ ئەو دەستەبژێرەی دەسەڵات کە توانای بەخشين و دابينکردنی زەوی و زاری بۆ پڕۆژەکان هەيە.

ئەو بازاڕ گەرمييەی کەرتی بيناسازی سوود و خێرێکی زۆر گەورەشی بە وەستا و کرێکار و فرۆشيار و کەرەستەفرۆش و ئەندازاياران گەیاندووە، بۆيە دەبينين بژێوی هەزاران خێزانی ئەم وڵاتەی لەسەرە.

ئايا ئەو بازاڕە تاکەی بەم شێوەيە درێژەی دەبێ؟

ڕێسای ڕاست و باوی بازاڕ بريتيیە لە خواست و خستنەڕوو. واتە خستنەڕوو بەپێی خواستە، کاتێک خواست نامێنێ، خستنەڕووش کۆتايی دێ.

ئايا کەی خواست نامێنێ؟

بێگومان لە دوو باردا خواست نامێنێ: نەمانی پارە و تێربوونی بازاڕ. پێويستە لايەنە پەيوەنديدارەکان ڕەچاوی نەمان يان کزبوونی ئەو بازاڕە بکەن، بەتایبەت دەسەڵات چونکە:

– ئەو خواستە تاسەر بەم شێوەيە نامێنێتەوە.

– ڕەنگە لە داهاتوو عەرەبەکان لەجياتی کڕين ئەوەی هەيانە بيفرۆشنەوە.

– بە ئەگەری دروستبوونی قەيران و ناکۆکيیە سياسيیەکان.

– بە ئەگەری دروستبوونی قەیرانی ئابووری و دارایی.

کەواتە، دروستبوونی قەیرانێک لەو کەرتەی کە بژێوی هەزاران خێزانی پێوە بەندە و بازاڕی ڕاگرتووە لە گوينە، بۆيە باشترين کار ئەوەيە کە لە ئێستاوە دەسەڵات و خاوەن بەرژەوەندییەکانی ئەو کەرتەش بير لەو مژارە بکەنەوە و ئەگەرەکان لەبەر چاو بگرن.

 

Exit mobile version