ئابووریهه‌واڵ
ئاراستەکان

داهاتی کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی دوو ملیار دۆلار هەڵکشاوە

کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان، لە هەڵکشانێکی بەردەوامدایە، ساڵی ڕابردوو داهاتی کەرتەکە بۆ نزیکەی دوو ملیار دۆلاری ئەمریکی هەڵکشاوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

هەڵکشانی ژمارەی گەشتیاران

لەماوەی ساڵانی ٢٠٠٧ تا ٢٠٢٣ هەڵکشانێکی خێرا و بەردەوام لە ژمارەی گەشتیاران لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە. ژمارەکە لە ٣٧٧ هەزار و ٣٩٧ گەشتیار لە ساڵی ٢٠٠٧، بۆ حەوت ملیۆن و ٢٧٩ هەزار و ٩١٣ گەشتیار لە ساڵی ٢٠٢٣دا هەڵکشاوە.

هەڵکشانەکە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٧ تا ٢٠١٣ بەشێوەیەکی خێرا و بەردەوام تۆمار کراوە. لەو ساڵەدا ژمارەی گەشتیاران گەیشتووەتە دوو ملیۆن و ٩٥٢ هەزار و ٢٧ گەشتیار، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥دا پاشەکشەیەک لە ژمارەی گەشتیاران تۆمار کراوە، کە هاوکاتە لەگەڵ شەڕی داعش و قەیرانی ئابووری لە هەرێمی کوردستاندا. پاشەکشەکە بەتایبەت لە ساڵی ٢٠١٥دا تۆمارکراوە، ژمارەکە لەو ساڵەدا بۆ تەنیا ٧٨٢ هەزار و ٢٥١ گەشتیار لە کورتی داوە. بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦ەوە جارێکی دیکە هەڵکشان ڕوویداوە و ئەو هەڵکشانەیش تا ساڵی ٢٠٢٠ و دەرکەوتنی پەتای کۆڕۆنا بەردەوام بووە، کە لەو ساڵەدا، تەنیا ٨٤٥ هەزار و ٧٤٧ گەشتیار لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.

جارێکی دی، هەڵکشانێکی زۆر خێراتر لەماوەی ساڵانی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٣ لە ژمارەی گەشتیاران تۆمارکراوەتەوە. ژمارەکە لە چوار ملیۆن و ١٨٩ هەزار و ٥٦٩ گەشتیار لە ساڵی ٢٠٢١دا بۆ حەوت ملیۆن و ٢٧٩ هەزار و ٩١٣ گەشتیار لە ساڵی ٢٠٢٣دا بەرزبووەتەوە و بەو جۆرەیش ساڵی ڕابردوو هەرێمی کوردستان لەڕووی ژمارەی گەشتیارانەوە بەراورد بە سەرجەم ساڵانی ڕابردوو بە بەرزترین لوتکەی خۆی گەیشتووە.

 

داهاتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستاندا

دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لەڕێگەی ئەنجامدانی ژمارەیەک ڕاپرسی لە یەکە و بنکە گەشتیارییەکاندا، خەمڵاندنێکی بۆ داهاتی گەشتیاری لەسەر بنەمای خەرجییەکانی هەر گەشتیارێک کردووە، وەک ئەوەی ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار بە زێدپرێسی ڕاگەیاند.

بەڕەچاوکردنی ئەنجامی بەدەستهاتوو لە ڕاپرسییەکاندا، دەرکەوتووە بە تێکڕا هەر گەشتیارێک لە هەرێمی کوردستاندا لە نێوان ٢٥٠ تا ٣٠٠ دۆلاری ئەمریکی خەرج دەکات.

خەرجییەکە پێوەست بە گەشتیاری عێراقی بەراورد بە گەشتیاری بیانی (نێودەوڵەتی) جیاوازی هەیە، هەندێک جار گەشتیاری نێودەوڵەتی تا دوو هەزار دۆلار خەرج دەکات، ئەوەش بەگوێرەی لێدوانی گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار بۆ زێدپرێس و بەو جۆرەیش تێکڕای خەرجی هەر گەشتیارێک بە ٢٥٠ تا ٣٠٠ دۆلار خەمڵێندراوە.

پاڵپشت بە خەمڵاندنەکەی دەستەی گەشتوگوزار، لە ساڵی ٢٠٢٣دا، داهاتی کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستاندا، لە نێوان ملیارێک و ٨١٩ ملیۆن و ٩٧٨ هەزار و ٢٥٠ دۆلار بووە(ئەگەر خەرجی هەر گەشتیارێک ٢٥٠ دۆلار بێت) تا دوو ملیار و ١٨٣ ملیۆن و ٩٧٣ هەزار و ٩٠٠ دۆلاری ئەمریکی (ئەگەر خەرجی هەر گەشتیارێک بە ٣٠٠ دۆلار بخەمڵێندرێت).

ئەوە جگە لەو داهاتەی لە ڕێگەی کرێ، باج و ڕسووماتەکانی دیکەوە، وەک داهاتی گەشتیاری دەچێنە گەنجینەی حکوومەتەوە. زانیاری تەواو لەمەڕ کۆی داهاتی حکوومەت لە کەرتی گەشتیاری بەردەست نییە، بەڵام بەگوێرەی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا، بڕی یەک ملیار و ٢٧٨ ملیۆن و ٤٨١ هەزار و ٤١٥ دینار کە لە پەرەپێدانی ژێرخانی ناوچە گەشتیارییەکان خەرج کراوە، لە داهاتی گەشتیارییەوە وەرگیراوە و دەستەی گەشتوگوزار خۆی، ئاماژە بە هەڵکشانی داهاتەکە بەڕێژەی ١٧٪ دەکات لە ساڵی ٢٠٢٣ بەراورد بە ٢٠٢٢.

 

گەشتیاران؛ بنکە و شوێنە گەشتیارییەکان

زانیارییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ڕێژەی ٨٠٪ی گەشتیارانی ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن، لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە دێن؛ ڕێژەی ٢٠٪ی گەشتیارانی دیکە بیانی یان نێودەوڵەتیین.

گەشتیارانی عێراقی زیاتر بۆ گەشتوگوزاری سروشت ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن و بیانییەکان گەشتوگوزاری شوێنەوار و مێژوو.

وا دەردەکەوێت، سروشتی هەرێمی کوردستان سەرنجی گەشتیارانی عێراقی بەتەواوەتی ڕاکێشاوە.

بەگوێرەی ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار، لە هەرێمی کوردستاندا سێ هەزار و ١٠٠ شوێنی جیاجیا خزمەتگوزاری گەشتیاری پێشکەش دەکەن. لە شوێنە سروشتییەکانەوە تا دەگات بە یەکە و بنکە گەشتیارییەکان لە شێوەی هۆتێل و کۆمەڵگە گەشتیارییەکان یان هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان و ئەوانی دی.

پەرەپێدانی ژێرخانی گەشتیاری لە ناوچە گەشتیارییەکاندا، زەمینەسازی فرەوانتر دەکات بۆ گەشت و مانەوەی گەشتیاران لە هەریەک لەو شوێنانەدا.

 

ژێرخانی کەرتی گەشتیاری

بەگوێرەی نوێترین ئاماری دەستەی گەشتوگوزار، لە هەرێمی کوردستاندا دوو هەزار و ٤٩ بنکەی گەشتیاری هەن، کە ٨٠٣ لەو بنکە گەشتیارییانە لە هۆتێل، مۆتێل، گوند و کۆمەڵگەی گەشتیاری دەگرێتەوە و ئەوانی دیکە پێکدێن لە ڕێستورانت (٥٨٩ بنکە) و کافتریا (٦٥٧ بنکە). ئەوانە، ئەو ناوەندانەن کە وەک بنکەی گەشتیاری تۆمارکراون.

گەشەی کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستاندا، هۆکار بووە لە دامەزراندنی سەدان کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری، کە لە نوێترین ئاماری دەستەکەدا، ژمارەکەیان بە ٧٠٠ کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری تۆمار کراوە.

 

وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتیارییدا

بەگوێرەی داتاکانی دەستەی وەبەرهێنان تا تشرینی دووەمی ٢٠٢١، بەدیاریکراوی ١٧٩ پڕۆژەی گەشتیاری مۆڵەتیان لە دەستەکەوە پێدراوە، گوژمەی تێکڕای ئەو پڕۆژانەیش گەیشتووەتە ١٢ ملیار و ٩٠٤ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، کە ڕێژەی ٢١.٨٤٪ی تێکڕای سەرمایەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت. تەنیا پێنج لە پڕۆژە بازرگانییەکان بە سەرمایەی بیانی و یەکێکی دیکەیان بە سەرمایەی هاوبەشی خۆماڵی و بیانی بووە، سەرجەم پڕۆژەکانی دی بە سەرمایەی خۆماڵی جێبەجێ کراون.

گەشەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتیاری، بۆ چەند ساڵی ڕابردوو دەگەڕێتەوە. بەپێی ئامارەکانی وەبەرهێنان لە چوار ساڵی ڕابردوودا، لە دەستەی وەبەرهێنانەوە مۆڵەت بە ٣٩ پڕۆژە لە کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان دراوە و بە تەنیا سەرمایەی ئەو پڕۆژانە، زیاتر لە حەوت ملیار و ٤٠٩ ملیۆن دۆلار دەبێت، ئەوەش ڕێژەی ٤٢.٨٨٪ی کۆی سەرمایەی وەبەرهێنان لەو چوار ساڵەدا پێکدەهێنێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...