Site icon Zed Press

مەکتەبی سیاسی پارتی: هۆشیار زێباری داوای دواخستنی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدای نەکردووە

نووسینگەی ڕاگەیاندنی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕەتی دەکاتەوە، هۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی حزبەکە، داوای دواخستنی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدای سەبارەت بە دابینکردنی مووچە کردبێت.

 

نووسینگەی ڕاگەیاندنی مەکتەبی سیاسیی پارتی، ئەمڕۆ چوارشەم، ٢٧ی ئابی ٢٠٢٥، ڕوونکردنەوەیەکی پێوەست بەو هەواڵانە بڵاوکردەوە کە باس لەوە دەکەن، لە کۆبوونەوە لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی، باسی لە دواخستنی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ دابینکردنی مووچە کردووە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، نووسینگەی ڕاگەیاندنی مەکتەبی سیاسیی پارتی، دەڵێ: “سەرلەبەری ئەو زانیاریانە ناڕاستن و دەکەونە خانەی تۆمەت بەخشینەوەیەکی بێ بنەما” و زیاتر دەڵێ: “بەپێچەوانەوە هۆشیار زێباری و مەکتەبی سیاسی پارتیمان هەمیشە جەختیان لە پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە لە چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی”.

 

بەو ئاڕاستەیەش وەک لە ڕاگەیەندراوەکدا هاتووە: “هانی هەردوو حکومەت دراوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی تۆکمە بۆ دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕەخساندنی کەشێکی ئارام لەپێناو ژیان و گوزەرانی مووچەخۆر و هاووڵاتییانی خۆشەویستی کوردستان”.

Exit mobile version