مەکتەبی سیاسی پارتی: هۆشیار زێباری داوای دواخستنی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدای نەکردووە

نووسینگەی ڕاگەیاندنی مەکتەبی سیاسیی پارتی، ئەمڕۆ چوارشەم، ٢٧ی ئابی ٢٠٢٥، ڕوونکردنەوەیەکی پێوەست بەو هەواڵانە بڵاوکردەوە کە باس لەوە دەکەن، لە کۆبوونەوە لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی، باسی لە دواخستنی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ دابینکردنی مووچە کردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، نووسینگەی ڕاگەیاندنی مەکتەبی سیاسیی پارتی، دەڵێ: “سەرلەبەری ئەو زانیاریانە ناڕاستن و دەکەونە خانەی تۆمەت بەخشینەوەیەکی بێ بنەما” و زیاتر دەڵێ: “بەپێچەوانەوە هۆشیار زێباری و مەکتەبی سیاسی پارتیمان هەمیشە جەختیان لە پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە لە چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی”.
بەو ئاڕاستەیەش وەک لە ڕاگەیەندراوەکدا هاتووە: “هانی هەردوو حکومەت دراوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی تۆکمە بۆ دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕەخساندنی کەشێکی ئارام لەپێناو ژیان و گوزەرانی مووچەخۆر و هاووڵاتییانی خۆشەویستی کوردستان”.



