Site icon Zed Press

گەڕانەوەی میسر؛ دەرکردنی قەتەر و ئێران و ئیخوانیزم لە دۆزی فەڵەستین

بەپێی هەواڵەکان میسر پێشنیاز و دەستپێشخەرییەکی پێشکەش کردووە سەبارەت بە ئاگربەست لە غەززە. جارێ بە فەرمی ئیسرائیل و حەماس هیچیان لەبارەوە نەگوتووە، بەڵام دەنگۆکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم دەستپێشخەرییە لەوانەی پێشوو زیاتر قبوڵکراوە لە لایەن ئیسرائیلەوە. ئێستا هەواڵگری میسر فشارێکی زۆر لە حەماس دەکات کە قبوڵی بکەن. ناوەڕۆکی پێشنیازەکە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام دەگوترێت بریتییە لە دوو قۆناغ، ئاڵوگۆری دیلەکان و دەرفەتێک بۆ کۆتایی هاتنی جەنگەکە لە قۆناغی دووەمدا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەگەر ئەم هەنگاوەی میسر سەرکەوتوو بێت و بتوانێت کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت، ئەوا دۆزی فەڵەستین دووبارە میسر سەرکردایەتی دەکاتەوە، لە ئایندەدا قەتەر و ئێران و تورکیا و ئیخوانییەکانی تاڕادەیەکی زۆر لێ دەردەکرێت. ئەمەش واتە گەڕانەوەی دەسەڵاتی فەڵەستینی بۆ غەززە، ئیتر ئیخوانییەکانی فەڵەستین (بە ناوی حەماسەوە یان بە ناوی ترەوە) دەبێت ببنە بەشێک لە مونەزەمەی تەحریر. ئەمە بۆ دوورمەودا سوودی بۆ دۆزی فەڵەستین دەبێت و زیانی بۆ باڵی توندڕەوی ئیسرائیل و ئیخوانییەکانی فەڵەستین دەبێت.

 

بۆچی میسر دوای حەوت مانگ لە جەنگەکە توانی ئەم هەنگاوە بنێت؟ چونکە: ١. ئیسرائیل گەیشت بە ئامانجی سەرەکی جەنگەکە، ئامانجە ڕانەگەیەنراوەکە، ئەویش کاولکردنی غەززە بە شێوەیەک کە تا دەیان ساڵی تر هەر کەس ئەو کەرتە حوکم بکات، نەتوانێت ببێتەوە بە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل. دروستکردنی دیاردەی کۆچ لە غەززەوە بۆ دەرەوە. سزادانی سەد لە سەدی هاووڵاتییانی غەززە بە ئەندازەیەک کە ئیتر سڵ بکەنەوە بیر لە ڕاگەیاندنی جەنگ بکەنەوە دژ بە ئیسرائیل. دوای گەیشتن بەو ئامانجە، ئیتر ئەگەر هەیە نەتانیاهۆ بیەوێت بارمتەکانی ئازاد بکات بۆ کەمکردنەوەی فشاری ناوخۆ، سنووردارکردنی بۆردمانکردن بۆ کەمکردنەوەی فشاری نێودەوڵەتی.

٢. سەرەتا قەتەر و ئێران بە تەواوی زاڵبوون بەسەر حەماسدا، دوای شکستی هەموو هەوڵەکانی ئێران و حزبوڵا و قەتەر بۆ وەستاندنی جەنگەکە و، فشارکردن لە ئیسرائیل. هاوکات داگیرکردنی غەززە لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە، حەماس بۆی دەرکەوت، مەحاڵە بە شەڕ و بۆسەنانەوە و ئەو شێوەیە لە پارتیزانی بتوانێت ئیسرائیل دەربکات لە غەززە. سەرەتا حەماس پێی وابوو ئیسرائیل هێرشی زەمینی ناکات، یاخود بشیکات ناتوانێت بەو ئاسانییە کەرتەکە بگرێت و بیکاتە دوو بەشی لە یەک دابڕاو.

٣. هەموو لایەک بۆی دەرکەوت، ئەو تێڕوانینە هەڵە بوو کە ئیسرائیل ناتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر لە دۆخی شەڕدا بێت، هەروەها بارمتەی هاووڵاتی ئیسرائیلی ئیتر ناتوانێت سنوور بۆ سوپاکەی دابنێت. بۆیە ئێستا حەماس لەبەردەم دوو بژاردەیە، یان کۆتایی هاتن یان بوون بە بەشێک لە مونەزەمەی تەحریر. ئێستا حەماس حوکمی غەززە ناکات، دەیەوێت بگەڕێتەوە، جگە لە مونەزەمەی تەحریر، ئەستەمە هیچ ڕێگایەکی تری هەبێت. بوون بە بەشێک لە مونەزەمەی تەحریر، واتە چوونە ژێر دەستی سیسی میسر.

ئەمریکاش پشتگیری ئەم هەنگاوەی میسر دەکات. چونکە لەگەڵ سیاسەتی ئەمریکا بەرانبەر بە فەڵەستین دەگونجێت. ئەویش مامەڵەکردن لەگەڵ دەسەڵاتی فەڵەستینی بە ناوەندگیری میسر. پەنابردنی حەماس بۆ میسر، لەوپەڕی ناچارییەوە هاتووە. بیرمان نەچێت ئێستا میسر واتە سیسی! ئایا سیسی کێشەیەک بۆ حەماس چارەسەر بکات، یان بیەوێت ئایندەی غەززە دیاریبکات، دەبێت چ گورزێک بێت لە ئیخوانیزم!

لە ڕاستیدا دۆزی فەڵەستین میسر دروستی کردووە و ئیدارە و سەرکردایەتی کردوە. پرسی شەڕی عەرەب (وەک دەوڵەت) و ئیسرائیل میسر سەرکردایەتی دەکرد، کۆتایی هاتنی ئەو شەڕەش لە ١٩٧٨ هەر بڕیاری ئەو دەوڵەتە بوو. لەوکاتەوە، شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ گرووپ و میلیشیاکانە، نەک لەگەڵ دەوڵەتەکان، ئەوەش بۆ ئیسرائیل هەرگیز نابێتە مەترسییەکی ستراتیژی و خاک لە دەستبدات، تەنیا سەرئێشەیە. غەززە سەر بە میسر بوو، ئیسرائیل ڕازی بوو ئەو کەرتە لەگەڵ بیابانی سینا بداتەوە بە میسر، بەڵام میسر ڕەتی کردەوە. ئێستاش ئایندەی غەززە پەیوەستە بە یەک بڕیاری سیسی، ئەگەر سنووری ڕەفەح بکاتەوە، غەززە کۆتایی دێت، چونکە زۆرینەی بەجێیدەهێڵن. ئەم هەقیقەتە ئیخوانییەکان نایانەوێت قبوڵی بکەن، هەر بۆیە پەنا دەبەنە بەر ئێران و قەتەر و تورکیا، ئێستاش خەریکە پەنا دەبەنە بەر چین! پێشتر ڕووسیا. دۆزی فەڵەستینیان لە دۆزێکی نیشتمانی و عەرەبییەوە کردە دۆزێکی ئیسلامی، پاشان ئێرانی، ئێستا خەریکە دەبێتە دۆزێکی گرووپەکانی پەلکەزێڕینە! واتە پرسی ئازادکردنی قوودس بووە بە پرسێکی گەی و لێسبیەن و ترانس و ئەوانەی ئیخوانییەکانی باشوور پێیان دەڵێن جێندەربازەکان! لەکاتێکدا کلیلەکە تەنیا لای میسرە، کە دروستکەر و ڕابەر و ئاڕاستەکەر و خاوەنی دۆزی فەڵەستینە.

ڕۆڵی میسر، لە سەردەمی جەمال عەبدولناسرەوە، لە دنیای عەرەبی ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە بووە بۆ زۆرێک لە پرسە سیاسی و و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی ناوچەکە. بۆ نموونە ڕۆڵی جەمال عەبدولناسر لە شۆڕشی جەزائیر (١٩٥٤-١٩٦٢)، کە حەماس و ئیخوانییەکان زۆربەی کات باسی شۆڕشی جەزائیر دەکەن گوایە نموونەیەکە بۆ فەڵەستینییەکان، ڕۆڵێکی ئاسایی نەبووە، بەڵکو یەکلاکەرەوە بووە. وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی فەرەنسا دەیگوت “هەموو ئەوەی لە جەزائیر ڕوودەدات هۆکارەکەی هاوکارییەکانی میسرە، ئەگەر بوەستێت ئەوا دۆخەکە ئارام دەبێتەوە”. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هێرشەکەی فەڕەنسا و بەڕیتانیا و ئیسرائیل بۆ سەر میسر لە ١٩٥٦ ئەو ڕۆڵەی بوو لە شۆڕشی جەزائیر. لە بەیاننامەیەکی بەرەی ڕزگاری نیشتمانی جەزائیر (شۆڕشگێڕەکان) ئاماژە بەوە دەکرێت هەموو جەزائیرییەک دەزانێت میسر قوربانی ئەوە دەدات کە بەرگری لە شۆڕشی جەزائیر دەکات، لەو بەیاننامەیەکدا جەمال عەبدولناسر بە “پاڵەوانە نەمرەکە” ناوی هاتووە. حکوومەتی کاتی جەزائیر، حکوومەتی شۆڕشگێرەکان، لە قاهیرە بوو. (سی الحواس) سەرکردەی دیاری شۆڕشی جەزائیری لە کاتی هێرشی ئەو سێ دەوڵەتە بۆ سەر میسر، دەڵێت “ئەگەر میسر سەرکەوێت، شۆڕشی جەزائیر سەردەکەوێت، ئەگەر بدۆڕێت، ئەوا شۆڕشی جەزائیر شکست دەهێنێت”.

هاوکات، قاهیرە لەو سەردەمەدا ناوەندی بزووتنەوە سەربەخۆیخوازەکانی لیبیا و تونس و مەغریبیش بوو. جەمال عەبدولناسر هاوکاری گەورەی ئەوانیشی دەکرد، هەر وەک چۆن ڕابەرایەتی دۆزی فەڵەستینیشی دەکرد. ئایا لەو کاتەدا کێ گەورەترین دوژمنی ئیخوانییەکان بوو؟ ئیسرائیل و فەڕەنسا و بەریتانیا؟ بێگومان نەخێر، گەورەترین دوژمنیان جەمال عەبدولناسر بوو! میسر چوار جار چووەتە جەنگەوە بەرانبەر بە ئیسرائیل، ئێران و قەتەر و تورکیا بە هەموویانەوە بۆ چوار خوولەکیش بیرییان لەوە نەکردووەتەوە بچنە جەنگەوە دژ بە ئیسرائیل. لای ئیخوان میسر زایۆنییە و ئەو سێ وڵاتە لەگەڵ مقاوەمەن!

جارێ ڕوون نییە ئایا میسر سەرکەوتوو دەبێت لەوەی دووبارە دۆزی فەڵەستین ئیدارە بدات یا نا، ئەگەر سەرکەوتوو بێت، ئەوا سیسی، بە هاوکاری ئەمریکا و ئیمارات و سعوودییە، ڕۆڵی قەتەر و ئێران و تورکیا و ئیخوان بەرەو نزمترین ئاست دەبات لە دۆزی فەڵەستین. گەورەترین ڕێگری لەبەردەم ئەم هەنگاوە، باڵی توندڕەوی ئیسرائیلە، واتە ئەم حکوومەتەی ئێستا، کە توندڕەوترین حکوومەتە لە مێژووی ئیسرائیلدا. ئەگەر حەماس حەوتی ئۆکتۆبەری نەکردایە، ئەگەر زۆر بوو ئەم حکوومەتە پێش چەند مانگێک هەڵبوەشایەتەوە. قەتەر و ئێرانیش لە ڕێگەی حەماسەکانی دەوحەوە، هەوڵدەدەن ڕێگری دروست بکەن بۆ ئەم هەنگاوەی میسر، بە تایبەت لە ئایندەدا.

Exit mobile version