
١. ئەوەی ڕوويداوە ئاگربەستە، نەک ڕێککەوتن، تەنانەت ئاگربەستێک کاتی بۆ دياريکراوە کە دوو هەفتەیە. ئەم جۆرە ئاگربەستانە ئەوەندەی بەشێکن لە جەنگ، بەشێک نين لە ڕێککەوتن و ئاشتی. ئەگەر ڕێککەوتن ڕوونەدات، ئەوا ئاگربەستەکە قۆناغێکی جەنگەکەیە و قۆناغی دواتری بەدواوە دێت.
٢. داواکاری و مەرجەکانی هەردوو بەرەی جەنگەکە تا ڕادەیەک زۆر دژ بە یەکن، جارێ ڕوون نييە ئایا دەگەن بە ڕێککەوتن یاخود نا، ئەگەر بگەن، کەی و چۆن دەبێت! لەبەر ئەوەی جياوازييەکان زۆرە، لەوانەیە ئاگربەستەکە چەند هەفتەیەکی تر یان زیاتر درێژ بکرێتەوە. ئەگەر زۆريشە دووبارە شەڕ دەستپێبکاتەوە.
٣. دواجار ئێران، لەگەڵ هەموو هەڕەشە و هاشوهوشەکەی، نەيتوانی خۆی بگرێت هەتا سەعات ٣ی شەو (بەکاتی کوردستان)، ئەو وادەیەی ترەمپ بۆی دانابوو. دەکرا چەند سەعاتێک، یان چەند ڕۆژێک پاش ئەو وادەیە ڕەزامەندی خۆی بۆ ئاگربەست ڕابگەیەنێت، بەڵام ئەو سەرکێشیەی نەکرد، وا ديارە لێدان لە کارەبای ئێران، هەڕەشەیەکی جدييە بۆ داڕووخانی ڕژێم، هەروەها ئێران زانيویەتی هەڕەشەکەی ترەمپ جدييە. بيرمان نەچێت هەر چەند ڕۆژیک پێشتر، ئێران هەموو ئاگربەستێکی کاتی ڕەت دەکردەوە و ئامادە نەبوو بە هيچ جۆرێک هورمز بکاتەوە.
٤. لە یەکەم ڕۆژی شەڕەکەوە، لە چەندين نووسين و بۆنە ئاماژەم بەوە کرد کە ئەم جەنگە زیاتر لە جەنگی دژ بە عيراق لە ١٩٩١ دەچێت نەک لە هیی ٢٠٠٣، لێدوانەکانی سەربارەت بە ڕووخان و گۆڕينی ڕژێم لە لایەن نەتانياهۆ و ترەمپ-ەوە، زیاتر بۆ فشارکردن بوو، نەک ئامانجێکی سەربازی جەنگەکە. هاوکات، تەرکيزکردنی ئێران لەسەر گوتاری مانەوە، بە هەمان شێوەیە بۆ ئەوە بوو شتێکی هەبێت بيکاتە نيشانەی سەرکەوتن، چونکە دەيزانی جگە لە مانەوە ناتوانێت هيچی تر بکاتە پڕوپاگەندەی سەرکەوتن، دڵنياش بوو هەتا هێزی زەمينی بەکارنەیەت، هەر دەمێنێتەوە، بە تايبەت جوڵانەوەی خەڵک دژ بە ڕژێم لەو کاتی جەنگە ئەستەمە.
ڕاستە ئەمريکا و بە تايبەت ئيسرائيل خوازياری ڕووخانی ڕژێمی ئێرانن، بەڵام ئەو خواستە نەبووەتە ئامانجێکی سەربازی، بەو مانایەی تا ئێستا ويستویانە ئەو خواستە لە لایەن خەڵکی ئێران خۆیەوە بێتە دی، نەک لە لایەن سوپای ئەمريکاوە. ئەگەر ئەرکی سوپای ئەمريکا ڕووخانی ڕژێم بووایە، دەبوو لە یەکەم ڕۆژەوە، بە لایەنی کەم، ١٥٠ هەزار سەربازی ئەمريکا لە ناوچەکە ئامادە بن. لە ڕووی سەربازييەوە، ئامانج تەنيا گورزی بەهێز بوو لە ئێران و لاوازکردنی.
٥. لەم دوو هەفتەیە ئەگەر ناردنی هێزی زیاتر بۆ ناوچەکە لە لایەن ئەمريکاوە بەردەوام بێت، کەواتە بە ئەگەری زۆرەوە قۆناغێکی نوێی جەنگەکە دەست پێدەکاتەوە بەم زووانە. بێگومان جياوازتر دەبێت لە قۆناغی یەکەم، ئەمجارە ژێرخانی ئابووری و وزە دەگرێتەوە، هاوکات ئۆپەراسيۆنی زەمينی، بە تايبەت ئەگەر هەردوولا نەتوانن بگەن بە هيچ ڕێککەوتنێک. واتە دەکرێت ئاگربەستەکە بۆ خۆئامادەکردنی سوپا بێت بۆ قۆناغ و تەکتيکی جياواز لە جەنگەکە، هاوکات دابەزاندنی نرخی نەوت.
٦. بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەی بەرەی مقاوەمە، گوایە ئيسرائيل ماندوو و وێران بووە، هەمووان دەزانن ئيسرائيل لەگەڵ کۆتایی هاتنی جەنگ نييە، چونکە جارێ وزە و توانای زۆری ماوە، هەر ئەويش فاکتەری سەرەکی جەنگەکە بوو، ئێستاش هەر ڕۆڵی سەرەکی دەبينێت و دەکرێت هەر خۆی دەستپێشخەری جەنگ بکاتەوە. هەموو ئاگربەستەکانی سێ ساڵی ڕابردوو لە غەززە و لوبنان و ئێران، هەمان ئەنجامی هەبووە. ئيسرائيل پێیوایە جارێ دەتوانێت نەيارەکانی لاوازتر بکات و گورزی زیاتر بوەشێنێت.
٧. دوو جۆر گوتار هەیە سەبارەت بە ئاگربەستەکە، ميدياکانی ئێران دەيانگوت ئاگربەستەکە لوبنانيش دەگرێتەوە، بەڵام ئيسرائيل ئەمڕۆ هێرشەکانی چڕتر کردەوە بۆ سەر حيزبوڵا. ئيسرائيل دەيەوێت لەم دوو هەفتەیە ئەو ناوچە ئەمنييە درووست بکات لە باشووری لوبنان کە دياريکردووە، ئێستا زۆربەی درووستکردووە.
٨. ئێران لەم جەنگە ڕيکۆردێکی مێژوویی تۆمارکرد بەوەی یەک سەربازی ئيسرائيلی نەکوشت، لە کاتێکدا خۆی هەموو سەرکردە سەرەکييەکانی لەدەست دا. ئەمە لەوانەیە نموونەیەکی بێوێنە بێت لە مێژوودا. لە تۆڵەی کوشتنی خامنەیی نەيتوانی سەربازێکی ئيسرائيلی بکوژێت، هەرچەند بە ژیری دەستکرد (AI)، نەتانياهۆی کوشت.



