سەیر لەوەیە ئەگەر نەڵێم هەموو، دڵنیام زۆربەی هەرە زۆری ئەو پەرلەمانتارانەی ئیمزایان کردووە ئەگەر بۆیان بچێتە سەر ئامادە نین دان بە (نەتەوەبوونی کورد)یش بنێن، بەڵگەش ئەوەیە ئەوان نەک تەنیا لەگەڵ مافی چارەیخۆنووسینی گەلی کوردستان نین، بگرە دژی جێبەجێکردنی ئەو ماددە دەستوورییانەشن کە بەشێک لە مافەکانی گەرەنتی دەکەن، ماددەی (١٤٠) بە نموونە. ئەو ژاوە ژاوە نوێ نییە، پێشتریش هەوڵدراوە کە نەک هەر ئێزدی، بەڵکو کوردی شەبەکیش بکەنە نەتەوەیەکی جیاواز و (کلدوئاشور)یش بکەن بە سێ نەتەوەی جیاواز (کلدان، ئاشوری، سریان)!
ئایا بەڕاستی ئەو هەوڵانە لە پێناو و بۆ بەرژەوەندیی ئێزدیانە یان بۆ پارچە پارچەکردنی گەلی کوردستانە؟
ئێمە تێدەگەین ئامانجی ئەوانە چییە، بەڵام ئەوەی جێی داخە چەند کەسێکی ئێزدی لە بێئاگایی یان لە دڵڕەنجانەوە پشتیوانی ئەو پڕۆژە گوماناوییە دەکەن و هەندێکیان لەوانەی کاتی خۆی بە بیروباوەڕی بەعس پەروەردەبوونە، بەبێ ڕەچاوکردنی پێشهاتە ئایندەییەکان کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی پیلانێکی مەترسیدار بۆ سەر خۆیان بەتایبەت و گەلی کوردستان بەگشتی.
کەس ناتوانێ لە جیاتی ئێزدییەکان ئەو بڕیارە بدا، ئەگەر کاریش گەیشتە سەر بڕیاردان پێویستە ئەو بابەتە لە ناو خودی خوشک و برا ئێزدییەکان بە ڕیفراندۆمێک یەکلایی بکرێتەوە، نەک پەرلەمان بڕیاریان بۆ بدات. دەنا هەر هەوڵ و بڕیارێکی لەو جۆرە جگە لە تێکدانی سەقامگیری و دابەشکردن و پەرتەوازەکردنی زیاتری پێکهاتەکانی عێراق هیچی تر نییە.
هەر لەو بارەیەوە ساڵی ( ٢٠١٨)ش ئەو بابەتە لەناو پەرلەمانی عێراق وروژێندرا و خرایە بەرنامەی کار، بەڵام ئەو کات ئێمە نوێنەرانی کوردستان بەتایبەت (یەکێتی و پارتی) دژی وەستاینەوە و سەرۆککۆماریش هاتە مەیدانەکە و ئەنجام ئەو بڕگەیە لەبەرنامەی کار لادرا.
ئێمە ناڵێین ئێزدییەکان مافی بیرکردنەوە و بڕیاردانیان لە چارەنووسی خۆیان نییە، بەڵکو پێمان وایە ئەو جۆرە هەوڵانە بە پلەی یەکەم زیان بەوان دەگەیەنێت، چونکە لانی کەم دابەشی دوو ئاڕاستەی جیاواز دەبن و خۆشیان دەزانن ئەوان ئەگەر یەک پەرلەمانتاریان بە کۆتا هەبووبێت ئەوا هەمیشە لەوە زیاتریان لە ناو لیستە کوردستانییەکان هەبووە.
پێویستە ئەو بابەتە بەهەند وەربگیرێت و لە کوردستان گفتوگۆی لەسەر بکرێت و گوێ لەوانەش بگیرێت، کە ئەو خواستەیان هەیە.