ئایدن مەعرووف: پێویستە ١٥ کورسی بۆ کۆتای پێکهاتەکان دیاری بکرێت
ئایدن مەعرووف وەزیری هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئەمڕۆ یەکشەم، ٢١ی تەممووزی ٢٠٢٤، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەبێت لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە و ژمارەی کورسی کۆتای تەرخانکراو بۆ پێکهاتەکان زیاد بکرێت.
وەزیرەکەی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا کە پێنج کورسی وەک کۆتای پێکهاتەکانی نەتەوەیی هەیە، پێویستە ژمارەکە بۆ ١٥ کورسی بەرز بکرێتەوە، بە جۆرێک کە ١١ کورسی بۆ کۆتای نەتەوەکان و چوار کورسی دیکەیش بۆ پێکهاتەکانی ئایینی تەرخان بکرێت.
لەو چوارچێوەیەدا ئایدن مەعرووف ئاماژەی بە پێویستی تەرخانکردنی کورسی کۆتا بۆ پێکهاتە ئایینییەکانی ئێزدی، کاکەیی و شەبەک کرد.
پێشتر ١١ کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکانی تورکمان، مەسیحی و ئەرمەن لە کۆی ١١١ کورسی پەرلەمانی کوردستان تەرخانکرا بوو، بەڵام بە بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ ١٠٠ کورسی کەم کرایەوە و بەوەش هەر ١١ کورسی کۆتای پێکهاتەکان هەڵگیران، پاشتر بڕیار لەسەر گێڕانەوەی پێنج کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکانی تورکمان، مەسیحی و ئەرمەن درا لەکۆی ١٠٠ کورسی پەرلەمانی کوردستاندا.