سیاسیهه‌واڵ
ئاراستەکان

حکومەتی هەرێمی کوردستان هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر کەنیسەیەکی ئوردن بە توندی سەرکۆنە دەکات

حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیدا، سەرکۆنەی توندی ئەو هێرشە تیرۆریستییەی کرد کە کەنیسەیەکی لە پارێزگای (کەرەک) لە شانشینی ئوردنی هاشمی کردە ئامانج، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی مەدەنی بوونە قوربانی و بریندار بوون. حکومەتی هەرێم نیگەرانی و هاوخەمی قووڵی خۆی بۆ ئەم ڕووداوە دەربڕی و بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای بەها مرۆییەکان و ئازادیی خواپەرستی وەسف کرد.

 

لە ڕاگەیەنراوەکەدا کە ڕۆژی ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ بڵاوکرایەوە، هاتووە کە حکومەتی هەرێم بە ته‌واوی هەموو جۆرەکانی تیرۆر، توندوتیژی و توندڕەوی ڕەت دەکاتەوە. ئاماژە بەوەش کراوە کە کردەووەی لەو شێوەیە و بەئامانجگرتنی پەرستگاکان، هەوڵێکن بۆ چاندنی تۆوی دووبەرەکی و نانەوەی ئاژاوە لەنێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگەدا، کە مەترسیی ڕاستەقینە بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی ئایینی دروست دەکەن و دەرئەنجامەکەی تەنیا تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری دەبێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوسۆزی و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ شانشینی ئوردنی هاشمی، بە سەرکردایەتی، حکومەت و گەلەکەی ڕاگەیاند. هاوکات پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵەی قوربانییان کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارانی ڕووداوەکە خواست.

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا، حکومەتی هەرێم جەختی لەسەر گرنگیی پەرەپێدان و پتەوکردنی هاریکاری و هەماهەنگیی هەرێمی و نێودەوڵەتی کردەوە، بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بە هەموو شێوەکانییەوە و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی کۆمەڵگەکان.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button