هەر لەم ماوەیەدا سوپای ڕووسیا ١٧ بارەگا و بنکەی سەربازیی چۆڵ کردووە لە سووریا، بە تایبەت لە باشووری وڵاتەکە. چەند جارێک کۆگای چەک و بارەگای پاسداران و حزبوڵا لە نزیک بنکە سەربازییەکانی ڕووسیا بۆردمانکراون لە لایەن ئیسرائیلەوە. کشانەوەی ڕووسیا لەو خاڵە سەربازییانە دوو خوێندنەوەی بۆ دەکرێت؛ هەبوونی ڕێککەوتنێکی نهێنی لە نێوان ئیسرائیل و ڕووسیا بۆ لاوازکردنی ئێران لە سووریا (ئەسەد پشتگیری دەکات)، یان خۆپاراستن لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ ئەوەی نەبێتە سەرهەڵدانی کێشەیەکی دپلۆماسی لە نێوان هەردوو دەوڵەت بە هۆی زیان گەیاندن بە سەربازانی ڕووسیا.
ئەوەی بە ڕوونی دەردەکەوێت، ڕووسیا و ئەسەد هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی پاسداران و حزبوڵا و میلیشیاکانی تری سەر بە ئێران، قبوڵ دەکەن و هیچ ڕێگرییەکی بۆ دروست ناکەن. ئەمەش مایەی پرسیارە، چونکە تەنانەت ئەمریکا بە ئەندازەی ئیسرائیل دەستکراوە نییە لە سووریا! هیچ شوێنێک نییە لەو وڵاتە پارێزراو بێت لە هێرشەکانی ئیسرائیل.
لەم هەفتەیەدا ئەردۆگان ئاماژەی بەوە کرد گوایە ئیسرائیل دوای لوبنان و سووریا دەکرێت مەترسی هەبێت بۆ سەر تورکیاش. ئەم لێدوانەی ئەردۆگان مەبەستێکی تری هەیە، نەک ترس لە ئیسرائیل. تا ئەمڕۆش پیشەسازی چەکی ئیسرائیل بە ئەندازەیەکی گەورە پشت بەو ماددە خاوانە دەبەستێت کە لە بەندەرەکانی تورکیاوە هەناردە دەکرێن. لە فەڵەستین دەنگۆیەک هەیە، گوایە ئێستا تورکیا ئاسن و کەرەستەکانی پیشەسازی جەنگ لە ڕێگەی کۆمەڵێک کۆمپانیای فەڵەستینییەوە هەناردەی ئیسرائیل دەکات، بۆ ئەوەی بە فەرمی بڵێت پەیوەندییە بازرگانییەکانی تورکیا و ئیسرائیل کەمبووەتەوە.
لەوانەیە ئەردۆگان بیەوێت بە پاساوی هاتنی سوپای ئیسرائیل بۆ ناو سووریا، ئۆپەراسیۆنێکی تری سەربازی دژ بە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام بدات. چونکە هاتنی ئیسرائیل واتە لاوازکردنی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە سووریا. ئەمەش واتە دەرەفەتێک بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و گرووپە سووننییەکانی تر، ئەوانەی لەگەڵ تورکیا و ئەوانەی ئیدلب. تورکیا دەیەوێت دەرفەتەکەی گرووپە سووننییەکان بقۆزێتەوە و دەرەفەتەکەی ڕۆژئاوای کوردستان لەناوببات.
هاوکێشەی سووریا لە هاوکێشە هەرە ئاڵۆزەکانە، زۆربەی دەرفەتە باشەکان بۆ کورد لە ڕۆژئاوا، هاوکاتە لەگەڵ مەترسی و لەدەستدانی دەستکەوتەکان. هاتنی ئیسرائیل بۆ سووریا، دەرفەتێکە بۆ کورد چونکە هەژموونی ئیران بەرەو لاوازی دەبات، یاخود ئێران سەرقاڵی ئیسرائیل دەکات و دووری دەخاتەوە لە پیلانەکانی دژ بە ڕۆژئاوا. ئەم هەلە هاوکاتە لەگەڵ مەترسی ئەنجامدانی ئۆپەراسۆنێکی تورکیا کە ببێتە مایەی کاولکاری و لەدەستدانی خاک بۆ کورد.
لە ماوەی ئەم ساڵەدا، هەژموونی ئێران لە سووریا گورزی زۆر گەورەی بەرکەوتووە بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل. هەموو جەنەڕاڵە سەرەکییەکانی پاسداران لە سووریا کوژراون. لایەنی لۆجیستی و هەواڵگری و کۆگاکانی چەکی بەرەی ئێران، زیانی گەورەیان بەرکەوتووە. ئەمە بۆ کورد زۆر باشە. بەڵام ئەم گورزانەی ئیسرائیل لە ئێران، سوپا و حکوومەتەکەی ئەسەدی تا ڕادەیەک بەهێزتر کردووەتەوە، ئەمەیان مەترسییە بۆ کورد.
ئەمریکا پشتگیری تەواوی هەموو هەنگاوەکانی ئیسرائیل دەکات لە سووریا. چونکە ئەوەی لە واقعدا دەبینرێت، گورزەکانی ئیسرائیل لە هەژموونی ئێران لە سووریا، زۆر لەوانەی ئەمریکا کاریگەرتر و وردترە. ئەم گورزانە دەبێتە مایەی بەهێزکردنی پێگەی ئەمریکا لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان. تا ئێستا ڕووسیا لەگەڵ جووڵەکانی ئیسرائیل کێشەیەکی وای نییە، بەڵام لە ئایندەدا نازانرێت چۆن دەبێت، ئەگەر ئەم جوڵانە نەبنە مایەی لاوازکردنی ئەسەد، ڕووسیا هەر پشتگیری دەکات، یان بێدەنگ دەبێت بەرانبەری.
لەناو ڕژێمی سووریا، بەشار ئەسەد زیاتر لە ڕووسیاوە نزیکە. ماهر ئەسەدی برای بەشار، زیاتر لە ئێران و حزبوڵاوە نزیکە. هەر بۆیە پێش ماوەیەک ئیسرائیل پەیامێکی ڕوونی بۆ نارد، دەوروبەری کۆشکەکەی ماهر ئەسەدی بۆمباران کرد. پەیامەکە ئاشکرا ئەوە بوو ئەگەر بەردەوام بیت لە هاوکاریکردن لەگەڵ حزبوڵا و ئێران، جاری داهاتوو بۆمبەکان ڕاستەوخۆ بەسەرتدا دەبارێن. گومان دەکرێت ئیسرائیل، لە ڕێگەی ڕووسیاوە لەگەڵ بەشار ئەسەد ڕێککەوتنێکی هەبێت.
ئێستا جۆرێک لە بەرژەوەندی هاوبەش هەیە لە نێوان ئیسرائیل و گرووپە سووننییەکانی سووریا. هەندێک لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و میلیشیاکانی لە سووریا، دوورە لە سنووری خۆیەوە، ئەم جۆرە هێرشانە زیاتر لە بەرژەوەندی ئەو گرووپە سوونییانەیە. گوتار و هەڵوێستی ئەو گرووپانە زۆر بە ڕوونی دیارە کە پشتگیری ئیسرائیل دەکەن دژ بە بەرەی ئێران لە غەززە و لوبنان و سووریا. لێرەوەیە تورکیا و ئیسرائیل بەریەک ناکەون و ئەردۆگان تەنیا بۆ چەواشەکاری و پڕوپاگەندە ئەو جۆرە گوتارانە پێشکەش دەکات.
قۆناغی دوای لوبنان، لەوانەیە قۆناغی سووریا بێت. ئیسرائیل باش دەزانێت، بەشێکی سەرەکی هێزی حزبوڵا پشت بە سووریا دەبەستێت. بەبێ سووریا، حزبوڵا لە لوبنان ئەو پێگە و هێزەی نابێت. ئەم قۆناغەش چەندین هەل و مەترسی نوێ دەخاتە بەردەم کورد.