ژینگه‌هه‌واڵ
ئاراستەکان

وەزارەتی پەروەردە ٥ نمرە بۆ پاراستنی ژینگە تەرخان دەکات

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی پاراستنی ژینگە و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی ژینگەدۆستی، بڕیارێکی نوێی بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 دەرکرد، کە بەپێی بڕیارەکە ٥ نمرە بۆ چالاکییە ژینگەییەکانی هەر قوتابییەک لە سەرجەم بابەتەکانی خوێندندا تەرخان دەکرێت.

 

فەرمانە فەرمییەکە ڕۆژی سێشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تاقیکردنەوەکان و ساڵنامەی خوێندنەوە دەرچووە. بڕیارەکە گشتاندنی بۆ کراوە بۆ سەرجەم پەروەردەکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان، سۆران، ڕاپەڕین و زاخۆ) و تەواوی ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی دەگرێتەوە.

 

د. سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی گەرمی لەم هەنگاوە کرد و ڕایگەیاند کە ئەمساڵ هاوئاهەنگییەکی بەهێز لە نێوان دەستەکەیان و وەزارەتی پەروەردەدا هەیە. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە کادیرانی پەروەردە ڕاهێنانیان پێکراوە بۆ هاندانی قوتابیان لە بوارەکانی وەک خاوێنکردنەوەی پۆل و قوتابخانە، کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک، و هۆشیارانە بەکارهێنانی ئاو و وزە. ڕوونیشی کردەوە کە مامۆستایان بەپێی ئاستی بەشداری و چالاکییە ژینگەدۆستییەکانی قوتابیان، ئەم نمرانە بەسەریاندا دابەش دەکەن.

 

بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردە، شێوازی دابەشکردنی نمرەکان بەپێی قۆناغەکانی خوێندن بەم شێوەیە دەبێت:

  • بازنەی یەکەم (پۆلەکانی ١ تا ٣): ٥ نمرەی ژینگە لەسەر چوارەم هەڵسەنگاندنی هەردوو وەرزی یەکەم و دووەم لەلایەن مامۆستای بابەتەوە هەژمار دەکرێت.
  • پۆلەکانی (٤ تا ١٢): ٥ نمرەکە دابەش دەبێت بەسەر هەڵسەنگاندنەکانی هەردوو وەرزدا؛ بە شێوەیەک لە هەڵسەنگاندنی یەکەم ٢ نمرە و لە هەڵسەنگاندنی دووەمدا ٣ نمرە بۆ بابەتە ژینگەیییەکان تەرخان دەکرێت.
  • پەیمانگەکان: بۆ سەرجەم قۆناغەکان، ٢ نمرە لە وەرزی یەکەم و ٣ نمرە لە وەرزی دووەم بۆ هەر بابەتێک لەلایەن مامۆستاوە دیاری دەکرێت.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی پەروەردە جەختی کردووەتەوە کە سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی، دڵنیایی جۆری، و ئیدارەی قوتابخانە و پەیمانگەکان لە نزیکەوە چاودێری و بەدواداچوونی ورد دەکەن بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە لە سەرجەم ناوەندەکاندا.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button