سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

تورکیا و ئەمریکا و هەسەدە؛ ڕۆژئاوا لە بەردەم ڕۆژانێکی یەکلاکەرەوەدا

دۆخێکی نوێی وا لە سووریا هاتۆتە کایەوە، کورد و هێزەکانی ڕۆژئاوا نەك هەر خۆیان بۆ ئامادە نەکردبوو، بەڵکو بەدانپێدانانی بەرپرسەکانیان دووچاری جۆرێك لە شۆکبوون بوون، بەرانبەر هەرەسهێنانی خێرای هێزەکانی بەشار و چارەنووسی هەریەك لە ڕووسیا و ئێران لەو وڵاتەدا.

 

واتە بیرکردنەوە و گرەو و خۆڕێکخستنیان لە چوارچێوەی هاوکێشە کۆنەکەی پێش ڕووخانی ڕژێم و هاوسەنگییە سیاسی و سەربازییەکانیدا بووە. ئەوەش وایکردووە هەندێ ئەرك کە دەبوو پێشتر و وەك زەمینەسازی بۆ دۆخە نوێیەکە ئەنجامی بدەن، کە چەندین ساڵە داوا دەکرێت ئەنجامی نەدەن، هەروەها ڕووداو و گۆڕانکارییەکان لە تواناکانی ئەوان گەورەتر بێت، نەشتوانن بەو خێراییەی ڕەوشەکە دەچێتە پێشەوە خۆ لەگەڵ جەبرەکانیدا بەگوێرەی پێویست بگونجێنن.

کوردی ڕۆژئاوا و بەتایبەتیش هێزە بنەڕەتییەکەی کە چەك و زەوی و ئیدارەی بەدەستەوەیە، کەوتۆتە نێوان بەرداشی تورکیا و ئەمریکاوە. تورکەکان، لەسۆنگەی ئەوەی بە سەرکەوتووی دۆخەکە دادەنرێن و دەسەڵاتدارە نوێکانی دیمەشق خۆیان بەقەرزاری دەزانن، تاڕاددەیەکی بەرچاو دەرگای لەبەردەمدا واڵایە.

ئەگەر جاران دەگوترا بوونی سوپاکەی لە ناو سووریا ناڕەوایە، چونکە لە سەر داوای حکوومەتەکەی پێشوو نەهاتوونەتە ناو وڵاتەکەوە، ئەوا ئێستا ئەوانی تر ناڕەوان، هەر ئەم ڕەواییە، ڕووپۆشی یاساییش بۆ شەرعیەتدان بە مانەوەیان تەنها بڕیارێکی دیمەشقی تێدەچێت. هەرخۆشی سبەی مەشق بە سوپای نوێی سووریا دەکا و ئەوەش جۆرێ لە هەژموونی بۆ دروست دەکات بەتایبەتیش ئەگەر ئەم سەرکردایەتییە سیاسییەی ئێستا لە ئەنقەرە لەسەر کار بمێنێت کە خاوەنی تێزی بە چەقکردنی تورکیایە وەك زلهێزێکی ناوچەیی قسەبیستراو لە ئاستی جیهاندا.

 

لەڕوویەکی ترەوە تورکیا لە ئێران و ڕووسیا جیاوازە، ئەگەر هەندێ حکوومەتەکەشی لای هەندێ ناوەند نەخوازراو بێت، وەك دەوڵەت ئەندامی ناتۆ و هاوپەیمانی ئەمریکایە، پەیوەندی دیپلۆماسی و بازرگانی و سەربازی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە و دەتوانێت زۆر شتی بۆ بکات کە بەهێزی تر ناکرێت.

زۆرینەی سووننەی عەرەبی سووریا بە ڕزگارکەری خۆیانی دەزانن، لانی کەم لەم قۆناغەدا.

 

هەربۆیە بانگەوازەکەی ئیدارەی خۆسەر و هەسەدە بۆ جیهان بۆ ئەوەی هاوشێوەی جاران واتە بەرگریکردن لە کۆبانێ دژ بەداعش، بەرانبەر سوپای ئازاد و تورکیاش پشتیوانیان بکەن، زۆر گوێگری نابێت.

 

ئەگەر گرەوی گەورەش لەسەر بوونی ئەمریکا بێت بۆ نەکەوتنی کۆبانێ و ناوچە کوردییەکان، کە هەر وابووە و وایە، پێدەچێت لە سۆنگەی ئەو گۆڕانە قووڵەی ڕووخانی ڕژێم دروستی کردووە و ئەو ڕۆڵە گەورەی تورکیا لە سووریا و ئێستای ناوچەکەدا دەیگێڕێت، دیسان هاوشێوەی جاران نەمابێت بەگوێرەی پێویست گرەوی لەسەر نەکرێت. چونکە ئەمریکا پێش ڕووخانی ڕژێم لە بەرانبەر سێ هێزی نەیاری خۆی، واتە ڕووسیا و ئێران و ڕژێم، بەبیانووی جەنگی دژ بە داعش جوگرافیای ئیدارەی خۆسەری کردووە بە ناوچەی نفوزی خۆی، بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر هاوکێشەکانی سووریا هەبێت و گۆڕەپانەکە بە تەواوی بۆ ڕووسیا و ئێران چۆڵ نەبێت، گەرچی سەرەڕای ئەوەش گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا هەڵکرد بۆ ئەوەی هەندێ ناوچە لە دەست ئیدارەی خۆسەر دەربهێنێت! لە کاتێکدا ئێستا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی نوێی سووریا پێویستی بە تورکیایە کە خۆی ڕاستەوخۆ لە دیمەشق ئامادەیی دەبێت، ئەوەش دۆخێکی جیاواز دێنێتە کایەوە، بۆیە ئەمریکییەکان گەر بۆ ماوەیەکیش هەوڵدەن تورکیا و هێزە هاوپەیمانە سوورییەکانی قەناعەت پێبکەن پەلاماری هەندێ ناوچە نەدەن، تاسەر ئەوە ناکەن و ئاسانیش نییە بیر لەوە بکەینەوە لەبەر خاتری هەسەدە و کورد شەڕی سوپای تورکیا بکات. بەتایبەتییش کە لە عێراقیش بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی بەدەستیەوەیەتی پێویستی پێی دەبێت، مامەڵەکردنیشی لەگەڵ تەحریری شام لە ڕابردوودا زیاتر هەر لە ڕێگەی تورکیاوە بووە. ئەویش بەزەمانەتکاری یەکەم دەزانێت بۆئەوەی ڕژێمێکی توندڕەو لە سووریا نەیەتە سەر کار. بەردەوامیش ئەوەی دووپاتکردۆتەوە کە هاوبەشی ئەو لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکراتدا لە چوارچێوەی جەنگ لە دژی داعشدایە نەك شتێکی تر. ئەو ئامانجەش ئێستا دەتوانرێت لە لایەن دەسەڵاتدارە نوێکانی دیمەشق و تورکیاوە بێتەدی و گرەنتی بکرێت.

 

لێرەشەوە چارەنووسی ئیدارەی خۆسەر و هەسەدە دەکەوێتە بەردەم چارەنووسێکی تاڕاددەیەك نادیارەوە، ئەگەر هەسەدە شەڕی مان و نەمانیش بکا وەك خۆی دەڵێت، قورس دەبێت تا سەر بتوانێت پارێزگاری لە یەکیەتی ڕیزەکانی و بەرگری لە ناوچە کوردییەکان بکات، بەوەش ئامانجی تورکیا بەشێکی دێتە دی کە تێکدانی ئەو دیفاکتۆیەیە لە ساڵانی ڕابردوودا دروستکراوە، بۆ ئەوەی لە کاتی نووسینەوەی دەستووردا نە کارتی فشار بمێنێ و نە هەوڵی ئەوەش بدرێت هەمووی یان بەشێکی ڕووپۆشی دەستووری بۆ پەیدا ببێت، چونکە تورکیا بەدەر لە قۆناغی ڕاگوزەریی لەسەر ئاستی سووریا، سەبارەت بە هەسەدە و ئیدارەی خۆسەر قۆناغی ڕاگوزەری تایبەت بە خۆی هەیە کە لە ڕووخانی ڕژێمەوە دەستپێدەکات تا زەمینەسازکردن بۆ نووسینەوەی دەستوور، پێشم وایە (٣٠) ڕۆژی داهاتوو لەم ڕووەوە چارەنووسسسازە.

 

ئەوەی لە بیری تورکیادایە، کۆتاییهێنانە بە هێزەکانی سووریای دیموکرات و زۆربەی یاخود کۆی ئیدارەی خۆجێیی، پێش ڕێکخستنەوەی سیاسی و سوپای سووریا، لەبەرئەوەی نەك هەر نایەوێت ئەو هێزانە بمێنن، بەڵکو ناشیەوێت ببن بە بەشێك لە سوپای داهاتووی سووریا چ جای دۆخێکی تایبەتیان هەبێت، یەك دوو ڕۆژیشە جەنگە دەروونییەکەی بەشێوەیەکە وێنای هەسەدە لەگەڵ کۆنتراگەریلا و پاشماوەکانی ڕژێم و دژە شۆڕش تێکەڵ دەکات، بۆ ئەوەی پاساو و ڕەهەندێکی تر بەجەنگ دژیان بدات.

 

شپرزەییە ناوخۆییە کوردییەکەش لەم ڕووەوە هەندێ یارمەتیدەرە. گەر دۆخەکەش بەم جۆرە بچێتە پێش کە وێنامان کرد، کە هیوادارین لانی کەم پڕاوپڕ وا نەبێت، بژاردەکانی بەردەم هەسەدە زۆر سنووردار دەبن، دۆخی پێشبینیکراو لە عێراقیش لە قازانجی نابێت، لەبەرئەوەی پێشبینی دەکرێت، پاڵپشتی لۆجستی و توانای مانۆڕ و پشتێنەی خۆپارێزی و کشانەوەی لەبەردەمدا تەسبکاتەوە.

 

دەمێنێتەوە ئەوەی بپرسین ئایا چارەنووسی هەسەدە و هەپەگە و پەیەدە یەکسانە بە چارەنووسی کورد لە ڕۆژئاوا؟ واتە تورکیا هەرکێشەی لەگەڵ باڵادەستی پەیەدە و هەپەگە هەیە یاخوود خودی بیرۆکەی هەرێمی دووەمی کوردستانی دووای هەرێمی کوردستان با بە پووختیش کوردی نەبێت، بەدەست هەرکەسەوە بێت لەوانەش ئەنەکەسە، ڕەتدەکاتەوە؟ پێدراوەکانی تا ئێستا ئەوەمان پێدەڵێن تورکیا دژایەتی هەرجۆرە خوودبەڕێوەبەرییەکی کوردییە لە سووریادا، تێگەیشتنی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لەو وڵاتەدا، هاوشێوەی تورکیا لە هاووڵاتیی یەکسان و هەندێ مافی کەلتووری تێپەڕ ناکات، لەگەڵ هێشتنەوەی پەراوێزێك بۆ ئەگەر و پێشهاتی تر لە دەرەوەی ئیرادەی ئەوەوە.

 

ئەگەر ئەمەش بەشێوەیەکی گشتی واقیعەکە بێت، داخۆ عەقڵی سەرکردایەتی کورد لەو پارچە و پاڵپشتەکانی لە پارچەکانی تر، ئەوەندە توانای دەستپێشخەری و تەوق شکاندن و یەکخستنی توانا نیشتمانییە کوردستانییەکەی ماوە، کە بتوانێ ڕێگایەکی تر بە قازانجی دامەزراندنی دووهەمین هەرێمی کوردستانی  بدۆزێتەوە و کاریگەری خۆی بخاتەڕوو، بەمەش دەرگایەکی فراوانتری مێژوو بەڕووی کۆی پرسی کورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بکاتەوە؟

بەو ئومێدە…

ئەبوبەکر کاروانی

سیاسەتمەدار

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button