پەرلەمانی کوردستان؛ پەرلەمانتاران چییان کرد و دەبوو چی بکەن
دامەزراوەی پەی ئەدای پەرلەمانتاران لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان هەڵدەسەنگێنێت
دامەزراوەی پەی، هەژدەمین ڕاپۆرتی خۆی لە چوارچێوەی پڕۆژەی چاودێریی و هەڵسەنگاندنی كارەكانی پەرلەمانی كوردستان، بەناونیشانی “هەڵسەنگاندنی ئەدای ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لە ماوەی خولی پێنجەمیدا” بڵاوکردەوە. ڕاپۆرتەکە، کۆمەڵێک داتا و زانیاری ورد لەمەڕ کار و چالاکی، ئەرک و بەرپرسیارێتی سەرجەم ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی ئەو خولەدا لەخۆدەگرێت.
ڕاپۆرتەکە، هەڵوەستەی لەسەر پێکهاتەی پەرلەمان لەڕووی بڕوانامەی پەرلەمانتاران، تەمەن و چەند زانیارییەکی دیکەی بنچینەیی کردووە و پاشان لە چەندین ڕەهەندەوە هەڵوەستەی لەسەر ئەدای یەک بە یەکی ئەندامانی پەرلەمان لەماوەی خولی پێنجەمدا کردووە.
لەخوارەوە، بەشێک لە ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەی دامەزراوەی پەی خراوەتەڕوو.
مۆڵەت و ئامادەنەبوون لە دانیشتنەکانی پەرلەمان
لە ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەماندا كە (چوار ساڵ و شەش مانگ و بیست و چوار ڕۆژ)ی خایاندووە، پەرلەمان (116) دانیشتنی ئەنجامداوە، لە (74) دانیشتندا ئامادەنەبوون (غیابات) خوێندراوەتەوە و لە (42) دانیشتندا ئامادەبوون تۆمار نەكراوە یاخود پەرلەمان رای نەگەیاندووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئینستیوتی پەی، ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان بەناوی هاوڕێ پەنا محەمەد لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، زۆرترین جار ئامادەی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان نەبووە، كە (31) جار بووە لە كۆی (74) دانیشتنی پەرلەمان، لە پلەی دووەمیشدا سەلمە فاتیح تۆفیق پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی بە (30) ئامادە نەبوون و هاوکات سەباح مەحموود محەمەد پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی بە (24) ئامادە نەبوون لە ڕیزبەندی سێیەمین لەو پەرلەمانتارانە دێت کە زۆرترین جار ئامادەی دانیشتنەکانی پەرلەمان نەبوون.
دواتر ژمارەكان بەدوای یەكتریدا كەم دەبنەوە، ئەنستیوتی پەی دەڵێ: “لە وردبوونەوەمان لە كۆی كۆبوونەوەكان بۆمان دەركەوت، كە لە بەشێكی زۆری كۆبوونەوەكاندا ئامادەنەبوون نەخوێندراوەتەوە، بەمەش دەردەكەوێت كە ڕێژەكە زۆر لەوە زیاترە”.
ئامادەنەبوون لە کۆبوونەوەی لیژنەکاندا
بەپێی ڕاپۆرتەکە، (804) جار ئەندامانی پەرلەمان لە كۆبوونەوەكانی لیژنەكان ئامادەنەبوونە، لەم ژمارەیەشدا پەرلەمانتارێك بەناوی محەمەد سەعدەدەین ئەنوەر لە فراکسیۆنی گەشەپێدانی تورکمان، زۆرترین جار ئامادەنەبووە لە كۆبوونەوەكانی لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان كە (23) جار بووە، لە پلەی دووەمیشدا سەروان محەمەد عەلی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی بە (21) جار ئامادەنەبوون لە کۆبوونەوەی لیژنەکانی پەرلەماندا لە پلەی دووەم و سیپان سالم حەسەن پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ بە (19) جار ئامادەنەبوون لە کۆبوونەوەی لیژنەکاندا لە پلەی سێیەم دێت. دوای ئەویش ژمارەكانی دیكە دێن بە ڕێژەی كەمتر، تا دەگاتە ئەوەی ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمان لەسەرجەم كۆبونەوەكانی لیژنەكان بەشداربوونە، كە ژمارەیان (3) پەرلەمانتارە و ئەوانیش هەریەک لە حەسیبە سەعید ئیبراهیم و زاهیر محەمەد عەلی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی و عومەر عەبدوڵا فەتاح پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵ.
ئەنیستیوتی پەی، ئاماژەی بەوە کردوو کە تەواوی ئەو زانیارییانەی لە كۆبوونەوەی پەرلەمان دەستكەوتووە و دەشێت ژمارەكە زۆر لەوە زیاتر بێت، چونكە تۆماری ئامادەنەبووانی زۆربەی كۆبوونەوەكانی لیژنەكان نەخوێنراونەتەوە. چونكە زۆر جار سەرۆكایەتی پەرلەمان خوێندنەوەی ئامادەنەبوونی ئەندامانی پشتگوێ خستووە، هەروەها زۆر جار لە كۆبوونەوەكاندا ناوی ئەندامی پەرلەمان هەیە بە مۆڵەت خوێندراوتەوە، لە كاتێكدا بایكۆتی پەرلەمانی كردووە، زۆر جاریش ناوی ئەندام پەرلەمانێك لە لیژنەیەكدا دەخوێندرێتەوە، كەچی ئەو ئەندام پەرلەمانە بە هیچ شێوەیەك ئەندامی ئەو لیژنەیە نەبووە.
وتەی ئەندامانی پەرلەمان و ماوەی قسەکردنیان لە پەرلەمان
سەرجەم وتەی ئەندامان لە دانیشتنەكانی پەرلەمان بەتێكڕایی (8881) جار قسەیان كردووە، لەم ژمارەیەدا تەنها (1) پەرلەمانتار زۆرترین جار بە وتە بەشدار بووە كە (275) جار قسەی كردووە؛ ئیسماعیل عەلی تەها لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی، لە پلەی دووەمیشدا ڕێبوار عەبدولڕەحیم عەبدوڵا کە (271) جار و لە پلەی سێیەمیشدا زاهیر محەمەد عەلی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی کە (244) جار قسەی کردووە. دوای ئەویش ژمارەكان كەم دەبنەوە، هەرچەندە زۆریی بەشداریی قسەكردن لە كۆبوونەوەكان هەموو كاتێك نیشانەی كارایی ئەندامەكان ناگەیەنێت، چونكە ئەوە هەڵوێست و كارایی ئەندامەكان دیاریدەكات كە ئاخۆ لەسەر چی بابەتێك و كەی قسە دەكەن و چیش دەڵێن.
هاوکات سێ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان کە کەمترین جار بە وتە بەشداریان لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان کردووە، پێکدێن لە فەرید یەعقووب ئیلیا لە فراکسیۆنی ڕافیدەین کە (9) جار قسەی کردووە؛ فاهیک کەمال سوغون لە فراکسیۆنی ئەرمەن (7) جار و هەژان حەسەن ئەحمەد لە فراکسیۆنی یەکێتی (6) جار قسەی کردووە.
هەرچی پەیوەندی بە ماوەی قسەکردنی ئەندامانی پەرلەمانەوە هەیە، بەکۆی ئەو پەرلەمانتارانەی لەماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان وتەیان هەبووە، بە تێکڕا (160) كاتژمێر و (40) خوولەك و (30) چركە قسەیان کردووە.
لەو چوارچێوەیەدا مەم بورهان قانع پەرلەمانتاری سەربەخۆ زۆرترین ماوە قسەی كردووە لە دانیشتنەكاندا، كە ماوەی قسەكردنەكەی (5) كاتژمێر و (31) خوولەك و (12) چركە بووە، لە پلەی دووەمدا ئیسماعیل عەلی تەها پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی بە (4) کاتژمێر و (32) خوولەک و (50) چرکە، لە پلەی سێیەمیشدا کاروان عەبدولڕەحمان عەبدوڵا پەرلەمانتاری یەکێتی بە (3) کاتژمێر و (56) خوولەک و (27) چرکە زۆرترین ماوەی قسەکردنیان تۆمار کردووە.
دوای ئەویش بەڕێژەی جیا جیا ماوەی قسەكردنەكە كەم دەبێتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، لانیکەم (10) لە ئەندامانی پەرلەمان لەماوەی خولی پێنجەمدا لە (15) خوولەک بەرەو خوارەوە قسەیان کردووە. تا دەگاتە ئەوەی ئەندامێكی پەرلەمان بەناوی هەژان حەسەن ئەحمەد لە فراکسیۆنی یەکێتی لە ماوەی خولی پێنجەمدا تەنها (3) خوولەک و (3) چرکە قسەی كردووە.
واژۆکردن لەسەر پێشنیازە یاساکان
لە تێكڕای خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان هەزار و (435) جار ئەندامانی پەرلەمان واژۆیان لەسەر پێشنیازە یاساکان کردووە. لوقمان حەمەد حاجی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی بە واژۆکردن لەسەر (32) پێشنیازە یاسا، لە پلەی یەکەم دێت، پاشان بژار خالید عەبدوڵا لە فراکسیۆنی پارتی بە واژۆکردن لەسەر (25) پێشنیازە یاسا لە پلەی دووەم و ڕۆژان محەمەد کەریم لە فراکسیۆنی یەکێتی بە واژۆکردن لەسەر (25) پێشنیازە یاسا لە پلەی سێیەم دێت.
دوای ئەویش ژمارەكانی دیكە دێن بە ڕێژەی كەمتر، تا دەگاتە ئەوەی (2) ئەندام پەرلەمان؛ باپیر کامەلا سەلمان لە فراکسیۆنی سەردەم و مژدە مەحموود محەمەد لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ تەنیا واژۆیان لەسەر یەک پێشنیازە یاسا کردووە. هەروەها، شێرکۆ جەودەت لە فراکسیۆنی یەکگرتوو و سیروان فەرەج محەمەد پەرلەمانتاری سەربەخۆ واژۆیان لەسەر تەنیا دوو پێشنیازە یاسا کردووە.
بەگشتی (27) لە ئەندامانی پەرلەمان لەماوەی خولی پێنجەمدا واژۆیان لەسەر کەمتر لە (10) پێشنیازە یاسا کردووە.
واژۆکردن بەمەبەستی لێپرسینەوە لە ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران
لەماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا، تەنیا (29) ئەندامی پەرلەمان واژۆیان لەسەر پرساندن بەمەبەستی لێپرسینەوە لە ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە. ئەوانیش پێکدێن لە حەوت پەرلەمانتاری کۆمەڵ، شەش پەرلەمانتاری گۆڕان، پێنج پەرلەمانتاری یەکگرتوو، چوار پەرلەمانتاری یەکێتی، سێ پەرلەمانتاری نەوەی نوێ و یەک پەرلەمانتاری حزبی شیوعی.
تەنیا (16) ئەندام پەرلەمان (3) جار یادداشتی لێپرسینەوەیان واژۆ كردووە، دوابەدوای ئەو (3) ئەندام پەرلەمان (2) جار یادداشتی لێپرسینەوەیان واژۆ كردووە، دواتریش (10) ئەندام پەرلەمان (1) جار یادداشتی لێپرسینەوەیان واژۆ كردووە، (78) ئەندام پەرلەمانیش هیچ یاداشتێكیان واژۆ نەكردووە بە مەبەستی لێپرسینەوە. لەو چوارچێوەیەدا، هیچ پەرلەمانتارێکی پارتی و هیچ کام لە پەرلەمانتارانی پێکهاتەکان واژۆیان لەسەر یاداشتی لێپرسینەوە لە ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران نەکردووە.
ئەو یاداشتانەی بە مەبەستی لێپرسینەوەش بووە پاڵپشت بە ماددەكانی (٦٨، ٦٩، ٧٠) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بەمەبەستی پرساندن لە ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران.
واژۆکردنی یاداشت بۆ قسەکردن لەسەر پرسە گشتییەکان
تەنها یەک ئەندام پەرلەمان زۆرترین جار واژۆی لەسەر ئەو یادداشتانە كردووە بەمەبەستی خستنەڕووی بابەتێكی گشتی بۆ گفتوگۆكردن لە دانیشتنی پەرلەمان واژۆ و پێشكەشكراون كە (47) یادداشتی واژۆ کردووە؛ هەڵز ئەحمەد محەمەد پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی. دوای ئەویش ژمارەكانی واژۆكردن كەم دەبنەوە تا دەگاتە ئەوەی ئەندامێکی ئەندامی پەرلەمان واژۆی لەسەر هیچ یادداشتێك نەكردووە بەمەبەستی زیادكردن و دەستنیشانكردنی هیچ بابەتێك بۆ بڕگەكەكانی بەرنامەی كار و دانیشتن لەسەری و ئەویش باپیر کامەلا پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سەردەم، کە واژۆی هیچ یادداشتێکی بۆ گفتوگۆکردن نەکردووە.
دامەزراوەی پەی ڕوونکردنەوەی داوە کە تەنها ئەو یادداشتانەیان دەستكەوتووە كە ئەندامان بۆ ئەم مەبەستە واژۆیانكردووە و پێشكەشی سەرۆكایەتییان كردووە، بۆیە هەڵسەنگاندنەكەشیان هەر لەسەر بنچینەی ئەو یاداشتانە كراوە.
ئەو پەرلەمانتارانەی بیرۆکەیان پێشکەش کردووە
ڕاپۆرتەکەی دامەزراوەی پەی ڕوونیکردووەتەوە، (13) ئەندام پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنەكاندا (16) بیرۆكەیان خستۆتەڕوو، كە بیرۆكەكانیش بەپێی ڕۆژی پێشكەشكردن و ناونیشانیان بەم شێوەیەی خوارەوە بووە:
1- پەرلەمانتار (هێڤیدار ئەحمەد سلمان) دوو بیرۆكەی خستۆتەڕوو؛ یەكەمیان پەیوەست بووە بە (گەشەی دانیشتوان) لە دانیشتنی ژمارە (1)ی ئاسایی خولی پایزە لە (17/9/2019) خراوەتەڕوو، دووەمیشیان تایبەت بووە بە (ژینگە)، لە دانیشتنی ژمارە (3)ی ئاسایی خولی بەهار لە (10/3/2021) خراوەتەڕوو.
2- پەرلەمانتار (مەم بورهان قانیع) دوو بیرۆكەی خستۆتەڕوو؛ یەكەمیان پەیوەست بووە بە (بەگەڕخستنی داهاتەكان) لە دانیشتنی ژمارە (12)ی ئاسایی خولی پایزە لە (24/12/2019) خراوەتەڕوو، دووەمیشیان تایبەت بووە بە (حكومڕانیی بیرۆكراسی)، لە دانیشتنی ژمارە (6)ی ئاسایی خولی بەهار لە (7/4/2021) خراوەتەڕوو.
3- پەرلەمانتار (گەلاوێژ عوبید عوسمان) دوو بیرۆكەی خستۆتەڕوو؛ یەكەمیان پەیوەست بووە بە (دامەزراندنی سەنتەری ڕاوێژكاری نەخۆشی بۆ ماوەی نیشتمانی بەهۆی زۆربوونی منداڵی نابەكام و نەخۆشی بۆماوەیی) لە دانیشتنی ژمارە (16)ی ئاسایی خولی پایزە لە (23/1/2020) خراوەتەڕوو، دووەمیشیان تایبەت بووە بە (زۆربوونی نەخۆشیی شێرپەنجە)، لە دانیشتنی ژمارە (8)ی ئاسایی خولی بەهار لە (20/4/2021) خراوەتەڕوو.
4- بیرۆكەی پەرلەمانتار (جوان یونس محەمەد) سەبارەت بە (پێداچوونەوە بە مادەی 140 و مەترسییەكانی هەمواركردنەوەی دەستوور لەسەر مادەی 140)، لە دانیشتنی ژمارە (7)ی ئاسایی خولی بەهار لە (13/11/2019) خراوەتەڕوو.
5- بیرۆكەی پەرلەمانتار (كاروان عەبدولڕەحمان عەبدوڵلا) سەبارەت بە (چۆنیەتی شەفافكردنی دۆسیەی نەوت)، لە دانیشتنی ژمارە (7)ی ئاسایی خولی بەهار لە (13/11/2019) خراوەتەڕوو.
6- بیرۆكەی پەرلەمانتار (لەنجە ئیبراهیم عەبدولرەحمان) سەبارەت بە (بەرزڕاگرتنی قوربانییانی ڕۆژی جینۆساید)، لە دانیشتنی ژمارە (8)ی ئاسایی خولی بەهار لە (4/12/2019) خراوەتەڕوو.
7- بیرۆكەی پەرلەمانتار (شنۆ ئەشقی عەبدوڵا) سەبارەت بە (ڕەخساندنی هەلی كار لە هەرێمی كوردستان -عێراق)، لە دانیشتنی ژمارە (8)ی ئاسایی خولی بەهار لە (20/4/2021) خراوەتەڕوو.
8- بیرۆكەی پەرلەمانتار (لیزا فەلەكەدین سابر) پەیوەست بە (وزەی خۆر وەك سەرچاوەیەك بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لەهەرێمی كوردستان)، لە دانیشتنی ژمارە (12)ی ئاسایی خولی بەهار لە (5/5/2021) خراوەتەڕوو.
9- بیرۆكەی پەرلەمانتار (عوسمان عەلی سمایل) سەبارەت بە (لەپێناو پاراستنی ژینگەی شار و شارۆچكەكانی كوردستان هەوڵێك بۆ ڕێسایكلینی خاشاك)، لە دانیشتنی ژمارە (16)ی ئاسایی خولی بەهار لە (28/6/2021) خراوەتەڕوو.
10- بیرۆكەی پەرلەمانتار (عەبدولستار مەجید قادر) سەبارەت بە (دۆزینەوەی هەلی كار لە ڕێگای بەگەڕخستنەوەی كارگەكان)، لە دانیشتنی ژمارە (16)ی ئاسایی خولی بەهار لە (28/6/2021) خراوەتەڕوو.
11- بیرۆكەی پەرلەمانتار (شایان كاكە سالح) سەبارەت بە (ڤایرۆسی نەخۆشیی كۆڤید-19)، لە دانیشتنی ژمارە (16)ی ئاسایی خولی بەهار لە (28/6/2021) خراوەتەڕوو.
12- بیرۆكەی پەرلەمانتار (زێدان ڕەشیدخان ئاودەل) سەبارەت بە (پرسی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی)، لە دانیشتنی ژمارە (17)ی ئاسایی خولی بەهار لە (6/7/2021) خراوەتەڕوو.
13- بیرۆكەی پەرلەمانتار (سیروان فەرەج) سەبارەت بە (كێشەی پەنابەران)، بەڵام ڕێگەی پێ نەدرا پێشكەشی بكات.
لیستی ناوی ئەو پەرلەمانتارانەی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە
(14) ئەندامی پەرلەمان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەستیان لەكاری پەرلەمانی كێشاوەتەوە بەم شێوەیەی خوارەوە:
1- پەرلەمانتار (ڤاڵا فەرید ئیبراهیم) لە فراكسیۆنی (پارتی)، كە لەماوەی (6/11/2018 تا 11/7/2019) سەرۆكی پەرلەمان بووە، دەستی لەكار كێشاوەتەوە و بووەتە وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان.
2- پەرلەمانتار (بێگەرد دڵشاد تاڵەبانی) لە فراكسیۆنی (یەكێتی)، كە لەماوەی (6/11/2018 تا 11/7/2019) ئەندامی پەرلەمان بووە، دەستی لەكار كێشاوەتەوە و بووەتە وەزیری وەزارەتی كشتوكاڵ و ئاودێری.
3- پەرلەمانتار (عەبدوڵلا حاجی مەحمود) لە فراكسیۆنی (هاوپەیمانی سەردەم)، كە لەماوەی (6/11/2018 تا 11/7/2019) ئەندامی پەرلەمان بووە، دەستی لەكار كێشاوەتەوە و بووەتە وەزیری وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان.
4- پەرلەمانتار (ئایدن مەعروف سەلیم) لە فراكسیۆنی (بەرەی توركمانی)، كە لەماوەی (6/11/2018 تا 11/7/2019) ئەندامی پەرلەمان بووە، دەستی لەكار كێشاوەتەوە و بووەتە وەزیری هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی كاروباری پێكهاتەكان.
5- پەرلەمانتار (سۆران عومەر سەعید) لە فراكسیۆنی (كۆمەڵا)، كە لەماوەی (6/11/2018 تا 27/7/2020) ئەندامی پەرلەمان بووە، بەهۆی كێشەی لەگەڵ پدك كە پارێزبەندی لەسەر هەڵگیرابوو، لەسەر داوای خۆی دەستی لەكاری پەرلەمانی كێشاوەتەوە.
6- پەرلەمانتار (ئومێد عبدالرحمن حسن) لە فراكسیۆنی (پارتی)، كە لەماوەی (6/11/2018 تا 18/2/2021) ئەندامی پەرلەمان بووە، دەستی لەكار كێشاوەتەوە و بووەتە پارێزگاری هەولێر.
7- پەرلەمانتار (شایان كاكە ساڵح) لە فراكسیۆنی (گۆڕان)، كە لەماوەی (6/11/2018 تا 16/11/2022) ئەندامی پەرلەمان بووە، بەهۆی بەنایاسایی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە، لەسەر داوای خۆی دەستی لەكاری پەرلەمانی كێشاوەتەوە.
8- پەرلەمانتار (كازم فاروق نامیق) لە فراكسیۆنی (نەوەی نوێ)، كە لەماوەی (6/11/2018 تا 1/3/2023) ئەندامی پەرلەمان بووە، بەهۆی رێگریكردنی لە بەشداری دانیشتنەكانی پەرلەمان و دواتریش نەخۆشكەوتنی، لەسەر داوای خۆی دەستی لەكاری پەرلەمانی كێشاوەتەوە.
9- پەرلەمانتار (عەلی حەمە ساڵح)) لە فراكسیۆنی (گۆڕان)، كە لەماوەی (6/11/2018 تا 1/3/2023) ئەندامی پەرلەمان بووە، بەهۆی بەنایاسایی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە، لەسەر داوای خۆی دەستی لەكاری پەرلەمانی كێشاوەتەوە.
10- پەرلەمانتار (شێركۆ جەودەت مستەفا) لە فراكسیۆنی (یەكگرتوو)، كە لەماوەی (6/11/2018 تا 1/3/2023) ئەندامی پەرلەمان بووە، بەهۆی بەنایاسایی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە، لەسەر داوای خۆی دەستی لەكاری پەرلەمانی كێشاوەتەوە.
11- پەرلەمانتار (سەرچنار ئەحمەد مەحمود) لە فراكسیۆنی (یەكگرتوو)، كە لەماوەی (6/11/2018 تا 1/3/2023) ئەندامی پەرلەمان بووە، بەهۆی بەنایاسایی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە، لەسەر داوای خۆی دەستی لەكاری پەرلەمانی كێشاوەتەوە.
12- پەرلەمانتار (هەلز ئەحمەد محەمەد) لە فراكسیۆنی (یەكگرتوو)، كە لەماوەی (6/11/2018 تا 1/3/2023) ئەندامی پەرلەمان بووە، بەهۆی بەنایاسایی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە، لەسەر داوای خۆی دەستی لەكاری پەرلەمانی كێشاوەتەوە.
13- پەرلەمانتار (ئەبوبەكر عومەر عەبدوڵلا) لە فراكسیۆنی (یەكگرتوو)، كە لەماوەی (6/11/2018 تا 1/3/2023) ئەندامی پەرلەمان بووە، بەهۆی بەنایاسایی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە، لەسەر داوای خۆی دەستی لەكاری پەرلەمانی كێشاوەتەوە.
14- پەرلەمانتار (ئیسماعیل عەلی تەها) لە فراكسیۆنی (یەكگرتوو)، كە لەماوەی (6/11/2018 تا 1/3/2023) ئەندامی پەرلەمان بووە، بەهۆی بەنایاسایی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە، لەسەر داوای خۆی دەستی لەكاری پەرلەمانی كێشاوەتەوە.
ئەو پەرلەمانتارانەی بە نایاسایی بوونەتە ئەندامی پەرلەمان
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی دامەزراوەی پەی، لەماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا، شەش ئەندامی پەرلەمان بە نایاسایی بوونەتە ئەندامی پەرلەمان و لە دوای (6/11/2022) سوێندی یاساییان خواردووە، واتە دوای هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان. بەم شێوەیەی خوارەوە:
1- پەرلەمانتار (سۆز عەبدولقادر عەبدولڕەحمان) لە فراكسیۆنی (بزوتنەوەی گۆران) لە رۆژی 30/11/2022 لە تەلاری پەرلەمانی كوردستانی سوێندی یاسایی خوارد، ماوەی شەش مانگ لەپەرلەمان دەوامی كرد.
2- پەرلەمانتار (دلێر عەبدولخالق حاجی) لە فراكسیۆنی (بزوتنەوەی گۆران) لە رۆژی 15/3/2023 لە تەلاری پەرلەمانی كوردستانی سوێندی یاسایی خوارد، ماوەی دوو مانگ و نیو لەپەرلەمان دەوامی كرد.
3- پەرلەمانتار (عەبدوڵلا حەسەن حەمەد) لە فراكسیۆنی (بزوتنەوەی ئیسلامی) لە رۆژی 15/3/2023 لە تەلاری پەرلەمانی كوردستانی سوێندی یاسایی خوارد، ماوەی دوو مانگ و نیو لەپەرلەمان دەوامی كرد.
4- پەرلەمانتار (لەیلا عەلی عەبدولعەزیز) لە فراكسیۆنی (بزوتنەوەی ئیسلامی) لە رۆژی 15/3/2023 لە تەلاری پەرلەمانی كوردستانی سوێندی یاسایی خوارد، ماوەی دوو مانگ و نیو لەپەرلەمان دەوامی كرد.
5- پەرلەمانتار (بێروان فەقێ ئیسماعیل) لە فراكسیۆنی (سەربەخۆ) لە رۆژی 15/3/2023 لە تەلاری پەرلەمانی كوردستانی سوێندی یاسایی خوارد، لەسەر لیستی (یەكگرتوو) خۆی كاندید كردبوو، بەلام دوای ئەوەی سوێندی یاسایی خوارد لەلایەن یەكگرتووی ئیسلامیەوە لە حزب دوور خرایەوەو دەركرا. ماوەی دوو مانگ و نیو لەپەرلەمان دەوامی كرد.
6- پەرلەمانتار (مەهدی عەلی عەبدوللا) لە فراكسیۆنی (نەوەی نوێ) لە رۆژی 15/3/2023 لە تەلاری پەرلەمانی كوردستانی سوێندی یاسایی خوارد، هەر لەو دانیشتنەدا كە سوێندی خوارد بڕیاری بایكۆتی دانیشتنەكانی داو سەرجەم ئیمتیازاتەكانی رەت كردەوەو ئیتر نەچوویەوە پەرلەمان.
ئەنجامگیرییەکانی ڕاپۆرتەکەی دامەزراوەی پەی
لە كۆتایی نووسینی ئەم راپۆرتەدا كە باس لە كار و چالاكییەكانی ئەندامان لە ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەكات لە ماوەی (6/11/2018 تا 30/5/2023) كە دەكاتە (چوار ساڵ و شەش مانگ و بیست و چوار رۆژ)، گەیشتینە ئەم ئەنجامانەی خوارەوە:
یەكەم: تەنها (١١٦) دانیشتنی پەرلەمان ئەنجامدراوە، كە بریتین لە (110) دانیشتنی ئاسایی و (6) دانیشتنی نائاسایی، لەوانەش (108) دانیشتن لەسەردەمی یاسایی تەمەنی پەرلەماندا ئەنجامدراون و (8) دانیشتنیش لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی بە نایاسایی ئەنجامدراون.
دووەم: لەو ماوەیەدا پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ (85) پرۆژەو پێشنیازە یاسا كردووە، لەوانە (28) پرۆژە یاسا لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێكردن (سەرۆكایەتی هەرێم، ئەنجومەنی وەزیران، دەستەی دەسپاكی)ەوە ناردراون و (57) پێشنیازە یاساش لەلایەن ئەندامانەوە پێشكەش كراون.
سێیەم: سەبارەت بە واژۆی ئەندامان لەسەر پێشنیازە یاساكان، بە تێكڕای خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان (1435) واژۆیان لەسەر پێشنیازە یاساكان كردووە، كە ئەندام پەرلەمانێك زۆرترین جار واژۆی لەسەر پێشنیازە یاساكان كردووە، كە (32) پێشنیازە یاسا بووە، دوای ئەویش ژمارەكانی دیكە دێن بە ڕێژەی كەمتر، تا دەگاتە ئەوەی (2) ئەندام پەرلەمان واژۆیان لەسەر یەك پێشنیازە یاسا كردووە.
پێنجەم: لیژنەكانی پەرلەمان كە ژمارەیان (19) لیژنەیە، لەتەمەنی خولی پێنجەمدا لە ماوەی (چوار ساڵ و شەش مانگ و بیست و چوار رۆژ) تەنها (945) كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە.
شەشەم: ئەو كارانەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەماوەی خولی پێنجەمدا كردوونی بریتین لە: پێشوازی كردن لە (481) كەسایەتی، (77) سەردان، (435) چالاكی و بڵاوكردنەوەی (427) پەیام، كە بریتین لە (234) پەیامی پیرۆزبایی، (122) پرسەنامە و (58) پەیامی هاوخەمی… كە هەریەكەیان بەم شێوەیە:
1- سەرۆكی پەرلەمان (ڤالا فەرید ئیبراهیم) لەماوەی سەرۆكی پەرلەمانیدا لە سەرجەم كۆبوونەوە بەشداریكردووە، پێشوازی لە (8) كەسایەتی كردووە، هیچ سەردانێكی نەكردووە، لە (17) چالاكی بەشداری كردووە و (1) پەیامی بڵاوكردۆتەوە كە بریتی بووە لە پەیامی پرسەنامە.
2- سەرۆكی پەرلەمان (رێواز فایەق حسێن) لەماوەی خولی پێنجەمدا لە (9) كۆبوونەوە بەشدارینەكردووە، پێشوازی لە (197) كەسایەتی كردووە، (19) سەردانی كردووە، لە (141) چالاكی بەشداری كردووە و (190) پەیامی بڵاوكردۆتەوە كە بریتین لە (97) پەیامی پیرۆزبایی و (60) پرسەنامە و (26) پەیامی هاوخەمی و (2) پەیامی پاڵپشتی و (3) پەیامی سوپاسنامە و (2) پەیامی ئیدانەكردن.
3- جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەماوەی خولی پێنجەمدا لە (2) كۆبوونەوە بەشدارینەكردووە، پێشوازی لە (238) كەسایەتی كردووە، (53) سەردانی كردووە، لە (161) چالاكی بەشداری كردووە و (159) پەیامی بڵاوكردۆتەوە كە بریتین لە (91) پەیامی پیرۆزبایی و (43) پرسەنامەو (22) پەیامی هاوخەمی و (1) پەیامی ئیدانە و (2) پەیامی نیگەرانی.
4- سكرتێری پەرلەمان لەماوەی خولی پێنجەمدا، پێشوازی لە (38) كەسایەتی كردووە، (5) سەردانی كردووە، لە (116) چالاكی بەشداری كردووە و (77) پەیامی بڵاوكردۆتەوە كە بریتین لە (46) پەیامی پیرۆزبایی و (18) پەیامی پرسەنامە و (10) پەیامی هاوخەمی و (1) پەیامی سوپاسنامە و (1) پەیامی ئیدانە و (1) پەیامی نیگەرانی.
هەشتەم: نازانرێت ئەندامان چەند پرسیاریان ئاراستەی حكومەت كردووە، چونكە نەدەستەی سەرۆكایەتی زانیاری دەخاتە بەردەست و نە فراكسیۆنەكانیش وەڵامی پرسیارەكانمان دەدەنەوە، بەڵام بەپێی ئامارێك كە سەرۆكایەتی پەرلەمان لە كۆتایی خولی پاییزەدا بڵاوی كردۆتەوە تیادا هاتووە، (499) پرسیاری ئەندامان وەڵام نەدراونەتەوە.
نۆیەم: سەبارەت بە پرساندنی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە لەلایەن پەرلەمانتارانەوە، (16) ئەندام پەرلەمان (3) جار یادداشتی لێپرسینەوەیان واژۆ كردووە، دوابەدوای ئەو (3) ئەندام پەرلەمان (2) جار یادداشتی لێپرسینەوەیان واژۆ كردووە، دواتریش (12) ئەندام پەرلەمان (1) جار یادداشتی لێپرسینەوەیان واژۆ كردووە، (89) ئەندام پەرلەمانیش هیچ یاداشتێكیان واژۆ نەكردووە بە مەبەستی لێپرسینەوە. ئەو یاداشتانەی بە مەبەستی لێپرسینەوەش بووە پاڵپشت بە ماددەكانی (٦٨، ٦٩، ٧٠) لە پەیڕەوی ناوخۆیی پەرلەمان بەمەبەستی پرساندن لە ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران بووە.
دەهەم: سەبارەت بە خستنەڕووی بابەتێكی گشتی بۆ گفتوگۆكردن لە دانیشتنەكانی پەرلەمان، یان زیادكردنی بڕگەی كار، ئەو یادداشتانەی كە لەلایەن ئەندامانەوە واژۆ و پێشكەشكراون، تەنها (1) ئەندام پەرلەمان زۆرترین جار واژۆی لەسەر ئەو یادداشتانە كردووە، كە ژمارەی یادداشتەكانی واژۆی كردووە (47) یادداشت بووە، دوای ئەویش ژمارەكانی واژۆكردن كەم دەبنەوە تا دەگاتە ئەوەی (12) ئەندام پەرلەمان واژۆیان لەسەر هیچ یادداشتێك نەكرووە بەمەبەستی زیادكردن و دەستنیشانكردنی هیچ بابەتێك بۆ بڕگەكەكانی بەرنامەی كار و دانیشتن لەسەری.
یازدەهەم: لەماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا (13) ئەندام پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنەكاندا (16) بیرۆكەیان خستۆتەڕوو، كە (3) ئەندام پەرلەمان (2) جار بیرۆكەكانیان خستۆتە ڕوو، (10) ئەندام پەرلەمانیش هەریەكەی یەك بیرۆكەیان خستۆتەڕوو.
دووەزدەهەم: لەماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا (14) ئەندامی پەرلەمان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەستیان لەكاری پەرلەمانی كێشاوەتەوە، كە بەشێكیان لە حكومەت پۆستی باڵایان وەگرتووە، بەشێكیان بەهۆی رێگری كردن و گرفت دروستكردن بۆیان، بەشێكیشان بەهۆی كۆتایی هاتنی تەمەنی پەرلەمان دەستیان لەكاركێشاوەتەوە.
سیانزەهەم: شەش (6) ئەندامی پەرلەمان بە نایاسایی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بوونەتە ئەندامی پەرلەمان و لە دوای (6/11/2022) سوێندی یاساییان خوارد، كە (2) پەرلەمانتار لە فراكسیۆنی (بزوتنەوەی گۆران) و (2) لە فراكسیۆنی (بزوتنەوەی ئیسلامی) و (1) پەرلەمانتار لە لە فراكسیۆنی (نەوەی نوێ) و یەك پەرلەلەمانتاریش لە فراكسیۆنی یەكگرتوو بەناوی (سەربەخۆ)وە لە تەلاری پەرلەمانی كوردستانی سوێندی یاساییان خواردووە.
دووازدەهەم: سەبارەت بە پێكهاتەی ئەندامانی پەرلەمان، بەم شێوەیەیە:
1- بەرزترین ڕێژەی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لە خولی پێنجەمدا لە ڕەگەزی (نێر)ە، كە ڕێژەكەی دەگاتە (%68.29)، بەبەراورد بە ڕەگەزی (مێ) ژمارەكە یەكجار زۆرە و ڕێژەكەی (%31.70)ە.
2- بەرزترین ڕێژەی نەتەوەی ئەندامان لە نەتەوەی (كورد)ن و ڕێژەكەی دەگاتە (%90.24)، دواتریش نەتەوەكانی دیكەی وەك (كلدانی سریانی ئاشوری، توركمان و ئەرمەن) بەڕێژەی جیا جیا دێن.
3- بەرزترین ڕێژەی ئاینی ئەندامان (موسوڵمان)ە، كە ڕێژەكەی دەگاتە (%93.49)، دواتریش ئایینەكانی (كریستیان و ئێزدی و كاكەیی) بەڕێژەی جیا جیا دێن.
4- بەرزترین ڕێژەی بڕوانامەی ئەندامان (بەكالۆریۆس)ە، كە ڕێژەیەكی یەكجار بەرزە و نزیكە لەنیوەی ئەندامانی پەرلەمان ئەو بڕوانامەیان هەیە و ڕێژەكەی دەگاتە (%47.15) دوای ئەم بڕونامەیە بڕوانامەی (ماستەر) دێت و دواتریش بڕوانامەكانی دیكە.
5- بەرزترین ڕێژەی پسپۆری ئەندامان (یاسا)یە، كە دەگاتە (%21.95)، دواتر پسپۆریەكانی (راگەیاندن، خوێندنی ئاینی، كارگێڕی و كارگێڕی كار، تەندروستی، مێژوو، زمانی ئینگلیزی، پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان و …… هتد) دێن هەریەكەیان ڕێژەیەكی گرتووە، ئەوە جگە لەوەی چەند پسپۆریەك دیارینەكراوە.
6- بەرزترین ساڵی لەدایكبوونی ئەندامان دەكەوێتە نێوان ساڵانی (1976 – 1980)، كە ڕێژەكەی دەگاتە (%20.32)، دواتریش تەمەنەكانی دیكە هەریەكەیان بەڕێژەی جیا جیا دێن، ئەم ڕێژانە ئەوەمان بۆ دەردەخەن، كە حزبە سیاسییەكان زیاتر هەوڵیانداوە گەنجەكان ببەنە پێشەوە و ئەوان كاندید بكەن.
سیانزەهەم: سەبارەت بە هۆكارەكانی پەیوەندیكردنی هاوڵاتیان بە ئەندامانەوە لەسەر ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمان بەم شێوەیەیە:
1- بەشێكی زۆری ئەندامان ئیمەیلیان نییە، یاخود هەیانە، بەڵام لە سەر ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمان تۆمارنەكراوە، كە ژماریان (99) ئەندامە و ڕێژەكەی دەگاتە (%80.48).
2- بەشێكی زۆری ئەندامان تۆڕی كۆمەڵایەتیان لەسەر ماڵپەری پەرلەمان تۆمارنەكراوە، كە ژمارەیان (86) ئەندام و ڕێژەكەی دەگاتە (%69.91)، لە بەرامبەردا (37) ئەندام تۆڕی كۆمەڵایەتیان تۆماركراوە و ڕێژكەی گەیشتۆتە (%30.08).
چواردەهەم: سەبارەت بە دەنگی بەدەستهاتووی ئەندامانی پەرلەمان، (عەلی حەمە ساڵح) لە فراكسیۆنی (گۆڕان) بەرزترین دەنگی بەدەستهێناوە، كە ژمارەی دەنگەكانی گەیشتۆتە (91934)، دوای ئەو (هێمن ئەحمەد هەورامی) دێت لە فراكسیۆنی (پارتی) كە ژمارەی ئەو دەنگانەی بەدەستیهێناوە (47436) دەنگە، (هیمداد سەباح بیلال) لە فراكسیۆنی (بەرەی توركمان)یش كەمترین دەنگی بەدەستهێناوە كە (138) دەنگە.
پانزەهەم: ئامادەنەبوونی ئەندامان لە كۆبوونەوەكاندا بەم شێوەیەیە:
1- یەك ئەندام پەرلەمان پەرلەمان زۆرترین جار ئامادەی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان نەبووە، كە (31) جار بووە، لە كۆی كۆبونەوەكانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا، كە ئەم ئامادە نەبوونانە لە (74) دانیشتنی پەرلەمان ئەژماركراون، دواتر ژمارەكان بەدوای یەكتریدا كەم دەبنەوە، لە وردبونەوەمان لە كۆی كۆبونەوەكان بۆمان دەركەوت، كە لە بەشێكی زۆری كۆبوونەوەكاندا ئامادەنەبوون نەخوێندراوەتەوە، بەمەش دەردەكەوێت كە رێژەكە زۆر لەوە زیاترە.
2- لە كۆبوونەوەی لیژنەكاندا، كە (804) جار ئەندامانی پەرلەمان لە كۆبونەوەكانی لیژنەكان ئامادەنەبوونە، لەم ژمارەیشدا پەرلەمانتارێك زۆرترین جار ئامادەنەبووە لە كۆبونەوەكانی لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان كە (23) جار بووە، دوای ئەویش ژمارەكانی دیكە دێن بە ڕێژەی كەمتر، تا دەگاتە ئەوەی ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمان لەسەرجەم كۆبونەوەكانی لیژنەكان بەشداربوونە، كە ژمارەیان (19) پەرلەمانتارە، ئەم زانیاریانەش سەرجەمیان لە كۆبونەوەی پەرلەمان دەستمان كەوتووە، دەشێت ژمارەكە زۆر لەوە زیاتر بێت، چونكە تۆماری ئامادەنەبووانی زۆربەی كۆبوونەوەكانی لیژنەكان نەخوێنراونەتەوە.
شانزەهەم: سەبارەت بە بەشداریكردنی ئەندامان لە قسەكردنیان لە دانیشتنەكانی پەرلەماندا:
1- سەرجەم وتەی ئەندامان لە دانیشتنەكانی پەرلەمان بەتێكڕایی (8881) جار قسەیان كردووە، لەم ژمارەیەدا تەنها (1) پەرلەمانتار زۆرترین جار بە وتە بەشدار بووە كە (275) جار قسەی كردووە، دوای ئەویش ژمارەكان كەم دەبنەوە، تا دەگاتە ئەوەی پەرلەمانتارێك هیچ قسەیەكی نەكردووە، هەرچەندە زۆریی بەشداریی قسەكردن لە كۆبوونەوەكان هەموو كاتێك نیشانەی كارایی ئەندامەكان ناگەیەنێت، چونكە ئەوە هەڵوێست و كارایی ئەندامەكان دیاریدەكات كە ئاخۆ لەسەر چی بابەتێك و كەی قسە دەكەن و چیش دەلێن.
2- ماوەی قسەكردنی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان سەرجەم وتەی ئەندامان لە دانیشتنەكانی پەرلەمان، كە قسەیان كردووە بە تێكڕای خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان قسەكردنەكەیان (160:40:30) (160) كاتژمێر و (40) خولەك و (30) چركە بووە، هەر لە خشتەكەدا ئەوەش دەركەوتووە، تەنها (1) ئەندامی پەرلەمان زۆرترین جار قسەی كردووە لە دانیشتنەكاندا، كە ماوەی قسەكردنەكەی (5:31:12) (5) كاتژمێر و (31) خولەك و (12) چركە بووە، دوای ئەویش بەڕێژەی جیا جیا ماوەی قسەكردنەكە كەم دەبێتەوە تا دەگاتە ئەوەی (1) ئەندام پەرلەمان هیچ قسەیەكی نەكردووە.